پیشەسازی و پێشکەوتن

Tuesday, 17/01/2023, 12:00

6777 بینراوە


هەموو وڵاتانی جیهان هەوڵی گەشەپێدانی ئابوری خۆیان دەدەن ، بە سوود وەرگرتن لە سامانە سروشتییەکانییان ، لە ڕێگای پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازییەوە . جا ئەگەر بمانەوێت پێناسەی پیشەسازی بکەین ، ئەوا بە گشتی بریتییە لە کرداری گۆڕینی بەرهەمی خاوی ناوخۆی وڵات ، بۆ بەرهەمی گرنگ لە ژیانی مرۆڤدا ، وەک : پڕۆسەی گۆڕینی لۆکە بۆ قوماش ، چەوەندەر بۆ شەکر ، تووتن بۆ جگەرە و ... هتد . واتە پیشەسازی بریتییە لە پڕۆسەی گواستنەوەی ئابوورییەکی لاوازی کشتوکاڵی ، بۆ ئابوورییەکی بەهێزی پیشەسازی . لە ئەنجامدا بەهای ماددی بەرهەمەکە بەرزدەبێتەوە و دەکرێت جگە لە بەکارهێنانی لە ناوخۆدا ، هەناردەی وڵاتانی دەرەوەش بکرێ . ئەو دەمە پیشەسازی لە ڕێگای بەرهەمەکانییەوە ڕاستەوخۆ هاوبەشی لە پیشکەوتنی وڵات و کۆمەڵگادا دەکات و دەستکەوتی مەزن و پڕ بەها بە دوای خۆیدا دەهێنێت . بێگومان لـە هەموو وڵاتێکدا چەند هۆکارێک یـارمەتی دامـەزراندن و پێشکەوتنی پیشەسازیین وەک :
 ١ - شوێنی جوگرافی :  دیاریکردنی شوێنی جوگرافی گونجاو یەکێکە لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی پڕۆژەی پیشەسازیی . پێویستە دووربێت لە دانیشتووان و نزیک بێت لە سەرچاوەی ماددەی خاوەوە ، تا تێچووی گوێزانەوەی کەم بێت ، چونکە بوونی ماددەی خاو کاریگەری گەورەی لە پێشکەوتنی پیشەسازییدا هەیە . خۆ ئەگەر ماددەی خاو نەبێت ، ئەوا دەوڵەت ناچاردەبێت لە دەرەوە ئەو ماددانە هاوردەبکات ، ئەمەش بە زیان لەسەر پیشەسازیی و ئابوری دەکەوێتەوە . 
 ٢ - بوونی هێزی مرۆیی لێهاتووی زیرەک و شارەزا ، هۆکارێکن بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەی پیشەسازیی . 
٣ -  سەرمایە یەکێکە لەو هۆکارە گرنگانەی پیشەسازی لەسەر بنیات دەنرێت ، جا پڕۆژەیەک چەندیش بچووک بێت ، بە بێ بوونی سەرمایەی پێویست ناتوانێ بەردەوام بێت .
٤ -  پێویستە پڕۆژەی پیشەسازی لەو ناوچانەدا دابمەزرێن ، کە ئامرازەکانی گواستنەوە و پەیوەندیکردنیان لەبەردەستدایە ، بۆ گواستنەوەی ماددەی خاو و بەرهەم و  کرێکار و فەرمانبەرەکانی . 
٥ - بازاڕ:  ئەو شوێنەیە بەرهەمەکانی پیشەسازییان تێیدا ساخدەکرێتەوە ، نەبوونی شوێن هۆکارێکە بۆ نەفرۆشتن ومانەوەی بەرهەمەکان لە کۆگاکاندا ، سەرئەنجام  بەزیان لەسەر پڕۆژەکە دەکەوێتەوە . 
ئەوەی شایانی باسە کشتوکاڵ و پیشەسازی دوو لقی سەرەکی ئابوریین ، هەردووکیان وابەستەی یەکترین و گەشەسەندنی کەرتێکییان ، کەرتەکەی تریان بەهێز دەکات ، بە تایبەتیش پیشەسازی لەبەر چەند هۆکارێک ڕۆڵی گەورە و گرنگی لە پێشکەوتنی وڵاتدا هەیە ، کە بە کورتی لێرەدا ئاماژە بۆ هەندێکێان دەکەین :
١ -  پیشەسازی ئاستی ژیانی کۆمەڵگا بەرزدەکاتەوە ، لە ڕێگای دابینکردنی هەلی کارەوە . ئەمەش هۆکارێکە بۆ کەمکردنەوە و چارەسەرکردنی ڕێژەی بێکاری ، چونکە بە گشتی پیشەسازی پەیوەستە بە بوارەکانی : کشتوکاڵ ، بازرگانی ، وزە ، هەڵگرتن و گواستنەوەوە ، کە هەرهەموویان پێویستییان بە کرێکار و فەرمانبەرە. هەر بۆ نموونە ئەگەر کارگەیەک ١٠٠ کرێکاری هەبێت ، ئەوا لە دەرەوەی کارگەکە ، کار بۆ نزیکەی دوو ئەوەندەی ئەو ژمارەیە دەدۆزرێتەوە .
٢ – پێشکەوتنی کەرتی پیشەسازی هۆکارێکە بۆ زۆر بوونی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان و بەرزکردنەوەی ڕێژەی داهات و کەمکردنەوەی هەناردەکردنی ماددەی خاو بۆ دەرەوە بە نرخێکی هەرزان . چونکە هەناردەکردنییان بە هەرزان ، وڵاتانی تازەپێگەیشتوو ڕووبەڕووی قەیران و کێشەی ئابوری دەکاتەوە ، بە 
تایبەتی کاتێک داوا و خواستی وڵاتانی بێگانە گۆڕانکارییان بە سەردا دێت .
٣ – گەشەسەندنی کەرتی پیشەسازی بەشداری لە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێناندا دەکات ، چونکە کەرتی پیشەسازی یەکێکە لەو کەرتە گرنگانەی زۆرترین توانای بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای تازەی سەردەمیانەی هەیە . زیادکردنی قەبارەی بەرهەمهێنانیش ڕادەی تێچوون کەمدەکاتەوە و جۆری بەرهەم باشتر دەکات و ڕێژەی قازانجیش بەرزدەکاتەوە ، لە بەرامبەردا سوودی زۆری بۆ بازرگانییەکانی تری ناو کۆمەڵگا دەبێت .  واتە ئەگەر لە وڵاتێکدا گەشەسەندنێکی پیشەسازی بەهێز هەبێ ، ئەوا تێکڕا هەموو ئابوورییەکە لە گەشەکردندایە ، دانیشتووەکانی ئاسوودەن و ژیان بەرەو خۆشی و سەقامگیری دەبات و وڵات لە هەرا و بەڵا و ئاژاوە دوور دەخاتەوە . بە کورتی پێشکەوتنی ڕاستەقینەی ئابوری تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە پیشەسازییەوە ، هەر بۆیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا پیشەسازی بە گرنگترین هۆکاری گەشەسەندنی ئابوری ئەژمار دەکرێت . لەمەش گرنگتر : ئەو وڵاتەی گرنگی بە پیشەسازی و تەکنەلۆژیا نەدات ، بەرگەی فوویەک ناگرێت و هەمیشە بە کێشەو لاوازییەوە دەمێنێتەوە .
٤ – کەرتی پیشەسازی بەشدارە لە دابینکردن و ئاڵوگۆڕی دراوی قورسی بێگانە و چارەسەرکردنی کێشەی بودجەی وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا ، بەهۆی دروستکردن و هەناردەکردنی بەرهەمی جیاواز و کەمکردنەوەی  ڕێژەی هاوردەکردنەوە .
٥ - پیشەسازیی یارمەتیدەرێکی چاکە بۆ دابینکردنی بەرهەمە دروستکراوەکانی ناوخۆ بە نرخێکی گونجاو ، کە دەبێتە هۆی  هاوردەنەکردنی بەرهەم و کاڵای هاوشێوە لە وڵاتانی بێگانەوە بە نرخی گران ، هەروەها چاکی جۆری بەرهەمەکان ، هۆکارێکە 
بۆ هەناردەکردنییان بۆ وڵاتانی دەرەوە ، لە ئەنجامدا کاریگەری باشی لەسەر ئابوری وڵات بەجێدەهێڵێت .
٦ – پاراستنی چەندین جۆری خۆراک لە خراپبوون بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ و مانگ و ساڵ ، بە پێی شێوازی پاراستنیان . وەک بەستن ، وشککردنەوە ، یان ماددەی پاراستنەوە .  هۆکارێکن بۆ بوونی چەندین جۆری خۆراک بە درێژایی وەرزەکانی ساڵ لە بازاڕەکاندا . پاشان وشککردنەوەی هەندێکییان ، کیش و قەبارەیان کەمدەکات و تێچووی گواستنەوەیان دادەبەزێت . 
٧ – پیشەسازی یەکێکە لە هۆکارەکانی پێشکەوتن و شارستانییەت .  
لە هەر ناوچەیەکدا پیشەسازی هەبێت ، هۆکارەکانی  گواستنەوە و پەیوەندیکردن زۆر دەبن و خوێندنگا و ئامۆژگا و زانکۆ و بانکەکان و دامەزراوە تەندروستییەکان پەرەدەسێنن . لە ئەنجامدا کاردانەوەی چاک و پڕۆژەی زیاتر و ئاوەدانی و شارستانییەت بە دوای خۆیاندا دەهێنن .
٨ – جەنگ و بەرگریی بە چەک و چۆڵی بێگانە ، بە تایبەتی لە کاتی تەنگانەدا ، کارێکی کوشندەیە و کاردانەوەی زۆر خراپ لەسەر ئەنجامەکانی جەنگ بەجێدەهێڵێت ، هەر بۆیە گرنگی دان بە دروستکردنی پێویستییەکانی جەنگ ، کارێکی پێویستە و بەشێکە لە گەشەکردنی پیشەسازی و پاراستنی وڵات .
لە مانەش بترازێ پیشەسازی یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی ئاستی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان ، لەڕێگای ڕەخساندنی هەلی کارەوە . زۆر گرنگە ژینگەیەکی لەبار و سیستەمێکی ڕێکخراوی کارای شارەزا  و سەرمایەی مرۆیی پشتگیری لە کەرتی پیشەسازی چالاک بکات و بەرهەمی بگاتە بازاڕەکان . تا هانی جوتیاران بدات ،  هەر بستە زەوی و بەیارێک تۆزێک نەرمان بێ تۆوی لێ بخەن و بتوانن بەرهەمی زیاتر لەسەر زەوییەکانییان بەرهەم بهێنن .  ئەو کاتە ڕێژەی گەشەسەندنی ئابوری بەرزدەبێتەوە ، بە تایبەتی ئەگەر جوتیار سوود لە تەکنەلۆژیای تازە وەبگرێت ، لە ئەنجامدا داهاتیان زۆر دەبێت . سەرئەنجام پێویستە سیاسییەکان زۆر باش ئەو ڕاستییە بزانن ، پیشەسازی سوودی بۆ هەموو چینەکانی کۆمەڵگا هەیە و خۆشگوزەرانی بە دوای خۆیدا دەهێنێت و کۆمەڵگایەکی بەختیار و ئاسوودە لە سایەیدا دەژین .  بەڵام بە داخەوە لە دوای ڕاپەڕینەوە لە هەرێمدا ، ئەوەندەی گرنگی بە بەرزکردنەوەی باڵەخانەکان دراوە ، کە سەرچاوەی بە عەربکردن و دەیان کێشەی کوشندەن ، گرنگی بە پیشەسازی نەدراوە و تەخت و تاراجی پیشەسازییە مەزنەکانیشان ژێروژوورکردووە و ئاسەواریشیان هەر نە ماوە ، کە سەرچاوەی بژێوی و ئارامی هەزاران هەزار خێزان بوون ، کەچی نە شارەزایانە ڕوویانکردۆتە دەرهێنان و تاڵانکردنی سامانی نەوتیش ، کە دەکرا وەک وڵاتانی پێشکەوتوو ، ئەو ئاڵتوونە بە نرخەیان شان بە شانی کەرتی کشتوکاڵ ، بکردایە بە سەرچاوەی پیشەسازییەکی گرنگ و تەلاری ئابوورییەکی گەورەیان لەسەر بنیاتبنایە . ئاخر خۆ نەوت هەر تەنها ئامرازی گواستنەوە و گەرمکردنەوە نییە ،  بەڵکو ئەمڕۆ سەدان بەرهەم لە نەوتی خاو دروست دەکرێ . جا ئەگەر یەک بەرمیل نەوتی خاو ( ٤٢  گاڵۆن ) بێت و نزیکەی ( ٢٠ گاڵۆن  ) ی بەنزین و ( ٤ گاڵۆن ) ی سووتەمەنی تر بێت ، ئەوا هێشتا ( ١٨ گاڵۆن ) ی دەمێنێتەوە بۆ دروستکردنی سەدان بەرهەمی بەنرخی وەک : ڕۆنی بزوێنەر ، گریس ، بۆن ، پەین ، پێڵاو ، بۆیە ، قەڵەمی لێو  ، مەرەکەب ، مۆم ، تایە ،  قڕکەری مێروو ، پلاستیک و ... هتد . دڵنیام بەو پیشەسازییە مەزنە ، نە ئەو نەوتە بەنرخە تاڵان دەکرا ، نە کێشەی کۆچ و مووچە و بێکاری و ئاو و کارەبا و سووتەمەنی دەما ، نە دەستیشمان لە حکومەتی عیراق پاندەکردەوە بۆ سواڵ .. بە ڕاست ئێمە لە سیاسەتدا بۆ ئەوەندە کۆڵەوارین ، بە خواستی خۆمان داگیرکەران وەک ئافات و پەتا و دەرد ، لەسەر خاکەکەمان تەراتێن دەکەن و سامانەکەمان بە تاڵان دەبەن ، کەچی نەموویەکمان دەجوڵێ ، نــە خەمی نیشتمانەکەشمان لە کۆڵ ناوە ! .

****

تێبینی : بۆ ئەم باسە سود لە چەند سەرچاوەیەکی عەربی وەرگیراوە .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە