داهات و تیرۆر لە دوو بەیاننامەدا

Thursday, 19/01/2023, 13:35

6807 بینراوە


ئیدیۆمێکی کوردی هەیە ئەڵێت: (با قسەیەکی خێریش بۆ دز بکەین)


لە گەڕی تازەی شەڕی نێوان یەکێتی و پارتیدا، لە ڕێگەی شەڕە بەیاننامەی نێوان مەسروور بارزانی و قوباد تاڵەبانیدا، چەند سەرنجێکم بۆ درووست بوو. ڕەوایە کە ئەم سەرنجانە لەبەرچاو بگیرێن. ئەگەرچی کەمێکیش لە قازانجی یەکێتیدا بێت. ئەمەش ئەوە ناگەیێنێ کە من هاوسۆزی یەکێتیم، چونکە من دەمێکە یەکێتی و پارتیم لە یەک بۆ جیاناکرێتەوە. کاتێ خۆپیشاندان لە سنووری یەکێتیش سەرکووت کرا، دیموکراسییەکی لێبووەوە و کاتێکیش ڕۆژنامەنووس گیرا و تیرۆر کرا ئەوا ئازادییەکەشی لێبووەوە. گەندەڵی زۆر و زەوەندی یەکێتیش، بانگەشە دادپەروەرییە کۆمەڵایەتییەکەیشی بەتاڵ کردەوە. ئەما دروشمی مافی مرۆڤەکەیشی، موویەکی لە پارتی زیاترە، ئەگەر مابێتی. وە لە سایەی ئەم پاشەکشێیانەشیدا، مافی چارەی خۆنووسینیشی، ئێستا پارتی بۆی ئەنووسێتەوە. بۆ مەسەلەی بنەماڵەییش، هەرەمی سەرەوەی دەسەڵات لە یەکێتیدا، ئەیسەلمێنێت کە چ کۆپییەکی تەڵخی پارتییە. هەر بۆیە تکایە ئەمەم بە بەرگری لە یەکێتی لێ وەرمەگرن. 
سەرنجەکان:-
١/ داهاتی دزراوی سنوری یەکێتی بنەمایەکی ناڕەوای مەسروور بارزانیە بۆ خنکاندنی سلێمانی و سزادانی خەڵکەکەی، چونکە دزینی داهات و گەندەڵی و قاچاخچێتی لە زاخۆوە تا گەرمیان یەک پاکێجە و لەت لەت ناکرێ. ئەگەر گەندەڵی و دزی و قاچاخچێتی لە سنووری یەکێتیدا هەیە، بە شاهیدی کێ سنووری پارتی شامی شەریفە؟ داهات و قووتی خەڵکی بریتییە لە داهاتی سنورەکان و ناوخۆی شارەکان و باج و خەراج و هەروەها داهاتی نەوت و سامانە سروشتییەکانیش، هەر لە زاخۆوە تا کفری و کەلار. ئەگەر ڕاستە یەکێتی دەستی خستۆتە نێو داهاتی سنوورەکان و داهاتە ناوخۆییەکان و وا پێویستە ئەکات هێزێک بنێردرێتە سنوورەکان بۆ کۆنترۆڵ کردنی، ئەی کام هێزە و کێ بینێرێتە مەرزەکانی سنوری و پارتی و کێ بێ ئەو دەستەی پارتیش لە توورەکەی داهاتە نەوتییەکان دەربهێنێ، تا بزانین چەندی ئەبرێ و چەندی ئەگەڕێتەوە؟
٣/ ئەگەر قەرارە یەکێتی لە پشتی کوشتنی هاوکار جافەوە بێ و ئەی زەحمەت نەبێ کێ لە پشتی تیرۆر و هەوڵی تیرۆری دەیان کەسایەتی دیکەوەیە؟ تیرۆر یەک پاکێجە لەت لەت ناکرێ، خۆێنی کاوە و سەردەشت و ویداد و سۆران و مردنە لە ناکاو و ڕووداوە پیلان بۆ داڕێژراوەکان وەکو هەوڵی کوشتنی دکتۆر غالب و سەرکردایەتی و بەرپرسانی حزبی هەردوولا کە بکوژنادیارکران و ...زۆری دیکەش، یەک پاکێجن و پێویستیان بە یەک دادگای بێلایەنی نە هەولێرییە و نە سلێمانیی. پرسیاری گرنگیش ئەوەیە بە شاهیدی کێ دادگا حزبییەکەی هەولێر، بووە بە لاهای نێودەوڵەتی و تەرازووەکەی ڕێک بۆتەوە تا لە شەو و ڕۆژکدا بکوژی هاوکار جاف بدۆزێتەوە هی سەردەشت عوسمانیش دیزه بە دەرخۆنە بکات و کۆتاییەکی هەزەلی بۆلیود ئاسای پێ ببەخشێت. دادگایەک بووە بە مایەی شەرمەزاری هەموو دونیا لە بە ئامانج گرتنی دەیان ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی بێ تاوان و بە تیرۆر و ئینقلابچی و جاسوسی تۆمەتبارکراو.
٤/ ماوەتەوە یەکگرتنی هێزی ٧٠ و ٨٠ی پێشمەرگەو تێکەڵکردنیان، ئەپرسین ئاخۆ لە تێکەڵکردنەکەدا، هێزەکانی ڕۆژ و یەزدان پەنا و کوێخا موبارەک و کاکە حەمە، چی و چی ...محەلیان چی ئەبێ لەئیعرابدا؟ ئەرێ بەڕاست ئەم هێزانە چەکیان لە کوێ بوو؟ ئەدی بۆدجەیان لە کام گیرفانی خێربەربوو بۆ دابین دەکرێت؟
یەکێتی ئەگەر بەرگرییەکی هەبێت لە خۆی بیکات، هەر ئەمەیە و کە سەیرم لێ دێت کە بەو هەموو کادری سیاسی و ڕاگەیاندنەوە نەتوانێ بیگەیێنێت، ئەوا من لە ڕای خوا ئەم ئەرکەم بۆ کێشان، دەنا یەکێتی و پارتی دەمێکە بوون بە دوو دیوی یەک دراو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە