عەلی رەزا ئەکبەری و سیخوڕەکانی ناو یەکێتی

Friday, 20/01/2023, 18:43

4906 بینراوە


سالار شاڵی:

لە چەند رۆژی رابردودا، دەوڵەتی ئێران  بە تۆمەتی سیخوڕی، کەسێکی بەناو عەلی رەزا ئەکبەری لەسێدارە دا، ئەو کەسە هاوڵاتیەکی بریتانی-ئێرانی بوو، پیشتر چەند پۆستێکی باڵای لە حکومەتەکانی ئێراندا هەبوە، لەوانە پۆستی یاریدەدەری وەزیری بەرگری، لەسەردەمی حکومەتەکەی محەمەد خاتەمیدا. دوای ئەوەی ئاشکرابوو کە ناوبراو سیخوڕی بۆ دەزگای هەواڵگری بریتانیا کردوە، ئێران دەستگیری کردو دواجار سەرەڕای ناڕەزایی زۆری بەریتانیا بەڵام لەسێدارەی دا.
ئەم نمونەیەم بۆیە باس کرد، تاوەکو ئەوە بڵێم کە نرخی خیانەت و سیخوڕی لەزۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی دونیادا لەسێدارەدان و کوشتن و زیندانی هەتا هەتاییە، بەڵام لای ئێمەی میللەتی کورد، نەک سیخوڕ و خائینەکان سزا نادرێن بەڵکو پاداشت دەکرێن و پلە و پۆستی بەرزتر لەپێشویان پێ دەدەن.
چەند رۆژێکە لای خۆشمان، بەهۆی بڵاوبونەوەی گرتەیەکی دەنگی مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی، دوبارە مەسەلەی سیخوڕ و مەلەفدارەکانی ناو یەکێتی هاتۆتەوە بەر باس. ئەوانەی کە کاتی خۆی ژێر بەژێر پەیوەندیان بە حزبی بەعسەوە هەبوو، دوای روخانی رژێمی بەعس مەلەفەکانیان کەوتە دەست یەکێتی و بە مەلەفدارەکانی ناو یەکێتی ناویان دەرکرد. لەوانە سەعدی ئەحمەد پیرە، مستەفا چاوڕەش، شاڵاو عەلی عەسکەری، بەهرۆز گەڵاڵی، ئاسۆ مامەند و چەند کەسێکی دیکەش بوون، لەناو ئەماندا تێیاندا بووە لە ئیستیخباراتی عێراقی موچەی هەبوەو زانیاری زۆری لەسەر هێزە کوردستانیەکان داواتە ئیستخیباراتی بەعس. 
کاتێک کە ئەمانە ئاشکرابون، یەکێتی چی کرد؟ لەباتی ئەوەی بێت و لێکۆڵینەوەیەکی جدیان لەگەڵ بکات و سزای ئەوانە بدات کە بە فعلی سیخوڕیان کردوەو خیانەتیان لە نیشتیمان و یەکێتی کردوە، بەڵام هات پلینیۆمێکی بەست و بڕیاری لێخۆشبونی دان. هەروەک چۆن پێشتریش لە مستەشارە ئەنفالچیەکان خۆشبون. 
ئیتر لەو رۆژەوە کە سیخوڕ و خائینەکانی ناو یەکێتی بڕیاری لێخۆشبونیان بۆ دەرکرا، دزی و گەندەڵی و تەنانەت سیخوڕی لەناو یەکێتیدا پەرەی سەند، چونکە کاتێک تۆ لە خائینێک خۆش دەبیت، نەک هەر لێی خۆش دەبیت بەڵکو بەپرسیارێتیشی دەدەیتەوەو پلەشی بەرز دەکەیتەوە، ئەوا گومانت لەوە نەبێت کە دەرگای لادان و گەندەڵی دەکەیتەوە. ئەم کارەسەتە  کادیران و بەرپرسانی یەکێتی وا لێکرد چەندین تاوان ئەنجام بدەن و گەندەڵیش بوو بە بەشێک لە ناسنامەی مەسولەکانی یەکێتی، چونکە بەشێکی زۆری مەسولەکانی یەکێتی ئەم رستەیە بوو بە دروشمیان: یەکێتی لە سیخوڕ و خائین خۆش بێت لە گەندەڵ و دزیش خۆش دەبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە