بۆچی سه‌ركرده‌كانی كورد ناخوێننه‌وه‌ ؟

Wednesday, 18/01/2023, 14:29

833 بینراوە


به‌ پێی توێژینه‌وه‌یه‌كی په‌یمانگای نیشتمانیی فه‌رٍه‌نسی، خوێندنه‌وه‌ی خه‌ڵك به‌ گشتی له‌ رۆژئاوا و به‌ تایبه‌تی له‌ فه‌رٍه‌نسا كه‌ مه‌ڵبه‌ندی رۆشنبیری و خویندنه‌وه‌یه‌، زۆر كه‌می كردووه‌ و، ماوه‌ی خوێندنه‌وه‌ی خه‌ڵك به‌ تێكرا گه‌یشتۆته‌ سێ سه‌عات له‌ هه‌فته‌یه‌كدا. ئه‌مه‌ش له‌ به‌رامبه‌ر زۆربونی ته‌رخانكردنی كات بۆ سۆشیال میدیا زۆر كه‌مه‌.
ئه‌گه‌ر بكرێت ناویان بنێین سه‌ركرده‌ی راسته‌قینه‌، ئه‌گه‌ر به‌ ژماره‌ زۆر كه‌من له‌ ناو كوردا، ئه‌وا بۆ هه‌موو لایه‌ك روونه‌ كه‌ سه‌ركرده‌ راسته‌قینه‌كانی كوردیش هه‌ر هه‌موویان نه‌ك له‌ كاتی سه‌رقاڵبونیان به‌وه‌ی ده‌كرێت ناوی بنێین سیاسه‌تی كوردی كه‌ ته‌نها شه‌رٍه‌ ده‌ندوك و دژایه‌تی یه‌كتر و خۆ به‌ بلیمه‌تزانیه‌، به‌لكو له‌ ماوه‌ی خانه‌نشینبوشیاندا دوورن له‌ خوێندنه‌وه‌ . 
بێگومان ده‌كرێت بڵێین ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی ئاسایی و ساده‌ نه‌خوێنێته‌وه‌، زیانی كه‌متر ده‌بێت له‌وه‌ی خه‌ڵكی خاوه‌ن برٍیار و پله‌ و پۆست هیچ گوێ نه‌داته‌ خوێندنه‌وه‌، وه‌كو ئێستا سه‌ركرده‌ی كورد كه‌ ده‌بینین به‌ یه‌كجاری پشتی له‌ خوێندنه‌وه‌ كردووه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ماوه‌ی شۆرشی نوێدا سه‌ركرده‌ راسته‌قینه‌كان به‌ په‌رۆشه‌وه‌ به‌دوای كتێبی باشدا بوون، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر پێشتر و له‌ كاتی شۆرشدا چی له‌ بونی زۆری كات بواری زۆری پێبه‌خشیبن بۆ خوێندنه‌وه‌، به‌لام هۆكارێكی ئه‌وه‌ی له‌وكاته‌شدا گرنگی به‌ خوێدنه‌وه‌ نه‌دراوه‌ فه‌راهه‌م نه‌بونی كتێبی باش له‌و شاخ و داخ و ده‌شته‌دا بووه‌، بۆیه‌ كاریگه‌ریی نه‌رێنی باشی له‌سه‌ر هه‌موویان هه‌بووه‌. بۆیه‌ ده‌كرێت بڵێین شۆرشی كورد شۆرشگێری قاره‌مان و دڵسۆز و نه‌خوێنده‌واری زۆرتری بووه‌ زیاتر له‌وه‌ی سه‌ركرده‌ بن، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش گه‌وهه‌ری راسته‌قینه‌ی سه‌ركردایه‌تی و شۆرشی راسته‌قینه‌یان نه‌زانیوه‌، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه‌ چه‌ندین خیانه‌تكار و فایلداریان تێدا ده‌ركه‌وتووه‌.
هیچ كه‌سێك نیه‌ نه‌زانێت كه‌ خوێندنه‌وه‌ كلیلی عه‌قڵ و خۆراكی روحه‌. به‌ڵام گه‌ر خوێندنه‌وه‌ نه‌بێته‌ نه‌ریتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ خه‌ڵك به‌ گشتی، چه‌ندین هۆكاری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و رۆشنبیری خۆی هه‌یه‌ و ده‌كرێت له‌وه‌دا زیاتر گله‌یی له‌ خودی تاكی كۆمه‌ڵگه‌ بكرێت كه‌ خاوه‌ن راده‌ی  رۆشنبیریی دیاریكراوه‌، به‌ڵام كه‌ خه‌ڵكانێك خۆیان به‌ پێشه‌وا و سه‌رمه‌شق و نمونه‌ی سه‌ركرده‌ بزانن، كوفره‌ ئه‌وان هه‌ڵگری عه‌قڵی چه‌قبه‌ستوو بن و رۆژانه‌ زانیاریه‌كانیان  زیاتر نه‌كه‌ن و له‌سه‌ر ریتمێكی رۆشنبیری كه‌موكورتی بێ وه‌رگرتنی زانیاری نوێ  رۆژ به‌رێبكه‌ن . كه‌وابێت ئێستا له‌گه‌ڵ فراوانبون و فه‌راهه‌مبونی ژماره‌ی زۆری  كتیبَی كوالێتی به‌رزیش، بۆچی سه‌ركرده‌كانی كورد ناخوێننه‌وه‌؟
*ئێستا له‌ پاش ئه‌و نه‌بونی و چه‌رمه‌سه‌ریه‌ی شاخ، كه‌وتونه‌ته‌ ژیانێكی پر له‌ چێژوه‌رگرتن و كات به‌سه‌ربردن و خۆشگوزه‌رانی، كاتی ئه‌وه‌یان نیه‌ چاوێك به‌ هیچ كتێبێكدا بخشێنن، مه‌گه‌ر یاده‌وه‌ری و بیره‌وه‌ریه‌ك لێره‌و له‌وێ نه‌بێت، كه‌ ئه‌ویش باسی قاره‌مانێتی ئه‌م و ئه‌وی تێدا بێت.
* ته‌رخانكردنی زۆرینه‌ی كاته‌كانیان له‌ پاش چیّژ و له‌زه‌تی شه‌هوه‌ت و غه‌ریزه‌ بۆ بینین و به‌داوادا چونی سۆشیال میدیایه‌.
* زیاتر خه‌ریكی سه‌یران و گه‌رٍان و سه‌ردانی ئۆرپا و هه‌وڵی بێوچان بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی ئه‌و كاتانه‌ی له‌ شاخ بوون و هیچیان نه‌بینیوه‌ و ئه‌م له‌زه‌ته‌یان له‌به‌رده‌ستدا نه‌بووه‌.
* گرنگیدان به‌ شتی لاوه‌كی و روكه‌ش كه‌ هیچ سودێكی بۆ خۆیان و میله‌ته‌كه‌ش نیه‌ كه‌ دیسان ئه‌ویش له‌ سۆشیال میدیا و شویچنه‌كانی به‌ فیرۆدانی كات و پاره‌دا ده‌یدۆزنه‌وه‌.
دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ فكر و فه‌لسه‌فه‌ و بیركردنه‌وه‌ی قووڵ و كاری جه‌وهه‌ری سه‌ركرده‌ی تێگه‌یشتوو و نغرۆبوون له‌ شتی رواڵه‌ت و توێكڵی بابه‌ته‌كان.
*زۆرینه‌ی سه‌ركرده‌كان خاوه‌نی مێشكی خوێندنه‌وه‌ی قووڵ نین و ئه‌گه‌ر بخوێننه‌وه‌ شتی كورت مه‌ودایه‌ و زیاتر پارچه‌ی نوسینی بچوكی كه‌ زانیاریی كه‌م له‌ خۆ ده‌گرێت.
* نه‌بوونی خۆشه‌ویستی بۆ خوێندنه‌وه‌ كه‌ واده‌كات خوێندنه‌وه‌ وه‌ك  بێگاری لێبێت و بێزاری دروست ده‌كات. ئه‌گه‌ر زیاده‌ره‌وی نه‌كه‌ین سه‌رجه‌م سه‌ركردایه‌تی كورد ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ی نیه‌ و به‌تایبه‌تی له‌م سه‌رده‌مه‌دا خوێندنه‌وه‌ به‌ بیگاری ده‌زانن.
* ته‌رخانكردنی هه‌موو عه‌قڵ و ئه‌ندێشه‌یان بۆ ركابه‌ری و ململانێ و شه‌{ه‌ قسه‌ و وه‌لام و وه‌ڵام دانه‌وه‌ كه‌ هیچ بوارێكیان بۆ ناهێڵێته‌وه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئاسایی رۆژانه‌.
* رێگریه‌كی دیكه‌ی خوێندنه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كان ئه‌وه‌یه‌ به‌رده‌وام له‌ قه‌ره‌باڵغی و ژاوه‌ژاودا ده‌ژین و خوێندنه‌وه‌ كه‌شێكی هێمن و ئاسوده‌ی ده‌وێت كه‌ ئه‌وان شه‌و و رۆژیان به‌ شتی دوور له‌وه‌ به‌سه‌ر ده‌به‌ن و سه‌رقاڵی شتی زۆر لاوه‌كی و ده‌نگه‌ ده‌نگن.
بۆچاره‌سه‌ری ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌، ده‌كرێت هه‌ردوولاكه‌ له‌به‌رچاو بگیرێت و هه‌نگاوی بۆ دابنرێت، له‌پێشه‌وه‌یاندا: له‌به‌رچاو گرتنی بارودوخه‌ بابه‌تیه‌كه‌یه‌ كه‌ چاره‌سه‌ری گشتی ده‌وێت و ئینجا خودیه‌كه‌ له‌سه‌ر خودی سه‌ركرده‌كه‌ وه‌ستاوه‌ ئه‌گه‌ر بیه‌وێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست