ئەمریکا و کورد و چەند وڵاتێک لە ساڵی ٢٠٢٣دا

Wednesday, 25/01/2023, 4:20

1066 بینراوە


پێشەکی:

ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێشتا ڕۆڵی سەرەکیی و گرنگی هەیە. بەشێوەیەکی گشتی زۆربەی هێزە کوردییەکان چاویان لە پشتیوانی ئەوە، پێیان وایە کە مانەوەی ئەو لە عیراق و سوریا و دژایەتی ئەو بۆ  ئیران، تروسکایەکی تێیدایە بۆ ئەوان، ئەگەر بۆ پرسی کوردیش نەبێت بۆ مانەوەی ئەوان لە دەسەڵات بە تایبەتی لە باشووری کوردستان و هێزی ئۆپۆزسیۆن لە ئیراندا. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پارتە سیاسییەکان بۆ سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلانی کوردستان، چاویان لە هەڵوێستەکانی ئەمریکایە، بۆیە گرنگە چاودێرکردن و هەڵسەنگاندن و هەنگاوەکانی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، لەگەڵ ئەوەی کە نووسەری بێلایەن ناتوانێت، زانیاریی وردی دەست بکەوێت، کە لە ژوورە داخراوەکان و ڕێککەوتنە ژێربەژێرەکاندا چی دەگوزەرێت، یان لایەنێکی سیاسی یارمەتی بدات و ببێت بە سەرچاوە بۆی و کار ئاسانی بۆ بکات، تەنیا پشت دەبەستێت بە تەقەلای خۆی و ئەوەی لە میدیاکاندا بڵاودەبنەوە، لەسەر ئەو بیناغەیە خوێندنەوەکانی دادەڕێژێت، بۆیە هەندێک جار پێشبینیەکان کە ڕاست دەرناچن، لە نەبوونی زانیاریی پێویستە، نەک لەوەی کە ناتێگەیشتن و نەبوونی بیرتیژیە بۆ ڕووداوەکانی داهاتوو. 

ئیران،

کاتێک کە ئۆباما لەگەڵ ئیران لە ساڵی ٢٠١٥دا ڕێککەوتنی ئەتۆمی واژۆ کرد، دۆخێکی تایبەت لە ناوچەکەدا هەبوو. ئەمریکا لە ئەفغانستان خەرجیەکی زۆری کردبوو، حکومەتێکی گەندەڵی هاوشێوەی ئێستای حکومەتی عیراق دەستبەکار بوو، کە تەنیا خەریکی دزینی سامانی گشتی بوون، نەیاندەتوانی بەگوێرەی پێویست لە هاڤرکێی ناوچەییدا شکۆ و سەنگیان هەبێت، تا بتوانن بەگوێرەی پێویست بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بپارڕێزن.  ئەو کات ئۆباما هیوای زۆری بە سعودیە نەمابوو، لە وەڵامی پرسیارێکی، مەلکٶلم تەمبیل سەڕۆک وەزیرانی ئەو کاتی ئوسترالیا، دەربارەی پەیوەندیی نێوان سعودیە و ئەمریکا ئۆباما گوتی: 
"مەسەلەکە ئاڵۆزە، ئەوان دەیانەوێت بەخۆڕایی ئەمریکا ئەرکی قورسی بەرەنگاری بوونەوەی هاوبەش لە کەنداو بخاتە ئەستۆی خۆی."
 واتە ئۆباما بێ هیوا بوو لە دەسەڵاتدارانی ریاز. هاوسەنگی لەنێوان هێزی سونە مەزهەب و شیعە مەزهەب لە ناوچەکەدا کەلی تێکەوتبوو. جەنگی دژ بە داعش سەرئێشەیەکی دی بوو کە لە ناوچەکەدا سەریهەڵدابوو، هێشتا وەک ئەمڕۆ لاواز نەبوون. ئەمریکا لە عیراق فەشەلی هێنا بوو، پارەیەکی ئێجگار بێشوماری خەرچ بوو، ئیران و تورکیا لە ڕێگەی سەڕۆکی حزبە عیراقییەکان بوون بە دەسەڵاتداری یەکەم لە بەغداد. سوپای تورکیا لە ڕێگەی سەرۆکی پارتە کوردییەکانی باشوور، بەبێدەنگی هاتە نێو ئەو خاکەو بە سەدان بنەکەی سەربازیی و هەواڵگری لەو ناوچەیەدا دامەزراند، ئەمانە جێگەی خۆشحاڵی ئەمریکا نەبوون، نەک لەبەرئەوەی دەیەوێت کوردستان سەربەخۆ بێت، بەڵکو تەنیا لەبەرئەوەی بەهێز بوونی تورکیا لەو ناوچەیە لە بەرژەوەندیی خۆیدا نابینێت، کە دەبێتە هۆی ئەوەی هەمیشە تورکیا مەرجە سەربازیی و ئابوورییەکانی بەسەر ئەمریکادا بسەپێنێت.  واتە زەمینەیەکی مێژووی لەباربوو بۆ دەسەڵاتدارانی تاران، کە ئەو هەلە بقۆزنەوە، لەگەڵ ئۆبامای سەڕۆکی ئەمریکای ئەو کات ڕێککەوتنی ئەتۆمی واژۆ بکەن.
لەوەتەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەنێوان ئیدارەی ئۆباما و ئیراندا واژۆ کرا، دواتر ئیدارەی ترامپ لێی پاشگەز بۆیەوە، دەستاودەست کردنی دەسەڵات لەنێوان کۆماریەکان و دیموکراتەکان، گۆڕانی سەڕۆکەکانی ئەمریکا، کاردانەوەی  نەبووە لەوەی، کە ئەم بابەتە لە ئەجێندای ئەمریکدا  پلەی یەکەمی نەبێت، لەداڕشتنی سیاسەتەکانی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە ئەم بابەتە تا هەنووکە لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە ئەجێندای ئەمریکادا ئەو پێگەیەی لەدەست نەداوە بەڵام کێشەکە قوڵتر بۆتەوە لەوەی کە ئەمریکا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئیراندا بکات. 
ئەمڕۆ هەلێکی دیکەی مێژووی بۆ دەسەڵاتدارانی تاران هاتۆتە پێش وەک ساڵی ٢٠١٥.  دۆخەکە هێشتا لەبەرژەوەندیی دەسەڵاتدارانی تارانە. سەرقاڵ بوونی ئەمریکا بە جەنگی یۆکرانیا. دۆخی خراپی ئابووریی ئەمریکا لەچاو جاران. تەماحی زێتری چین و ڕوسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ڕوونە کە ڕوسیا و چین دەیانەوێت لەو ناوچەیە ڕووبەڕووی ئەمریکا ڕابەوەستن، بۆیە پێویستیان بە توند کردنی هاوپەیمانیەتی هەیە، لەگەڵ وڵاتەکانی ناوچەکە بەتایبەتی لەگەڵ ئیران و تورکیا و ئیسرائیل. بەهێزبوونی پێگەی ئیران لە عیراق.
ئێستا ئیران بە ڕەواڵەت لە بەرەی ڕوسیا و چیندا خۆی ساغ کردۆتەوە، یارمەتی سەربازیی ڕوسیای داوە لە جەنگی دژی یۆکرانیا. ئەگەر ئیران لەگەڵ ئەمریکادا نەگەیشتە ڕێککەوتن و ئەوجاش هەر پێداگری بکات و هاوکاری بکرێت، بۆ بەئەنجام گەیاندنی بەرنامەی دروست کردنی چەکی ئەتۆمی بەبێ ئەمریکا، کێشەکە قوڵتر دەبێتەوە، ئەمریکا شکۆی لەدەستدەدا و تووشی گێژاوەیەک دەبێت، لە کاتێکدا کە ئەو سەرقاڵە و شەڕی ڕوسیا لە یۆکرانیا دەکات. واتە سەرەڕای خراپی دۆخی ئابووریی و سیاسی و ڕاپەڕینی گەلانی ئیران، هێشتا دەسەڵاتدارانی تاران لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەرەوەیاندا، توانیویانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لە ناکۆکیی نێوان زلهێزەکان سوودمەند بن، هاوپەیمانی بەهێزی وەک ڕوسیا و چینیان هەبێت کە ئەمریکا هەژماریان بۆ بکات و نەیەوێت ئەو بەرەیە لەوەی کە هەیە بەهێزتر بێت. پشتیوانی چین و ڕوسیا بۆ دەسەڵاتدارانی تاران تەنیا سوودی نییە بۆ پەیوەندییەکان و کێشە نێونەتەوەیەکان و ناکۆکیی نێوان ئەمریکا و ڕوسیا، بەڵکو پشتیوانیەکی بێ هاوتایی مانەوەی دەسەڵاتدارانی ئیرانە لەسەر کورسی دەسەڵات و بەرپەرچدانەوەی ڕاپەڕینی گەلانی ئیران، هاوشێوەی هەمان ئەزموونە کە ڕوسیا پشتیوانی لە کورسی ئەسەد کرد. 
 تەماحی تورکیا لە داگیرکردنی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان. ئەمانە جێگە نیگەرانی ئەمریکان، نەک لەبەر میللەتانی ناوچەکە، بەڵکو بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی، بەهێز بوونی پێگەی زێتری ئەو هێزانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، مانای بێهێز بوونی ئەو دەگەیەنێت. ئەمانە فاکتەری گرنگن، کە ئەمریکا لەم ساڵدا نەیەوێت خۆی لە قەرەی دوژمنایەتی ئیران بدات و لە دوو جەنگی گەورەدا تیوەگلێ یەکیان یۆکرانیا ئەویتر ئیران بێت. 

کەنداو

بایدن لەکاتی کەمپەینی هەڵبژاردنی بۆ سەڕۆکایەتی ئەمریکا لە گەرمەی کەیسی جەمال قاشوخچییدا بوو، کە گەلانی ئەمریکا لەگەڵ کەیسەکەدا سۆزیان هەبوو، بەتایبەتی واشینگتۆن پۆست بە ڕاشکاوانە لە میدیاکاندا بەرەنگاری دەسەڵاتدارانی سعودیە دەبۆیەوە. لەو سونگەیەوە بایدن ئیتر خۆی کرد بوو بەخاوەنی کەیسەکە و چەند جارێک بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە ئەوانەی دەستیان لە کوشتنی قاشوخچی هەبوو، دەسەڵاتدارانی سعودیە بوون، بێ گومان ئەو پەنجە درێژ کردنە بۆ پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و سعودیە زۆری دەگەیاند، ئیتر ڕوون نییە کە کاتێک بایدن ئەو قسانەی دەکرد، تەندروستی باش بوو یان نا، یان ئەوە بە ڕاستی ڕەنگدانەوەی سیاسەتەکانی ئەمریکا بوو بەرامبەر کەیسی قاشوخچی و وڵاتانی کەنداو بەتایبەتی سعودیە کە هەمیشە بە باشترین هاورێی ئەمریکا ناسراوە لە ناوچەکەدا. ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا دەسەڵاتدارانی سعودیەی نیگەران کرد، کەوتنە گومانەوە کە ئایا ئەمریکا وەک جاران ئامادەیە کورسی مەلیکی سعودیە بپارێزێت یان نا؟ کە ئەمە لوبی هەموو پەیوەندیەکی ئەو وڵاتەیە لەگەڵ ئەمریکادا.
 ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئەمریکا و ئیران وڵاتانی کەنداوی نیگەران کردووە، چونکە شیعەی سعودیە، یەمەن، کوێت و بەحرێن و لبنان و عیراق، بۆ هەموو جوڵانەوەێکی سیاسی و بوون بە ئۆپۆزسیۆن چاویان لە ئیرانە پشتیوانییان بکات، بێ گومان ئەمەش لە بۆشاییدا نەهاتووە یان تەنیا لە مەسەلەی مەزهەبەوە بێت، بەڵکو ململانێیەکی بێ هاوتا لەنێوان وڵاتانی کەنداو  و ئیراندا هەیە، لەسەر مەسەلەی کۆنتڕۆڵکردنی کەنداو بۆ مەرامی ئابووریی، بەتایبەتی دوای کۆنتڕۆڵ کردنی عیراق لەلایەن تارانەوە کەنداو مەترسی زێتر بووە. ئیران ئەو ئەزموونەی کە لە عیراق و لبنان بۆی چۆتە سەر، لە سنووری تەماح و ئامانجی ئەو زۆر کەمترە،  هەزاران بەرابەر چاوی لە کۆنتڕۆڵ کردنی کەنداوە، لەبەرئەوەی کۆنتڕۆڵ کردنی کەنداو پێگەی ئێران لە زلهێزێکی ناوچەیی دەگۆڕیت بۆ زلهێزێکی نێونەتەوەیی و بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوونە کە ئیران دەیەوێت ئیمپراتۆریەتی سەفەوی زیندووکاتەوە.   
بەبەراورد کردن لەگەڵ ئەوکاتی هەڵوێستی بایدن و ئەمریکا، بەرامبەر بە وڵاتانی کەنداو بەتایبەتی لەگەڵ سعودیە دوای جەنگی یۆکرانیا و ڕوسیا هەڵوێستەکانی گۆڕانی مەزنیان بەسەردا هاتووە، ئێستا تێبینی دەکرێت ئەو پەیوەندییە بەرەو باش بوون بچێت، لەلایەک دی لەبەر مەسەلەی ئابووریی، وەک وزە، نەوت و خواردن کە جەنگی یۆکرانیا کاردانەوەی زۆری لەسەر هەبووە و ئەمریکا لە جێگرەوەی ڕوسیا دەگەڕێت. قەتەر بەدەنگی ئەمریکاوە چووە بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی گاز، ڕێژەیەکی زۆر لە گاز بۆ ئەوروپا دەنێرێت، ڕێککەوتنێکی بۆ ئەو مەسەلەیە لەگەڵ ئەڵمانیادا واژۆ کردوە کە لە ساڵی ٢٠٢٦دا دەخرێتە بواری کار پێ کردن، ئەم هەنگاوە جگە لەوەی قەتەر زێتر لە ئەمریکا نزیک دەکاتەوە، پێگەی ئابووریی خۆشی زۆر بەهێزتر دەبێت. 
سعودیە لەو گەمەیە دەستەوەستان نەوەستاوە، هەمیشە بەبیر ئەمریکا دەهێنێتەوە، کە ئەگەر لەگەڵ ئەواندا بەگوێرەی پێویست مامەڵە نەکەن، ئەوان هەڵبژاردەی بەرەی ڕوسیا و چینیان لەبەردەمە، جارجاریش لە میدیاکاندا جار دەدەن، کە لەگەڵ ڕوسیا و چیندا سەردانی یەکدی دەکەن، ئەوان شارەزاییانە لەوبەینەدا یاری دەکەن، پێشانی ئەمریکا دەدەن کە لەکاتی هەرگرژیەک لەگەڵ ئەمریکادا، ئەوان دەتوانن سوودمەند بن لە کڕینی نەوتی ڕوسیا بە نرخیکی هەرزان، گلدانەوە و پاشەکەوت کردنی نەوتی خۆیان یان کڕین بە هەرزان و فڕۆشتنەوەی بە وڵاتانی دی بەگران بەتایبەتی ئەوانەی هاوپەیمانی ئەمریکان و تووشی قەیران هاتوون.  
سعودیە دەیەوێت بە ئەمریکا بڵێت کە ئەگەر ئەو بەگوێرەی بەرژەوەندیی ئەوان مامەڵە نەکات، ئەوانیش لە کاتی پێویست، کاتێک کە ئەمریکا داوا دەکات، ئەو بۆشاییەی کە ڕوسیا دروستی کردوە، لە مەسەلەی کەمبووونی نەوت و وزە و گاز لە ئەوروپا و لە چەند وڵاتێکی دیدا سەریهەڵداوە لە ئەنجامی جەنگی یۆکرانیا و سزا ئابوورییەکانی کە ئەمریکا کە بەسەر ڕوسیای سەپاندوە، ئەوان ئامادە نابن ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە. واتە سعودیەش کارتی فشاری خۆی لەدەستدا هەیە، بۆ سەپاندنی مەرجە ئابووریی و سیاسییەکانی، بەتایبەتی کاتیک کە ڕوسیا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە لە فڕۆشتنی نەوتی خۆی بە نرخێکی هەرزان بەرامبەر بەکڕینی نەوتی خاوی سعودیە. 
ستراتیژیەتی پەیوەندیی نێوان ڕوسیا و وڵاتانی ئاسیا بەتایبەتی لەگەڵ چین، زۆر بەهێزترە لە ستراتیژیەیەتی پەیوەندیی هەردووکیان لەگەڵ سعودیە. واتە پێش جەنگی یۆکرانیا، ئاسیا گەورەترین بازاڕی ساغ کردنەوەی نەوتی خاوی وڵاتانی کەنداو بوو بەتایبەتی بۆ سعودیە، ئاسیا هەنووکە زۆربەی پێویستی نەوتی خۆی بە نرخێکی هەرزان لە ڕوسیا دەکرێت، کە ئەمە کاردانەوەی هەبووە  لەسەر ئابووریی  سعودیە و وڵاتانی کەنداو بەگشتی، لە ئاکامدا ڕوسیا بوو بە هاڤركێی بەهێزی کەنداو لەو بازارەدا، هەروها دەبێت ئەوە نەبوێرین کە هەرگیز چین بۆ سعودیە دەستبەرداری ڕوسیا نابێت،  تا بتوانێت ناهێڵێت ڕوسیا بەرامبەر بە ئەمریکا شکەست بهێنێت، لەلایەکی دی هاوپەیمانی نێوان ڕوسیا و چین و ئیران بۆ سعودیە جێگەی نیگەرانییە، بۆیە سعودیەش نایەوێت بەهیچ جۆرێک دەستبەرداری پەیوەندیی بێت لەگەڵ ئەمریکادا لە کاتێکدا نیگەرانی سەرەکیی بۆ سعودیە لەگەڵ ئەمریکا تەنیا ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوانی ئەو ئیرانە، لەبەرئەوە خوێندنەوەکان پێمان دەڵێن، چاوەڕوان کراوە کە پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و سعودیە لەم ساڵدا لە یەک دوو ساڵی ڕابردوودا باشتر بێت.  ئەمریکا ئێستا لە کەنداو هاوپەیمانیەتی سعودیە و ئیمارات و وڵاتەکانی دی کەنداو نیگەرانی نەکردوە، ئەوەندەی جوڵانەوەی حوسیەکانی سەر بە ئیران بۆتە سەرئێشە بۆ ئەمریکا و پێ وایە کە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی دەکەوێتە مەترسیەوە، کە ئەمە خاڵێکی هاوبەشی نێوان ئەمریکاو وڵاتانی کەنداوە بە گشتی و بەتایبەتی لەگەڵ ئیمارات، یەمەن و سعودیە. لە ئاکامدا دەردەکەوێت کە لەم ساڵدا ئەگەری هەیە کە پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو بەرەو باشتر بڕوات. 

میسر،

دۆخی ئابووری میسر هەمیشە فشارێک بووە لەسەر هەموو ئەوانەی هاتونەتە دەسەڵات لە بڕیاریان بۆ پەیوەندییە دەرەکییەکان، بەتایبەتی لەگەڵ زهلێزەکانی دنیا هەروها میسر خاوەن ئەزموونێکی پتەوە لە پەیوەندیی لەگەڵ ڕوسیا و بۆیان دەرکەوتووە کە ئەوەندەی ئەمریکا گیرفانی بۆ هاوپەیمانەکانی واڵا دەکات ڕوسیا ئەوە ناکات، بۆیە لە چوار دەیەیی ڕابردوودا هەمیشە میسر هەوڵی داوە لە ئەمریکا نزیک بێتەوە، لەوەتەی بایدن هاتۆتە سەر کورسی دەسەڵات ئەو پەیوەندییە پتەوتر بووە و چەند جارێک بایدن سەردانی میسری کردووە. 
میسر لەگەڵ تورکیا هەمیشە جەنگی ساردیان بە ئاشکراو بە نهێنی لەنێواندا هەبووە و هەیە. میسر دەمێکە دەرکیی بەوە کردووە کە تورکیا دەیەوێت ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زیندوو بکاتەوە،  چاوی تیژی لە میسر بڕیوە، بۆ ئەم مەبەستەش پەلوپۆی هاوێشتووە بۆ چەند وڵاتێکی ئەفریقا، ئەم خاڵەش زۆر دەگەیەنێت بۆ مەسەلەی نیشتمانیی و نەتەوەیی و سیادەی میسر. ئەم خاڵە لای میسریەکان زێتر نیگەرانی دروست کرد، کە دوای ئەوەی کە دەرکییان بەوە کردووە، تورکیا بەشێک لە عیراق و سوریای عەرەبی داگیرکردووە، بێ گومان ئەمە بۆ ئەمریکا نامۆ نییە، بەتایبەتی هەنووکە تورکیا لە هەندێک مەلەف لە ڕوسیا نزیکترە لەوەی لە ئەمریکا وەک مەلەفی سوریا و مەلەفی کورد. ئەمانە هەمووی خاڵی هاوبەشن کە میسر هاوپەیمانیەتی لەگەڵ ئەمریکا بەرز دەرنرخێنێت. میسر وەک سعودیە و وڵاتانی کەنداو خۆشحاڵ نییە بە یارمەتی دانی ئەمریکا بۆ ئیران بۆ بوون بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، وێرای ئەوەش بۆ ئەمریکایان سەلماندوە کە ئەوان بەهێزترین کلیلی ستراتیژین، بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەی خۆیاندا. 
سیسی زێتر متمانەی ئەمریکا بەلای خۆیدا شکاندەوە کاتێک لە ٢٠٢١کۆبونەوەی نەتەوە یەکگرتووکاندا سیسی وتارێکی توندی دژ جەنگی یۆکرانیا پێشکەش کرد، کە هەنگاوێکی بەهێز بوو بۆ ڕاکێشانی زێتری دڵی ئەمریکا. پێش ئەوەش سیسی ناوبژیوانێکی سەرکەوتوو بوو، بۆ ڕاگرتنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین لە غەزە. دواتر سیسی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل زێتر خۆش کرد. پشتیوانی لە سیاسەتی هاوکاریی و کارئاسانی کردن بۆ هێزی دەریای ئەمریکا کە بە پەلە و ئاسانی بگەنە قەناتی سوێس و بەوێدا تێپەڕن.  ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا لەگەڵ چین و ڕوسیا، جەنگی یۆکرانیا، دوو فاکتەری گرنگن کە ئەمریکا هەوڵدەدات گرنگی زێتر بە میسر بدات و لەبەرەی خۆیدا بیهێڵێتەوە لە ساڵی ٢٠٢٣دا. ‌‌‌

لیبیا،

بە پراکتیک لیبیا وەک سوریا دابەش بووە، هەمیشە زلهێزەکانی دنیا ئەم جۆرە دابەش بوونانەیان پێ باشە، لەبەرئەوەی دەتوانن زێتر سوودمەند بن لە جیاوازیی و ناتەباییەکان. ئەمریکا توانیویەتی    لەگەڵ حکومەتی فەتحی کە بنەکەی سەرەکییان لە تەبرقە و کە حەفتەر و پەرلەمانی ئەو وڵاتە پشتیوانیان لێ دەکات ڕابگرێت، واتە ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا بۆ ئەم ساڵیش هەر وەک خۆی دەمێنێت.   

سوریا و کورد،

لە ڕۆژئاوای کوردستان، هێزە کوردییەکان لە میدیاکاندا نایشارنەوە کە هاوپەیمانن لەگەڵ ئەمریکادا، بۆیە هەڵوێستی ئەمریکا لە سوریادا بۆ هێزی سوریای دیموکرات گەلێک گرنگە، بەڵام لەهەمان کاتدا جێگەی متمانە نییە، لەبەرئەوەی تورکیا هەمیشە یەکێک لە مەرجەکانی لەگەڵ ئەمریکادا دژایەتی کردنی هێزی سوریای دیموکراتە، ئەمە هەمان مەرجیەتی بۆ ڕوسیا لە پێکهاتنی لەگەڵ ئەسەد، واتە خاڵی هاوبەشی نێوان حکومەتی سوریا و تورکیا مەسەلەی چارەنووسی گەلی کوردە، حزبە سیاسییەکانی و هێزی چەکداریەتی. تا ئێستا ڕوونە کە دوو بەرە لە سوریادا دروست بووە، کە ئەسەد و ڕوسیا و تورکیایە، لەبەرەکەی دیدا هێزە کوردییەکان و ئەمریکایە. جگە لەوەی کە ئەمریکا چاوپۆشی لە داگیرکردنی شاری عەفرین کرد لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی هێشتا ناکۆکییەکانی نێوان ئەوان و تورکیا و ڕوسیا و ئەسەد لەو قۆناغەدا نییە کە ئەمریکا هەموو مەرجێکیان قبوڵ بکات، بەڵام لە داهاتوودا ڕوون نییە، کە ئەمریکا بۆ بەرژەوەندیی خۆی ئەو تاکە مەرجەی ئەسەد و ئەردوغان قبوڵ دەکات یان نا؟ بۆیە هێزە کوردییەکان بەتایبەتی یەپەگە، مامەڵە لەگەڵ دۆخێکی پڕ گوماناوی دەکات، کە هەرگیز ئاسان نییە و ئەرکی سەرشانیانی قورستر کردووە، بۆیە دەبێت ئەوانیش لەو گۆڕەپانە پڕ کێشمەکێشمەیەدا ئامانجەکانیان تەنیا بە یەک هاوپەیمان نەبەستنەوە. 

عیراق و هەرێم،

هەندێک هاوکێشە لە پرۆسەی سیاسیی عیراقدا دەبینرێت نامۆیە، وەک عیراق حکومەتێکە ئیران پێکیهێناوە و ئەمریکا پشتیوانی دەکات، لە کاتێکدا بە ڕووکەش ئەو دوو وڵاتە دژی یەکدین بەڵام  ئاماژەکان دەریدەخەن کە ئەم دووانە لەسەر مەلەفی عیراقدا کێشەیان نییە. هەفتەی ڕابردوو، برێت مەگۆڕک، نوێنەری کۆشکی سپی و لێپرسراوی مەلەفی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، لەگەڵ لێپرسراوانی عیراق و هەرێم کۆبۆیەوە.  میدیای سەفارەی ئەمریکی لە عیراق، تەنیا ئاماژەیان بە کۆبونەوەی نێوان برێت و سودانی سەڕۆک وەزیرانی عیراق داوە، کەچی لەو گەشتەیدا مگۆرک چووە بۆ هەرێم و چەند لێپرسراوی حزبەکانی دی دیوە بەڵام لە پرێس رلیسی سەفارەی ئەمریکی لە عیراقدا باسی نەکراوە، کە ئەمە ئاماژەیەکی باش نییە و مانای وایە حزبە کوردیەکانی باشوور لە ئەجێندای ئەمریکادا پلەی یەکیان نییە.  سەیری ئەو لینکەی خوارەوە بکە،
پارتی و یەکێتی و گۆڕان لە میدیاکاندا خۆیان بە دیتنی مەگۆڕک هەڵدەکێشن، لە وێنەی خۆیان و ئەو هیچی دیان بڵاونەکردۆتەوە و بەبێ ئەوەی ڕوونی بکەنەوە، کە بۆ دیتنی مەکگۆڕک پێشووەخت هیچ ئەجێندایەکی فەرمی و ئامادەکراویان هەبووە، یان دیتنی ئەو بۆ پرسی کورد لەم ساڵدا یان لە ئایندەیەکی نزیک و دوور چی لێ شێن دەبێت. 
هاتنی برێت لە سەرەتای ئەمساڵدا بۆ عیراق هاتنێکی سەرپێی بوو، نەک بەتایبەت تەنیا بۆ سەردانی عیراق هاتبێت و بەرنامەیەکی داڕێژراوی هەبێت و بیەوێت بە دووقۆڵی کاریان لەسەردا بکەن. واتە مەگۆڕک لەسەردانی بۆ ئەو ناوچەیە کە بۆ ئوردن، ئیسرائیل و سوریا و چەند وڵاتێکی دی چووە، لە ڕێگەدا لایداوە بۆ عیراق و هەرێم. ئەم جۆرە هاتنەی مەگۆڕک بۆ عیراق مانای ئەوەیە کە عیراق لە ئەجێندای ئەمریکادا پلە یەک نییە، لەگەڵ ئەوەشدا بەسەرکردنەوەیەکە، بۆ پێشاندنی وێنەیەک بە وڵاتانی زلهێز لە ناوچەکە، کە ئەمریکا هێشتا بڕیار بەدەستە و پابەند بوونی ئەمریکایە، بە پەیوەندیی ستراتیژی نێوان خۆیان و حکومەتی تازەی عیراق بۆ ئەم ساڵ، بەڵام ئایندەی دوور ڕوون نییە.
ئەم هەنگاوەی ئەمریکا پیشانی دەدا کە ئەمریکا لەگەڵ یەکگرتووی عیراقە، ئەو حکومەتەشی قبوڵە، کە ئیران دایمەزراندووە،  تەنیا داوای چاکسازی کردوە لە بواری وزە، گەشپێدانی ژێرخانی ئابووریی و گۆڕانی ژینگە. ئەم هەڵویستەی ئەمریکا، هاوشێوەی هەمان هەڵوێستە کە لە ئیران بۆ پشتیوانی ڕاپەڕینی گەلانی ئیران تەنیا داوای چاکسازی لە دەسەڵاتدارانی تاران کرد بوو. واتە ئەم ساڵ ئەمریکا لەگەڵ مانەوەی دەسەڵاتدارانی تارانە لەسەر کورسی دەسەڵات لە تاران و کۆنتڕۆڵ کردنی کورسی دەسەڵات لە بەغداد. 
مەکگۆرك دووپاتی کردەوە کە ئەمریکا پابەندە بە یارمەتیدانی سوپای عیراقی، بۆ ئەوەی نەهێڵن داعش جارێکی دی لە سوریا و عیراق سەرهەڵبدات. کەواتە ئەمریکا یارمەتی  سوپایەک لە عیراق دەدات، کە حەشدی شەعبی سەر بە ئێران بەفەرمی بەشێکە لەو سوپایە، کە ئەمە ئاماژەیەکی باش نییە بۆ سەربەخۆیی سیادەی عیراقی و هاندانی هەموو لایەنەکانە کە خۆیان بە ئیرانەوە گڕێ بدەن.  ئەوەی جێگەی سەرنجە چوونی مەگۆڕک بۆ عیراق، هاوکات بوو لەگەڵ چوونی سەرداری هێزی قودس ئیسماعیل قائانی بۆ بەغداد، بە بیانوی سەرەخۆشی خوشکی باقر حەکیم، بەڵام پێش چوونی بۆ ئەوێ سەردانی ئەو شوێنەی کردبوو کە قاسم سلێمانی لێ کوژرا بوو، هەروها هەندێک سەرچاوە پەنجە بۆ ئەوە درێژ دەکەن کە قائانی کۆبونەوەی لەگەڵ میلیشیاکانی سەر بە ئیران کردوە. بمانەوێت یان نا ئەم هەڵوێستانەی ئەمریکا جێگەی گومان و پرسیارن، کە ئایا ئەمریکا ژێربەژێر هیچ ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ئێراندا هەیە یان نا؟ لە کاتێکدا ئەمریکا لە ئیران و عیراق، پشتیوانی لە بڕیاری دەسەڵاتدارانی تاران دەکات. کەواتە بۆ ئەم ساڵ سیاسەتەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی گۆڕانی ئەوتۆی بەسەردا نایەت لە عیراق.  سەیری ئەو لینکە بکە.
مەگۆڕک، زانیاریی تەواوی هەیە لەسەر گەندەڵی حزبەکانی باشوور بە ئەوانەی کە لە دەسەڵاتن یان چاوەڕێن بێنە دەسەڵات. سەرانی هەرێم هەمیشە لە شاندەکانی ئەمریکا داوای ئەوە دەکەن، کە ئەمریکا بەخۆڕایی یارمەتییان بدات، بودجەیان بۆ تەرخان بکات، سنووریان بۆ بپارێزێت ئەوانیش دانیشن ببن بە ئاغای خەڵک بەکەیفی دڵی خۆیان دزی بکەن و بەدڕەوشتی لەنێو گەلانی هەرێم بڵاوبکەنەوە. ئەم جۆرە تێڕوانینە کلاسیکییە لە پەیوەندیی لەگەڵ ئەمریکادا سەرانی هەرێم دەگەینێتە هەڵدێر، لەبەرئەوەی ئەمریکا سیاسەتەکانی گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بەخۆڕایی پشتیوانی لە هیچ دەسەڵاتێک ناکات. ئەو دەسەڵاتەی ئەمریکا دەیەوێت دوای چارەکە سەدەیەک، دەبێت توانای ئەوەی هەبێت سنوورەکانی پارێزگاری بکات، توانای ئەوەی هەبێت نەهێڵێت ئیران و تورکیا بە ئارەزووی خۆیان سنووری ناوچەکە دەستکاری بکەن و کارتی فشاریان بکەوێتە دەست و دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەکاری بهێنن. کاتی خۆی سوپای سەدام بەقەد سوپای تورکیا و ئیران بەهێز نەبوو، سەدام بەقەد ئەمڕۆی حکومەتی عیراق و هەرێم دەرامەتی نەبوو، بەڵام هەرگیز تورکیا و ئیران نەیاندەتوانی سنوورەکان ببەزێن و بێنە ژوورەوە. 
ستراتیژیەتی ئەمریکا لە ڕاگرتنی هاوکێشەی هێز، لەنێوان هێزی سونە و شیعەدا ڕوون نییە لە ناوچەکەدا، کە ئەمریکا دەیەوێت چۆن ئەو دوو هێزە دژ و بەرامبەر بەیەکە بەکار بهێنێت، کام وڵات و ناوچە دەبێتە قوڕبانی ئەو سیاسەتە، کە خاڵێکی پڕ مەترسیە بۆ داهاتووی هەرێم، سەرەڕای ئەوە سەرانی هەرێم کاتێک کە نوێنەرانی ئەمریکا دەبینن داوای پارە، هێز و پاریزگاری کردن لەخۆیان دەکەن واتە خۆیان لاواز نیشان دەدەن، بۆیە لە ئایندەی دووردا، مەترسی ئەوە هەیە کە ئەمریکا لێیان بێزار بێت، وەک ئەفغانستان عیراق و هەرێم بۆ دەسەڵاتدارانی تاران یان هەر وڵاتێکی بەهێزی دی بەجێبهێڵێت و لەگەڵیان ڕێککەوێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەمریکا، لەو سونگەیەوە کە ئیران یان ئەو وڵاتە توانای ئەوەی هەیە، بۆ نموونە بەرەنگاری وڵاتێکی وەک تورکیا ببێتەوە ئەگەر نیازی بێت بەشێک لە عیراق یان هەرێم بۆ خۆی جودا بکاتەوە، بەڵام ئەمریکا ئەو متمانەیەی بە هەرێم  نییە کە توانای نەک بەرەنگاری سوپای تورکیا و بەغدادی هەبێت، بەڵکو دڵنیاییە کە هەرێم ناتوانێت سنوورەکان لە قاچاغچیش بپارێزێت. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست