وەک ئەوەیە کورد: ئەگەر بشیەوێ ناتوانێ بمرێ*

Monday, 23/01/2023, 19:22

553 بینراوە


کوردبوون، ڕەسنترین ناسنامەی بوونی منە، ئەو هەستە زۆرانەیە کە دەمبەستنەوە بە کلتوورێکی تایبەت بەو خەڵکانەوە کە هەمان هەستیان هەیە و بەو هەستانە ژیان دروست دەکەن، پەیوەندییەکان دەگەشێننەوە و ئافراندن دەکەن، ئەو ئافراندنە هونەریانەی کە کوردین  و کوردستانین، ئەو پەیڤانەی کە کوردین، ئەو دەنگانەی کە کوردین، ئەو پەیامانەی کە کوردین، زووتر و ڕەساتر دەمهەژێنن، بەڕۆحم ئاشناترن، کۆدی تێگەیشتنەکانیان لەگەڵم لە دایک بوون، کە دەیانبیستم وەک غوربەتێکی ون بووی زیندووبووەن، بێ ئەوەی لە دەرگای ڕۆحم بدەن، دێن و دەبنە سەرداری ڕۆژ و مانگ و ساڵەکانم، ئەڤینێکی نێرگزین هیچ کاتێک ڕۆحم بۆنی ئەو ئەڤینەی ون نەکردووە، سەردەمانێک سەرتاپێی هەموو چالاکییە بوونە کۆمەڵایەتییەکەم دادەپۆشن، وەک ئەو زەمەنەی لە دارستانی چاوێک و  لە بۆنی خۆشی ڕۆحێکی تردا دەبێتە بەشێک لە هەموویەکی ئەو.
کەس منی نەکرد بە کوردتر لەوەی کە بووم، کاغەزەکان، ناسنامەیەکی لەوە بەرزتر یا ڕەسەنتر بە من نادەن. کەس نیشتمانی بە من نەبەخشی، نیشتمان لەناو مندا و من لە ناو نیشتماندا تێکەڵ بە خۆشەویستییەکی ئەبەدی بووین، کە لەهیچ کوێیەک پەیدا نابێت لە خۆمدا نەبێت و لە خۆتدا نەبێت، ئەوێ نیشتمانی ئێمەیە. زاراوەی زۆری دژبەیەکیان بۆ ئەم هەستانە دروستکرد و دەیانەوێ ڕاڤەی کوردبوونم بکەن بەڵام ئەڤین چۆن باس دەکرێت، کوا وشە جێگای ئەوی تیدا دەبێتەوە و کوا دەتوانرێ ئەڤین لە زیندانی وشەدا یەخسیربکرێت. لەو هەستانەوە کە کوردبوونم پێیان بەخشیم، بەرەو مەملەکەتی ئازادبوونێکی کوردی هەنگاوم نا و لە چواردەورم ڕوانیی و بزووتم، کاتێک چاوی دڵم کرانەوە بینیم بەهەزاران بەربەست و بە سەدان ڕێگر و ئامڕازی تیژ لە سەر ڕێگای کوردبوونمدا لە بۆسەدان و دەیانەوێ جۆرێکی تر بیربکەمەوە، ڕەنگێکی تر بگرم، پەیڤێکی تر بڵێمەوە کە هەموویان نامۆ بوون بەو دنیایەی دایکم بۆی ڕاڤەکردم و تێیگەیاندم و پەروەردەی کردم. من لەوان تێناگەم، خەمی ئەوان خەمی من نییە، ئەوینی ئەوان ئەڤینی من نییە، ئەوان دەیانەوێ من بسڕنەوە و لە بۆتەی نامۆبوونێکی ئەبەدیدا بمکەن بە کەسێکی تر، کە دەبێت لەوان لاوازتر، بچووکتر بم و لە داوێنی ئەواندا و لەو سنوورەی ئەوان بۆیان کێشاوم هەناسە بدەم، ئەمە تەواو پێچەوانەی ئەو ڕۆحەیە دایکم کردی بە بەری مندا، ئەو بە ئازادی منی هێنایە دنیا و نزای ئازادییەکی هەمیشەیی لەسەر خوێندم.
ئەو پارچەکاغەزەی کە دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکان بە منیان دا، منیان وەک خۆم ڕاڤە نەدەکرد، چوار ڕەنگی بوون، بە سێ زمانی تر نووسرابوون، بۆ ئەوە بوو تا منی پێبناسنەوە بەو پێناسەیەی ئەوان بۆ بوونی منیان کردبوو، پسوڵەی مەرگێکی دڕیژخایەنی بەئازار بوو، هەر بەو پسوڵانە و بەو ناوانەوە، کە هەڵبژاردەی خۆیان بوو، ڕۆژێک و بەبەهانەیەک کە زۆر بوون، دەیانتوانی ڕاودووم بنێن، لێم بپرسنەوە، زیندانم کەن و لە سێدارەشم بدەن.
داگیرکردنی نیشتمانی من، تەنیا داگیرکردنی خاکێک نەبوو، داگیرکردن و سڕینەوەی کلتوورێک و پەکخستنی بیرکردنەوە و وردکردنی کەیاسیەتیشم بوو، زەوتکردنی هەڵبژاردن و بڕیارەکانیشم بوو کە لە منیان سەندەوە و دایان بە خۆیان، ئەوان لە ناوەندەوە لەسەر چارەنووسی من بڕیاریان دەدا. یەکێک لە پلانی پەراویزخستنی کورد و ڕێگرتن لە هوشیار بوونەوەی بە حاڵی خۆی، وەستاندنی گەشەی ئابووری و کۆبوونەوەی سەرمایە بوو لە نیشتمانی کورددا، بایی ئەوەی کە کورد بخاتە سەر بیری دامەزراندنی دەسەڵاتێک بۆ خۆی، بیرمەندی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد دەست لەسەر ئەم خاڵە بنەڕەتییە، نەبوونی ئابووری هەمەگیر دادەنێت بە پلەی یەکەم و هەڵکەوتەی نیشتمانی کورد بە پلەی دووەم، لەو ناوچەیەی ئیستایدا، ئەمانەش بە دووهۆی سەرەکی دادەنیت کە کورد نەگەیشتۆتە ئامانجی خۆی. 
مامۆستامان سەبارەت بە گەشەنەکردنی ئابوورییەکی هەمگیری کوردی دەڵیت:'' کوردستان وەک کانییەک بووە لە سێ جۆگەوە ئاوی لەبەر ڕۆشتووە، دیارە کانی واش هەرگیز پڕ نابێت''. ..."هەر وەک ئاوڕێژی شاخەکانی کوردستان هەندێکی دەڕژێتە ڕۆژهەڵات بەرەو ئێران، هەندێکی بۆ ڕۆژئاوا بەرەو ئەنادۆڵ، هەندێکیشی دەڕوا بەرەو دەشتی بابل و ئاشوور، هەروەها زۆربەی بەرهەمی ئابووری کوردستان بە درێژایی مێژوو ڕژاوەتە ئێران و ئەنەدۆڵ و بابل و هیچی ئەوتۆی لە خاکی کوردستاندا بە جێ نەماوە. سێ مقناتیسی گەورە پیت و داهاتی کوردستانی بۆ خۆی کێشاوە، تا ئێستاش هەر دەیکێشێ. لە کوردستان سەرمایە پێک نەهات..."**
سەبارەت بەخاڵی دووەمی سەرنەگرتی هەوڵی کورد بۆپێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆمامۆستا دەڵێت: '' قەناعەتی من ئەوەیە ئەگەر یەک لەو سێ وڵاتە دراوسێ بە هێزەی کورد چۆڵ با، با بڵێم یا دەریا یا بیابان یا شاخاوییەکی ئەوتۆبا دەستی نەدابا بۆ تێدا حەوانەوەی حکومەتێکی گەورە، کورد لە دەمێکەوە دەگەیشت بە مافی نەتەوایەتی خۆی.....".***
خاڵی یەکەمیان کە ئابوورییەکی هەمەگیرە، زۆر جار لە وتارە پێشووەکانمدا ئاماژەم پیکردووە و لەسەری نووسیومە
سەبارەت بە خاڵی دووەمیان، بە کورتی لێکدانەوەی خۆمی لەسەر دەنووسم: بە بڕوای من مامۆستا سەرەڕای مەبەستە فیزیکییەکەی هەڵکەوتنی کوردستان کە ئەگەر لایەکی چۆڵ، ئاو، بیابان و شاخ بایە، مەبەستێکی مەعنەوی و ژیانیی و ژیاریشی هەیە، کە مامۆستا پێی وایە ئەگەرلایەک لەو زەوییانەی بە نیشتمانی کوردەوە نووساون چۆڵەوانی بانایە، کورد باشتر دەیتوانی هەنگاو بنێت. بە واتایەکی تر کورد دەیتوانی لەگەڵ دڕندەی شاخ، کەمتیار و ماری حەوت سەری بیابان، نەهەنگی دەریا، وشکی هەوا، بروسکەی ئاسمان، توڕەیی زەریا، باهۆزی لماوی و تیژی بەردەکان، باشتر و ئەهوەنتر هەڵی کردبا و ژیابایە و لەگەڵیان لەسەر هاوسایەتی و بەرژەوەندی هاوبەش ڕێککەوتبا، تا لەگەڵ ڕژێم گەلێک کە زۆربەی خەڵکەکەی خۆیان بە دوای خۆیاندا کێشاوە، ئەویش کام چینە لە خەڵک؟ سەرانی کلتوور و بزووتنەوەی زانست و ڕۆشنبیریی و سیاسی فارس و تورک و عەرەب، چوونکە لە ناوکلتووری ئەو چینەدا( بیرکردنەوەی ئێلیتی فارس، تورک و عەرەب)، باسی ئازادی، سەربەخۆیی، مافی گەلان، مافەکانی مرۆڤ، زمانی دایک، مافی گەردوونی منداڵان، مافی ژنان، سوسیالیزم، ڕۆمان، ئەدەب و دیمۆکراسی...هتد، هێند جوان و بە باق و بریق و ناسکن کە ئەگەر بیانییەک ئەو نووسین و تابلۆ و ئاواز و موزیکە، وەخوێنێ، ببینێ و گوێی بۆ ڕادێرێ، لە خەیاڵیدا جگە لە باخی بەهەشتێک، بۆ نەتەوەکانی ئەو سەرزەمینانە، هیچی تری بە بیردا نایەت. 
بەڵام لە ڕاستیدا سەرانی کلتووری ئەو نەتەوە داگیرکەرانە، کە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکان، نوێنەرایەتیان کردوون، مەبەستیان، هەموو مافە مرۆییەکانە، بۆ مرۆڤەکانی دەرەوەی ئەو سنوورە سیاسییانەی کە دیاریی ئیمپریالیزم و بازاڕی سەرمایەی جیهانی بوون، نەک مافی ئەو نەتەوانەی کە لە ناو ئەو سنوورە دەسکردانەدا لە دۆزەخێکی داگیرساودا، لە کون و قوژبن و لە ناو چاڵە قوڵەکانی ڕۆحیاندا زمانی دایکیان حەشاردەدا و شەوانە لەبەر ڕۆشنایی چرایەکی کزدا دایکان لایلایەیان بۆ منداڵانی ناو بێشکە پێدەکرد: بۆیە دەست و پێت بە دەسرازەی بەند
دەبەستم وێنەی کەلەپچە و پێوەند
تا بۆ ڕزگاری ئەم کوردستانە
سڵ نەکەیتەوە لە بەندیخانە
دایکانی ئەو نەتەوە داگیرکراوانە ناچار کراون، منداڵەکانیان لە سەر خۆڕاگریی بەرانبەر بە ستەمێک کە چاوەڕوانیان دەکات، ڕابێنن و ئامادەیان بکەن بۆ جەنگێک کە ڕەنگە لە هەر تەمەنێکدا و لەهەر بۆنەیەکدا یەخەیان پێ بگرێت، چوونکە دایکانی نەتەوەکەم تامەزرۆی ئازادی منداڵەکانیان بوون، ئەوینداری ئاشتی و ژیانێکی ئارام بوون بۆ نەوەکانیان، بەڵام ستەم لە شەڕدا و دەسەڵات لە سەر سڕینەوەی ئەو ترە. لە سایەی داگیرکردنی نیشتمانی نەتەوەیەکی تردا، گەشانەوی داگیرکەر لەسەر شانی لاوازی منداڵانی نیشتمان داگیرکراودا، خۆی بادەدا و شانازیی دەفرۆشێ. تۆ لە خوێندنەوەی شیعری ئاڵوواڵای شاعیرانی نەتەوەی سەردەستدا، لە چیرۆکی نووسەرانی سەرزلی نەتەوەی داگیرکەردا، چەندت خوێندۆتەوە سەبارەت بە ئازارە بەردەوامەکانی منداڵانێک کە هێشتا زمانیان بە زمانی دایکی خۆیان پاک نەبۆتەوە، بەڵام ناچار دەکرێن بە زمانێکی بێگانە قوتابخانە دەست پێبکەن؟!
شارستانی بوون، لە پارچە گۆزەی کەونارای دسکردی حەوتپشتی مرۆڤەکاندا، خۆی حەشار نەداوە، بەڵکو لەو ڕەفتارەدایە کە تۆ دەینوێنی بەرانبەر، بە ئەوی تر و زمانێکی تر و ڕەنگیکی تر و بیرێکی تر و کلتووریکی تر، پێوەری مرۆڤ بوون، گۆزەڵەیەکی دۆزراوەی ژیر بارستایی خۆڵی گردێک و شاخێک نییە، بەڵکو پلەی بڕوابوونی مرۆڤە بە ئازادیی ئەوی تر کە خۆیەتی و تۆ نییە، ئەم پێوەرە لە ڕەفتارە پراکتییەکانی سەرەزلەکانی کلتووری داگیرکەردا وا لە ژیر سفرەوە.   
ئەگەر ڕووم لێ گرژ دەکەیت و پێت وایە دایکی کورد، منداڵەکەی بۆ شەڕ ئامادە دەکات:" بڕۆ مەزبەتەی نەخواردنی گۆشت بەرە بۆ گورگ ئیمزای بکات نەک بۆ مەڕ" ****
ئەگەر فرە دیمۆکراسی و مرۆڤدۆستی و ڕەخنەی ئەوەم لێدەگری کە بۆ بە خۆپیشاندان داوای مافی خۆم ناکەم، بڕۆ لولەی کڵاشینکۆڤی داگیرکەری نێشتمانەکەم گرێ بدە و قەلەمێکم پێ بدە تا باسی گوڵە ڕەنگاو ڕەنگەکانی باخچەکانی پێکەوە ژیانت بۆ بکەم، من چی بکەم کە وەڵامی هاواری دایکم بۆ ئاشتی فیشەکە و نیشتمان و گوڵ و باخ و کتێبەکان و دڵم پێکەوە دەسووتێنرێن؟!
---------------------------                            
سەرنجەکان/
*بەڵێ کورد میللەتێکی نەمرە، دەماری زیندووەتی لە فڕکەدایە هەر دەڵێی ئەگەر بشیەوێ ناتوانێ بمرێ  حاجی قادر ١ ل ٢٦
 ** مەسعوود محەمەد/ هەمان سەرچاوە
*** مەسعوود محەمەد/ هەمان سەرچاوە 
****مەسعوود محەمەد

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست