بێ سەرو شوێنکردنی سابیر عەلکە لە لایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستان- جەلالی

Monday, 06/02/2023, 12:06

3584 بینراوە


یەکێتی نیستمانی کوردستان (جەلالییەکان) موعەسکەری هەولێریان کردبوو بە قەسابخانە و گۆڕستانی گۆڕی غەریبان.


لە دوای ڕاپەرین ساڵی ١٩٩١و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاتی باڵادەستبوونی یەکێتی لە شاری هەولێر، معەسکەریان کردبوو بە قەسابخانە و گۆڕستانێکی بێ ناو نیشان، هەر کەسێک نەیاریان بوا دەیانبرد لەوێ گوللەباران و شوێن بزریان دەکرد، لەم معەسکەرەدا مەرکەز تەدریبێک هەبوو یەکێتی دەستی بەسەردا گرتبوو، بەشیکی کردبوو بە زیندان، بەشێکی تریشی کردبوو بە سەربازگەی چەکدارەکانی. ئەو مەرکەز تەدریبە ڕێک لە سەر شەقامی شارۆچکەی عەنکاوە، بەرامبەر مەکتەب سیاسی جەلالیان کەمێک سەروتر. مەکتەب سیاسی پێک هاتبوو لە چەندین بینایە، دیوارێکی بەرزی هەبوو، یەکێتی کردبوویان بە:
١-  ئیدارەی مەکتەب سیاسی، کۆسرەت رەسوڵ و ئەندامانی تری سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی کارو باری یەکێتیان رایی دەکرد.
٢- مەکتەبی ڕێکخستن.
٣- زیندانێکی تایبەت.
٤- دەزگەی زانیاری. 
٥- کۆمیتەی تایبەتی مەکتەب سیاسی.
٦- مەکتەبی پەیوەندییەکان.
٧- دارایی..... هتد 

سابیر عەلی ئیبراهیم ناسراو بە سابیر عەلکە:

لە ساڵی ١٩٢٧ لە گوندی دووشیوانی مەنتک لە دایک بووە ( گوندی دووشیوانی مەنتک دەکەوێتە بناری چیای دێدەوان، سەر بەناحییەی قوشتەپەی- شاری هەولێرە)، لە بنەماڵەیەکی هەژارو ڕەنجبەرو کورد پەروەر پەروەردەبووە. ساڵی ١٩٦٢ شەھید سابیر عەلکە و شەھید قادر عەلکەی برای چەکی  بەرگری شەرەف و پێشمەرگایەتی دەکەنە شان لە سنوری دەشتی ھەولێر. 
 سابیر بەردەەوام دەبێت لە خەبات تا ئاشبەتاڵەکەی ساڵی ساڵی ١٩٧٥ . لە سالی ١٩٧٦ لەلایەن دائیرەی ئەمنی ھەولێر دەستگیر دەکرێت و زیندانی دەکرێت، دوای ئازادبوونی لەگەل برایەکی بە نێوی ڕەشید عەلکە پەیوەندی بە  پارتیەوە دەکەن، سابیر عەلکە لە سالی ١٩٧٩ دووبارە لە لایەن رژێمی بەعس دەستگیر دەکرێت و زیندانی دەکریت، تا راپەرینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١.  سابیر عەلکە لەگەل رەشید برای و سێ لە کورەکانی بەناوەکانی قەھار و ئازاد و سەرکار و پۆلێک لە خزمانی بنەماڵەکەی بەشداری لە راپەرینەکەی بەهاری ساڵی ١٩٩١ دەکەن، ڕۆڵی ئازایانە و بەرچاویان دەبێت لە ئازادکردنی شاری ھەولێر و کەرکووک. دوای ڕاپەڕین بەخۆی و برا و کورەکانی و خزمانی بەردەوام دەبن لە پێشمەرگایەتی. دیارە سابیر کەسێکی لێهاتوو بەتوانا و ناسراو بووە، دەکرێتە فەرماندەی بەتالیۆنێ ھێزی ٢٣ ی دێدەوان براکەشی رەشید دەبێتە جێگر بەتالیۆن  تاوەکو ساڵی ١٩٩٤.

هەڵگیرسانی شەڕی کورد کوژی مەلایی و جەلالی  سەنگەر گۆڕین و پلانی دەستگیرکردن:


ڕۆژی دەستگیرکردن ٢٤-١٢-١٩٩٤

بە فەرمانی راستەخۆی کۆسرەت رەسول عەلی و ئاگاداری جەلال تاڵەبانی بەشێک لە سەرکردایەتی و فەرماندەی عەسکەری یەکێتی پلان بۆ دەستگیر کردنی سابیر عەلکە دادەرێژن ،  دیارە قسە لەگەڵ چەند کەسێک دەکەن لەنێو ڕیزەکانی پارتی وەک (ح، س وخ، ج)، بەلێنی بەرپرسیارەتی وتەماعی باشیان پێدەدەن بۆ ئەم کارە ڕایان دەسپێرن، لە بەیانی ٢٤/١٢/١٩٩٤ برایەکی سابیر عەلکە بە ناوی رەشید عەلکە  بریندار دەبی ، دیارە  سابیر عەلکە  و چەند کەسێک لەگەلی سەردانی دەکەن لە نەخۆشخانە (ڕەشید بەم برینەوە شەهید دەبێت)، لە کاتی گەرانەوەیان لە نەخۆشخانەی ھەولێر دەکەونە ناو ئەو هێزە چەکدارەی کە بڕیاری سەنگەر گۆڕینیان داوە  لە پارتی بۆ یەکێتی، خیانەتیان لە  هاوەسەنگەرەکانی خۆیان کرد، لەوکاتە سابیر عەلکە بە خۆیی دوو لە کورەکانی بە ناوەکانی قەھار و سەرکارو چەند خزمێکی بە ناوەکانی نەجمەدین  و سید فاخیر و زێبار دەستگیر دەکرێن و راستەوخۆ سابیر عەلکە  لە کور و خزمەکانی جودا دەکرێتەوە دەیبەن  بۆ ماڵی کۆسرەت رەسول لە ھەولێر و کورەکانی و خزمەکانیشی دەبەن بۆ زیندانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە ھەولێر. دوای دەستگیرکردنیان ھێزێک دەنێرنە سەر ماڵی سابیر عەلکە و تەواوی موڵک و ماڵیان تالان دەکەن و دەست بە سەر تەواوی ئوتومبێل و پارە و خانو و مەڕو ماڵاتیان دادەگرن. سابیر عەلکەش شوێن بزر دەکرێت و تاوەکو ئێستاش سەرانی یەکێتی گۆری سابیر عەلکەیان ئاشکرا نەکردووە، چەندین هەولیش دراوە بەڵام بێ سوود بووە، ھەردوو کوڕو خزمەکانیشی لە زیندان دەبن، بە زەحمەتیەکی زۆر قەھار سابیر عەلکە بە گۆرینەوە ئازاد دەکرێت  دوای ئازاد کردنی راستەخو دەچێتەوە کەسنەزان و ھێزێک لە خزم و کەسە نزیکەکانی خۆی دروست دەکات  دەبێتە چەکداری پارتیی و لە کاتی دەرکردنی یەکێتیی لە هەولێر ئەمانیش هاوبەشی تێدا دەکەن. کورەکەی تریشی لەگەل خزمەکانی لە زیندانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەمێننەوە بۆ ماوەی  دوو ساڵ تاوەکو یەکێتی لە هەولێر نامێنێت لە ٣١ ی ئابی  ساڵی ١٩٩٦ ، لەگەل ئەوەشدا یەکێتی هەوڵی کوشتنیان دەدات بواری ئەوەیان نامێنێت،  دواجار بە برینداری لە ناو مەکتەبی سیاسی رزگار دەکرێن، سەرانی یەکێتی زۆر پەشیمان بوون لەوەی کە قەهاریان ئازاد کردوو لەدەستیان چوو .
دوای هاتنی پارتی بۆ شاری ھەولێر قەھار سابیر عەلکەو ئازاد سابیر عەلکەو سەرکار سابیر عەلکە بەردەوام دەبن لە  هەڵگرتنی چەک بۆ پارتیی و لە سوپای دوو ئەرک و لێپرسراوەتی  وەردەگرن و بەشداری زوربەی شەڕەکان دەکەن،  قەھار سابیر عەلکە دەبێە حەرەکاتی لیوای ٢٧ دواتریش لە سالی ١٩٩٧ دەکرێت بە ئامر لیوای ٢٧ لە سوپا. جگە لەوەش چەندین شەھیدی تریان لە بنەماڵەکەیان داوە:
١ - شەھید عوسمان مستەفا
٢ - شەھید سامان عوسمان
٣ - شەھید ھەژار عمر.
لە ساڵی ٢٠٠٤ لە کاتی تەشکیلاتی فەرماندەی ھەولێر قەھار سابیر عەلکە دەبێت بە جێگری فەرماندەی ھەولێر و سەرکاری براشی دەبێت بە ئەندامی بەشی ھەواڵگری لە فەرماندەی ھەولێر، تاوەکو ساڵی ٢٠١٤ و ھاتنی داعش بۆ سنورەکانی ھەرێمی کوردستان و قەھار سابیر عەلکە بە خۆی و کورەکانی دەچێتە سنوری مەخمور و بەشداری لە شەڕەکانی ئەو سنورە دەکا و سەرکاری براشی دەچێتە سنوری میحوەری کرکوک بەشداری لە ئازاد کردنەوەی مخمور و گوندەکانی دەورو بەری دەکەن و لەبەرئازایەتی و لێھاتویی قەھار دەکرێت بە جێگری فەرماندەی ھەولێر و سەرکاریش دەبیت بە فەرماندەی فەوج لە سنوری رۆژئاوای کرکوک و لە کاتی شەری داعش کورێکی قەھار لە سنوری مخمور دووجار بریندار دەبێت .

شەهیدانی بنەماڵەی شەھید سابیر عەلکە: 

لە بنەماڵەیەکی نیشتیمان پەرەوەرو کوردپەروەر بوون، شەهید و قوربانی زۆریان داوە، ساڵی ١٩٦٢ شەھید سابیر عەلکە و شەھید قادر عەلکەی برای چەکی  بەرگری شەرەف و پێشمەرگایەتی دەکەنە شان لە سنوری دەشتی ھەولێر.

١ - شەهید قادر عەلکە:

لەساڵی ١٩٤١ لە گوندی دووشیوان لەدایک بووە، لاوێکی ئازاو چاڵاک و لێهاتوو بووە، لە ساڵی ١٩٦٢  لەگە شەهید سابیر عەلکەی برای دەبنە پێشمەرگە لە سنووری دەشتی هەولێر، لەساڵی ١٩٦٩ لە گوندەکەی خۆیان، لە شەڕێکدا لەگەل سوپای فاشی و دڕندەی عێراق. لەسەر گردێک لەپشتی گوند تەقە لەتەیارە دەکات( ئەوگردەی ئێستا ماڵی جەوهەر کەربۆزی لێیە) بەناپاڵمی تەیارە شەهید دەبێت.

٢ –  شەهید ڕەشید عەلکە:

لەساڵی ١٩٥٢ لە گوندی دووشیوان لە دایک بووە، لەساڵی ١٩٧٠ دەبێتە پێشمەرگە لە هێزی دەشتی هەولێر هەتا ئاشبەتاڵ لەساڵی ١٩٧٥. دوای شکست دەگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی خۆیان لەوێ ژیان و کەسابەت دەکات، بەهۆی کۆچی گوندنشینان بۆ نێو شار، ئەویش دەچێتە شاری هەولێر ولەوێ ژیان دەکات. لەساڵی ١٩٩١ دەبێتە پێشمەرگە لە بەتالیۆنی ٢٣ی هێزی دێدەوان، بەهۆی لێهاتووی دەکرێت بە جێگری بەتالیۆن، بە شداری لە ئازادکردنی شاری هەولێرو کەرکووکدا کردووە لە راپەڕینی مارسی ١٩٩١. کاتی هەڵگیرسانی شەڕی مەلایی و جەلالی لەساڵی ١٩٩٤، لە ڕێککەوتی ( ٢٤-١٢- ١٩٩٤) لە نێو شاری هەولێر شەهید دەبێت.

٣ - شەهید ئازاد سابیر عەلکە:

لەساڵی ١٩٧٢ لە گوندی دووشیوان لەدایک بووە، قۆناغی سەرەتایی خوێندنی تەواوکردووە، بە هۆی بارو دۆخی سیاسی و بەشداری شۆڕس و ژیانی پێشمەرگایەتی خێزانەکەیان ناتوانێت بەردەوامی بە خوێندن بدات. لەساڵی ١٩٩١ دەبێتە چەکداری پارتی، لەگەل ئەندامانی بنەماڵەکەیان دەوری کارایان دەبێت لە ڕاپەڕینی ئازرای ساڵی ١٩٩١ و ئازادکردنی شاری هەولێرو کەرکووک. لەساڵی ١٩٩٤ بە هۆی ئازایی ولێهاتووی دەکرێتە سەرپەل و دواتر پلەکەی بەرز دەکرێتەوەو دەکرێت بە سەر لق لە سوپای دووی (پ.د.ک). دواجار دەکرێت یاریدەدەری فەوج، تا فەرماندەی فەوج. شەهید بەشداری لەزۆر لەداستان وشەڕەکانی  پاراستنی کوردستان کردووە. دوو جار بە سەختی برینداربووە لەساڵی ١٩٩٥ شەڕی کەسنەزان، لە ڕێککەوتی ( ١٣-١٠- ١٩٩٧) لە شەقڵاوە لە دۆڵی ئاقووبان. بەشداری لە پرۆسەی ئازادکردنی عێراقدا کردووە لە ئازادکردنی شارۆچکەی  دیبەگەو دووبزو پردێ. دواجار لە ڕێککەوتی (١٢-٤-٢٠٠٣) لە کاتی ئازاد کردنی گوندەکانی سنوری قەزای حەویجە سەر بەشاری کەرکووک لەگەل پۆلێک پێشمەرگە شەهید دەبێت و دەچێتە ڕیزی کاروانی نەمران، شەهید ئازاد دەبێتە چوارەم شەهیدی خێزانەکەیان شەهیدان: قادر عەلکە- مامی، سابیر عەلکە- باوکی، ڕەشید عەلکە- مامی.  

کتێبی شۆڕش و تاوان. نووسینی یووسف مەنتک. بیرەوەرینامە، ، ئەم دەفتەرە زیاتر لە دووسەد تاوانی کوشتنی هاوڵاتی بێ تاوان و پێشمەرگە لە خۆ دەگرێت، لەلایەن  یەکێتی نیشتمانی کوردستان گوڵلەبارانکراون.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە