بۆچی سەلەفی و ئیخوانەکان لە چەمکی جێندەر ئەترسن؟

Wednesday, 25/01/2023, 3:50

2538 بینراوە


جگە لە سەلەفی و ئیخوانەکان، لە مێژوودا ڕووی نەداوەو نەبووە، کەسانێک بڕوانامەی دکتۆرایان هەبێت،  یان پرۆفیسۆر بن، بەڵام وا لە جێندەر بگەن کە بەدئەخلاقی بێت.!! جگە لەم دینبازانە هیچ ئاینێکی ترو هیچ ڕێکخراوێک و هیچ کۆمەڵگایەک و هیچ دەزگایەکی زانستی هەڵەیەکەی ئاوا ئابڕوبەرانەی لێنەوەشاوەتەوە. لەناو سەلەفی و ئیخوانەکانی جیهانیشدا هیچ گروپێکیان هێندەی سەلەفی و ئیخوانەکانی باشووری کوردستان نەزان و چەواشەکارو لە ئاستێکی ئاوا نزمدا نین. 
هێندە نەزانانە لەچەمکی جێندەر دواون، مرۆڤ شەرم دەکات وەڵامیان بداتەوە! پێم حەیف بوو کاتی خۆم لەوەڵامی قسەو بیری دوو گروپی ئاوا بێ ئاگا بکوژم و بەم وەڵامە خۆم سەرقاڵ بکەم، ١٤٠٠ ساڵە هەر یەک کتێب دەخوێننەوەو ئەو زانستە شازەی فێری بوون جوێن و سوکایەتی و شکاندنی بەرامبەرو چەواشەکاری بووە، مشتومڕی لەم شێوەیەش سوکایەتیە نەک هەر بە مرۆڤ بەڵکو بە زانست و مەعریفەش.
(تەڵاقەکانی بارام بەگ) بەناوبانگن، لەباشووری کوردستاندا ڕۆشنبیرێک نیە یەکێک لە تەڵاقە ناودارەکانی ئەوی نەبیستبێت، بارام بەگ، کەسایەتیەکی دیاری دەڤەری هەڵەبجەی شەهیدەو بە قسە نەستەق و تا ڕادەیەک فەلسەفەکانی، چووەتە مێژووی ئەدەبیاتی کوردیەوە. یەکێک لە وتە بەناوبانگەکانیدا دەڵێت: سێ بەسێ تەڵاقم کەوتبێت ڕۆژ بووە دە جار زیاتر لە بری خەڵک تەریق بوومەتەوە. 
ئەم وتەیە، لە مەسەلەی ناسینی جێندەرو ڕاگەیاندنەکانی سەلەفی و ئیخوانەکانی باشووری کوردستاندا،  دەچێتە بازنەی تەڵاقەکانی بارام بەگ و هەمان ڕەهەندی هەیە، هێندە بێ شەرمانە لەسەر چەمکی جێندەر دواون، لە بری ئەوان ڕۆشنبیران تەریق دەبنەوەو شەرم لەخۆیان دەکەن وەڵامیان بدەنەوە.
سەلەفی و ئیخوانەکان، هەرکاتێک بزانن لە مەسەلەیەکدا ناتوانن ئەقڵانی بن، وەک پرۆسەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو، دوو کاردانەوەیان هەمیشە ئامادەیە، 
یەکەمیان: لەگەڵ دەم دەکەنەوە یان باسی خورافە دەکەن، یان باسی سێکس و ژن، یان باسی بەدئەخلاقی دەکەن.هەموو شتێک دەبەستنەوە بە ئەخلاقەوە، باسی فیزیاو بۆیاخچی و تاقیگەی پزیشکی و دارتاشی و ئینتەرنێت و چا خواردنەوەیان بۆ بکە، هەر ئەوەندەی بزانن لەگەڵ هزری خۆیاندا ناگونجێت، یەکسەر بە بیرو ڕەفتارێکی بەدئەخلاقی ئاماژەی بۆ دەکەن تا بەئاسانی گەنجەکانیان بگەوجێنن. 
دووهەمیان: بە دروشمی بریقەدار باسی ئازادی و ئاشتی و پێکەوەژیان دەکەن، بەڵام ڕەوشتی ڕاستەقینەیان جگە لە مۆڕەو هەڕەشەو تیرۆرو تۆقاندن، سوکایەتیش بە بەرامبەریان دەکەن، بە درۆو چەواشەکاری هەوڵ دەدەن کەسایەتیان بشکێنن، دواتر بە کافرو زەندیق ناویان دەبەن. بێگومان ڕێژەی نەخوێندەوارو ڕەشۆکیەکانیش هێندە زۆرن کە بە ئاسانی ئەمەیان بۆ بچێتەسەر.  
حەقیقەتێک هەیە دەبێت سەلەفی و ئیخوان و دینبازەکان بەگشتی بیزانن:
هەرکەس، لەبەرامبەر هەر بابەتێکدا، وەڵامی ئاسایی و بۆچوونی بەڵگەداری نەبوو، بابەتەکەی لکاند بە کەسایەتی بەرامبەرو بەدئەخلاقیەوە، سوکایەتی کردو ویستی کەسایەتی بەرامبەرەکەی بشکێنێت، سوور بزانن کەسایەتیەکەی خۆی ڕووشاوەو کێشەی ئەخلاقی هەیە.
...................

سەلەفی و ئیخوانەکان چۆن لە مەسەلەی جێندەر تێگەیشتوون؟

...................
پێش ئەوەی بابەتی جێندەر بناسێنم، ئەم پێشەکیە بە گرنگ دەزانم:
 یەکێک لەو خاڵە هەرە گرنگانەی کە سەلەفی و ئیخوانەکان بۆ دژایەتی جێندەر پشتی پێدەبەستن، مەسەلەی ڕەوشتی نێربازیە. وەک بڵێیت ئەڵڵای ئیسلام بەشێک لە ڕەوشتی نێربازی نەکردبێت بە دیاری بۆ پیاوە بەهەشتیەکان، زوو زوو دوبارەی دەکەنەوەو بە بەدئەخلاقی دەزانن. 
لە قورئاندا نوسراوە:
وَيَطُوفُ عَلَيْهِمْ وِلْدَانٌ مُّخَلَّدُونَ الانسان ١٩
وَيَطُوفُ عَلَيْهِمْ غِلْمَانٌ لَّهُمْ كَأَنَّهُمْ لُؤْلُؤٌ مَّكْنُونٌ . الطور ٢٤
لە بەهەشتدا کۆمەڵێک لاوی لوسکەلەو مێردمنداڵی جوانکیلە، کە هەر دەڵێیت توێکڵە نەرم و نیانەکەی ناوەوەی هێلکەن و دەستلێنەدراون و وەک مرواری بڵاوبوونەتەوە، لە خزمەتی پیاوە بەهەشتیەکاندان. 
ئەمە لە قورئاندایەو عەگال بەسەرە سەلەفی و ئیخوانەکانی کوردیش زوو زوو دەڵێن ڕەوشتی نێربازی بەدئەخلاقیە.
مرۆڤ ، لەبەردەم ئەم جۆرە ئایەتانەی قورئان شەرم دایدەگرێت.
وەک پێشتر ئاماژەم پێدا: ئەوان زوو زوو باسی نێربازی دەکەن، کەواتە کێشەی نێربازی لەناو خۆیاندا هەیە، بەو هۆیەشە کە هێرش دەکەنەسەر خەڵکی تا ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان بشارنەوە. هەموو کەس دەزانێت ڕێژەی هەرە زۆری نێربازەکانی کۆمەڵگا دینیەکان، بەتایبەتی لە کۆمەڵگا ئیسلامیەکاندا، سەلەفی و ئیخوازنی و دینبازە نورانیەکانی مزگەوتن، بە سەدان بەڵگەی ڤیدیۆیی بڵاوکراوەتەوە کە دینبازەکان قورئانێک و مێردمنداڵێکیان خستۆتە باوەشیانەوەو لەگەڵ فێربوونی قورئاندا دەستی موبارەکیان خستۆتە......!!
کێشەکە لەوەدایە کە بۆچی چەمکی جێندەر دەبەستنەوە بە نێربازیەوە؟؟
داۆکیکاری جێندەر نە باسی نێربازیان کردووە، نە بانگەشەیان بۆ کردووە، نە دەشیکەن! هەر بەزۆری زۆرکاری دەڵێن جێندەر نێربازیە، لێخوڕە دەشتە! یان جوتڕەگەز دەلکێنن بە نێربازیەوە، ئەمەیان فەزاحەتە!!!!  نەزانین و نەشارەزای هێندە بەو ئەندازەیە؟؟ هەر ئابڕووی نەزانینیشیان بردووە.
بەبۆچوونی من ئەوە جێی ڕەخنە نیە کە وا لە جێندەر دەڕوانن، ئەوە جێی ڕەخنەیە کە لە تاراتگرتن و دەرکردنی لەشپیسیدا نەزان بن، چونکە شەوو ڕۆژ سەرقاڵی تەفیسری تڕو تسن، کامیان دەستنوێژ دەشکێنێ و کامیان نایشکێنێت، جا ئەگەر وا تێبگەن کە جێندەر نێربازیە جێی ڕەخنە نیە، نەیانخوێندوەتەوەو نایزانن، کاری ئەوان توێژینەوەی زانستی و خوێندنەوە مەعریفیەکان نەبووەو ئاساییە کە نازانن. بەڵام ئابڕوبەرانەیە.
 هەروەها  جیاوازی لە نێوان نێربازی و جووتڕەگەزدا ناکەن، ئەمەش هەر کاولکردنی ئەقڵە.
جووتڕگەزەکان، کە لە خوارەوە باسم کردوون، بەلای سەلەفی و ئیخوانەکانەوە نەخۆشن، نەفرەتلێکراون، چونکە هەر ئەوەندە دەزانن کە لە مرۆڤدا تەنها نێرو مێ هەیە، لە خەونیشدا ناچێت بە ئەقڵیاندا کە ڕەگەزی سێهەمیش هەیەو یەکێکی دیکەیە لە دیاردە سرووشتیەکانی ئەم گەردوونە. 
دەزانن بۆ ؟
چونکە قورئان نوسیوێتی تەنها نێرو مێ هەیە:
   وَمِنْ كُلِّ شَيْءٍ خَلَقْنَا زَوْجَيْنِ. الذاریات 49
واتە: لە هەموو شتێکدا (نێرو مێ)مان دروست کردووە
هەموو شتێک (کل شيء)!! ئیتر لەکوێ دەزانن ڕەگەزێکی تر هەیە؟؟ بیشیزانن هەر نایزانن!
مەسەلەکە ئەوە نیە کە جێندەر وەک چەمک قبوڵ ناکەن بەڵکو نهێنیەکە ئەوەیە جێندەر ئایەتەکانی قورئان بەدرۆ دەخاتەوە، دەیسەلمێنێت کە ڕەگەزی تر هەیە!
.....

ڕەگەزی نێر و مێ و جووتڕەگەز چۆن دروست دەبن؟
.............

نێر و مێ بەم شێوەیەیە:

لەکاتی جووتبوونی هاوسەرەکاندا، تۆوی پیاوەکە لە منداڵدانی خانمەکە دادەنرێت، تۆوەکە دوو جۆرە، کرۆمۆسۆمی مێینە، هێماکەی بریتیە لە (XX)، هێمای کرۆمۆسۆمی نێرینەش بریتیە لە (XY) پیاوان هەڵگری هەردوو جۆرەکەن (XX)و (XY). خانمانیش هەڵگری کرۆمۆسۆمی تەنها (XX)ن. لەکاتی سێکسکردندا تەنها تۆوی پیاوەکە دەور لەدیارکردنی ڕەگەزی منداڵەکە دەبینێت، چونکە خانمەکە بەشێوەیەکی سروشتی هەر (XX)ی هەیە، ئەو کاتانەی کە نێر تۆوی خۆی لە منداڵدانی مێدا دادەنێت، توانای هەیە بە هەردوو هێماکە(XY)و (XX) کرۆمۆسۆمەکانی دابنێت. جا ئەگەر هاتوو پیاوەکە کرۆمۆسۆمی (XY)ی لە منداڵدانی خانمەکە دانا، منداڵەکە دەبێتە نێر (کوڕ)، ئەگەر کرۆمۆسۆمی  (XX)ی دانا، منداڵەکە دەبێتە مێ (کچ).
لە لەشی هەموو کەسێکدا هەم کرۆمۆسۆمی نێرینەیی هەیەو هەمیش کرۆمۆسۆمی مێینەیی هەیە، واتە هیچ پیاوێک بەتەواوی پیاو نیە و بەشێکی کەم مێینەیەتی تێدایە، هیچ مێیەکیش بەتەواوی مێ نیەو بەشێکی کەم نێرایەتی تێدایە.
پیاوێک نییە بە مانای وشەکە پیاو (نێر) بێت، بۆ ژنیش بە هەمان شێوەیەو هیچ خانمێک نیە بە مانای وشەکە ژن (مێ) نیە. واتە ڕێژەی نێرایەتی و مێیایەتی لای هیچیان لە100% نییەو هەریەکەیان بەشێک لەم و بەشێک لەوی تریان تێدایە. بوونی ئەندامی سێکسی نێرینە (چووک) لە پیاوێکدا مەرجی پیاوەتی تەواو و کامڵیی نێرینەیی ئەو پیاوە ناگەیەنێت. هەروەها بۆ خانمانیش هەروایە.

ئەی جووتڕەگەز چۆنە؟ 

جووتڕەگەز یان ڕەگەزی سێهەم، (تا ئێستا لە زمانی کوردیدا ناوێکی زانستی بۆ دیاری نەکراوە، ئەوەش کاری من نیەو هیوادارم زمانزانانی کورد، بەهاوکاری زانستخوازە پیشەییەکان، بتوانن زاراوەیەکی شیاوی بۆ داهێنن.)
پێکهاتەی بایۆلۆژی جوتڕەگەز وەک نێر (XY) و وەک مێ (XX) نیە، ڕێژەی 👍 یان (X) بە جوێرێکی ترە، بۆماوەییە (ویراسیە) باوان هەڵگری ئەو جۆرە کرۆمۆسۆمەن و بە ویراسی نەوە دوای نەوە تا ئێستا ماوەتەوە. بە مانا زانستیەکە جوتڕەگەز ڕەگەزێکی سەربەخۆن و خۆیان بەرپرس نین لە پێکهاتەی لەشیان، بەڵکو بەرپرسی سەرەکی باوانیانە. کەواتە ئەگەر کەسێکمان بینی جووتڕەگەزە، یەکسەر ئەوە بزانن کە باوکی یان دایکی هەڵگری کرۆمۆسۆمی جووتڕەگەزن.
جۆریان زۆرە، بۆ نموونە: هەبووە پێکەوە چووک و مەمکی هەبووە، هەبووە پێکەوە چووک و زێی هەبووە، یان زێی هەبووەو مەمکی نەبووە، یان تەنها یەکێکیانی هەبووەو لەوی تر بێبەش بووە، هەشبووە تەنها لە هۆرمۆنەکاندا جیاوازیان هەبووە، لەناوەوەیاندا نێرن بەڵام لە شێوەدا مێن، بە پێچيوانەشەوە...تادوایی. لە هەموو گەل و کۆمەڵگانادا هەبوون و ئێستاش هەن، لە کلتوری کوردیدا بە (نێرەمووک و ژنانی) ناسراون.
ئەمانە دیاردەیەکی سروشتین، شتێک نیە بانگەشەی بۆ بکەن!! شتێک نیە جووتڕەگەزێک بانگەشە بکات کە خەڵکی ببنە جووتڕەگەز،  وەرن چووکتان ببڕن و بیکەن بە زێ، وەرن مەمکەکانتان ببڕن و ببن بە پیاو!! نە لە مێژوودا هەبووەو نە ئێستاش هەیەو نە لە ئایندەشدا ڕوودەدات، بەڵکو کەسەکان بەو شێوەیە لەدایک دەبن، ویراسی بۆیان ماوەتەوە، بە قسە بازاڕیەکەی ئیسلامگەراکان: خوا بەو شێوەیە دروستی کردوون. 
ئەوە کلتوری کۆمەڵایەتی و دابونەرێتێکی کۆن بوو کە جوتڕەگەزەکان بە نەخۆش و نەفرەتلێکراوو بێزراوو شەیتان و بەدڕەوشت بناسێنن و ببنە مایەی سوکایەتی و قوربانی، چەمکی جێندەریش، وەک چۆن داکۆکی لە ئەرک و مافی پیاو، گەورە، گەنج، لاو، مێردمنداڵ، منداڵ دەکات، بەتایبەتی لەڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتیەوە، بەهەمان شێوە ئەمانیش وەک ڕەگەزەکانی تر بە مرۆڤ دەناسێنێت و وەک سەلەفی و ئیخوانەکان، نەک بانگەشە بۆ نێربازی. 
کەس ناتوانێت بانگەشە بۆ جووتڕەگەزی بکات و بۆی ناچێتە سەر.! کەسیش ناتوانێت بەری پێبگرێت چونکە هیچ شتێک لە ئارادا نیە بتوانێت ڕێگری لەم دیاردە سروشتیە بکات.! 
بەڵام تێگەیشتنی سەلەفی و ئیخوانەکان بۆ جێندەر، لێکدانەوەیەکی سێکسی هەیە، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە نێر بۆ سێکسکردن و مێینە بۆسێکسدان خەلق بوون.! ژنان وەک هۆکارێک بۆ خاڵیکردنەوەی ئارەزووی سێکسی نێر دەبینن، وا دەزانن جێندەر پیاوێکەو سواری یەکێکی تر بووە! بەناوهێنانی جێندەر دیمەنی نێربازی دێتە خەیاڵیان، لای ئەمانە جێندەر واتە پیاو سواری ئاژەڵ و ئاژەڵ سواری ژن بووە، هەمیشە خەیاڵیان لای ژن و خاڵیکردنەوەی سێکسە، دابەشبوونی بایۆلۆژی ڕەگەزەکان لە ناوگەڵیانەوە هەڵدەسەنگێنن. (هاوار بە ماڵم گەیشتوین بە کوێ؟؟!!)
گەر دینبازەکان مەبەستیانە جووتڕەگەزی بنەبڕ بکەن، دەبێت هاوسەرگیری نەمێنێت وچی تر نەهێڵن هیچ پیاوو ژنێک سێکس بکەن نەوەک منداڵێکی جوتڕەگەزیان ببێت! 
 جوتڕەگەزەکان هێندە گرفتیان زۆرە، ئاواتەخوازن ئاوارەی ناخۆشترین و سەخترین و دوورترین وڵات ببنەوە، بەڵام لە کۆمەڵگا ئیسلامیەکاندا نەژین، ڕۆژانە کەرامەتیان دەشکێندرێت و ڕەخنە لە خالق دەگرن کە بۆچی بەو شێوەیە دروستی کردوون، نە خۆیان ئومێدیان بەڕەگەزەکەی خۆیان هەبووەو نە مەبەستیشیانە کەسانی دی وەک ئەوان لە ئازاردا بن. کەچی موجاهیدەکانی ئەم خالقە پێیان دەڵێن بەدئەخلاق و بەم هەڵوێستە دە هێندەی جاران ئابڕووی خالقیان بردووەو شەرمەزاریان کردووە.
......................

با من بە زمانە شەقوشڕەکەی خۆت پێتان بڵێم جێندەر چیە:

جێندەر (Gender) واتە ڕەگەز، هەی نەخوێندەوارەکان، چەمکی جێندەر قسەکردنە لەسەر ئەرک و مافە سروشتیەکانیان، کۆمەڵایەتی، سایکۆلۆژی، سۆسۆلۆژی بایۆلۆژی، بۆ ژنان، پیاوان، بە تەمەنەکان، گەنجان، منداڵان، هەی ماڵوێرانەکان.  جیاوازی ناکات لە نێوان دیندارو بێدینەکان، ساماندارو هەژارەکان، فەیلەسووف و گەمژەکان، لەشساغ و نەخۆشەکان، چونکە لە هەموویانەوە وەک یەک دوورن.
تکایە لەبەر خاتری ئابڕووی تکاوتان دوو کتێب بخوێننەوە با لە ئەلفوبای جێندەر تێبگەن هەی کاولکەرانی مرۆڤایەتی.
ئەوە ڕاستە کە وشەکە بە ئێوە نوێیە، بەڵام چەمکەکەی ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی هەیەو کۆنە، لە بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی ژنانی ناو مزگەوتەکانتانەوە دەست پێدەکات، تا دەگاتە بزووتنەوە فێمینیستەکانی هەموو کۆمەڵگاکانی جیهان، ڕەهەندە سەرەتاییەکانی دەرکەوتەی ئەم وشەیە دەگەرێتەوە بۆ چەوساندنەوەی ژنان و پێشێلکردنی مافەکانیان، نەک مارەکردنی پیاو لەپیاوو ژن لەژن و مرۆڤ لە ئاژەڵ.
چەمکی (جێندەر) لە زۆربەی بڕگەکانی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، سەبارەت بە پرسەکانی ژنان و گەنجان و منداڵان بووەتە بەردی بناغە! ئێستاش لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی هەڵاواردن دژی ژنان و داکۆکیکردن لە مافەکانیان بەردەوامە، لەو کاتەوەی شۆڕشی ژنان پەرەی سەندووە.
یەکەم هەنگاوو ئامانجی لایەنگرانی جێندەر یەکسانیی ڕەگەزەکانە لە ئەرک و مافدا، بەتایبەتی لەڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتیەوە، وەک ڕێگایەک بۆ لابردنی هەڵاواردن و چەوساندنەوەی مرۆڤ لە جیهاندا دەیبینن!! 
دەزانن بۆچی سەلەفی و ئیخوانەکان دژایەتی جێندەر دەکەن:
چونکە سەلەفی ئیخوانەکان لەنێویشیاندا کوردەکانی باشوور، لە ڕۆشنبیری و ئاگایی ژنان دەترسن، دەترسن یەکسانی ڕەگەزی، بەتایبەتی ژنان و پیاوان، ببێتە واقیع. 
چونکە جێندەر قبوڵ ناکات ژنان پلە دوو بن و دوو دوو، سێ سێ و چوار چوار ببنە کون بۆ خاڵیکردنەوەی سێکسی پیاوی ئیماندار.
چونکە چەمکی جێندەر ڕێگە نادات کچی منداڵ بدرێت بەشوو، وەک ئەوەی پەیامبەری ئیسلام لە تەمەنی (٥٤) ساڵیدا لەگەڵ کچۆڵەیەکی (٩) ساڵیدا کردی!! (صحيح مسلم،1422) 
ڕێگە نادات پیاو سالارەکان کەنیزەیان هەبێت و ئارەزووە سێکسیەکانی خۆیان لەو کەنیزانەدا خاڵی بکەنەوە، وەک ئەوەی پەیامبەری ئیسلام لەگەڵ کەنیزە ماریەدا کردی..!! (سبل الهدى والرشاد في سيرة خير العباد، في ذكر سراريه) 
ڕێگە نادات پیاوسالارەکان قەتلوعامی بنەماڵەیەک بکەن و دواتر لاقەی کچەکانیان بکەن، وەک ئەوەی پەیامبەری ئیسلام لەگەڵ صەفییەی کۆسکەوتووی بنەماڵە کوژراودا کردی!! (صحيح المسلم،1365) 
ڕێگە نادات پیاو چوار ژن و زیاتری هەبێت، وەک ئەوەی (٤٨) ژن بچێتە ژیانی پەیامبەری ئیسلامەوەو لەیەک شەودا لەگەڵ (٩)یاندا جووت ببێت!! (صحيح البخاري، 5068) 
لە جیهاندا هیچ دەوڵەت و کۆمەڵگایەک بە ئاشکرا دژایەتی جێندەری نەکردووە، تەواوەی مادەو بڕگەکانی جاڕنامەی گەردوونی بۆ مافەکانی مرۆڤ لەسەر چەمکەکانی جێندەر پێکهاتووە.
چونکە ئەو کاریگەریە دینیەی لە کۆمەڵگاکەماندا لەسەر ژنان و گەنجان و منداڵان هەیە، لە ڕووی: نادادپەروەری، ڕەگەزی، چینایەتی و دەستڕانەگەیشتن بە مافەکانیان، چەمکی جێندەر دەیسڕێتەوە. 
ئەوەی ئێستا دژبەرانی جێندەر دروستیان کردووە، دابەشبوونی ڕۆڵی کولتووری دینیە نەک دابەشبوونی بایۆلۆژی کە ناتوانرێت تێپەڕێنرێت! (یەکسانی ڕەها) لە نێوان ڕەگەزەکاندا، بەبێ ڕەچاوکردنی جیاوازی بایۆلۆژی، تاکە چارەسەرە.
 بەڵام سەلەفی و ئیخوانەکان لەمە تێناگەن، ئیتر قووڕی کوێ بکەین بەسەر خۆماندا! هەر کەسێک دژی جەندەر بێت، با ئەوە سوور بزانێت کە خۆی نە نێرەو نە مێ، نە کوڕەو نە کچ، نە ژنەو نە پیاو، نە جوتڕەگەزەو نە ئاژەڵ، هیچ نیە، هیچ. 
سەلەفی و ئیخوانەکان، جیاوازی ڕەگەزەکان، بەپێوانەی دین و کولتووری کۆمەڵگاکان ناپێورێت، ئەوە جێندەرە؛ جێندەر، ههههۆۆۆۆوووو، تێدەگەیت؟؟ 
جێندەر حاجی کاروان نیە لەناو کچاندا لێبخوڕێت وا بزانێت دەشتە! 
جێندەر عبداللطيف احمد سەلەفی نیە ژنی خەڵک بدزێت.
ئەوە ڕەگەزە ؛ڕەگەز، نێربازی نیە کە هەمیشە خەیاڵتان لایەتی! ئێستا سەدەی بیست و یەکە، لە نیمچە دوورگەی عەرەب وەرنە دەرەوەو پەیوەندی بە جیهانەوە بکەن، پەیوەندی بە جێندەرییەکانەوە، ببورن بە ڕەگەزە جیاوازەکانەوە بکەن، تا فێری قسە بن.! دنیاکە گۆڕاوە، باسی جیماع و غیلمان و ولدان بەسەرچوو، ڕۆی، وەل بوو، فنش.  کەمێک ئابڕوو کۆبکەنەوەو کەس نەکەنە بەدئەخلاق دەنا ئابڕوتان دەچێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست