گەشتکردن بە ژیاندا (بەشی چوارەم)

Monday, 30/01/2023, 17:02

6333 بینراوە


مامۆستا ژاپۆنییەکەم جارێک ووتی: بۆ ئەوەی بزانین کە چەند ژیاوین لای ئێمەی خەڵکی ژاپۆن، ساڵ و مانگ و ڕۆژ ناژمێرین، بەڵکو ئەوەی کە گرنگە لامان ئەوەیە، بزانین چۆن ژیانمان بەڕێکردوە !؟ 
کاتێک لەگەڵ کاک "کەمال جەمال مختار" دا گفتوگۆی پڕۆژەکەمان "گەشتکردن بەژیاندا" تاو توێ دەکەین، مامۆستاکەم بیر دەکەوێتەوە کە وتی گرنگە بزانین چۆن ژیاوین، نەک چەند ژیاوین. من لەکاک کەمالەوە فێربووم کە لەژیاندا نیشگە و شوێنی حەوانەوەیەک بوونی نییە، ژیان دیدارێکی بەردەوامە و ئەم دیدارە سەرەتا و کۆتایی نییە. هەموو جارێک دوای گفتوگۆکردنمان لەخۆم دەپرسم: ئەرێ نشینگەیەک هەیە کە بتوانین پشو بدەین؟! دەڵێم ئەمە مانەوەیەکی شەوانەیە و سبەی دەبێ وەڕێکەوین، مانای ژیان گەڕانێکی بەردەوامە و هەرگیز ناگاتە کۆتایی. من فێربووم کە هەرچیەک زیاتر مەترسی ئەزمون بکەین، زیاتر زیندووین، چونکە لەوەڵامی پرسیارەکانمدا لەکاک کەمالەوە فێربووم کە مرۆڤ بە سروشت لەڕووی نائومێدیەوە ئاوارەیی قبوڵ دەکات و دوایش سەرنجەکە کە بۆی ئاوارەبووە، لەکیس دەدات، کەچی لەکەسایەتی کاک کەمال دا هەموو شتێک پێچەوانەیە، ئەو کە ناسۆرەکان دەبینێت وەک مرۆڤە لەرزۆکەکان جوێن بە نیشتمان و بە کورد نادات، بەپێچەوانەوە ژیان کە بەو جۆرەی هەیە، ئەم قبوڵی کردووە، ئاخر هونەرە سامان و هەڕەشە نەتوانێت لاوازت بکات.... (رزگار)
فەرموون لەگەڵ بەشی چوارەمی گەشتەکەمان بەژیاندا 

پرسیار: دەڕۆینە نێو قۆناغی دەستکردن بە خوێندن و بەم پرسیارانە دەست پێدەکەین، کە سەرەتای خوێندنت لە چ قوتابخانەیەک بوو؟ مامۆستاکانتان کێ بوون؟ مامۆستا لەو کاتانەدا ئاستی هوشیاریان چۆن بوو؟ ئایا لە رووی رێزلێنانەوە بوو، کە ئێمە لە مامۆستاکانمان دەترساین، یان شتێکی تر بوو؟ ئەگەر بەراوردێکی بکەیت بە مامۆستای ئەمڕۆ، کە لەسەر شەقامەکان شکۆیان دەشکێنرێت.حەزدەکەم خوێندنەوەی تۆ بزانم؟ 

(کەمال): ئەگەر وەک پرسیاری سیستەمی قوتابخانەکان لەو سنورە نەچینە دەرێ، ئەوا دەبێت بەم شێوەیەی خوارەوە وەڵامێکی پرسیارەکان بدەمەوە، لەوێدا بمێنمەوە و نەچمە ئەودیوی وەڵامە شاراوەکان.
سەرەتای خوێندم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1955 لە قوتابخانەی خالیدییە لە سلێمانی. مامۆستاکانمان ئەوانەی ناوەکانیان لە یادم ماون، وەکو (عومەر عەبدولڕەحیم)، (فەتاح ئاغا)، (عەبدوڵڵا میدیا)، (رەشید ئەفەندی مێردی پوری شێرکۆ بێکەس) و... چەند مامۆستایەکی دیکە. بەتێگەیشتنی ئەوسای من هەموویان کەسانی نمونەیی بوون، کە لە پاڵ پیشەی مامۆستایەتییەکەیاندا نووسەر و کەسانی روناکبیری ئەو سەردەمە بوون. زۆربەی مامۆستای ئەو سەردەمە کەسایەتییان سەنگین بوو، لە ناو خەڵکییدا رێزی تایبەتیان هەبوو، بەتایبەتی کەسوکاری قوتابییەکان، چونکە پێگەی کۆمەڵایەتیی مامۆستا، پێگەیەکی بەرز بوو. لە بیرم دێت ئەگەر مامۆستا ئەرکێکی پێ بسپاردینایە، کە لە ماڵەوە بیکەین، تا تەواومان نەکردایە ، نەمان دەوێرا بچینە دەرێ و مامۆستاکە بمانبینێت و بۆ رۆژی دوایی لێپرسینەوەمان لەگەڵدا بکات. ئێمە وا گۆشکرابووین کە ئەو ترسە لەلامان ترسێکی پیرۆز بێت. هەرچەندە لە ئەمڕۆدا شکاندنی شکۆی مامۆستا، شکاندنی ئەو ترسە پیرۆزکراوەیە، کە دەبێتە هۆی بێ بەهاکردنی ئەرکی مامۆستا و شکاندنی پیرۆزییەکانی کۆمەڵگا، کە دەسەڵاتی دیکتاتۆر و دەوروبەرەکەی لە هەوڵی پێشێلکردنی سنوری ئەو پیرۆزییەدان، تا لە بنەما و کەلتورە جوانەکانی کۆمەڵگای پێ بدەن. 
لێدانی مامۆستا لێدانی تاکە کەسێک نییە، بەڵکو لێدانە لە پیرۆزیی پیشەی مامۆستا و سووکایەتیکردن بە زانست و بە خوێندن.
ئەگەر بشگەڕێمەوە بۆ شێوازی داڕشتنی پرسیارەکە و بڵێم، ئەم شێوە پرسیارانە پرسیاری تاقیکردنەوەکانی قوتابخانە دەهێنێتەوە بیرم، کاتێک ئاڕاستەی قوتابیەکان دەکرێت وەکو خوویەکی باو کە بەستراوە بە سیستەمی خوێندن و فێرکردنەوە، کە نابێت زیاد یان کەم وەڵام بدرێتەوە،  لەوێدا قوتابی لەسەر رادەهێنرێت، بیرکردنەوەی سنوردار بکرێت و فێری تەمبەڵیی بکات، وردە وردە وای لێدەکات تا لەسەر دیاردە و رووداوە گرنگەکان پرسیاری لەلا دروست نەبێت، بەرەو ئاڕاستەیەکی دەبات دوور بێت لە داهێنان و گەڕان بە دوای پڕکردنی هزرێکی دەوڵەمەند، بۆیە من بە پێچەوانەوە دەمەوێت قوڵتر بە پرسیارەکاندا رۆبچم و باسەکە ببەستمەوە بەشێوازی خوێندن و سیستەمی فێرکردنی ئەو مێژووەی کە بە خوێن و خاکی کوردستان دەوڵەتی عێراقیی لێدروست کرا، هەروەها قسە لەسەر سیستەمی خوێندن و فێرکردن بکەین بەتایبەتی لە عێراق و لە کوردستان و جیهان، کە تا چەند کاریگەری بە سەر ئاستی وشیاریی کۆمەڵگاوە هەیە. لەو بارەیەوە نەوال سەعداوی، نووسەر و رووناکبیری عەرەبی میسری لە گفتوگۆیەکدا باس لە سیستەمی خوێندن دەکات، دەڵێت:
(لە هەموو جیهاندا سیستەمی خوێندن، دەزگایەکی پۆلیسییە، لە سەرەتای خوێندنمانەوە فێری ترسمان دەکات).
(هەرچەندە ئەو دەربڕینە هەڵەیە، کە دەڵێت (لە هەموو جیهاندا)، لەبەر ئەوەی تەنیا لە جیهانی سێیەمدا وایە، نەک لە هەموو جیهاندا).
دیسان (ماریانا کۆستی) لە کتێبی رهاب المدرسة/ و نوبات الهلع، و القلق لدی الاطفال ئەمیش لەسەر پەروەردەکردنی منداڵ و چوونی بۆ قوتابخانە رای لەسەر ترسی منداڵ هەیە...
(لێکۆڵینەوەکانیش وای دەردەخەن، کە شەش ساڵی سەرەتایی فێرکردنی منداڵ دەبێتە گرنگترین بنەمای کەسایەتی ئەو کەسە). بۆیە لە سەر سیستەمی خوێندن لە عێراق و ئەوەی پەیوەندیی بە کوردەوە هەیە منیش دەستپێدەکەم، بەوەی چۆن لە دوای ساڵانی 1920ی زاینی و تیاچوونی حکومەتی شێخ مەحمود، خوێندن لە باشووری کوردستان چووە قۆناغیکی دیکەوە، کە بۆ نووسینەوەی مێژووی ئەو سەردەمە، دەمەوێت ئەو زانییارییە بخەمە نێو باسەکە بەوەی حکومەتی عێراق هەوڵێکی زۆری دا، خوێندن لە کوردستاندا بکاتە زمانی عەرەبی وەک (د. جەمال نەبەز) گێڕایەوە: (زۆر لە مەلا و پیاوە ئاینییە خائینەکانی کورد راسپێردران، بە ناوی ئاینی ئیسلامەوە، پرۆپاگەندە بکەن و خەڵکی کوردستان رازی بکەن، بۆ ئەوەی واز لە زمانی کوردیی بهێنن و بە زمانی عەرەبی بخوێنن، یەکێک لەو مەلایانە (مستەفا سەفوەت) باوکی (د. عیزەدین مستەفا رەسوڵ) و (فاروقی مەلا مستەفا) بوو. (مستەفا سەفوەت) لەگەڵ برایەکی بچوکیدا لە سلێمانیی و ئەو ناوچانە دەسوڕانەوە، رایاندەگەیاند، دەیانگوت: ئێمەی موسوڵمان دەبێت بە زمانی قورعان بخوێنین، زمانی کوردی بۆ نووسین و خوێندنەوە جایز نییە...). هەرچەندە هەوڵی ئەو مەلا خائین و پیاوە ئاینیانە تا رادەیەک سەری نەگرت، بەڵام لە کۆتاییدا زمانی عەرەبیش لە پاڵ زمانی کوردی خرایە پاڵ بەرنامەی خوێندنی سەرەتایی قوتابخانەکانی کوردستان. ناوەندیی و ئامادەییش هەمووی کرا بە زمانی عەرەبی.
فاروق مەلا مستەفا..  مستەفا سەفوەت...  عیزەدین مستەفا
ئەو سەردەمە زۆربەی مامۆستاکانیش پێکهاتبوون لەو کەسانەی پێشتر فەرمانبەر و مامۆستا و مەلای سەردەمی دەوڵەتی عەسمانی بوون، بە هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانپارێزیی قوتابیانیان فێر دەکرد. بەشێکی زۆری ئەو مامۆستایانە وەکو نووسەر و شاعیر و کەسایەتیی روناکبیری ئەو سەردەمە، رۆڵێکی بەرچاویان لە بڵاوکردنەوەی هەستی نەتەوەیی و وشیارکردنەوەی خوێندکاراندا هەبوو. لە دەرەوەی وانە فەرمییەکان، هەندێک جار لە بەرنامەی خوێندنەکە دەچوونە دەرێ، بەیانیان قوتابیان دەهێنرانە گۆڕەپانی قوتابخانەکە، هەموو ریزدەکران، سرودی نیشتیمانی و نەتەوەیی کوردییان دەخوێند. لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا بۆ خۆم هەستم بە کاریگەریی ئەو پەروەردەیە کرد. ئەمەش دەبەستمەوە بە رۆڵی مامۆستا، ئەگەر کاتێک مامۆستا خاوەن موراڵ بێت هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات، ئەوسا دەزانین چۆن ئاڕاستەی کۆمەڵگا و خەڵکی بەرەو چ ئاڕاستەیەکی رێک دەبات، بە پێچەوانەی ئەمڕۆ، لە نەبوونی موڕاڵدا، زۆربەی مامۆستاکانی باشوور بەشێکیان بە عەقڵێکی داعشانە و پەروەردەی ئیسلامییانە، بەشێکی دیکەیان بە ئەقڵێکی دۆگمایی و لایەنگریی دەسەڵاتی مافیای بنەماڵە، قوتابییەکان غەرقی جەهالەت و بێباکی و ناموڕاڵی دەکەن. دەسەڵاتی پارتەکان نەوەیەکیان خستۆتە ژێر دەستی ئەم مامۆستا نەزانانەی ئەمڕۆی کوردەوە، گەلی کوردیان لە باشوور بەرەو هەڵدێڕ و کارەساتی گەورە بردووە. هەر بۆیە ئەمە وای لێکردم هەوڵ بدەم قسە لەسەر مەسەلەیەکی گرنگتریش بکەم، ئەویش پێناسەی موراڵە، موراڵی مامۆستا و وانەبێژ، هەروەها جۆری پەروەردە و خوێندن، هەرچەندە موڕاڵ بابەتێکی زۆر گرنگی کۆمەڵایەتییە، بۆ تێگەیشتن لێی دەبێت خوێندنەوەیەکی قوڵی بۆ بکەین، کە پێناسەی موراڵ لە رووی مێژووییەوە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ زیاتر لە 2400 ساڵ بەر لە ئیستا و کاری زۆری لەسەر کراوە، تا ئەمڕۆش پێناسەی موڕاڵ بەردەوامی هەیە. لێرەوە دەمەوێت بە شێوەیەکی ئاسان ئەوەی پەیوەندیی بە باسەکەوە هەبێت پێناسەی دەکەین. 
بە پێی لێکۆڵینەوەکانی (سیگمۆند فرۆید)، کە بۆچوونەکانی سەبارەت بەجۆری کەسایەتیی تاکی مرۆڤ قسەی لەسەر کردووە، پەیوەستی کردووە بە جۆری موڕاڵەوە، منیش بە گونجاوتری دەزانم و ئاماژەی پێدەدەم.
فرۆید کەسایەتی مرۆڤ دەکات بە سێ بەشەوە، ئەویش:
1- ئایدی (ID).
2- ئیگۆ (Ego).
3- سوپەر ئیگۆ (Superego).
بۆ ئەوەی باسەکە ئاڵۆز نەکەین، سەرەتا نمونە لەسەر جیاوازی ئەم سێ جۆرە لە کەسایەتییە دەهێنمەوە، چونکە بە کوردی کەمێک تێگەیشتنی زەحمەتە، بۆ خۆشم وشەی گونجاوم نەدۆزییەوە، هەوڵ دەدەم بەو نمونانە دەستپێبکەم:
گریمان.... سێ مامۆستا وەک یەک بەرپرسیارێتییان هەیە و هەموو بەیانییەک، لە کاتی دیاریکراودا دەبێت بچنە پۆلەوە، وانە بە قوتابییەکان بڵێنەوە:
مامۆستای یەکەم: لە گوندێکی چەپەر و دوور لە شارە، هەموو رۆژێک بە ئارەزووی خۆی دەچێتە قوتابخانە، بایەخ بە قوتابییەکان نادات، بە باشی وانەکان ناڵێتەوە و تاقەتی نییە، زۆر جار پێش زەنگلێدانی پشوو دەچێتە دەرێ، لە ماوەی وەرزی خوێندنیشدا زۆربەی رۆژەکان بە بیانووی جۆراوجۆرەوە پشو وەردەگرێت، یان خۆی نەخۆش دەخات.
مامۆستای دووەم: پێی خۆشە وەک مامۆستای یەکەم بێت، بەڵام دەترسێت ئەگەر وا بکات، سزا بدرێت و دەری بکەن، چونکە قوتابخانەکەی ئەم لە شارە و چاوی بەڕێوەبەر و مامۆستاکان و خەڵکی دیکەی لەسەرە، بۆیە لە کاتی خۆیدا دەچێت، وانەکان دەڵێتەوە و دەوامی خۆی دەکات.
مامۆستای سێیەم: بە دڵسۆزیی و بە رێکوپێکی، ئەرکی خۆی وەک مامۆستا بەجێ دەهێنێت، کاتێک لە لادێش بوو هەر وای دەکرد.

شرۆڤە:

مامۆستای یەکەم (instincts) دەکەوێتە بەشی ئیدەوە، کەسێکە دوای غەریزەی خۆی کەوتووە بۆ خۆشیی بینین لەوەی دەیەوێت و ئارەزووی لێیەتی ئەو کارە دەکات. ئەم کەسە بێ موراڵە.
مامۆستای دووەم (Reality) کەسێکی واقیعیی و راستە ، بەڵام خاوەن موڕاڵیکی لاوازە، ئەگەر ترس و سڵکردنەوەی سزا و رێساکانی لەسەر نەبێت، ئەوا وەک مامۆستای یەکەم دەکات.
(ئەم بەشە لە کەسایەتییەکان کە ئیگۆیە؛ زۆرینەی مرۆڤ دەگرێتەوە، هەر هەمان نمونە لە وتووێژی نێوان سوکراتیس و گڵاوکۆنی برای پلاتۆ نزیکەی ٢٤٠٠ ساڵ لەمەوپێش تۆمارکراوە، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە تەنها هۆکار بۆ گەیشتن بە موڕاڵیبوون ئەوەیە، کە بە ناموڕاڵی بەسەرماندا تێپەڕنەبێت!). 
مامۆستای سێیەم (Morality) خاوەن ویژدان و موڕاڵێکی بەرزە.
مەبەست لەم سێ جۆرە، کە نموونەم لەسەریان هێناوەتەوە، ئاڕاستەیە بەرەو لێکدانەوەیەکی فەلسەفیی ئەویش قسەکردنە لەسەر موڕاڵ، فرۆیدیش بەو مەبەستە و بۆ لێکۆڵینەوە دەرونناسییەکانی خۆی شیکاریی بۆ کردووە، تێکڕا ئەمانە بەستراونەتەوە بە کەسایەتی نادیار و شاراوە.، کە مرۆڤ گەشەی کردووە و بە هەرسێکیاندا تێپەڕیوە، هەڵبەت لەگەڵ کەمێک جیاوازیی کە لە یەکێکەوە بۆ کەسێکی دیکە هەیانە و هەندێکی دیکە لە وشیاریی خۆیدا بەرەو باشتر و بەموڕاڵتر چووە. واتا لەگەڵ تەمەن و ئەزمون و وشیاریی مرۆڤەکاندا، گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و بەرەو ئاستێکی بەرزتر چووە، بۆیە لەوێی ئەو گۆڕانکارییانەدا کە بەسەر مرۆڤدا هاتووە، ئاژەڵ و زیندەوەرەکان لە یەکتر جیا کراونەتەوە.

لێرەوە درێژە بە جۆری کەسایەتییەکان دەدەین و دەچینە قوڵایی باسەکەوە:

1- (ID) مامۆستای یەکەم بهێنەرە پێش چاوی خۆت.
بۆ ئەم جۆرەیان من وشەی خوود بە گونجاو دەزانم، واتە کاتێک مرۆڤ لە دایک دەبێت، لە رووی بایەلۆژییەوە لە دایک و باوکەوە تایبەتمەندییەکانی وەردەگرێت و هەموو خواستە سەرەتاییەکان وەک ئارەزووی سێکسی، شەڕانگێزیی، یادەوەریی و حەزە شاراوەکانی تێدا دروست دەبێت. ئەمانەش بە پڕۆسەیەکی نالۆژیکیی و ناعەقڵانیی و خەیاڵاوییدا تێدەپەڕن، کە لە نائاگاییدا، فەرمانەکان لە مێشکەوە بۆیان دەردەچێت و بەرەو ئەو ئاڕاستەیەی دەبات، کە فرۆید بە پرەنسیپی خۆشییی ناوی دەبات و دەڵێت: (ئەگەر هەستی بە خۆشیی و بە باشە کرد، ئەوا دەیکات، یان هانی دەدات بیکات). ئەمانە بە حەزی شەیتانی ناو دەبرێت. ناسنامەی خوود بەشێکە لە خواستی دەروونی (سایکۆلۆژی)، هەر لە تەمەنی لە دایکبوونەوە، وەڵامی خواست و پێداویستییە سەرەتاییەکانی مرۆڤ دەداتەوە، لە دەرەوەی یاسا و رێساکان ئەو کەسە دەیەوێت پێی بگات.  بۆ بەدیهێنانی حەز و ئارەزووەکان، بەشێکی زۆری تایبەتمەندییەکان بە درێژایی تەمەنی مرۆڤ لەگەڵیدا دەمێننەوە و گۆڕانکارییان بەسەردا نایەت، هەروەها پەیوەندییان بە جیهانی دەرەوە و بە کات و ئەزموونیشەوە نابێت.
ناسنامەی خوود کاریگەری لەسەر واقیع و لۆژیک و دنیای ڕۆژانە نییە، ئاژەڵئاسا لەناو خۆیدا ئەوەی حەزی لێیەتی دەیەوێت ئەوە بکات، کە لە بەشی ناهوشیاری مێشکیدا داوای دەکات. (خوود) پەیوەندیی بە وشیاریی و ئەزمونی مرۆڤەوە نییە، مرۆڤەکانی سەردەمی کۆن و ئیستاش حەز و ئارەزووەکانیان هەروەکو یەک بووە. ئەگەر بەهۆی وشیاریی پێشکەوتنی کۆمەڵگاوە گۆڕانکاری بەسەردا هاتبێت، ئەوا دواتر بەرەو (ئیگۆ) و (سوپەر ئیگۆ) چووە.

2- (ئیگۆ) ، مامۆستای دووەم بهێنرە پێش چاوی خۆت.

ئێگۆ چاودێرە بەسەر حەز و ئارەزووەکانی (خوود)ەوە، هەرچەندە ئەزمون و ئاستی وشیاریی و پلەی بەرزی خوێندەواریی، نەبۆتە رێگر تا نەهێڵێت پێیان بگات، بەڵام لەنێو کۆمەڵگا و سیستەمی مەدەنییدا سنووری بۆ دانراوە، کە بە پێی یاسا و رێساکانی کۆمەڵگا تابۆ و قەدەغەکراون، ناهێڵێت حەز و ئارەزووەکان بەسەریدا زاڵ بن و لە پێناو ئارەزووی سێکسی، شەڕانگێزیی و حەزە شاراوەکانی خۆیدا ئەو هێلە سوورە ببەزێنێت.
هەرچەندە ئەم جۆرە کەسایەتییە دەتوانێت بگاتە ئاستێکی بڵند و کەسێکی وشیار و بەئاگا، چونکە تەنیا بیر لە خۆی ناکاتەوە، بەڵکو سڵ لە سزای یاسا و رێساکانی کۆمەڵگاش دەکاتەوە، هەمیشە لە ژێر چاودێرییدایە، بە پێی ئەزمون ئەو کەسە بە نێو ناسنامەی خوودی ناواقعی و جیهانی ڕاستەقینەی دەرەکیدا دەڕوات و گەشە دەکات، هەوڵ دەدات هەڵسوکەوتەکانی خۆی بگونجێنێت. ئەم جۆرە کەسایەتییە زۆر جار ترسناکیشە، بە تایبەتیی ئەگەر بووە خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتیی و ئیداریی و سیاسیی، یان دەسەڵاتی رەهای هەبوو، بۆ فرسەتێک دەگەڕێت تا بە حەز و ئارەزووکانی خۆی بگات و بە دزییەوە ئەوەی پێی خۆشە بیکات، ئەگەر بۆشی بکرێت دەستکاریی یاسا و رێساکانیش دەکات و لەگەڵ حەز و ئارەزوو، خواستەکانی خۆیدا دەیانگونجێنێت. هەموو بەرپرسەکانی کورد، پارت و سیاسیی و پیاوە ئاینەکانی باشوور بە دزییەوە ئەم جۆرە کەسایتییەیان هەیە، دزیی و فزیی، داوێنپیسی و بەدڕەوشتی و گەندەڵی دەکەن. پیاوە ئاینیەکان کە بەحساب بڕوایان بە قورئان و حەدیسە؛ تەنانەت دەستکاری ئەوەش دەکەن، بە ئارەزووی خۆیان لێکدانەوەی بۆ دەکەن، لەگەڵ کاری قێزەوەندی دیکەدا کە ئەویش بۆ خاڵیکردنەوەی عەریزەی سێکسیی و دەستکەوتیی مادیی و دنیایی، بۆیە هەمیشە باسەکانیان لەسەر کچ و ئافرەتە، لە هەوڵی گۆڕینی نەرێتی کۆمەڵاتیی و خووە جوانەکانی کۆمەڵگادان تا لەگەڵ حەز و ئارەزووەکانی خۆیاندا بیانگونجێن، بۆ ئەوەی لە پاڵ ئایندا تانە و سوکایەتیی نەیەتە سەریان.
نێچیرڤان بارزانی کە خۆی دزێکی گەورەیە، کاتێک دەڵێت ''دزیی و دەستپیسی بۆتە کەلتور''، دەیەوێت ئەو پەیامە بدات و بڵێت کە کۆمەڵگای کوردییمان فێری خیانەت و دەستپیسیی و دزیی کرد، ئەوەتا بوو بە  کەلتوریش، بۆیە بەردەوام بن و ئاساییە بیکەن.

3- (سوپەر ئیگۆ) مامۆستای سێێەم بهێنەرە پێش چاوی خۆت.

واتا بەها و ڕەوشتەکانی کۆمەڵگا تێکەڵ بە یەکتر دەکات،کە لە دایک و باوک و یاسا و رێساکانەوە فێریان بووە. دەیکاتە بەشێک لەو ناهوشیارییەی خۆی، تا بەسەر ئارەزووە سێکسیی و حەزەکانی خۆیدا زاڵ بێت، کاتێک هەستێکی غەریزەیی و حەزێکی خۆی داوای لێدەکات ئەو کارە بکات، لە ناوەوە دەنگی ویژدان بەسەریدا هاوار دەکات، موڕاڵی ئەم کەسایەتییە لە بەها ئەخلاقییەکانی نێو کۆمەڵگاوە ڕەنگ لە کەسایەتییەکەی دەداتەوە، ئەم جۆرە مرۆڤە زۆربەی جار ئاگای لە ڕەوشت و بەهاکانی خۆیەتی و ژمارەیەکی زۆر (کۆدی) بۆ هەڵسوکەوتی خۆی داناوە، تا لە کاتی پێویستدا ئاگادار بێت و بیانخوێنێتەوە و لێی لانەدات، لە نائاگایی خۆشیدا پاسەوانی بەسەر بیرکردنەوە و کردارەکانی خۆیدا دەکات، ناهێڵێت کارێکی خراپی لێبقەومێت و لەسەری بکەوێت، سوپەر ئیگۆ وەکو ئیگۆ (هۆکاری دەرەکی) کاری تێناکات، یاسا و رێساکان هێڵی سووری بۆ دانەناوە، بەڵکو خۆی سنوری بۆ خۆی داناوە، چیتر پێویستی بەو هێڵە سوورە نییە. سوپەر ئیگۆ مرۆڤێکی بە موراڵ و خاوەن ویژدانە، چاودێرە بە سەر هەڵسوکەوتەکانی خۆیەوە، ئەگەر یاسا و رێساکانیش ئەو کارەیان قەدەغە نەکردبێت، ئەم نایکات، چونکە دەنگی ویژدان بەسەریدا زاڵە.
کرداری سوپەر ئیگۆ بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی ئارەزووەکانی خوود، کە ئاژەڵئاسا داوای لێدەکات بیکات، ترسنۆک نییە، تا لە ترساندا نەیکات، بەڵکو لە ویژدانی زیندووی خۆیەوە ئەو کارە ناکات، تەنانەت ئەوانەش کە، کۆمەڵگا و یاسا سزای خستۆتە سەریان، وەک کاری سێکس و دەستدرێژی نەخوازراو، یان دزیی و درۆزنیی و گەندەڵیی و خیانەت، هەوڵ دەدات، کەسی دووەم کە خاوەن موراڵێکی نزمە، بیگەیەنێتە ئاستی خۆی و رایبهێنێت، تا وای لێبکات ڕوو لە ئامانجی بەرزی مۆڕاڵیی بکات، لە خۆپەرستی دوور بکەوێتەوە، واز لە بەدیهێنانی غەریزە سێکسیی و خۆشییە سروشتییەکانی خۆی بهێنێت.
جارێکی دیکە بۆ زیاتر تێگەیشتن لە هەر سێ جۆری کەسایەتییەکان، ئەم نمونەیەی خوارەوەش دەهێنینەوە:
ئاسکێکی ئاوس لە ناو دارستانێکدا دەلەوەێت. سێ کەس لە نمونەی ئەو سێ کەسانە پێکەوە ئاسکەکە دەبینن.
یەکەم دەڵێت: کەس چاوی لێ نییە من تەقەی لێدەکەم و دەیکوژم.
دووەم دەڵێت: منیش حەز دەکەم بیکوژم، بەڵام دەترسم پۆلیس، یان پاسەوانێک بمبینێت و سزا بدرێم.
سێیەم دەڵێت: من ئەو کارە ناکەم، چونکە ئەو ئاسکە گوناحە، ئاوسە، ویژدانم قبوڵ ناکات، ئەمە بە تاوان دەزانم.
یەکەم کەسێکی بێ موراڵە، لە پێناو تام و لەزەت و ورگ و ناوگەڵی خۆی، گوێ بە هیچ نادات،  بە شێوازە سروشتییەکەی بڕیار دەدات.
دووەم: وەکو کەسی یەکەم حەز دەکات ئاسکەکە بکوژێت، بەڵام دەترسێت کوشتنی ئاسکەکە قەدەغە بێت.
سێیەم: کەسێکی خاوەن موڕاڵە، ئەگەر یاساش رێگای بە راوکردن دابێت و خەڵکیش چاوی لێ نەبێت، ئەم لەبەر ئەوەی ویژدانی هەیە، ئەو کارە ناکات.
وەک پێشتر ئاماژەم بەو خاڵەش دا، دەمەوێت ئەوەش بڵێم، کە هەموو دەسەڵاتێک کەم تا زۆر خەسڵەتی یەکەم و دووەمی تێدایە، بۆ ویست و خواستی خۆی سیستەمی خوێندنیش دەستکاری دەکات و بە سیاسەتی خۆیەوە دەیبەستێتەوە، دەسەڵاتی دیکتاتۆر هەوڵ دەدات دەستکاری یاسا و رێساکانی کۆمەڵگاش بکات و بەرەو ئەو ئاڕاستەیەی بەرێت، تا رەوشتە جوانەکانی کۆمەڵگا بشێوێنێت و لەگەڵ رەوشتی خۆیدا بیانگونجێنێت. دەسەڵاتە خائینەکانی کورد لە هەرێم کاری زۆریان لەسەر ئەمە کردووە، لە هەموویاندا سەرکەوتووبوون.

پرسیار: مەبەست لە دەسەڵات چییە؟ دەتوانیت زیاتر قسەی لەسەر بکەیت؟

(کەمال): لێرەدا مەبەستم لە دەسەڵاتی سیاسیی و ئاینییە. یەکێک لە ئامانجەکانی خستنە ژێر چاودێری سیستەمی خوێندنە، تا لەگەڵ سیاسەت و ئایدۆلۆژیای خۆیاندا بیگونجێنێت، هەموو دەسەڵاتێک کەم تا زۆر سەرکوتکەرە، بە پێی یاسا و بڕیاری پەرلەمان ئەو کارە جێبەجێ دەکات، بەڵام لە دەسەڵاتی دیکتاتۆردا ئەگەر بە یاسا بۆی نەچووە سەر، ئەوا لە دەرەوەی یاسا، بڕیارەکانی خۆی دەسەپێنێت. وەک پێویست بایەخ بە کەرتی خوێندنیش نادات، لە بەرژەوەندییدا نییە، کۆمەڵگا وشیار بێتەوە، چونکە کۆمەڵگایەکی وشیار رێگا بە بەردەوامی نادات، واتا لەناو کۆمەڵگایەکی وشیاردا تەمەنی دەسەڵاتی دیکتاتۆر کورتە، وەک دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی، کە دەسەڵاتی دوژمنی کوردن و داهێنانیان لە خراپەکاری خوێندنیشدا کردووە، کەرتی خوێندنیان کردووە بە چالاکیی بازرگانیی.
لەمڕۆدا سیستەمی خوێندن لە باشوور بە هۆی تێکەڵکردنی ئاین و مامۆستای عەقڵ داعشییانەوە تووشی نەهامەتیی بووە، قوتابی ناتوانێت هەنگاو بەرەو داهێنان و نوێکاری بنێت. لە رێگای قوتابخانەوە، قوتابی پرۆگرام دەکرێت، دەکرێتە رەبۆتێک، کە دوژمن و دەسەڵاتی خائینی کوردیی لە رێگای خوێندنەوە بەرنامەکانی خۆی جێبەجێ دەکات، رەوتی بەرەو پێشەوەچوونی کۆمەڵگا بەرەو ئەو ئاڕاستەیە دەبات، کە دەسەڵاتەکە خۆی دەیەوێت. بەردەوام قوتابیش بە ترسەوە درێژە بە ژیانی خۆی دەدات و لەگەڵ ترسدا گەورە دەبێت. دەسەڵاتی دیکتاتۆر وەکو دەسەڵاتی سیستەمی دیموکراتی نییە، کە گۆڕانکاریی و نوێبوونەوە لە بەرنامەی خۆێندندا بکات، ئەوەی پێش 30-40 ساڵ پێشتر خوێنراوە هەر ئەوە دەکاتە بەرنامەی خوێندن و ئەوە دەگوترێتەوە.
سیستەمی خوێندن بۆ کۆمەڵگایەکی ئیسلامیی و کوردیی لەگەڵ سیستەمی باوکسالارییدا یەک دەگرنەوە، دەبنە تەواوکەری پەروەردەی خوێندن، هەرچەندە ئیسلام بڕوای بە قوتابخانەش نییە، زیاتر بایەخ بە مزگەوت و بە حوجرە دەدات، خوێندنیش تەنیا بۆ نێرینە بە حەڵاڵ دەزانێت، کچ دەنێرێتە ماڵەوە، لەوێدا منداڵ خۆی لێ ون دەبێت و کەسایەتییەکی لاواز و دەبەنگی لێ دەردەچێت، بە بچوکی دەمێنێتەوە، دەبێتە کۆیلەیەکی گەمژەی گوێڕایەڵ، جۆری ئەم پەروەردەکردنە فێری ترسیشیان دەکات، ئەو ترسە لە گەورەبوونیشدا لەگەڵیاندا دەژی، کەسێتی تێک دەشکێنرێت. هەڵبەت لە دەرەوەی قوتابخانەش دایک و باوک و کەسوکار و دەوروبەریش پشکی خۆیان لە پەروەردەکردنمان بەردەکەوێت، ئەوەی مامۆستا لە قوتابخانە فریا نەکەوتووە فێرمان بکات، لە رێگای سیستەمی باوکسالارییەوە ئەرکەکە دەخرێتە سەر باوکیش، باوکیش لە رێگای مینبەری مزگەوتەکانەوە مەلا داعشەکانی کورد پێیان دەڵێن، کە چۆن رەفتار لەگەڵ منداڵەکانیاندا بکەن و کچیان لە ماڵەوە زیندانی بکەن، منداڵەکانیان ذەترسێنن، بەمەش منداڵ بەرەو کەسایەتییەکی لاواز و نەزان ئاڕاستە و پەروەردە دەکرێت. تەسلیم دەبێت بەوەی کە هەوڵی گۆڕانکاری پێنادرێت. لە رێگای ترسەوە، زۆربەیان خۆشە دەکرێن بۆ سیخوڕیی، کەسی سیخوڕ، کەسێکی ترسنۆک و نەفام و خۆپەرستە، نمونەی زیاتر کە لە وتارێکمدا ئەمەی خوارەوەم نووسیوە: (کلیک لەسەر ناونیشانی وتارەکە بکە)
ئێمە لە جۆری پەروەردە و سیستەمی خوێندنەوە دەگەیەنە راستییەکی دیکەش، کە لە ماوەی دوانزدە ساڵی خوێندندا (سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی) سیستەمەکە مرۆڤەکان لە قاڵب دەدات، ئەویش تەمەنێکی زۆر هەستیارە بۆ دروستبوونی کەسێتی و خۆناسیین و گەشەکردنی بیر و هزری مرۆڤ، لەوێوە ئێمە یەکەم وانەی رەوشت (موراڵ)یش بە نەرێنی فێردەبین، لە کۆمەڵگایەکی داخراودا ئەوەی باوک و دایکمان دەمانداتێ و بۆمان باس ناکەن، زۆر کەمترە لەوەی مامۆستا فێرمان دەکات، یان پێچەوانەکەی، ئەمەش وەک خاڵیکی پۆسەتیڤ دەگەڕێتەوە، کە منداڵ هەرچەندە بە لەش لەگەڵ دایک و باوکیدا دەژی، بەڵام دەسەڵات هەموو شتێکی دیکەی لێ دەسەنێتەوە، لە سیستەمی باوکسالارییدا جیاوازتر وەک لە وڵاتە دیموکراتییەکان، منداڵ بە خراپترین ئەزمونی ژیانیدا گوزەر دەکات.
کاتێک دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی سیستەمەکە، ئەو نەوەیەی کە خۆی دەیەوێت لە رێگای خوێندنەوە لە قاڵبی دەدات، ئیتر بەشێکی زۆریان دەکاتە مامۆستا و بەڕێوەبەری سیستەمەکە، کە لە دوای خوێندنی (سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی) لە رێگای زانکۆ و خوێندنی دوای (ئامادەیی)یەوە، کەوییان دەکات و رایان دەهێنێت، بۆ ئەوەی لەناو سیستەمەکەدا ببنە کارمەند و لە فۆڕمێکی دیکەدا وەک پۆلیس و سەربازیان لێدێت، واتا دەکرێنە خزمەتکاری دەسەڵاتی سیاسیی و ئیداریی، چونکە دەرچووی زانکۆ و خوێندنە باڵاکانیش تەواوکەری بەڕیوەبردنی ئەو سیستەمەن.

پرسیار: لە نێوەندی فەلسەفەدا مشتومڕی زۆر لەسەر پێناسەی (موراڵ) دەکرێت، تا ئەمڕۆش بەردەوامییان هەیە، ئایا ئەو دیاردانەی خوارەوە لە کوێی دەرەوەی هەڵسوکەوتی موڕاڵییەوە خۆیان دەبیننەوە، بە تایبەتی لە کوردستان دیاردەی زۆربوونی خانەی لەشفرۆشیی و خاکفرۆشی و خیانەتکردن لە نیشتیمان زیادی کردووە؟! کە بەشێکی لەو دیاردانە ئیسلامی سیاسیی لەگەڵ دەسەڵاتدا ئاڕاستەی دەکەن، وەک کارکردن لەسەر گۆڕینی دابونەریت و سڕینەوەی ناسنامەی کوردیی؟ ئایا جیاوازیی، یان یەکچوونیان لەگەڵ یەکتردا چییە، بەتایبەتی پیاوە ئاینییەکان کە رەوتێکی سیاسییان هەیە، لە کاتێکدا داوا لە کچان و ژنان دەکەن سەرپۆش و حیجاب ببۆشن، بەڵام بە پێچەوانەوە لەبەرامبەر دیاردەی قومارخانە و شوێنی رابواردن و خانەی لەشفرۆشیییدا بێدەنگن، ئێوە چۆن ئەمە هەڵدەسەنگێنن!؟

تێبینی وەڵامەکە درێژەی دەبێت بۆ بەشی داهاتوو.

بەشەکانی پێشووتر:


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە