خوێندنەوەی دروستی مێژوو، وەک زانستێکی شیکاریی مێژوویی لەسەر زەمینەی ڕامانکردنی ھەلومەرج و ڕەھەندە مێژوویی و سیاسیی و فکرییەکەی دروستە، کە دوور بێت لە حەز و مەیلی ئایدۆلۆژی و ھەر لایەنگیرییەکی تر ، کە بەھۆی کاریگەرێتی دەرەکییەوە خوێندنەوە و سروشتی رەوتی کارەکە بەلاڕێدا ببات. دەنا ئەگەر وا نەکرێت نە تێگەیشتنی دروست و واقعی دەخەمڵێ و نە دەتوانرێ شرۆڤەی بابەتی لێ ھەڵھێنجرێ، نە دەکرێ پەند و وانەی لێوە فێربین..
گەڕانەوە بۆ نزیکەی زیاتر لە ٤٠ ساڵ بەر لەئێستا، بەو مەرجانە نەبێت، مەحاڵە بتوانی ئاکامگیریی دروست لەھیچ کارێکدا بکەیت..سەرنجدان و خوێندنەوەی پاسۆک و دروشم و ڕێباز و فەلسەفەکەی دیقەتی وردی دەوێ و لەو ڕاستییانەی ئاماژەمان پێداون بەدوور نییە.کەواتە بۆ ڕامانێکردنێکی دروست و تەندروست پێویستە بگەڕێیتەوە بۆ ھەلومەرجی سیاسی و فکری ھەشتاکانی سەدەی رابردوو و خۆتی تێدا بدۆزیتەوە.. پاسۆک چی بووە! پەیوەندییە سیاسی فکرییەکانی نێوان حیزبەکان چۆن بوون بیان دۆزێتەوە و لێیان ڕابمێنێ؟!. کورد لە کام قۆناخی گەشەی کۆمەڵایەتیدا بوە و لە چ ئاستێکی ھوشیاری سیاسی و رۆشنبیریدا بووە؟! ئاشتی و تەبایی و شەڕ و ناکۆکی چ کاریگەرییەکیان لەسەر ڕەوتی مێژوو ھەبووە و ھەیە؟!.. پەیوەندی لۆژیکی ئەم ھەموو دیاردە و رووداو و پرسیارانە چۆن بووە؟!.. ھتد..
ئاڵای سووری ژمارە یەک .. سەرەتا و لاپەڕەی بەرایی لەسەر وشە و بایەخی وشەیە. بەواتای ئەوەی رۆشنبیریی و زمانی زانین و مەعریفە گرنگی دینامیکی ھەیە، بۆ شۆڕشگێڕانیش رۆشنبیریی پێداویستییەکی ژیارییە!. ئەم بنەمایەش دەرفەت دەخاتە بەردەم دەرگا کڵۆمکراوەکان گفتوگۆ و دیالۆگ ساز بێت.. چەرچڵ دەڵێ: " وا باشترە جوێن بەیەکتری بدەین، لەوەی فیشەک بنێین بە یەکترەوە".
پرسیاریش لێرەدا ئەوەیە مەبەست لە کام وشە و کام ڕۆشنبیریی! وشەی جوان و ڕاست و شۆڕشگێڕانە و دەربڕی ھەق و داکۆکیکەر لە مافی نەتەوەیەکی بندەستە .. وشەیەک وشە بێت وەک ئەوەی پێی ناسراوە" دەسەڵات لە دەسەڵاتی وشە دەترسی، وشە دەتوانێ تەواوی دیکتاتۆرەکان ، پاشا، قەیسەر، ڕاوێژکار، وەزیر و حکومەتەکان بروخێنێ". Horst Bulla گۆڤاری ئاڵا بەتێروتەسەلی لەسەر ئەم دیاردەیە دەڕوات:
{ وشە سەرەتای کردارە و بڵێسەی کاروان.. وشە دینامیتە و نارنجۆک قەڵای زوڵم و زۆرداری ھەڵئەتەکێنێ.. وشەی پیرۆز و پاک و ڕاست، بیری ڕەسەن و بیرکردنەوەی دروست دەڕسکێنێ ، نەتەوەیەک بەئاگا دێنێتەوە و چەوساوان دەوروژێنێ و بەشخوراوان ھان دەدات.. وشەی کوردی پیرۆزیش چێوەی بیری کوردایەتی ڕەسەنە، کوردایەتیش چارەنووس و بوونی نەتەوەی کورد.}.
بابەتەکانی ئاڵا مێژوویی، ھزر و فیکریی، سیاسی ، ئەدەبی، ڕۆشنبیریی گشتی، بە تێکڕا بژێوییەکی ماکی و مینۆکی و باوەڕ و وزەی ڕێی سەختی خەبات و تێکۆشانی خستۆتە سەر خوانی کوردایەتی..
(ڕازێکی کوردانە)*.. ناونیشانێکە لە ژمارە یەکەوە تا دوا ژمارە، لەسەر لاپەڕەکانی ھەر ژمارەیەک بەرچاو دەکەوێ..قورسایی ئەم وتارە ڕازێکە لە کوردەوە بۆ کورد.. وتارێکە ئاڕاستەی دەستەبژێری سیاسی و رۆشنبیرانی ناوخۆ کراوە و بە پێی ھەلومەرجی مێژوویی سەردەمی خۆی نوسراوە...لەم ژمارەیەدا داوا لە ھەردوو توێژی رۆشنبیران و دڵسۆزان دەکات، ببنە چاودێر و دادوەر بەسەر کردار و ڕەفتار و گووتاری خەباتی پاسۆک و لایەنەکانی دیکەوە.. ئاخر وەک گووتراوە:" وشە مانای خۆی لەدەست دەدات، ئەگەر کردار و رەفتاری پێ نەکرێت". کەواتە با جەماوەر ئاگادار و سەرپەرشتکار بێت و لەم دیدەوە حوکم بدات . ئەمەش بۆ خۆی ئەوپەڕی دڵسۆزیی و بێمنەتییە لە خەباتکردن و نیشاندانی ئەوپەڕی ڕاستگۆییە لە ئەقڵێتی خەباتی رزگاریی و تێکۆشانی میللیدا و مۆدێلێکی بێ وێنەیە لە کایەی سیاسی کوردی دا..
ئەوجا سەروتارێک لەژێر تایتڵی: [[ یەکێتی ڕیزەکانی شۆڕشگێڕانی کورد بەردی بناغەی سەرکەوتنمانە]].. ئەم وتارەش بۆ یەکێتی و تەبایی کورد تەرخانە و شەنوکەوی ئەم پرسە ھەستیارە دەکات. گاندی وتەنی " دوو ساڵ یەکێتیم بدەنێ، بە دووساڵ سەربەخۆییتان دەدەمێ". پرسی یەکێتی پرسیار و بابەتێکی لەمێژیینەی نێو مێژوو و کایەی سیاسی کوردە.. بەداخەوە بە حوکمی ھەڵکەوتی دیموگرافی و سیاسی و پارچەپارچەکراوی، تا ئێستا بەدیھێنانی سەخت بووە. کۆتایی وتارەکە بە دروشمی [[ تا ملکەچی پەکی نەخستووین ، با بۆ ئازادی یەکگرین]] دێت..
ئەم سەرەتا و بانگاشەیە بۆ بەرزکردنەوەی ورە و باوەڕی تاکی تێکشکاوی دوایی ھەرەسی شۆڕشی ١٤ ساڵە و دەیان سەدە زیاتر گەوزاوی ناو مێژووی بندەستییە. پاسۆک دەیەوێ کار لەسەر ھەڵچنینەوە و پۆڵاڕێژکردنی تاکی کورد بکاتەوە.. ھەر بۆیە لەم کۆنتێکسە مێژوویەدا بەرخوردی لەتەکدا دەکات و دەیەوێ تێشووی ئەم جارەی ڕێی سەختی خەباتی بە باوەڕی یەکگرتن و نان و ئاوی سەربەرزییەوە بێت.. دەڵێن" ھەر وشەیەک ئایندە دەگۆڕێ! چاک یان خراپ، ئەوەش وابەستەیە بەو وشەیەوەی کە دەگوترێت".. پاسۆکیش لە ڕووپەلی گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتییدا، شکۆمەندانە وشەی چاک و دروست و راست دەڵێ و دەڵێتەوە، بۆ ئەوەی دۆزی کورد لە چوارچێوەی ( پرۆژەیەکی نەتەوەیی، سیاسی) دا فۆرمەلە بێت. ھاوکات بە ئومێدی ھیوا ھەڵچنین لەسەر ئایندەیەکی گەش و گەشت تر.. هەروەها قسەیەک ھەیە دەڵێ: " وشە دەتوانێ لە پارە و چەک زیاتر شت بەدەست بھێنێ"..
وتارە پێمان دەڵێ، نابێت کورد بێتە ناو ئەم شەڕە و لایەنگری ھیچ لایەک بکات، بەڵکوو دەبێت خۆی بپارێزێ و بێلایەن بمێنێتەوە.. وەک دەزانین بەھۆی ھەڵەی سیاسی ھەندێ حیزبەوە، کورد باجێکی قورسی دا و لەزۆر قۆناغ دا، ئاگری تەندووری شەڕی عێراق و ئێرانی بەسەردا ڕژا..وتارەکەش بە دروشمی[[ کورد سەپانی بابی کەس نییە]] کۆتایی ھاتووە. پاسۆک وەک پرنسیپ و بێ سازشکردن دژی داگیرکاری و بندەستی کورد بوو. ھەموو خەباتی فیکریی بۆ رزگارکردنی کورد بوو لەو دۆخە ناسروشتییە بەسەریدا داسەپاوە..
لێرەدا گەیشتین بە دوا لاپەڕە و دوا وتاری ماڵئاوایی گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی، لێ جارێ من هێشتا ناتوانی ماڵئاوایی لە ئێوە بکەم، چونکە پێویستە ئاماژە بە خاڵ و خەسڵەتێکی تری زۆر گرنگی گۆڤارەکە بکەم.. ئەویش لایەنی زمانەوانی گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتییە، کە ھەستیارترین و گرنگترین و بەچێژترین لایەنە.
بابەتەکانی نێو ئاڵای سوور بە زمانێکی سیاسی روون و سادە و چڕ و پڕ و بێ گرێوگۆڵ و ئەدەبی باڵا نوسراون. مۆرکی ڕەسەنایەتی بە ھەر وشە و ڕستە و دەربڕینێکەوە چەسپیووە و رۆح و گیانی کوردبوون تێیاندا زیندوو و پاراو و شیرینە و وەک تێکس یان دەقی سیاسی ، فیکری یاخود ئەدەبی زۆر بایەخدارە . ئاخر گەر لە پێشڕا نووسەرانی ئاڵا باش لە بایەخی زمان گەیشتبوون و بەچاوێکی پڕ بەنرخەوە لە زمانی کوردیان دەڕوانی پێگە و ڕۆڵ و گرنگی ئەم تایبەتمەندییە زمانییەیان، لە تێکڕای پرۆسەی خەبات و دۆزی نەتەوەیی کورددا بەدز دەنرخاند ..
چاو گێڕانێکی خێرا بە گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی و ھەڵبژاردنی تایتڵی بابەتەکانی و ڕازاندنەوەی نووسینەکانی و بە دەربڕینی کوردانەی ڕەسەن، بەڵگە و سەلمێنەری راستی بۆچوونەکانمانە.. بابەت و نووسینەکان و شێوازی داڕشتنیان دوورن لە لاسایی و جوینەوەی وشەگەل و چەمکگەلێکی دەرەوەی دنیای ھزر و ڕامان و دەربڕینی کوردی و دەقاودەق ئەو خشت بەردە تۆکمە و نەخشکێشراوانەن کە بنیادی باشتری بناخەی کۆشک و تەلاری بیری کوردیان پێ ھەڵچنراوە و ھەڵدەچندرێت.