مانەوە

Saturday, 04/02/2023, 22:34

4144 بینراوە


(نامەی ئیسلامییەکی داواکاری پەناهەندەیی لە بەریتانیا.....)

"بەڕێوەبەرایەتی کاروباری بێگانەکان "ی بەڕێز... home office 
ئەم نامەیەتان بۆ ئەنێرم و تکاتان لێ ئەکەم ، تکای موسڵمانێکی لێ قەوماوی ماڵ تیا چوو ، من بە هەزاران دۆلارم سەرف کردوە تا گەشتومەتە ئێرە ، گەر بمنێرنەوە ووڵاتەکەی خۆم لە خەفەت و بێ پاشەڕۆژیا ئەمرم ، تکایە با ئێوەی ووڵاتی "عیلمانی-کافر" موسڵمانێکی وەک بەندە لە خۆ بگرن چونکە بە هەزاران کێلۆ مەترم بڕیوە و هەزاران جار حەمد و سەنای خوای تەعالا کردوە کە پشت و پەنای ئەو گەشتومەتە ئێرە ، ئەم ووڵاتەی ئێوە کلیلی بەختەوەرییە بۆ من و بۆ  بەهەزاران موسڵمانی تر کە بە ناچاری و لە نەبوونیا ووڵاتەکەی خۆمان جێهێشتوە و چاومان لە ڕەحمەت و میهرەبانی ئێوەی عیلمانی-کافرە کە قبوڵمان بکەن وەک پەناهەندەیەک لە مەملەکەتی شاژن نشین بژین....
تکاتان لێ ئەکەم، لە نەهامەتی ووڵاتەکەی خۆم ڕزگارم کەن و جێم کەنەوە...ئەمەوێ لە خێر و بەرەکەتی ووڵاتەکەتان بخۆم ، حەبی گەج" ی ووڵاتەکەی خۆم هەراسانی کردووم با  لە خەستەخانەکانتا چارەسەر وەرگرم ، لە جیاتی"میزی حوشتر" دەرمانی پزیشکیی عیملانی- کافر دەردم تیمار کات ، سەرەڕای ئەوەی موسڵمانم ئەمەوێ لە سایەی خێر و بێری عیلمانیە کافرەکان بحەسێمەوە ، ئەمەوێ لە پارەی باجی مەشروب و کەباریا و مەلها و قومارخانەکانتان مزوگەوتێ دروست کەم بۆ ستایشی خوای تەعالا کە منی گەیانە ئێرە ، لە هەمان کاتا دوعا بکەم ماڵ وێران و بەهەلاکەت چن چونکە دوا جار ئێوە مولحید و کافرن..استغفر اللە......موسڵمانی ڕاستەقینە لە هەر شوێنێ بێ نابێ ئەرکەکانی خۆی لە بیر بچێ کە گرنگترینیان دژایەتی عیلمانییەتە..، 
تکاتان لێ ئەکەم کە دڵ ڕەق نەبن بەرامبەرم ، با لە ووڵاتەکەتانا بمێنمەوە ، ئەزانم ئێوە بەراز خۆرن بەڵام من خۆم نایخۆم ، ئەزانم لای ئێوە "هۆمۆ" ئاساییە بەڵام بۆ مانەوەم چاوپۆشی لێ ئەکەم ، بۆ ئەوەی توڕە نەبن بەلای باسی "جێندەر" هەر ناچم و خۆم لە لێپرسینەوەی یاسایی بە دوور ئەگرم ، ئێوە ئافرەتان کردوە بە کەڵەگا بەسەر پیاوەوە ، بێ دەنگ ئەبم و پێویست کا ئەڵێم" ئافرەت نیوەی کۆمەڵگایە" گەر حەز ئەکەن سێ روبعێتی ، ئەزانم کە لێرە بمێنمەوە بۆم نیە دوو ژنم هەبێ ، بۆشم نیە مناڵەکانم حەسیر مەیان کەم ناشتوانم بە زۆر کچەکەم موحەجەبە پۆش کەم ، خۆ تەقیننەوە هەر زۆر قورسە ، هەموو ئەوانەم قبوڵە ، گەرچی لە ناخما شتێکی ترە و لە مناڵییەوە لەسەرییان ڕا هاتووم ، با لە پاداشتی ئەو قبوڵ کردنە لە ووڵاتەکەتانا بمێنمەوە ، منی موسڵمان لەم ووڵاتە عیلمانی - کافرە گوێ ڕایەڵی هەموو شتێکتانم ، بەس قبوڵم کەن ، پەنام بۆ هێناوون ،
ڕاستە لە دینەکەی ئێمەیا نووسراوە بە شمشێر سەرتان بپەڕێنین و تەفر و توناتان کەین ،بەڵام لەکاتی پێویست و تەنگانەیشا ووتراوە "لکم دینکم و لنا دیننا" ئێوە دینی خۆتان هەیە و ئێمەش هی خۆمان، بۆیە مەرجەکانتان قبوڵ ئەکەم بۆ: مانەوە...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە