ئه‌ردۆغان له‌به‌رده‌م كه‌وتنا

Tuesday, 17/01/2023, 15:54

801 بینراوە


راسته‌ حزبه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان  له‌ رێگه‌ی فریودانی ئاینی و كاركردن له‌ سه‌ر سۆزی خه‌ڵك زیاتر له‌ دوو ده‌یه‌یه‌ كۆنترۆڵی زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی كردوه‌و كورسی ده‌سه‌ڵاتی له‌ بن ده‌سته‌ ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئاكه‌په‌ یه‌كێكه‌ له‌و حزبانه‌ی زۆرترین ئه‌ندامی هه‌یه‌ له‌ چاو حزبه‌كانی تره‌وه‌ ، هه‌رچه‌ند له‌م دووساڵه‌ی دوایدا زۆرێك له‌ كاره‌كته‌ره‌ سیاسیه‌كانی كشاونه‌ته‌وه‌و ته‌نانه‌ت به‌شێكیان  ئه‌ردۆغان به‌ دیكتاتۆرناوده‌به‌ن ، ئه‌ردۆغان بۆ بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی حوزه‌یرانی 2023 هه‌موو سه‌ركێشیه‌ك ده‌كات و ده‌ست بۆ هه‌موو پیلانێك ده‌بات وه‌ك چۆن له‌ رابردوداو له‌ 2015ه‌وه‌ به‌و جۆره‌ كار ده‌كات ،به‌ڵام كێشه‌ی ئه‌مجاره‌ی هه‌ر ئه‌وه‌ نیه‌ له‌ ناو خۆی توركیادا نه‌یاری زۆره‌و خه‌ڵكێكی زۆر خوازیاری گۆڕینین ، گه‌رچی هێزه‌كانی به‌رانبه‌ری یه‌كگرتوو پێكه‌وه‌ نین ،ئه‌مجاره‌ له‌ سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌ش به‌ تایبه‌ت له‌ گه‌ڵ وڵاتانی وه‌ك ئه‌مه‌ریكا ، فه‌ڕه‌نسا ، وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌وروپی ، یۆنان ، ئه‌رمینیا و شوێنگه‌لی دیكه‌ش كێشه‌و گرفتی هه‌یه‌و له‌ بارو دۆخێكی ناجۆردایه‌ ، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا رێك بكه‌وێت ، روسیا پشتی تێده‌كات ، له‌ گه‌ڵ روسیا ئه‌مه‌ریكا دژی ده‌بێت ، هه‌وڵی ئاسایكردنه‌وه‌ی خێرای له‌ گه‌ڵ سوریا به‌ ناوبژیوانی روسیا  ، هه‌وڵی ئاسایكردنه‌وه‌و په‌یوه‌ندی گه‌رمی نێوان توركیاو ئیسرائیل ، هه‌وڵی ئاشتبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ عیراق و داوه‌تنامه‌ناردن بۆ سودانی ، هه‌مووی له‌ پێناوی دژایه‌تی كوردو  دوو باره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی ئه‌ردۆغاندان .
ئه‌ردۆغان بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وێ‌ هه‌موو شتێك ده‌كات ، ته‌نانه‌ت ئاماده‌ی هه‌موو چه‌مینه‌وه‌یه‌كی سیاسیه‌ بۆ ئه‌مه‌ریكاو ره‌نگه‌ چوونه‌كه‌ی  مه‌ولود چاوش ئۆغڵوو له‌ ئاینده‌ی نزیكدا ئه‌وراستیه‌ زیاتر ده‌ربخه‌ن ، گه‌رچی له‌ ڕوكه‌شدا چوونه‌كه‌ بۆ كڕینی فڕۆكه‌ی ئێف 16یه‌ ، له‌ ماوه‌ی دادێ‌ ئه‌ردۆغان هه‌نگاوی تریش ده‌نێت و ره‌نگه‌ سه‌ركێشی گه‌وره‌ش بكات ، به‌ڵام شكستی له‌وه‌ی به‌ پیلان و پاڵپشتی روسیا جارێكی تر په‌لاماری رۆژئاوای كوردستان بداته‌وه‌ ، شكستی له‌ ناچاركردنی فنلاند و سوید بۆ ملدانی زیاتر به‌ داواكانی ، شكستی له‌ راكێشانی ئه‌سه‌د بۆ ژێر فه‌رمانی خۆی و وه‌ڵامی توندی ئه‌سه‌د به‌ ئه‌ردۆغان تا ئێستا ئه‌وی روبه‌روی كه‌وتن كردوه‌ته‌وه‌ ، هه‌رچه‌ند به‌رده‌وام كۆبونه‌وه‌ی ئاشكراو ژێر به‌ ژێر له‌ گه‌ڵ روسیا، ئێران ، سوریاو عیراق ده‌كات ، به‌ڵام تا ئێستا هیچی ئه‌و تۆی نه‌چنیوه‌ته‌وه‌ ، كێشه‌ی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ نه‌یاره‌كانی و ئۆپۆزسیۆن له‌ ناو توركیا به‌ هه‌ده‌په‌ی نوێنه‌ری كوردانیشه‌وه‌ تا ئێستا ناته‌باو ناڕێكن و كوردوته‌نی هه‌ریه‌كه‌و له‌ ئاوازێك ده‌خوێنن.
كه‌وتنی ئه‌ردۆغان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا تا راده‌یه‌كی زۆربووه‌ به‌هه‌قیقه‌ت ، مه‌گه‌ر كاری نه‌كرده‌تر بكات بۆ بچوككردنه‌وه‌ی زیاتری خۆی به‌رانبه‌ر ئه‌وانی تر ،تا ئێستا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌مه‌ریكاو بایدن له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌نین ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی داهاتووبێت ، فه‌ڕه‌نساش ده‌یانه‌وێ‌ كه‌سێكی تر سه‌رۆك بێت له‌ دوای حوزه‌یرانی 2023ه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ بۆ یۆنان و سوریاو قوبرس و ئه‌رمینیاو ئه‌وروپاو كوردیش وه‌سایه‌ ، هه‌رچه‌نده‌ كورد كاریگه‌ری كه‌متره‌ مه‌به‌ست له‌ ده‌ره‌وه‌ی توركیا ، بۆ روسیاو ئێرانیش گرنگ نیه‌ ئه‌ردۆغان ده‌مێنێته‌وه‌ یان نا ، كه‌واته‌ ئێستا ئه‌ردۆغان له‌ناو توركیا زۆر ته‌نیاو له‌ ده‌ره‌وه‌ش ته‌نیا تره‌ ، خۆ ئه‌گه‌ر به‌رانبه‌ره‌كانی به‌ تایبه‌ت عه‌لی باباجان و داود ئۆغڵو ئه‌وانی تر كه‌ له‌ ئاكه‌په‌ و ئه‌ردۆغان جیابوونه‌ته‌وه‌، به‌ هه‌نگاوێكی بوێرانه‌تر ئاكه‌په‌تووشی په‌رتبوونی زیاتر بكه‌ن ، ئه‌وه‌ له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی حوزه‌یرانه‌وه‌ ره‌نگه‌ ئه‌ردۆغان له‌ ده‌ره‌وه‌ی كایه‌ی سیاسی به‌ جۆرێكی تر ببینین .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست