ئەفسانە و دین و باوەڕ

Saturday, 04/02/2023, 10:53

8636 بینراوە


(Mythe, religion, croyance)


کورتەی سیمیناری ئەنترۆپۆلۆگ (مرۆڤناس) ی فەرەنسی ژۆن-لۆیک لۆیک لوکلێک Jean-Löic Le Qullec لەسەر ئەفسانە، دین، باوەڕ. بە تایبەتی ئێتیمۆلۆژی وشەی : ڕێلیجن (religion) دین.
تەرزمانی لە فەرەنسییەوە ؛ سەردار حەمەڕەش
***
میتۆلۆژی وەک زانست، زانستێکی نوێیە و هەمیشە بوونی نەبووە، میتۆلۆژی سەر بە زانستێکی ترە کە پێی دەڵێین ئەنترۆپۆلۆژی (مرۆڤناسی). ئەمیش بە هەمان شیوە دەستەواژەیەکە و وشەی لۆگی (لۆژی) تێدا دەبینینەوە، بە مانای وتارێکی زانستی بە ئارگیومێنت و لۆژیک و جددی لەسەر یەکەم بەشی چەمکەکە، واتە مرۆڤ. بێگومان مرۆڤ بە مەبەستی جۆر، مرۆڤ بەگشتی، کەواتە ئەنترۆپۆلۆژی بریتییە لە وتار و زانیاری لەسەر مرۆڤ. بێگومان جێگای سەرنجە کە زانستێک هەیە لەسەر مرۆڤ و ئەم زانستەش لە هیچ شوێنێک ناخوێندرێت.
ئەنترۆپۆلۆژی کەی دەستی پێ کرد؟ بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین لە سەردەمی دۆزینەوە گەورەکاندا، بە واتای ئەو سەردەمەی خەڵکی دەستیان بە سەفەر کرد لە ئەورووپاوە، چونکا بۆ ئەوانەی لە وڵاتی چینەوە سەفەریان دەکرد ئێمە زۆر باسیان ناکەین، ئیدی بە مێژوویی وەهابووە. ئەوان کەسانێک بوون سەفەریان کرد و جیهانێکی جیاوازیان دۆزییەوە؛ ئەمەریکا، ئاسیا...تاد، لەم شوێنانەدا کۆمەڵگەی جیاوازیان بینی، پرسیاریان لە خۆیان دەکرد ئایا ئەمانە مرۆڤ بن یان نە ؟ بۆ ماوەیەکی زۆر بە شکەوە ناویان نان سروشتی، بە مانای ئەو کەسانە لەناو کولتووردا نین و لە سروشتدان. کاتێک بە زمانێک دەدوێن ئێمە لێیان تێ ناگەین، پرسیاریان لە خۆیان دەکرد ئایا ئەم بۆڵە بۆڵە بریتییە لە زمانێک یان نە ؟ پێ دەچێت تەنها جۆرێک بێت لە دەنگێکی تێکەڵاو لە بۆڵە بۆڵ و شتی سەمەرە. لێرەوە دەستەواژەی بەربەرمان بۆ بەکار هێنان. ئیدی بینیمان کە بەیەک گەشتنی ئەو گەشتیارە ئەورووپیانە لەگەڵ کۆمەڵگە سەرەتانشینەکاندا بۆ هەردوو لا بە هەمان شیوە نەبووە. کۆمەڵگەی بەرانبەر هەمان دەستکەوتی نەبووە. لێرەوە، کاردانەوەی بە ئارگیومێنت کە بابەتی باوەڕبوون وەک بابەت وەردەگرێت، ناومان نا ئەفسانە. ئەم بابەتانەش، ئەم چەمکانەش، تۆزێک وەک تەڵەنانەوە وەهان، ئیدی ئەم لێکۆڵینەوەمان ناو نا ئەنترۆپۆلۆژی.
ئەنترۆپۆلۆژی: لۆژی لە یۆنانییەوە هاتووە؛ لۆگۆس، دەستنیشانکردن و مەبەست لە ناونانی وتارێکە، وتارێکی باوەڕپێکراو و ڕاسیۆنێل، بە ئارگیومێنتکراو. بە واتای وتارێک دێت لەسەر دووهەم بەشی وشەکەی پێش لۆژی. ژیۆلۆژی (زەویناسی)، بە مانای قسە یان وتار لەسەر گێ(جێ) دێت، گێ بە مانای زەوی دێت. پسیکۆلۆژی(سایکۆلۆژی)، بە مانای قسە لەسەر پسیکێ، پسیکێ بە مانی ڕۆح یان زەین، یان دەروون دێت، وتارێکی زانستی ئۆرگانیزەکراو و باوەڕپێکراو.
کەواتە ئەنترۆپۆلۆژی بە مانای زانستی مرۆڤایەتی دێت، چیرۆکی مرۆڤایەتی لە سەرەتاوە، لەسەر جیاوازییەکان. بەڵام زانستێکە وانەی لەسەر ناوترێتەوە، ناتوانرێت بخوێندرێت،  ژمارەیەکی کەم دەتوانن دەستیان بگات بە زانستی مرۆڤایەتی. ئەم زانستە زانستێکی نوێیە. کاتێک لە سەدەی هەژدەهەمدا کەسێکی فەرەنسی بە ناوی شارل دو بڕۆس (Charles de Brosses) (١٧٠٩-١٧٧٧) بە گرنگییەوە سەیری چیرۆکەکانی کۆمەڵگەکانی تری دەکرد و دەیخۆیندنەوە. تێبینی کرد کە چیرۆکەکانیان هاوشیوەی میتۆلۆژیی یۆنانین. کتێبێکی نووسی بە ناوی (ئەفسانەی خواوەندی بت). شارل دو بڕۆس، ماژیسترا(دادوەر) ێکی پرسن بوو، بە پرسنیی لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەو باسانە کردووە. پەی بەوە برد کە جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان ئەوان و ئێمەدا نییە. بێگومان لەو سەردەمەدا خەڵکی دژایەتی بیرۆکەی لەو جۆرەیان دەکرد کە کەسێک بتوانێت ئەو کۆمەڵگە وەحشییانە بخەنە ئاستی ئێمەی ئەورووپایی خاوەن شارستانییەت.
شارل دو بڕۆس تێبینی کرد کە ئەو کۆمەڵگانە هەندێک چیرۆکیان هەیە کە بە یەکەم خوێندنەوە بە سەمەرە دێنە پێشچاو، بەڵام پاش وردبوونەوە، بۆی دەرکەوت کە هاوچونییەکیان لەگەڵ میتۆلۆژیی یۆنانیدا هەیە، لە کاتێکدا وەک کێوی و وەحشی باسیان دەکردن، بینی کە جیاوازییەکی هێندە زۆر نییە لە نێوانماندا، جۆرێک لە بەردەوامی مرۆڤایەتییە. ئیدی لێرەوە جیهانێکی پڕ لە پرسیار هاتە کایەوە و ئەو پرسیارانە هەتا ئەمڕۆش بەردەوامن. بەڵام ئەو کەسایەتییە تۆزێک لە ژیانی خۆی دەترسا، لەبەر جۆری جیاوازیی بیرکردنەوەی، بۆیە کتێبەکانی بە دزییەوە بڵاو دەکردنەوە، لەبەر ئەوەی لەو سەردەمەدا بەرواردکردنی کەسانی شارستانی بە وەحشی شتێکی شۆک و قبووڵنەکراو بوو. ئەمە یەکەم هەنگاوی ئەنترۆپۆلۆژی بوو، لێرەوە ئەنترۆپۆلۆژی هاتە کایەوە بە مانای بەراوردکردنی کولتوورە جیاوازەکانی مرۆڤایەتی دێت؛ با کولتوورەکان بەراورد بکەین بەبێ ئەوەی حوکم بدەین.
دوای ئەو بە سەدەیەک، کابرایەکی ئینگلیز بە ناوی ئێدوارد بتونێت تایلەر (Edward Burnett Tylor)ەوە، بۆ یەکەم جار کتێبێکی نووسی لە ساڵی 1871دا، ناوی نا ئەنترۆپۆلۆژی و پاشان کتێبێکی نووسی بە ناوی : (Primitive Culture ،کولتووری سەرەتایی)، لەو کتێبەدا یەکەم پێناسە دەدات بەوەی کە ئێمە ناومان ناوە کولتوور. لێرەدا باسی ئەو کولتوورە ناکەین کە باسی مێژوو دەکات، یان فێری لاتینی، فەرەنسی دەبین یان کولتووری خوێندن، بەڵکو کولتوور بە شیوەیەکی گشتی. ئەمەش یەکەم پێناسەی کولتوورە لای ئەو:
 "ئەو کۆئاڵۆزەییەیە کە پێکهاتووە لە زانین، بیروڕا، هونەر، ئەخلاق، یاسا، داب و نەریت و هەر توانایەکی تر کە مرۆڤ وەک ئەندامێکی کۆمەڵگە بەدەستی هێناوە."
بۆیە ئەو ئاراستە و واتایەی کە ئێمە داومانە بە کولتوور زۆر نوێیە کە دەڵێین ئەوە کولتووری من نییە یان شۆکی کولتووری. شتێکی تەواو نوێیە و کۆن نییە.
 دوای ئەو نووسەرە زۆر کەسی تر لەسەر کولتوور کاریان کردووە باسی کەسێکی تر دەکەین کە ناوی (جێمس فرایزەر- James George Frazer) زۆر ناسراوە لەبەر ئەوەی باسی زۆر لە کولتوورەکانی جیهانی کردووە و لیکۆڵینەوەی لەسەر کردوون.  کتێبێکی نووسی لە سەر ڕێبازی کولتووری بە ناوی (فۆلکلۆر لە پەیمانی کۆندا- Folklore in the Old Testament)، چیرۆکی ئەفراندنی لە بایبڵەوە وەرگرت و بابەتەکانی ئەو چیرۆکەی وەردەگرت و سوڕێکی بە جیهاندا کرد هەتاوەکوو بزانێت کۆمەڵگەی جیهانی ڕایان چییە لەسەر هەر بابەتێکی بایبڵ لە سەرەتای ئەفراندنی ئادەم و حەواوە. ئەنجامەکەی ئەوە بوو کە ئەو چیرۆکانە دابڕاو نین و لە هەموو جیهاندا بە شیوەیەکی تر بوونیان هەیە، کە هەمان چیرۆک ناگێرنەوە بەڵام باسی هەمان پرسیار و وەڵامی هەمان پرسیار دەدەنەوە. ئەمەش ڕەوتێکی ئەنترۆپۆلۆژییە بەوەی گوێگرتن و شیکاریکردن بۆ ئەوەی کە پێی دەڵێن ئەوانی تر. 
لێرەدا ئێمە لە تێمی میتۆلۆژی (ئەفسانە)داین، چونکا میتۆلۆژی چییە؟ ئێمە وشەی میت و میتۆلۆژی دەناسین و بەکاری دەهێنین بەڵام میتۆلۆژی خۆی چییە؟ کاتێک ئێمە بە فەرەنسی بە کەسێک دەڵێین ئەو کەسە میتۆیە، بە مانای ئەوە دێت کە جێی باوەڕ نییە، یان کاتێک دەڵێین ئەوە میتە بە مانای ئەوە دێت کە شتێکی بێمانایە، بەڵام میتۆلۆژی پەیوەندی بە چیرۆکی بێ مێشکییەوە نییە. وەک باسی ئیتیمۆلۆژی وشەی لۆژیمان کرد، لۆژی بە مانای وتاری زانستی سەلمێندراو دەێت، بەڵام میت بە مانای چیرۆک دێت، گێڕانەوەی باسێک. لە وشەی ( میتۆ+ لۆژی)دا ڕووبەڕووی دوو وشەی دژ بەیەک دەبینەوە؛ لۆژی، بە مانای وتارێکی سەلمێنراو و زانستی بە بەڵگەوە دێت، ڕاسیۆنێلە لەسەر وتاری جۆرێکی تر، بەڵام (میت) لەوانەیە ناڕاسیۆنێل بێت، بەبێ بەڵگە و بەبێ لۆژیک. میت چەمکێکی یۆنانییە بۆ چیرۆکێک بەبێ ئارگیومێنت، ئەگەر ڕاست بێت یان نە، جددی بێت یان نە. 
بۆ ئەوەی بیسەلمێنین کە چیرۆکێکە، بە یۆنانی کۆن بۆ دەستنیشانکردنی فابل ( fable، چیرۆک، حکایەت)، دەڵێین میتی ئێسۆپەکان(mythe d'esope). فابل بە مانای وتارێک، چیرۆکێک بەبێ ئەوەی پرسیار لە ڕاستی و دروستی بکەین، تەنها چیرۆکێکە، ئەمەش ئەوە دەستنیشان دەکات ئەوەی کە ئێمە ناومان نابوو فابل، بە یۆنانی کۆن بە فابلی ئێسۆپەکان(Fables d'Ésope)، دەڵێن میتی ئێسۆپەکان، (چیرۆکی ئێسۆپەکان 7 هەزار ساڵ پ،ز.) کەواتە ئەوەی ئێمە ناومان نابوو (فابل)، یۆنانییەکان ناویان نابوو میت، بە مانای چیرۆک دێت بە سادەیی و هیچی تر. ئەوەی ئێمە ناومان ناوە (فابل)، بە لاتینی لە (فابولا)وە هاتووە و (فابیولێ)ی لێ دروست بووە بە مانای گێڕانەوەی شتی هیچ و پوچ،  دەڵێن سەرچاوەی لاتینی تەنها بە مانای قسەکردن دێت و هیچی تر، بەبێ ئەوەی سەیری کارەکتەری زانستی و ڕاستی و دروستی چیرۆکەکە بکەین. لە سەدەی هەژەهەمدا ئێمە لە بری میت، دەستەواژەی (فابل) مان بەکار دەهێنا. هەر لەو سەردەمەدا چەندها کتێب دەدۆزینەوە بە ناوی : فەرهەنگی فابل. ئەگەر کەوتن بەسەر کتێبێکی وەهادا، بە دوای فابلی لافۆنتێندا مەگەڕێن، نا، بە شیوەیەکی گشی بریتییە لە میتۆلۆژیی یۆنانی، لەبەر ئەوەی لەو سەردەمەدا فابل بە مانای میتۆلۆژی دەهات. بۆیە لۆگۆس و میتۆس لە پێشبڕکێدا بوون، وەک هەمیشە کاتێک پێشبڕکێ دروست دەبێت لەنێوان دوو چەمکدا، دوو کەسدا، دەگەنە ئەوەی کە هەر یەکەیان خۆیان لە شتێکدا تایبەتمەند بکەن، بۆیە میتۆس وردە وردە بۆ دژایەتیکردنی لۆگۆس، وەک ئۆپۆزیسیۆنی لۆگۆس، خۆی تایبەتمەند کرد لە چیرۆکی ناباوەڕپێکراودا، چیرۆکی بێمتمانە، چیرۆکێکی خەیاڵی، مەرج نییە باوەڕمان پێی هەبێت، ئەم چەمکەش جێگیر بوو لە گەڵ پلاتۆدا؛ ئەو چیرۆکانەی کە خەڵکی دەیانگێڕنەوە بۆ ڕازیکردنی ئەوانی تر ئەگەر بە ئارگیومێنتی درۆش بێت، ناوی نا ؛ میتۆی. لێرەوە دەبینین ئەو چەمکانەی ئێمە بەکارمان دەهێنان ئاراستەیان گۆڕاوە.
 دەستەواژەیەکی تریان هەبووە، بۆ گێڕانەوەی چیرۆکێک لە دوای میت و لێژەند (Légende)ەوە (لێگەندا، کە لە لۆگییەوە هاتووە). ئەو دەستەواژەیەش کە لەوانەیە جێی سەرسووڕمان بێت، پلاسمایە، پلاسما بە هەمان شیوە بە مانای چیرۆک گێرانەوە دێت، بەڵام چیرۆکێکی تایبەت، چیرۆکێکی ڕێکخراو، ئەمە لەوانەیە تێمان بگەیەنێت کە میت چییە. وشەی (پلاسۆ) ی لاتینی بە مانای پێدانی شکڵ (بە شکڵکردن) هاتووە، وشەی پلاستیکیش هەر لە هەمان سەرچاوەوە ڕەگی داکوتاوە. دەستەواژەی : هونەری پلاستیکیش  کە ئەمڕۆ بەکاری دەهێنین بۆ هونەری شێوەکاری، لەوەوە هاتووە، بە واتای ئەو کارەی کە دەیکەین بۆ دروستکردنی شکڵێک لە قوڕ، کاتێک پەیکەرێکی بچووکمان دەکرد لە قوڕ ئەو چەمکەمان بەکار دە‌هێنا، کەواتە پلاسما شتێکە کە شێوەیەکی پێ دراوە، ڕێک خراوە، شکڵێکی پێ دراوە. واتە چرۆکێکە کە دروست کراوە، واتە گێڕانەوەیەک لە شکڵە ئەدەبییەکەیدا و شکڵێکی تایبەتی وەرگرتووە، گۆڕانکاری بەسەردا کراوە و  لێرەوە بووە بە چیرۆکێکی ئەدەبی، چیرۆک بە مانای میتی بە ئەدەبیکراو دێت، بەڵام لەبەر ئەوەی  کاری مۆدلاژ(بە شکڵکردن)، شێوەکردن و باسکردن و شیلاندنی لەخۆ دەگرێت، کەواتە بووە بە چەمکێکی ساختەکاری، لەبەر ئەوەی دەستکاری تێدا کراوە و گۆڕانکاری تێدا کراوە و شێوەیەکی تری پێ دراوە. دەستەواژەی ساختەکاریم بەکار‌ هێنا، مەبەستم لە چیرۆکی درۆیە.  ئیدی لێرەوە تێدەگەین کە پلاسما و لۆگۆس، بە مانای چیرۆکی جۆری ئەدەبی دێن و بە مانای میت، میتۆس بە مانای هەناوی چیرۆکەکە دێت.

دەیەوێت چی بگێڕیتەوە؟

 لە بنەچەدا بە هەمان شیوەی ؛ ئیپۆس، کە بە مانای گێڕانەوە دێت، ئێپۆپێ(داستان)ی لێوە هاتە کایەوە، ئیدی وردە وردە وشەی میت کە لە سەرەتاوە بە مانای چیرۆکێک دەهات بەبێ ئەوەی باسی چۆنایەتییەکەی بکەین، وەک چیرۆکێکی ناباوەڕپێکراو هاتە کایەوە. هێرۆدۆت بۆ نموونە چیرۆکی جددی دەگێڕێتەوە دەیوت ئەوانەی شت دەگیڕنەوە هیچ نین تەنها میتن.
 ئێمە میراتی پەرەسەندنی میتمان هەیە، ئێستاکە میت چیرۆکێکە کە ناتوانین بەتەواوی پشتی پێ ببەستین وەک چۆن گێڕانەوەیەک کە لەلایەن زانایەکەوە گێڕابێتەوە، چێرۆکێکی تەواو دڵگیرە بە ڵام لە جەوهەردا باوەڕی پێ ناکەین. لێرەوە کە باسی باوەڕمان کرد دەمانبات بۆ باوەڕدایی، بە پرسیارێک تۆزێک نزیک لەو، ئەگەر بڵێم میت چیرۆکێکە و ئێمە دەڵێین چیرۆکێکە جێی باوەر نییە، چیرۆکێکی هەڵبەستراوە و پەیوەندی بە هەقیقەتەوە نییە.

 کەواتە چۆن چیرۆکێکی وەها بناسینەوە؟

 ئەگەر بیگێڕمەوە کە دوێنێ چووم بۆ سینەما لەگەڵ کچەکەی هاوڕیم و کوڕێکی برادەرمان بینی و پاشان ڕۆشتین بۆ شوێنێکی تر و... تاد، ئەوە میت نییە، میت جۆرێکە لە چیرۆکی تایبەت کە بە شێوەیەکی گشتی باسی بنچینەمان بۆ دەکات، بنچینەی شتی گرنگ، ئەو بنەچینەیەی کە هەموو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هەمان پرسیاری لەسەر دەکات، بۆ نموونە بۆچی شتێک بوونی هەیە لەوەی کە نەبێت. پرسیار دەکەین ئایا ئەم جیهانەی کە تێیدا دەژین هەمیشە بوونی هەبووە؟ ئایا گۆڕاوە، ئایا شتێک، کەسێک ئەفراندوویەتی؟ چیرۆک هەیە وەڵامی ئەم پرسیارانە دەداتەوە. ئەم جیهانە مرۆڤی تێدایە، بەڵام ئایا لە کەیەوە ئەفرێندراون؟ لەلایەن کێوە؟ چۆن هەموو ئەم شتانە دەستیان پێ کرد؟ هەموومان دەمرین، ئایا دوای مردن چی ڕوو دەدات؟ ئایا جیهانێکی دوای ئەوە هەیە؟ چ جیهانێک؟ لەوانەیە بتوانین بڕۆین لەسەری بژین. ئەو چیرۆکانەی وەڵامی ئەو پرسیارانە دەدەدەنەوە ناومان ناون، میت. زۆر جار باسی ئەوە دەکەن کە ئێمە هەتایی نین، کەواتە بارێکی گرانە، دەبوا بە جۆریكی تر بووایە، باشتر بوو وەها نەبووایە. حەز دەکەین هەرگیز نەخۆش نەکەوین، یان پیر نەبین، بۆچی وەهایە ؟ ئەمە ڕەوا نییە. چیرۆک هەیە هەموو ئەمانە ڕوون دەکەنەوە لە هەموو کولتوورێکدا، ئەم چیرۆکانەن کە ناومان ناون میت. ئەم چیرۆکانە هەردەم بە دابڕان دەست پێ دەکەن و پێت دەڵێن ڕاستە کە ئێمە دەمرین و ئاژەڵانیش، هەموو زیندوویەک دەمرێت بەڵام هەمیشە وەها نەبووە لە بنەچەوە.  لەبەر ئەوەی میت هەردەم باسی بنچینە دەکات، گوایە لە ڕابردوودا مرۆڤ نەمر بوون یان دوو هەزار ساڵ دەژیان، یان دەمردن بەڵام بۆ ماوەیەکی کەم، بۆ ماوەی سووڕی مانگێک ئەگەر دەست نەدەین لە لاشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ژیان. کەواتە هەموو ئەو میتانە دابڕانێک دەگێڕنەوە، کە ئێستا وەها نییە و میت دەیگێڕێتەوە چۆن ڕوویداوە. 
دەگێڕنەوە :  ڕۆژێکیان شتێک ڕووی دا، پیاوێک کارێکی وەهای کرد، ژنێک، ئاژەڵێک... تاد، ئیدی چیرۆکێکت بۆ دەگێڕێتەوە و دەڵێت لەبەر هۆکاری ئەو ڕووداوانە ئێستاکە وەهایە. هەموو میتەکان چیرۆکی ئاوان، بایبڵ چیرۆکی ئاوا دەگێڕێتەوە؛ جاران ئاوا بوو، کتوپڕ شتێک ڕووی دا مەرج نەبوو ڕووی بدایە بۆیە ئێستاکە ئاوا دەژین. میت هەرگیز ئەگەری گەڕانەوەت ناداتێ، دەڵی ئاوایە و بەردەوام دەبین و دەبێت قبووڵی ئەم ژیانە بکەین، دەبێت پاساوی بۆ بهێنینەوە. هەموو ئەم چیرۆکانە جیاوازن لە یەکتری، هەرچەندە هەموویان هەمان پلانیان هەیە و پرسیارەکان هەمان پرسیارن و وەڵامەکان جیاوازن، تەنها لەوەدا جیاوازن کە دەڵێت ڕۆژێک شتێک ڕووی دا، ئالێڕەدا جیاوازن، بە گوێرەی کولتوورەکان هەمان ڕووداو نین کە وای کردووە ئێستاکە هەتایی نین. چیرۆکی مارەکە و درەختی زانین...تاد، لە بایبڵدا دەناسین، لە کولتووری تردا بە جۆرێکی تر دەیگێڕنەوە، هەزاران نموونە هەن. لەوانە دەیگێڕیتەوە و دەڵێت:
<< جاران خودا نەیدەزانی بە تەواوی چی بکات لە مرۆڤ نەیدەزانی لەسەر باسی مردن چ بڕیارێک بدات، لەبەر ئەوەی ئەگەر مرۆڤ نەمر بێت ژمارەیان زۆر دەبێت و زەوی جێگەی نابێتەوە، بۆیە باشتر وایە ئەوان نەمر نەبن، لە هەمان کاتدا ئەگەر نەمر نەبن ئەوا شتێکی باش نییە بۆ ئەوان، بۆیە هەروا ئاسان نەبوو بۆ بڕیاردان، خۆت بخەرە جێگای خودا هەروا ئاسان نییە. بەڵام دواجار بڕیار دەدات کە نەمر بن. پاشان دەیانەوێت هەواڵەکە بگەیەنن بە مرۆڤ، بە کەسێکدا ئەو پەیامە دەنێرن. پایامەکە پێیان دەڵێت کە ئەوان وەک مانگ بۆ ماوەیەک دەمرن و دیار نامێنن، دوایی وەک مانگ دێنەوە. بە کەروێشکێک دەڵێن بچێت ئەو پەیامە ببات بۆ مرۆڤ، کەرویشکەکە دەڕوات و وەک لە فابل(چیرۆک)دا دەیخوێنینەوە کەروێشک هەمیشە سەیری چواردەوری خۆی دەکات و ئاگای لە خۆی نییە، دەچێت گیا دەخوات،  بۆنی گوڵ دەکات، لە هەمان کاتدا دەماغی هێندەی دەماغی چۆلەکەیەکە، زۆر سوور نییە لەوەی کە باش بیری مەسجەکەی بێتەوە. کاتێک دەگاتە لای مرۆڤ هەموو شتەکان تێکەڵ دەکات و دەڵێت : ئێوە وەک مانگ دەمرن و بە مردوویی دەمێننەوە. ئیدی ئەوەیشی وتراوە، وتراوە. لە چاوەڕوانیدا، خودا تۆزێک نیگەرانە و هەواڵی گەڕانەوەی کەروێشکەکەی پێ ناگات، بۆیە دووهەم پەیامبەر دەنێرێت هەتا دڵنیا بێت کە پەیامەکەی گەشتووە. دووەهەمیان کامێلێۆنە، کامێلێۆن زۆر بە خاوی و لەسەرەخۆ دەڕوات، دەگاتە لای مرۆڤ بەڵام زۆر درەنگ دەگات. لەبەر ئەوەی یەکەم پەیامیان پێ گەشتووە، کەواتە ئەو پەیامە جێی باوەڕە کە یەکەم جار پێیان گەشتووە و دەمێنێتەوە هەتا ئەم ساتە. خودا ناڕازییە و، خوداش خۆی مانگە لە چیرۆکەکەدا، بۆیە باسی مانگی بۆ کردبوون، بۆیە مانگ زۆر توڕەیە بەوەی کە مسجەکەی بە هەڵەوگێڕاوەیی گەیشتووە، هەر بۆیەش ناو نراوە میتی پەیامهێن. خودای مانگ دارکاری کەروێشکەکە دەکات بە هەموو توانای خۆی لێی دەدات، بە ڕێکەوت دارێک بەر لێوی دەکەوێت، بۆیە لێوی کەرویشک دووفاقە. 
(نۆوا هەراری لە کتێبی ساپییاندا هەمان چیرۆک بە نموونە دەهێنێتەوە و لە کۆتاییدا دەڵێت؛ ئەگەر ئەو چیرۆکە لە سەردەمی هاوچەرخدا ڕووی بدایە ئەوا مرۆڤ نەمر دەبوو، چونکا ئامرزای پەیوەندیی خێرامان هەیە و بەو بۆنەیەوە پەیامەکە زوو دەگەیشت وەک خۆی. وەرگێڕ)
 چێرۆکی لەو جۆرە بە هەزارەها بوونیان هەیە، ئایا کەسێک هەیە کە باوەڕ بکات کە ئەم جۆرە چیرۆکانە، ئایا باسی هەقیقەت دەکەن؟ ئەمە وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە چۆن ئێمە میتێک دروست دەکەین. میت شتێکی سەمەرەیە کە کەسانی تر باوەڕیان پێی هەیە بەڵا هیچ پەیوەندیی بەو هەقیققەتەوە نییە کە من دەیزانم. واتە بۆ ناسینەوەی میتێک بارەکە دەبێت : 
<< مەرجی پێویست  بریتییە لە ئەویتربوون (جیاوازی). >>
لەبەر ئەوەی لەو کولتوورەی کە میت تێێدا وەدەردەکەوێت هەمیشە هەقیقەتە و باسی هەققیقەت دەکات، بە پێناسە باسی هەقیقەت دەکات. ئەگەر کەسێک بێت و بڵێت ئەم چیرۆکە میتە و نابێت بە یەکەم دگری وەری بگرین و ئەمە شتێکی ڕەمزییە. ئەگەر بەو جۆرە سەیری میت بکەم ئەوا باوەڕی پێ ناکەم، وای نابینم کە باسی هەقیقەت دەکات، واتە خۆم دەدۆزمەوە لە گروپێکی تر لەو گروپەی کە میتەکەی تێدا گێڕاوەتەوە، وەک هەقیقەتێک سەیری ناکەم و مەودایەک دەخەمە نێوانمان، ئیدی لێرەوە خۆمان دوور دەخەینەوە لەوەی کە ئەو تێکستە هەقیقەت بێت. بۆ خۆ دوورخستنەوە لەو گروپە و ئەفارندنی باری جیاوازییەتی ( ئەویتربوون) چل ڕێگامان نییە، ئەوەیە کە ئێمە لێێ دوور دەکەوینەوە، ئەو دوورکەوتنەوەش بە دوو جۆرە ؛ دوورکەتنەوەی کاتییە یان جوگرافییایە. 
دوورکەوتنەوەی کاتی، ئەوەیە کە یۆنانییەکان دەیانگێڕایەوە بۆ نموونە، کاتێک باسی میتۆلۆژی دەکەین زۆربەی خەڵک وا دەزانن باسی یۆنان دەکەین و میتۆلۆژی تایبەتە بە یۆنان، ئەگەر لە فەرهەنگدا بە دوای ناوی میتۆلۆژیدا بگەڕێیت زۆر جار کاتێک باسی میتۆلۆژی دەکەین خەڵکی وادەزانن کە میتۆلۆژی هی یۆنانییەکانە یان هی ڕۆمەکانە یان هەندێک جار بەکەمیش باسی میتۆلۆژی میسریش دەکەین لە فەرهەنگدا، بەڵام ئەگەر بگەڕێیت بە دوای میتۆلۆژیدا لە 6700 کۆمەڵگەی جیهاندا، بەبێ ئەوەی باسی ئەوانە بکەین کە لە ناوچوون، لەو ژمارە زۆرەی کۆمەڵگە کە لەسەر زەوی دەژین، ناتوانیت لە فەرهەنگدا بیاندۆزینەوە. بەڵام گرنگی میتۆلۆژی یۆنان و رۆم و میسر ئەوەیە کە تۆ دوورکەوتوویتەتەوە لێیان، بە کات دورکەوتویتەتەوە لێێان، بە خۆت دەڵێیت بێگومان ئەوان هەر ئاوا توانیویانە ڕوونکردنەوە لەسەر ژیان و بوون بدەن لەبەرئەوەی کە شارەزایی زانستییان نەبووە، لە سەرەتای زانستدا بوون و ئەوەی زانیبویانە مەیلە و زانست بووە، هەوڵدانێک بووە بۆ ڕونکردنەوەی جیهان، وەک ئەوە نییە کە زانست باسی دەکات. ئەمە جیاکاری زەمەنییە کە وامان لێ دەکات ئاوا بیر بکەینەوە، بۆیە لە سەردەمی فراوەردا تەنگژەی دەنایەوە، چونکا یۆنانییەکان وەک موعجیزە ناسرابوون، ئەمەش بێ مێشکییە. بەڵام یۆنان سەرساممان دەکات، شارستانیەتێکی جوانە، بەتایبەتی لە بواری فەلسەفەدا، ئەوە ئەوان بوون کە فەلسەفەیان داهێنا، ئەریستۆت زانستی سروشتی و تاد.. لە هەمان کاتدا کێ دەیتوانی باوەڕ بە چیرۆکی وەها کەرایەتیانە بکات؟ چیرۆکی تەفروتووناکردن و جووت بوون؟ ئەمەش هەر هیچ نییە چونکا کاتێک سەیری ئەفراندنی جیهان دەکەین هەر بەتەواوی هیچ و پوچە، لە سەردەمی فراوەردا پرسیارمان دەکرد چۆن شتی وەها ڕێی تێدەچێت؟ لە سەدەی هەژدە بۆ نۆزدە دەمانوت چۆن کەسانێک کە خاوەنی ژیرییەکی ئاوابوون و شتی وەها نابەجێی و حەقارەتیان گێڕاوەتەوە؟ بۆیە وەک پەندێک، وەک گاڵتەپێکردن پێیان، دەیانوت؛ 

"یۆنانییەکان باوەڕیان بە میتۆلۆژییەکەیان هەبوو".

وەڵامێک دراوەتەوە بەوەی کە وتراوە گوایە ئەوە سەردەمێکی پەرەسەندن بووە، چونکا ئەو سەردەمە کەسانی وەحشی هەبوون، سروشتی وەک باسمان کردن، کە لە پلەی خوارەوەی زانستا بوون، بۆیە ئەوە وەک ڕونوکردنەوەیەکی سەرەتایی ڕەچاوی لێ کرابوو. بەڵام ئێمە جیاوازین چونکە خاوەنی زانستین، ئێمە وەڵامی راستەقینەمان پێیە، کەواتە یۆنانییەکان قۆناغیکی ئەو گەشتنەی ئێمەن بە زانست، پلەیەکن بە وەی قاچێکیان لە ناو سروشتیدایە و ئەوی تریان لەناو زانست و کولتوور، ئەوەی ئێمە پێی گەیشتوین مۆدێلێكی ئونیڤێرسێلە. ئەم جۆرە ڕوونکردنەوانە بۆ خۆ دەربازکردنە و هیچ ڕەواییان نییە، ئەمەیە جیاکاریی زەمەنی. لەگەڵ جیاکاری جوگرافییادا، هەر دوو بارەکە بۆ خولقاندنی باری جیاوازییە (ئەویتربوونە) بەمانای؛

<< مەرجی پێویست بریتییە لە ئەویتربوون.>> بۆ ناسینەوەی میت.

ئەمەش پێمان دەڵێت کە زۆر ئاسانە میتی کەسانی تر بناسینەوە، هەر خێرا میتی یۆنانی دەناسینەوە، لەبەر ئەوەی زەمەن لە نێوانماندایە زەمەنی کاتی و جوگرافییا، بەڵام کۆمەڵگەیەک هەیە کە ئێمە ماوەی زەمەنی و جوگرافییامان لە نێواندا نییە ئەوە خۆمانین، ناسینەوەی میتی خۆمان، بە تایبەتی کاتێک دەزانین کە میت هەردەم باسی هەقیقەت دەکات ، دەبێت لەو گروپە بچینەدەرەوە هەتا وەک میت بیناسینەوە. بۆیە ئێمە خۆمان ڕوبەڕوی چیرۆکی باوەرپێکراو دەبینینەوە.  بۆ ئەوەی کەس نەڕوشێنین دەڵیین ئەوە چیرۆکێکە کە هەندێک کەس باوەڕیان پێی هەیە و هەندێکیش نا، لەو کولتوورەی کە باسی لێوە کراوە خەڵکی باوەڕیان پێی هەیە بەڵام من باوەڕم پێی نییە، باوەڕم بە زوس (Zeus) نیە و وام باوەڕ نییە کە بونی هەبوبێت، لێرەوە ڕوبەروی پرسیاری باوەڕبوون دەبینەوە، کاتێک باسی باوەڕبوون دەکەین هەمیشە باسی ئەوانی تر دەکەین بە شیوەیەکی گشتی، ئەوانەی باوەڕداران باوەڕیان بە شتی سەمەرە هەیە بەڵام من باوەڕم پێی نییە، من باوەڕم بە هیچ نییەو خاوەنی ڕاستیم.
بۆیە ئەوە دەهێنێت کە تۆزێک لە مێژووی باوەر وردبینەوە، شتێک هەیە ئەوەیە کە ناتوانین باسی باوەڕەداران بکەین، چونکە هەر کاتێک باسی باوەڕدار دەکەین ڕوبەڕوی ناباوەڕداران دەبینەوە، کاتێک باسی باوەڕداران دەکەین دەبێت باسی ناباوەڕدارانیش بکەین، پەیوەندی نێوان ئەو دووانە گرنگن، قسەی باوەڕداران لەسەر ناباوەڕداران و بە پیچەوانەوە.  چونکا ئەگەر بڵێین کەسانێک هەن باوەڕدارن و کەسانێک ناباوەڕدار، شتێکی گرنگ نییە، زۆر دور ناڕۆین. ئەمەیە رەوتی ئەترۆپۆلژی و گرنگیشە.  کاتێک باسی باوەرداری دەکەین خەڵکی باسی دین ( Religion) دەکەن و هەردووکی تێکەڵ دەکەن، پێدەچێت هاوواتا بن، کەسانێک دەڵێن من باوەڕدارم بەڵام پراتیزەی ناکەم، لێرەدا مەبەست لە دینێکە بە روونی، ئەندامێتییە لە دینێکدا. لەبەر ئەوەی باسی ئێتیمۆلۆژیمان کرد کەواتە چیرۆکی ئەو ووشە (Religion) چییە ؟ کە ئەم سەردەمە زۆر پێوەی خەریکین و باسی دەکەین، خەڵکی زۆر هەڵدەچن بەو باسانەی نزیک دەبنەوە لە دین بە بێ ئەوەی بزانن چییە ؟ با سەیری چیرۆکی وشەکە بکەین. وشەی ڕێلیجن (Religion) لە کوێوە هاتووە ؟ 

ڕێلیجن، Religion؛

لە زمانی یۆنانیدا وشەیەک نییە بۆ ڕێلیجن (Religion)، ڕێلیجن وشەیەکی لاتینییە. هەموو کەسێک وای باوەڕە کە لە وشەی ؛ پێکەوەبەستنەوەوە هاتووە بەڵام ئەمە هەڵەیە، واتە ئەمە ئەفسانەیە. لەبەر ئەوەی شتێکی باشە کە بڵێین ڕێلیجن بە مانای پێکەوەبەستنەوە دێت و دەمان بەستێتەوە بە پیرۆزیی و خوداوە و لەهەمان کاتا کە ئێمەش پێکەوە دەبەستێتەوە.
<< نۆوا هەراری لە کتێبی ساپییاندا، دەڵێت کە زمانی ئاڵۆزی ئۆمۆ ساپیان لە ڕاوبوردودا توانیویەتی نزیکەی دوو سەد کەس ببەستێتەوە بە یەکەوە بە بێ ئەوەی پێویستیمان بە شتێکی تر هەبێت، دوای زمان تەوتێممان داهێنا کە دەیتوانی ژمارەیەکی زۆرتری خەڵکی ببەستێت بەیەکەوە. لەگەڵ گەشە سەندن و زۆربوونی ژمارەی دانیشتواندا، خودا و دینمان ئەفراند پاشان پارە. لەسەردەمی هاوچەرخماندا ئەنتەرنێت بە جۆرێکی تر پەیوەندیی لە نێوان ژمارەیەکی زۆرتری دانیشتوان دروست دەکات. داهێنانی خودا لە قۆناغێێکی مرۆڤایەتیدا وەک ئامرازەکانی تری پەیوەندی بووە. کەواتە زمان و خودا هەمان ویستیان هەبووە و هەیە : بەستنەوەی زۆرتین ژامارە پێکەوە ( وەرگێڕ) >>.
ئێتیمۆلۆژەکان بە دوای بنەچەی وشەی ڕێلیجندا گەڕان. وشەی ڕێلیجن لە وشەی (رۆڵیگێڕێ) وە هاتووە نەک لە (ڕۆڵیگارێ ) وە. بە لاتینی : (رۆلیگێ) یان (ڕۆلیگیۆ). ئەتوانن لە فەرهەنگدا بیدۆزنەوە بە مانای سکریوپول (وردبین، گوێپێدان، بە تەنگەوەهاتن) دێت، لەبەر ئەوەی کارەکتەری دینی ڕۆمەکان مەبەست لە باوەڕبوون نەبووە بە خودایەک یان بە چیرۆکێکی تایبەت.
 پلۆت، نوسەرێکی کۆمێدی یۆنانی بوو. پلۆت گرنگە، چونکە یەکەم بەڵگەی وشە و چیرۆک و ترادیسیۆن و شتی تر دەدۆزینەوە لە نوسینەکانیدا، لەبەر ئەوەی ئەوشتانەی وەک ماتریاڵیکی پلاساما، پلاستێک بەکاری هێناوە و بە شێوازی خۆی شکڵی پێ داون. لە شوێنێکدا دەڵێت ؛ <<بانگهێشتیان کردم بۆ شوێنێک بەڵام ویژدانم هەبوو نەچووم >> ئەو وشەیەی کە بەکاری دەهێنێت بۆ ویژدان وشەی ڕێلیگیۆیە. ئەگەر تەرجومەی بکەین بە واتای : بانگهێشتیان کردم بۆ شوێنێک بەڵام ڕێلیجنم هەبوو بۆیە نەچووم . ئەمە جۆرە دووانەش ڕێی تێناچێت لە ڕوی زمانەوانی سەردەەکەمانەوە. بەڵام ڕێلیگۆ بەمانای ویژدان هاتووە. بێ گومان ئەبێت وردبینەوە لە دینی یۆنانی، بە شیوەیەکی گشتی بە مانای سەرنجدانی وردی ڕێوڕەسم دێت، بە هیچ جۆرێک بریتی نییە لە کۆمەڵەیەک لە باوەڕبوون. چونکا ئەگەر سەرنجی ڕێوڕەسمەکان نەدەین، بەواتای ئەگەر ڕێزیان لێ نەگرین، ( چونکا ڕێلیگیۆ بە لاتینی بەمانای کردن وەک ئەوانی تر) دێت، ئەگەر وەک ئەوانی تر هەڵس و کەوت نەکەین ئەوا هەموو کۆمەڵگا دەخەینە مەترسییەوە، ئەگەر سەرپێچی بکەین، باش سەرنجی ڕێوڕەسمەکان نەدەین ئەوا نەک خۆمان دەخەینە مەترسییەوە بەڵکو کۆمەڵگەش ( وەک باوە لە دینی مەسیحیدا کاتێک چەند بڕگەیەک لە کتێبی پیرۆز دەخوێنینەوە و ئیدی ڕزگارمان دەبێت لە گوناحباری، بەڵام  نابێتە مەترسی بۆ هەموو کۆمەڵگە) بەمە دەڵێن ویژدان.
پێچەوانەی ڕێلیگێرێ (ویژدان، گوێپێدان) دەبێتە ؛ نێگلیژێ ( پشتگوێ خستن ).

چۆن ئەم وشەیە بوو بە ڕێلیجن وەک ئەوەی کە دەیناسین ؟ 

سێکتێکی بچوکی مەسیحی هەبوو لەو سەردەمەدا و وەک کەسانی بێ ویژدان ( پشتگوێخەر)  دەناسران، چونکە گوێیان بە ڕێوڕەسمەکان نەدەدا و کۆی کۆمەڵگەیان خستبووە مەترسییەوە. چونکا باوەڕ بوون بە خواوەندی زۆر یارمەتی ڕۆمەکانی ئەدا کە لە کاتێکدا وڵاتێکیان داگیر دەکرد دەیان ووت ئەوە فڵانە خواوەندە کە بەرپرسە،  بۆ کاری تریش خواوەندێکی تر بەرپرس بوو یان خەتابار بوو، بۆیە ئەوە کێشە نەبوو بۆ ئەوان ئەگەرمەسیحییەکان خودایەکی تریان هەبێت، واتە خودایەکی زیاتر نەدەبووە کێشە بۆ ئەوان، بەڵام دەبوا ڕێز لە ڕێوڕەسمەکان بگرن ئەگەر نا ئەوان دەبن بە ؛ سویپێرتیتیۆزی، بە واتای سیپێرتیسیو (خورافی)، چەندەها تێکستی ئەو سەردەمەمان هەیە کە مەسیحییەکان ناودەنێن بە خورافی و دینی مەسیحی وەک خورافاتی ناڕەوا بوون و گەنجانیان بێ هیوا دەکرد و کۆمەڵگەیان تێک دەدا. لەو سەردەمەشدا ئەگەر کەسانێک بە خورافی ناوببرایەت، خەتابارییەکی زۆر گەورە بوو، زۆر دەکەوت لەسەریان، وەک ئەوەی حوکمی مردنیان بدرێت بەسەردا وەها بوو. لەبەر ئەوەی مەسیحیەکان هەندێک ڕێوڕەسمیان هەبوو جێگای شک بوون، ئاتێئیستەکان دەیان وت ؛ ئیمە وێرا ڕێلیگێێن، بەواتای ئێمە ڕێلیگێ (ویژدان) ی ڕاستەقینەین. نەدەبوا دینی خۆیان لەگەڵ خورافاتی مەسیحییەکاندا تێکەڵ بکەن.  
 چۆن گەشتین بە جۆرێک لە هەڵگەڕناوەی ئەم ڕۆڵە  ؟  کە ئێستا خورافییەکان ئەوانەن کە مەسیحی نین و مەسیحییەکان خاوەنی باوەڕی پیرۆزن و سوجدە بۆ خودای ڕاستەقینە دەبەن ؟ بەمە دەڵێن هەڵگێرانەوەی بارێک، چاوەشەکارییەک، پەڵەیەک یان توانجێک. ئەم هەڵگێرانەوەیەش بە هۆی باوکانی کەنیسەوە هاتە کایەوە. باوکانی مەسیحی بریتی بوون لەوانەی کە یەکەم جار بە لاتینی دەیان نوسی و دۆگمی مەسیحییان بنیات نا. یەکێک لەوانە ناوی تێرتولیانە، لە ساڵی 220 کۆچی دوایی کرد، ئەو بوو کە ئەو گۆرانکارییەی کرد و ئەوەش تۆمار کراوە بەوەی کە دەڵیت ؛
ئێمە خاوەنی رێلیگێ (ویژدان) و ئەوان سوپێیرتیسیۆ (خورافی)ن. بەمە دەڵێن هەڵگێڕانەوەی بارودۆخ. پێی دەڵیین هەڵگێرانەوەی ستەمکاری و تێگەشتنی ئاسانە و بە چەندەها جۆر ئەم هەڵگێرانەوەیە ڕوودەدەن لە مێژوودا،  بۆ نمونە بۆ ماوەیەکی زۆر پێست ڕەشەکانمان وەک نێگر یان نێگرۆس دەچواند، کە دەستەواژەیەکی زۆر نەرێنی بوو، ئەمەش زۆری خایاند، پاشان گروپێکی بچوک لەو نێگرۆسانە وتیان کە ئەوان نیگرسۆن و شانازای پێوە دەکەن. وتیان ئێمە نیێگرۆسین و پیشانتان دەدەین کە خاوەنی کولتوورێكین، بەمە دەڵێین هەڵگەڕنەوەی بارێکی خراپ بە قازانجی خۆ. ئەو وشەیەی کە بەکار هێنراوە بۆ سوکایەتی پێکردن، هەڵگەڕانەوەی ئەم خەسڵەتە بۆ خەسڵەتێکی باش و خۆکردن بە خاوەنی. مەسیحێیەکان وتیان ئێمە رۆڵیگارێی ڕاستەقینەین و خاوەنی وێرا ڕێلیگیۆین،  بەواتای ڕێلیجنی ڕاستەقینە وەک ئاتائێستە یۆنانییەکان بانگەشەیان بۆ دەکرد و مەسیحییەکانیان بە سوپێرتیسیۆ ( خورافی) دەناساند. ئەمەش کارێکی بوێرانە بوو بۆ گروپێکی بچووکی مەسیحی وەک ئەوان. ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەم بارەیان بۆ چووە سەر. مەسیحییەکان خۆیان وەک ڕێلیجنی ڕاستەقینە ( وێرا ڕێلیگێ) ناساند.
 بە هۆکاری ئەوەی ڕیلیجنی ڕاستەقیقنیەن، کەواتە دەبێت بگوێزرێتەوە بۆ کۆمەڵگەی تری مرۆڤایەتی، بۆیە میسیۆنەرە مەسیحییەکان ئەو کارەیان خستە ئەستۆی خۆیان، ئیدی لێرەوە داگیرکردن و کۆلۆنیالیزم دەستی پێکرد و ئینجا کۆمەڵگە ڕەسەننشینەکانی وڵاتانی کۆلۆنیزەکراویان تێدەگەیاند کە سیوپێرتیسیۆن ( خورافییات) ەکانیان ڕەوا نین،  باشتر وایە بۆ ڕزگاربونیان سەردانەوێنن بۆ ڕێلیجنی ڕاستەقینە، ئەمش پێمان دەڵیت لە هەموو ئەو جێگایانەی کە میسیۆنەرەکان بۆی چوون کە شوێنی زۆر دەگرێتەوە لە سەر ڕووی زەوی، لەسەرەتاوە میسیۆنەرە مەسیحییەکان وەک ئەنترۆپۆلۆگەکان فێری زمان دەبوون، بۆیە زمان و ڕێزمان و فەرهەنگی زۆر لە کۆمەڵگەکان لەلایەن ئەوانەوە  وەرگێڕاون و ناسێنراون.

 بۆچی؟ 

لەبەر ئەوەی یەکەم کاریان تەرجومەکردنی بایبڵ بوو بە زمانی ئەو وڵاتەی کە تێیدا بوون، هەتاوەکو خەڵکی تێی بگەن بە زمانی خۆیان. هەر ئاوا میتۆلۆژی ئادەم و حەوایان تەرجومە کرد بۆ هەزارەها زمانی جیهانیی و هەتا ئەمڕۆش بەردەوامن و زمانزانێکی زۆر ژیرن و زۆر زانیاری کە ئەمرۆ هەمانە لەسەر زمانی جیهانی بە هۆکاری ئەوانەوەیە، تەنانەت هەندێک لەو زمانانەی کە لەناویش چوون، دەبوا بۆ ئەمەش تەرجومەی وشەی خودا بکەن بۆ کەسانێک کە بۆچونی مەسیحییەتیان نەبوو بۆ ڕێلیجن و بۆ خوداش. بەتایبەتی ئەو پەیکەرانەی کە ناویان نان ؛ فێتیش، فێتیشۆ، دەبێتە وشەی ( فاکتیس، بە مانای درۆ، دروستکراو، ساختەکاری دێت)  کە لەبنەچەدا وشەیەکی پورتوگالییە و بەمانای خودای درۆ دێت. دەبێت بۆیان ڕونبکرێتەوە کە خودایەکی ڕاستەقیقنە و ڕیلیجنێک هەیە و کتێبێک هەیە بە ناوی بایبڵەوە و هەموو ئەمانە ڕون دەکاتەوە، باوەڕەکانی ئەوان خورافیاتن.  بۆ رونکردنەوەی هەموو ئەمانە پێویستیان بە وشە هەبوو، بۆیە دەبوا وشەی ڕێلیجن داتاشن لە زمانەکانی تردا، هەروەها وشەی خودا و فریشتە و شەیتانیش، هەمووو ئەمانە تەرجومە بکەن لە زمانێکدا کە بونیان نییە. بۆ نمونە لە شاری ئۆبێرڤیلیێ بەتەنیشت پاریسەوە، لەو خوێندنگایەی کە کاری تێدا دەکەم نزیکەی هەشتا زمانی تێدایە،  دەستمان کرد بە یاریکردن بە زمان، بەراوردکردنی زمان، ئەمەش یارییەکی ئاسانە کاتێک خۆت دەدۆزیتەوە لە نێو کۆمەلە کەسێکدا کە زمانی جیاواز دەزانن. لە نێو ئەو پرسیارانەی کە لەیکتریمان دەکردن، پرسیاری ئەوە بوو کە ئەوان چ وشەیەکیان هەیە بۆ خودا یان بۆ ڕیلیجن ؟ زۆر سەرمان سوڕما کە لای زۆرێک لە خوێندکاران ئەو وشەیەیان نەبوو، هەندێکیان دەیان ووت پرسیار لە باوک و دایکیان دەکەن هەتاوەکو بزانن، وشەیەکی تایبەتیان نەبوو. بۆیە لە زۆربەی زمانی جیهانیدا ناوێک نییە بۆ ڕیلیجن، زۆربەیان بەلادابردنی وشەی ڕێلیجنی لاتینین . بە ئەرمەنی، بە ڕوسی، لە هەموو جیهاندا لەبەر ئەوەی هەوڵیان داوە شتێک بدۆزنەوە نزیک لە وشەی رپلیگیۆی لاتینی بە واتای کۆنسێپتی مەسیحییەت، لەبەر ئەوەی وشەیەکی مەسیحییە ئەگەر نا بەمانای گوێپێدان، ویژدان، ورد بین دێت.  هەندێک جار میسیۆنەرەکان وشەیەکی تریان لە زمانەکانی تردا دەدۆزیوە نزیک لە وشەی ڕێلیجن و ئەو وشەیەیان وەردەگرتەوە و بە ئاراستەیەکی تردا دەیانبرد. 
بە تورکی بە فارسی و بە عارەبی و ... تاد، دەڵێین ؛ دین. دین لە عارەبییەوە هاتووە و لە ئەکادییەوە وەرگیراوە کە کۆنترین زمانی (ئەفرازیان )ی ناسراو و نوسراوەیە. ئەفرازیان خێزانێکی زمانە کە بریتییە لە عارەبی، عێبری، بەڕبەڕ و میسری کۆن.  3500 ساڵ پێش زایینی وشەی دین بونی هەبووە و بە مانای حوکمدان دێت و بەمانای ڕیلیجن نەهاتووە. ئەمڕۆ کە بە عەرەبی دەڵێین ؛ یوم الدین، بە مانای ڕۆژی داداگایی دێت، ڕۆژی قیامەت. کەواتە ئەوەی ئێمە ناومان نابوو ڕێلیجن لای ئەوان ڕۆژی دادگایی کۆتاییە. بۆیە ئەو چەمکە بە مانای ڕیلیجن نایەت. هەروەها بۆ  کۆ دەڵیین ؛ دیون، بەڵام لە قورئاندا بوونی نییە و ئەو چەمکەش زۆر پێش محەمەد بەکار هاتووە و لە ڕابوردودا ئەو وشەیە بە کۆ بەکارنەهاتووە و نەبووە، لەبەر ئەوەی ئاگاییان بەوە نەبووە کە دین وەک ڕێلیجن بتوانێت ببێتە بەها بۆ کۆمەڵگەی جیاواز و خودای جیاواز بە گوێرەی کۆمەڵگەکان.  نمونەیەکی تر؛ چەند ناوێکی جیاواز بۆ ئەڵا هەنە، کاتێک نەوەد و نۆ ناوی هەیە، یەکێک لەو ناوانەی ئەڵا  وشەی ؛ ( الدیان) ە، ئەگەر تەرجومەی الدیان بکەین بە مانای تۆڵەسێنەر دێت، بە مانای ئەو کەسەی کە حوکم دەدات و تۆڵە دەسێنێتەوە.

 کەی تۆڵە دەسێنێتەوە ؟

 یوم الدین، ڕۆژی دادگایی. دین یەکێکە لە ناوەکانی ئەڵا (خودا)، هەروەها وشەیەکی ئەکادییە لەبەر ئەوەی ئەکادی باوانی عارەبن، یەکێکە لە زمانە هەرەکۆنەکان و زمانی عارەبی یەکێکە لەو. لێڕەشدا دەزانین کاتێک خەڵکی وشەی الدین بەکار دەهێنن لە بری ڕێلیجنی لاتینی، جۆرێکە لە دستکاریکردن.  وادیارە شتێک ڕویداوە، ئەمەش ڕەوایە بۆ زۆر شوێن. بە زمانی چینی ناوێک هەیە بۆ ڕیلیجن، بە مۆندارین؛ بۆ وشەی ڕێلیجن دەڵیین ؛ توندیاو. بەڵام بە مانای چی دێت ؟  پێکهاتووە لە دوو بڕگە ؛ تون بەمانای شوینی کۆبونەوە دێت، ئەو شوێنەی تێیدا کۆدەبینەوە بۆ ڕێوڕەسمی خواوەند و فێربوون، بەڵام هیچ پەیوەندی بە چەمکی ڕیلیجنەوە نییە. واتە ئەوەی ئێمە ناومان ناوە ڕێلیجن بە مەفهومی مەسیحی بوونی نیە لە شوێنی تر، ئەفسانەیەکە پەیوەستە بە ئێمەوە، لەبەر ئەوەی کە ئێمە لە کولتووری مەسیحین، لەبەر ئەوەی زمانەکەمان میراتی وێرا ڕێلیجین ( دینی ڕاستەقینە)یە، بۆیە ئەم چەمکەمان گوێزایەوە بۆهەموو کەسێک و بۆ هەموو جیهان، ئەم چەمکەش زۆر دورە لە چەمکی بەستنەوە و یەکخستنی کۆمەڵگەکان پێکەوە،  چونکا تەنها بە گۆکردنی وشەی دینەکان( ڕێلیجنەکان) کێشە دەنێینەوە. ئەمە بە کورتی باس دەکەین چونکا ئەدەبێکی گەورە هەیە لەسەر ئەو پرسیارە، بۆمان دەردەکەوێت کە کۆنسێپتی ڕیلیجن تەنها لای ئێمە بوونی هەیە. دا‌هێنانێکی مەسیحییە زۆر سەرکەوتوو بووە بە هۆکاری باڵی فڕیوی خۆبەخشی مسیسیۆنەرەکانەوە، کاتێکیش باسی کێشەی ڕێلیجن دەکەین، ئیتنۆسەنتریزم  (نەژادپەرستی، کۆمەڵگەپەرستی) ییەکی  کاریگەر پراتیزە دەکەین بێ گومان.
 وەک چۆن میت دەبینینەوە لای ئەوانی تر، نەژادپەرستیش نابینینەوە لای خۆمان، هۆکاری ئەمانەیە کە ئێمە ناگەین بە گشتگیربوون. بۆیە هەوڵ دەدەین لەگەڵ هەندێک برادەردا بتوانین هەر لەسەرەتای خوێندنی سەرەتاییەوە ئەنترۆپۆلۆژی بخەینە پرۆگرامی خوێندنەوە، هەتا خوڵیکی ئەنترۆپۆلژی وەرگرن، بە مانا فراوانەکەی نەک بە مەبەستی ئەوەی کە ئەوان ببنە ئەنترۆپۆلۆگ. کاتێک ئێمە لە خوێندنگا فێری ژمارەیان دەکەین بۆ ئەوە نییە کە  بیانکەین بە پسپۆڕی ماتماتیک. چونکا گرنگە، بۆ ئەوەی کە بتوانین لە کولتووری خۆمان بچینە دەرەوە هەتاوەکو بە شیوەیەکی تر و بە چاوێکی تر سەیری کولتووری خۆمان بکەین. ئەمڕۆ وەک جاران نییە کە دەبوا بڕۆشتینایە بۆ ئەو پەڕی جیهان و سەفەرمان بکردایە بۆ ئەوەی کولتتورێکی تر بناسین، بەتەنیشتمانەوە کەسانێک دەبینین بە تەواوی جیاواز لە ئێمە بیردەکەنەوە بۆیە گرنگە ئێمە ڕەفتارێکی ئەنترۆپۆلژیمان هەبێت،  بۆ ئەوەی باشتر خۆمان بناسین پێویستە سەیری کولتووری ئەوانی تر بکەین. جگە لە کولتووری ئێمە کۆنسێپتی رێلیجن وەک ئەوەی ئێمە بوونی نییە، هەموو کۆمەڵگەیەک دینێکیان هەیە.
لە ڕیلیجندا چیرۆک هەیە، ئیدی باوەڕمان پێی بێت یان نە، ئەو چیرۆکانەش باسی شتی گرنگ دەکەن لە ژیاندا، باسی مرۆڤایەتی و سەرچاوەی ژیان و بوون وقەدەر دەکەن. ئەمانە چیرۆکن بەڵام لە نێوان خۆیاندا یەکتری ناگرنەوە، ناتەبان، کاتێک پرسیاریان لێ دەکەین مرۆڤایەتی لە کوێوە هاتووە، ئەوان دەڵین هەر ئاوا هاتووە، ئەڵێن خودا یەکەم مرۆڤی دروستکردووە، یان دوو خواوەند، یان دوو رۆح...تاد، وەک چۆن لە ژاپۆن ملوێنەها خواوەندیان هەیە. ئەگەر بچینە ناو ئەوەی من باوەرم پێیەتی یان نە ! بەڵام هەموو ئەم چیرۆکانە یەکتری ناگرنەوە، ئەگەر ئەوەی خۆمان بە ڕاست و ڕەوان بزانین و ئەوانی تر بە میت ئەوا ناگەین بە هیچ و دەبێت بە شەڕ و ناکۆکی. کاتێک باسی گەڵایەک دەکەین چۆنە و چۆن دەڕوێت، گرنگ نییە بەڵام کاتێک باسی خودا و دین دەکەین ئەوا شتێکی تایبەتە و خەڵکی نایانەوێت ڕایان بگۆڕن و ئارەزوشیان نییە هی ئەوی دراوسێکەیان وەرگرن، حەزناکەن پێیان بڵێین کە چیرۆکەکەی ئەوان بەڕاستی هچ و پوچە، کەواتە چی بکەین ؟ بە ڕای من دەبێت بە هەند وەری نەگرین، بۆ ئەوەی بتوانین قسە بکەین پێکەوە با گوێ بە هیچ نەدەین، با ئەو پرسیارە بخەینە لاوە کە ئێمە باوەڕمان پێیەتی یان نە، با پرسیار بکەین چیرۆکەکان چیمان پێ دەڵێن بە ڕاستی، دەبێت لەو ڕوەوە سەیری بکەین.

کۆتایی


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە