مائۆی چۆلەکە کوژ!

Saturday, 04/02/2023, 10:37

4052 بینراوە


کوشتاری چۆلەکەکان بە دەستوری مائۆتێسە تونگ!

مائۆ، رێبەری شۆڕشی وڵاتی چین کە خۆی بە رێباز و پەیڕەوی مارکس و لنین وئیستالین دەزانی پێش ساڵی ١٩٥٨و پێش راپەڕینی گەورە، سێ ئاژەڵی بەناوەکانی مشک، مێشوولە، مێش، بە دووژمنی خەڵكی چین دەزانی و خوازیاریی لە ناو بردنیان بوو.
جارێکیان لە بنکە و بارەگای حیزبییەوە خەبەری بۆ هات کە چۆلەکەکان بەشێکی زۆری بەرهەمی جووتیارەکان دەخۆن! بۆیە مائۆ فەرمانی دەرکرد بە کۆمەڵکوژیی چۆلەکەکان و داوای لە خەڵک کرد کە کوشتنی ئەو چۆلەکانە وەک ئەرکێکی شۆڕشگێڕیی رەچاوبکەن و بیانکوژن.
بۆیە مامۆستاکان لە فێرگەکاندا بە هاندانی قووتابیەکان بە کوشتنی چۆلەکەکان کە خەتابارن و دەبنە هۆی برسیکردنی خەڵک و کەمبوونەوەی خواردنی خەڵك دەستیان بە کار کرد، لەو کارەدا رۆڵی نیزامیەکان و قووتابیان زۆر گرینگ بووە.
هەرقوتابیەک وێنەی ئەرکێکی شۆشگێڕیی رۆژانە بە فەلاخون یان قۆچەقانی دەستی دەکرد بە کوشتنی چۆلەکە و ڕاوی دەکردن. منداڵەکانیش هێلانەی چۆلەکەکانیان وێڕان دەکرد وهێلکەکانیانی لە ناو دەبرد! هەروەها، نیزامیانی سەراسەری وڵاتیش بە لێدانی شەیپوور و کوتانی تەپڵ رێگایان نەدەدا چۆلەکەکان لە سەر چڵی دارەکان بنیشنەوە. بۆیە ئەوان لە ئاسمان دەمانەوە و ماندوو دەبون و دەمردن و دەکەوتنە سەرعەرز!
بۆ زیاتر کوشتنی چۆلەکەکان خەڵات دیاری کرابوو، بۆیە قووتابیەکان وەک دەنکی تەسبیح چۆلەکە کوژراوەکانیان لە تەنیشت یەکتر ریز دەکرد و رادەستی بەرپرسانی حیزبیان دەکرد تا خەڵاتی پێ وەرگرن. لە ماوەی چەند مانگێکدا چۆلەکە رووی لە نەمانکرد و کوژران ولاشەکانیان بە سەیارەی حیزبیی لە بنکەکانی حیزبییدا ئەژمار دەکران و رادەستی دەبیرخانەی حیزب لە شاری (پەکێن)ی پاتەختی چین دەکران. پاشان راپۆڕتیان لەسەر تۆماردەکرا.
بەڵام ئەو ڕیکارە لێرە کۆتایی نەدەهات. چۆلەکە کوشتن بە پێی تێئۆریی شۆڕشگێڕیی (مائۆ) سەرکەوتنی بە دەست نەهێنا وشکستی خوارد. چونکی لە پڕ سەر و سەکوتی (کوللە یان کوللو) لە مەزراکاندا سەری وەدەرنا.هۆی سەرەکیش لە نەبوونی چۆلەکەکاندا بووە کە باڵانسی، ئێکۆسیستمی ناوچەکان یان مەزراکان لێک ترازابون! بەوهۆیەش رێژەی کوللەکان و دانەوێل خۆرەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان رووی لە زیادکردن بوو.
پاشان دەرکەوت چۆلەکەکان تەنیا دانەوێڵەیان نەدەخوارد بەڵكو خەریکی خواردنی کوللەکانیش بون. بۆیە بەهۆی کوشتاری چۆلەکەکان بەرهەمی بەروبوم و کشتوکاڵی گووندیەکان بە رێژەیەکی زۆر لە کەمێی دابوو، میلیونان مرۆڤیش بەو هۆیە بووە کە مردن وگیانی خۆیان لە دەستدا!
ئەوجار، فەرمان هات لە بەرپرسانی حیزبیی کە چۆلەکەکان مەکوژن، بەڵام تاقە چۆلەکەیەک بۆ دەرمان وەگیر نەدەکەوت بۆ کوشتن! ئەوجار (مائۆ) بە هەڵەی خۆی زانی و دانی پێداهێنا. بەڵام بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو هەڵەیە بۆ ماوەی چەند ساڵ چۆلەکەیان لە سۆڤیەتەوە (شووڕەوی) بۆ هاوردە دەکرا تا هەمیسان باڵانس بۆ کشتوکاڵ وسرووشت و چۆلەکەکان بگەڕێتەوە و بەروبومی گووندیەکانیش بە خەسار نەچێ وچیدی خەڵك لە برسان نەمرن.

سرنج: 

ئەو وتارەی لای سەروو لە فارسیەوە کراوەتە کوردیی. ئەو بەشەی خوارووش بۆ چوونی خۆمە، کە دەینووسم و دەیخەمە بەردیدەی خوێنەرانی رێزدار.

چۆلەکەکانی کوردستان ومائۆییزم:

گووتنێکی زۆر بە نرخ هەیە کە دەڵێ: بێ دەنگیی مردنە، ئەگەر تۆ بێ دەنگ بی دەمری، ئەگەربێ دەنگیش نەبی وقسە بکەی هەر دەمری، بۆیە باشترە قسە بکەی و بێ دەنگ مەبە، پاشان بمرە.
ئەگەرهەڵە نەبم، بۆ یەکەم جار دوای تێپەڕبونی میلیونان ساڵی رابوردوو لە کۆمۆنە سەرەتاییەکان مرۆڤ، کۆمۆنیزم لە ساڵی ١٩١٧دا، دوای تێک رووخانی تێزارەکان لە رووسیە سەری هەڵدا و گەلی رووس بەهاوکاریی بونیاد نەرانی رەوتی کۆمۆنیزم توانی سیاستمێکی نوێ لەو وڵاتە لە ژێر چەتری حیزبی کۆمۆنیست یەکیتی سۆڤیەت بونیاد بنێن. ئەو حەڕەکەتە لە سەردەمێکدا سەری وەدەرنا کە دونیای سەرمایەداری بە ڕێبەرایەتی ئامریکا لە ژێر ناوی ئیمپریالیزم خەریک بوو پەل بۆ زۆر وڵاتی تازەپێگەیشتوو باوێژێ.
لە هەمان کاتدا چەپ لە سۆڤیەت خەریکی داڕشتنی سیاسەتێک بوو بە دژی ئامریکا، بۆ ئەو کارەش خەریکی دامەزراندنی حیزبی کۆمۆنیستیی بوو لە وڵاتانی دەرەوەی یەکێتی سۆڤیەت. یەکێک لەو وڵاتانە وڵاتی ئێڕان بووکە پێگەیەکی هەستیاری سیاسی و ستڕاتیژیکییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هاوتەریبیش رێبازی مائۆییزمیش بۆ ئەوەی بێکار دانەشێ، لە ڕێگاگەلی جۆراوجۆر دەست و پەیوەندەکانی خۆی تیف تیفە دەدا تا کاریگەریی خۆی بەسەر نەتەوەکانی بندەست بسەپێنێ و فێڕی هزری چەپیان بکا. مائۆ سەرۆکی چینیش کۆپی لە ڕێبازیی لنین ومارکس و ئینگڵس وەرگرت و خۆی گەیاندە رۆژهەڵاتی کوردستان.
چەپ لە ئێڕان و رۆژهەڵاتی کوردستان بە نەخۆشیی لە دایک بووە، چون چەپی دایکیان بە نەخۆشیی سەری هەڵداوە. مژاری ئەو وتارە چەپی نەخۆشە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە تاقمێک سەرکردە و بنکردەی چەپیی دوای رووخانی سیستمی پادشایی وەک قارچک لە سەر شەقامەکانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵتۆقین و لە ژێڕ ناوی لایەنگریی لە چین وتوێژیی کارگەر و رەنجدەر، ئەوەی کە دووژمن نەیتوانی بەسەرمان بێنێ، بە سەریان هێناوین. چۆن مائۆ بۆ کوشتنی چۆلەکەنی وڵاتی خۆی دەستی لێ وەشاندن و لە ناوی بردن، ئیدلۆژیای چەپی نەخۆشیش کەوتە گیانی کوڕ و کچی کورد و بەدەردی چۆلەکەکانی بردن!
ئیتر لاوی کورد جیهان وەتەنی کردبوو بە سەردێڕی ژیانی رۆژانەی و شەرمی لە کوردبونی خۆی ووڵاتی خۆی وناسنامەی خۆی و زمانی خۆی دەکرد! ئەوەی کە لە پەڕتووکەکانی مائۆ و لنیندا نووسرابوو وەک شریتی سەر دەزگای تۆمارکردن، تۆماری دەکرد و تێکەڵاوی هزر و ژیانی خۆی دەکردن.
بۆئەوەی پێی نەڵێن جوداییخواز (تجزیە طلب) بنێشتە خۆشکەی سەرزاری ئەوە بوو، کە دەیگووت کورد و فارس ئامۆزان. کە چی ئامۆزا فارسەکەمان وەک تاکێکی دەرەجە دووش حیسابی بۆ نەدەکردین. شانازیی زۆربەی کچ و کوڕی گەنجی بە رەگەز کورد ئەوە بوو، کە وەک بولبول بە زمانی فارسی قسەی دەکرد و پێی دەنووسی، کە چی پێی شەرم بوو خوێندن ونووسین بە زمانی دایکیی خۆی فێڕبێ!
چەپی سووننەتی و دواکەوتوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان وێنەی تێئۆریەکەی مائۆ لە کوشتنی چۆلەکەکان شکستی مێژوویی خواردوە، بەرادەیەک کە هیچ ڕیگایەکیان بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانیان نەهێشتۆتەوە و تەواوی پردەکانی پشت سەری خۆیان رووخاندوە و ماڵی دەیان ساڵیان لە خەبات و تێکۆشان بۆتە کەمپەکانی کۆی سەنجەق و زڕەگوێز لە باشووری کوردستان.
لەوسەردەمەدا چەپی ناسازی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆی خزاندۆتە ناو فەیسبوک و راگەیاندنەکانی دیکەی ناو فەیسبوک. وێنەی لێفەی مەلا نەسرەددینیان لێهاتووە کە هەر بەشێکی کەوتۆتە ژێر دەستی سەرکە دەیەکی چەپخواز وکۆمۆنیستی هاوردە!
تێبینی: شووبهاندنی سەرکردە و بنکردەی حیزبەکانی چەپ و نیوە چەپی نەخۆشی رۆژهەڵاتی کوردستان بە کەسایەتیە ناودارەکانی مێژوویی، وێنەی مائۆ ولنین ومارکس و ئینگڵس لە جێی خۆیدا نابینم. چون ئەو کەسانە کاریگەرییەکی گەورەی ئەرێنی ونەرێنیان لە سەر رووداوە مێژووییەکانی جیهانداهەبووە. جا ئیمـە خۆشمان بوێن و یان ناخۆش ئەوە راستیەکی دیرۆکیە کە حاشای لێناکرێ. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە