کۆمار، یان شار دەوڵەت؟

Saturday, 21/01/2023, 1:41

699 بینراوە


بە بیانووی ٢ی رێبەندان:

مێژووبە قەرزوەرناگێرێ لە هیچ نەتەوەیەک، مێژووئەوەیە کە روودەدا بۆ هەر نەتەوەیەک، نەک ئەوەی کە ئێمە پێمان خۆشە.خوڵقاندنی مێژوومرۆڤی خۆنەوەیست وکارامە ودوورناسی گەرەکە.نەتەوەیەک سەردەکەوێ کە بەردی بناغەی دیرۆکیی خۆی لە سەر رەخنە بونیاد بنێ.نەتەوەی دوورەپەرێز لە رەخنە وێنەی مرۆڤێکی بێ سەرە کە توانای بیرکردنەوەی لێ وەرگیراوە!
لە رێگوزەریی سیاسەتدادان وستاندن هەیە.ئەوڕێکارەش کەسانێک شانی وەبەردەدەن کە شارەزاولێهاتووودوورناس بن.لەسەرپرسی کۆماری مهاباد تای تەرازووی سیاسەت هیچكات دوولایەنە نەبووە.کۆمار، لە خاڵی لاوازدەستی پێکردوبە خاڵی لاوازوپڕ لە تڕاژیدیا کۆتایی پێهات!لە سەفەربەرەکانی سازدانی ئەو کۆمارەشداهەر دۆست وهاوڕێی کۆماربون کە واژۆیان کۆدەکردەوە بۆئەوەی کە قازی محەممەد لە سێدارەبدرێ!لەوکارەشدا بە یارمەتی دەسەڵاتدارانی تاران سەرکەوتن!
شەرێ دووهەمیی دونیاگرکۆتایی پێ هاتبوو.شەڕی گەرم بەرەو شەڕی سارد هەنگاوی دەنا، مەبەستیش دابەشکردنی بەرژەوەندیی بوولە لایان ئیمپریالیزم وکومونیزم.ئێران وەک جوغڕافیایەکی هەستیاروستڕاتیژیک سەیری دەکرا.دەست لێ بەردانی بۆ زلهێزەکان دژواربوو.
ئیستالینیش لە بیانوویەکی گرینگیی سیاسی دەگەڕاکە لە شەڕی ساردداسەرکەوتوانی دەرباز بکا.کۆماری مهابادو کۆماری ئازەربایجان دووئامرازی بەهیزی سیاسی بون لە ئاست ساتوسەودای ناونەتەوەیی بۆ وەدەستهێنانی بەرژەوەندیەکانی خۆیان.ئەو رێكارەی کە قازی محەممەد قەت هەستی پێ نەکرد.بەڵگەش ئەوەیە کە لە یەکێك لە سەفەرەکانیدا دەگەڵ هاوڕێیانی بۆ سۆڤیەت داوای کرد کە دەبێ ئەڕتەشی سووردەوڵەتی کوردیمان بۆ دابمەزرێنێ!بەرپرسایەتیەک کە هیچ دەوڵەتێک وەئەستۆی خۆی ناگرێ.

دوای شەڕی گەرم:

تەواوبونی شەڕی دووهەمی جیهانی ودەستپێكی شەڕی سارد دونیابە کردە بووبە دووجەمسەر.بەرەی ئیمپریالیزم وبەرەی کومونیزم.هەردووبەرە دەیانخواست ئێڕان ورۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەنە گۆڕەپانی ململانێی خۆیان و گەیشتن بە ئامانجەکانیان.ئیتر لە شەڕی سارددائەقڵی ستڕاتیژیژیکیی وسیاسەتێكی ژیرانە وگونجاوبڕەوی هەیە.کار لە وەگرانترە کە بیریی لێ بکرێتەوە، کە زەویداروشێخ ودرەبەگ ومەلا، ئەرکە قورسەکانی نەتەوەیی ونیشتمانی ڕاپەڕێنن.بەداخەوە ئەوکات زۆرینەی ڕاوێژکارەکانی قازی محەممەد لەو چین وتوێژە بون کە ناوم هێناون.لە لایەکی دیکەش قازی لە رادەبەدەرخۆی رادەستی رووسەکان کردبوووباوەڕی پێ هێنابون.
لەوەها بارودۆخێکی هەستیاردانە داگیرکەرانی کوردستان ونە زلهێزەکانیش بەوە رازی نابن کە کۆماری کوردستان وکۆماری ئازەربایجان کە کوردوتورک وەک ئاواتێکی مێژوویی لێی دەڕوانن، لە سەر پێی خۆی رابوەستێ ودروست ببێ.
یەکەم چەخماغەی دەستپێکی شەڕی ساردبۆ لە ناوبردنی کۆماری مهاباد لێدرا.لە یەکێک لە سەفەرەکانی قازی محەممەد بۆ لای / باقرئۆڤ / لە ئازەربایجان، بە ڕاشکاوی پێی گووت، لە جیاتی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد کە باس لە کوردستانی گەورە دەکا، پێویستە حیزبێکی تازە دامەزرێنن.ناوی ئەو حیزبەش بنێن؛حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان.ئەوە سەرەکیترین مەبەستی رووسەکان بووە تا بەوشێوەیە، پەیوەندیی دەگەڵ کوردەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان بپچڕێ.
باقرئۆف (دەبیری یەکەمی حیزبی کومونیستی ئازەربایجان)، پێی وابووە کە / ژ، ک / ئامرازی دەستکردی ئیمپریالیزمی بریتانیایە، ئەوانیش دۆستی سۆڤیەت نین.بۆیە دەبوا / ژ، ک / ناوی خۆی بکاتە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ولە چوارچێوەی ئێڕاندا داوای خودموختاری بکا.بەداخەوە خودموختاریش تەنیا تراویلکەیەک بوو کە هیچکات لە ناو سیستمی شاهەنشاییدا لە ئێڕان پێک نەدەهات.قازیش، هیچکات بە فکری دانەهاتووە کە لە باقرئۆف بپرسێ ئەڕی لە ناوسیستمی پادشاییدا خودموختاری دەگونجێ؟ئەویش تەنیا بۆ کورد.بەداخەوە ئەو سیاسەتە تەنیا کڵاوێکی سیاسیی وشەرعی بووکە لە رێگای کەسایەتیی قازی محەممەد لە سەر کوردنرا!

کۆمارێکی لاواز و تەنیا:

کاتێک جەعفەرپیشەوەری داوای لە قازی وبەرپرسانی کۆماری مهاباد کرد کەببنە بەشێک لە کۆماری ئازەربایجان وسەر بەوکۆمارەبن، قازی محەممەد ئەو پێشنیارەی قەبوڵ نەکرد وگووتی: ئەگەر قەراربێ ئێمە ببین بەشێک لە کۆماری ئازەربایجان، باشترە روولە دەسەڵاتدارانی ئێڕان بکەین وببینەوە بەشێک لە ئێران.
مێژووئەوەیە کە روودەدا، نەک ئەوەی کە ئێمە بیری لێ دەکەینەوە.ئەو هەڵویستەی قازی لە رەوانگەی هێزەوە نەبووە، لە روانگەی بێ هێزیی وبێ پلانی ونەبوونی ستڕاتیژییەکی نەتەوەیی بووە.بەرپرسانی کۆمارە لە خۆیان ڕانەدیتووە لە سەرپێی خۆیان راوەستن.جگەلەوانەش لە مهابادی ئەو سەردەم دازۆرینەی خەڵك توانای خوێندن ونووسینیان نەبووە.دەتوانین بەڕاشکاوی بڵێن، کۆمەڵگا لەوپەڕی نائاگایی وبێ سەوادیدا دەیناڵاند.لەوەها کۆمەڵگایەکدا راپەڕاندنی ئەرکی سیاسی وفەرهەنگی وئابووری کارێکی زۆرئەستەم بووە.
لەلایەکی دیکەوەش راگەیاندنی کۆمارێک لە سەرناوی کۆماری کوردستان کارێکی گەلێك دژوارونەگونجاو بووە.خاڵێکی سرنجڕاکێش کە زۆرینەی رووناکبیرونووسەروکەسانی شارەزای دیکە ئاماژەی پێدەکەن ئەوەیە کە:لەوسەردەمدا قازی وکابینەی کۆمار هەر ئەوەندە لە دەست هاتووە.ئەوبۆچوونە زۆر مەترسیدارە.دەبێتە چاووپۆشیی کردنی لە هەڵەکانی دیرۆکی وپاکانەکردنە بۆلاوازیی سیاسی وهزریی بەڕێوەبردنی بەرپرسانی کۆمار.ئەوڕامانە هەڵەیە بە تووندی پێش لە خەسارنایی دیرۆکیی کورد دەگرێ لە بە چاوی رەخنە دەڕواننە مێژوومان.
عەلی موراد مەراغەیی لە کتێبی حاشاوبەرخۆدان لە لاپەڕەی ١٧٧ ئاوادەڵێ:
لە٥ی دێسامبری ساڵی ١٩٤٦ز(١٤ی سیخواری ساڵی ١٣٢٥ی هەتاوی)، قازی محەممەد وبەرپرسانی کۆماری مهاباد دیداریان ئەنجامداولێژنەیەکی دە کەسیان دیاری کرد تارێکاری بەرخۆدان وشەڕی چەکداریی بەرێوە بەن دژی هێزەکانی تاران.
بەڵام رۆژی دوایی بارودۆخ گۆڕاوبژاردەی خۆ بەدەستەوەدان وتەسلیم بون لە بەرانبەر هێزەکانی ئێران پەسەندکرا!بەوجۆرە بووکۆماری مهاباد لەوپەڕی لاوازیی وتەنیایی بە بێ هیچ بەرەنگاربوونەوەیەک شکاولە ناوچوو.قازی محەممەد وهاوڕێیانیشی خۆیان رادەستکردوئاوبە ئاوری کۆماردا کرا.

شاردەوڵەت یان کۆمار؟

ڕەوانشادقازی محەممەد وێنەی هەرکەسێکی دیکە مرۆڤ بووە.مرۆڤیش لە ژیانداتووشی هەڵەی چووک ومەزن دەبێت.بەڵام لەناو حیزب وسەرکردەی حیزبیی دا بابەتەکە تا رادەیەکی زۆر جیاوازە.چون گرێدراوی پرسی نەتەوەیەکی دابەشکراوە.بە باوەڕی من راگەیاندنی کۆمارێک بە ناوی کوردستان لە هەلومەرجی کۆتایی لە ئاست شەڕی دووهەمی جیهانیدالە لایان قازی محەممەدەوە هەڵەیکی ستڕاتیژیکیی وسیاسی بووە.هۆیەکەش ئاشکرایە، چون قازی نەیتوانیوە هەلومەرجی جیهانیی دوای شەڕی دووهەمی جیهانی بە باشی هەڵسەنگێنێ.
دوای وەدەرنانی رەزاشا لە ئێڕان، کوڕەکەی محەممەد رەزاشا خەریک بوو جێگای باوکی بگرێتەوە ودەسەڵاتداریەتی سەرلە نوێ لە ئیڕان ببێتەوە پادشایی.لە ناوسیستمی پادشاییشدا کورد وئازەریی بۆیان نەکرا کۆمار رابگەیەنن.بەتایبەت بۆ کورد هەر نەدەگونجا.باشترین بژاردە بۆ پرسە مێژووییە خەبات وشؤڕشێکی سەردەمیانە بووە بۆ وەدەست هێنانی مافی کورد.بەڵام پێگەی چینایەتی قازی وکابینەکەی رێگای بەوخەباتە سەختە نەدەدا.هۆی دووهەم ئەوە بووکە قازی محەممەد لە رادەبەدەرمتمانەی بە رووسەکان هەڵچنیبوو.تەنانەت لە یەکێک لە سەفەرەکانیدا بۆسۆڤیەت، داوادەکا کە ئەڕتەشی سوور دەبێ دەولەتی کوردیی بۆ کورد دابمەزرێنێ!
تەنیا لە سۆڤیەت ئەو سەردەم بیست میلیون کوشتە وچەند میلیون برینداریان هەبووە جگە لە وێرانی.لە وەها سەردەمێکدا چۆن سەرکردەیەکی کورد داوای ئاوا دەداتە وڵاتێک کە تفەنگەکانیان بۆنی باڕووتی لێدێ! جگە لەوانەش سنووری جوغڕافیایی کۆمار زۆر بەرتەسک بووە.شاری مهابادیش وەک ناوەندی کۆمار، وێنەی نیوە شار دەوڵەتێک دەبینم کە لە ڕێگای دێمۆکڕاسیەکی لاواز کە لە لایان قازی محەممەدو بنەماڵەکەی هەڵدەسووڕا.لەراستیدا ئەو شارە دەستی بەسەرداگیرابوو.بە پێی کەسانی بەساڵاچووی سەردەمی کۆمارە، زۆرینەی زەوی وزاری شارودەوروبەریی شاریش هی قازی محەممەد وکەسانی خزمی ئەو بووە.لە بەشێک لە شاری بۆکانیش هەر بەوجۆرە بووە.

کۆتا وتە:

کۆماری مهاباد، حەوجێی بە خەسارناسیی مێژوویی هەیە.با بە چاوی رەخنەوپێنووسی رەخنە لێی بنواڕین.ئەو کارە باشترە لە پێداهەڵاگووتنی نابەجێ.قازی محەممەدوقاسملووو...ئەوانی دیکەش مرۆڤ بون وهەڵەیان کردوە ورەخنەشیان لەسەرە.لە کۆمەڵگای وشیاردا جوابی رەخنە بە جنێوو ترۆروشکاندنی کەسایەتی کەسەکان نادرێتەوە.لە کۆماری مهاباددا تاڕادەیەک کاری باشیش کراوە بەڵام تەمەنی کورتیی کۆمار ئیزنی نەدائەو کارە باشانە بەردەوام بن!

مێژوو ئەوەیە کە روودەدا، نەک ئەوەی کە ئێمە پێمان خۆشە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست