بەهۆی داخستنی یانە شەوانەکانەوە (ئەفسەر و گەوادەکە)

Monday, 06/02/2023, 10:46

3622 بینراوە


پێشتر ئەم چیرۆکەی خۆمم پۆست کردوە، بەهۆی داخستنی یانە شەوانەکانەوە بۆتان دادەنێمەوە.
(ئەفسەر و گەوادەکە)
 پۆلیسەکە هاتە ژوورەوە ، سڵاوی کرد لە جەنابی ئەفسەر
گەورەم کابرامان هێناوە
- کام کابرا؟ 
- قوربان ئەوەی گازینۆ بێ مۆڵەتەکەی هەیە
- بڵێ گەوادی مەلهاکە.
پۆلیسەکە بزەیەکی کرد
- بیهێنە ژورەوە
پۆلیسەکە پیاوێکی هێنایە ژورەوە
پیاوێکی قۆزی چوارشانە و کەڵەگەت،سەرو ڕیشێکی ماشوبرنجی ،قاتێک چاکەت و پانتۆڵی خۆڵەمێشی ئتوکراو ، کراسێکی سپی، بۆینباخێکی جەرگی،  ژوورەکەی پڕکرد لە بۆنی خۆش، لەدووری چەند هەنگاوێک لەمێزەکەوە وەستاندی و خۆی چوە دەرەوە و درگاکەی داخست.
ئەفسەرەکە پیاوێکی قۆشمە و سوعبەت چی بوو بەکابرای ووت :هەتیو خەریک بوو لەبەرت هەستم.
ئەزانی جگە لەم ژورە،لەهەر جێیەکی تر بمبینیتایە بە پەرلەمانتار و ئەندام مەڵبەند و لق و ناوچەو جڤات و شتی وام دەزانیت
- گەورەم بەچی بانگم دەکەیت و بەچیم دەزانی قەینا بەس تخوا بەوانە نا.
- ئێێێ   نا نا جوانە جوانە.
هەتیو خوا ڕەحمی پێکردوی چارەیانم ناوێت ئەگینا ئێستا یەک شەقم هەڵەیا لەدەمت
- قوربان منیش نەمزانیایە بیرکردنەوەتان چۆنە زاتی ئەوەم نەدەکرد
ئەفسەرەکە زانی خۆی ئەو ناناسێت بەس ئەو ئەم چاک ئەناسێت.
- ژنت هێناوە؟
- نەخێر.
- ئەی مناڵ؟
- ئەوەیان خوا ئەزانێت
- مۆڵەتی ئەو مەلهایەت هەیە؟
- قوربان گازینۆکە بەڵێ
- دڵنیایت؟
- قوربان پۆلیسەکان ئەگەر بیانگوتایە مەسەلەکە مۆڵەتە دەمهێنا ، تەنانەت نامەی حاکمیشیان پیشان نەدام
- ئەی مۆڵەتی قەحبەکان؟
- گەورەم ئەوانە قوربانی دەستاڕی ژیان و شەڕو ماڵوێرانین.
پاشان ئەگەر ڕێگام بدەی هۆکاری گرتنەکەمت بۆ ڕوون دەکەمەوە 
- ئادەی
- گەورەم لەم ئێوارانەی هەفتەی پێشودا چەند چەکدارێک هاتن وتیان ئاهەنگێکمان هەیە و هاتوین بۆ بەکرێگرتنی چەند خاتونێک بۆ خزمەتکردن
 من دەمزانی پاسەوانی چەند کەسایەتیەکی درۆزن و ساختەچین.
ئەوان داوای باڵابەرز وقژ خاو و سوروسپی و خرپن و قن خڕیان کردبوو.
من ڕێک بەپێچەوانەوە، کورت و چاو وورد و خێل و بۆر و لاوازم بۆ ناردن.هەرچەند بەکەسایەتی لەوان جوانتر بوون.
- ئای دەەستیان بەگونت،ئەمە بۆ؟؟
- گەورەم ویستم پێیان بڵێم ، ئەها چەند ناخۆشە ئەوەی بەهیوا بوون پێتان بگات پێچەوانەکەیتان بینی،خەڵکیش چاوەڕێی ئەمەی نەدەکرد لە ئێوە.
ئەفسەرەکە قاقایەکی لێیا ،جوانە ، بیستبوم لەسیاسەتا گەوادی دەکرێ، بەس نەمبیستبوو لەگەوادیشا سیاسەت بەکاردەهێنرێت
- قوربان لەمەوە لێم کەوتون بەقینا.
 ئەفسەرەکە  هەستا کەوتە هاتو چۆ بەژورەکەو چواردەوری کابرادا 
بەڕاست لای ئێوەش بازاڕی ئازادە مەبەستم یاری بەسیعر ناکەن ، مەسەلەن نەوت بەرز و نزم کات یان کاتی عارفە و حدود گیران ئێوەش هەڵیناسێنن(بەهێواشی دەمی نا بەگوێیەوە ووتی) نرخەکانتان ؟ یەعنی هەر ئەو بیرەیەی لەگازینۆکە دەیدەی بە دوو سێ  هەزار ، هەمان ئەو بیرەیە نیە کە لەهەمان گازینۆو لەهەمان شەودا دەیدەی بە سەد دۆلار؟
- گەورەم ئەوە جیاوازی خزمەتەکەیە ، دوو سێ  هەزاریەکە کابرا خۆی وەری دەگرێت،یان دەیبات یان بەسەر پێوە دەیخواتەوەو دەڕوات،ئەمما سەد دۆلاریەکە خانمێک بە تیشێرتێکی تەنک و ناسکی یەخە حەوتیەوە لەگۆشەیەکی تاریکا لەسەر مێزێک بۆی دادەنێت، تێر نیگای سنگو مەمکی ئەکات، هەندێک جاریش کە دەڕوات دەستێک دەهێنێت بەلاشیپانی قنیا ، بەدەردی مامۆستا فەرموی سەرئەکێشێ بۆ شتی تریش 
ئەفسەر بە پێکەنینەوە 
جەنابت چەندت لەژێر دەستایە
- قوربان بەکۆی گشتی یان هەر لەم شارە
- بۆ قوڕمساغ جوملەچیشی؟من تا ئێستا هەر حکومەتی بنکەفراوانم بیستبوو ، مەلهای بنکەفراوانیش هەیە؟
- گەورەم من کەسێکی ناسراوم بە بەڕێوەبەرێکی دەستپاک و بەویژدان و یەکسان ،ئەوانەی دێنە پیشەکەوە ، تا من وەستابم پەیوەندی ناکەن بەکەسی ترەوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سەدان کەس کارم لادەکەن تائێستا نەک پارەی کەسم نەخواردوە ، یەک ڕۆژ موچەشم دوانەخستوە.
ئەفسەر بێ دەنگ بوو، لەدڵی خۆیدا وتی بەناموسم خوا دایناوی بۆ بەڕێوەبەری ئەم هەرێمە.
یەعنی چی دەستپاک و دڵسۆز لە کارەکەتا؟
- گەورەم فێڵ لەهاوڕێ و مشتەری ڕاستگۆ ناکەم
- فێڵ وەکو  چی؟
- بۆ نمونە داوای چاوشین بکەن من چاوڕەش  نانێرم عەدەسەی شینی دانابێت ، بەمە دەگوترێت  ڕاستگۆیی.
- وەڵاهی بەداخەوە ،ئەزانی خەریکە ڕووم نایە ووشەی گەوواد بەکار بێنم، باشە کابرا ئیش نەمابوو بیکەیت ئەمە نەبێت؟
- گەورەم لەدنیادا زۆرجار ئیشی مرۆڤەکان بۆماوەییە، بەتایبەتی ئەو ئیش و سەنعاتانەی کە خێری زۆەرە
- خێری ئیمان؟
- نەخێر گەورەم خێری گیرفان
- بۆماوەیی ! یەعنی باوکیشت ئەمە ئیشی بوو؟
- قوربان باپیرەشم
- گیان گیان باوکی باوکم.
- گەورەم ئیتر بەشی من ئەمەیە و گلەییش لە بەختی خۆم ناکەم ئەگەر سکرتێری حیزبێکێش بوایە، ئێستا من کەرێکیش بومایە دەبوو دیسان میراتگر بم.
گەورەم باپیرەم لەباوکمەوە لەدەوروبەری موسڵ ئەمە ئیشی بوو ،ئافرەتی دەدا بەکرێ
- هەتیو   شاڵڵا پاسکیلی بایە  بەکرێ
- گەورەم  بڕوا بکە جیاوازیەکی وای نیە ،چونکە ئەو بەستەزمانەی کە دەچێتە ژێرەوە چاوڕێی ئەوەیە زوو پایدەر لێیان تەواو بێت و ئەمیش بێتە دەرێ، ئەوە هەر پاسکیلسوارەکەیە دەچێتە هەوای خۆی
- ئێ
- خاڵم و باوکیشی کە ئەکاتە باپیرم خەریکی حیزبایەتی و سیاسەت بوون  لەدەرەوە، منیش تازە پێدەگەشتم، دەبوو ڕێیەکیان هەڵبژێرم ،
- تۆش یەکسەر تیت تەقان بۆ موسڵ.
- نەخێر گەورەم بەهۆی بەدناوی باوکم و باپیرەم لەشار  و جوانی ناوی خاڵم و باپیرەم لەشاخ ، چومە لای خاڵم بۆ دەرەوە.
- وتت بزانم دەنگی دەهۆڵەکە لەنزیکیشەوە وا خۆشە!
- هەر ڕێک وابوو ، گەورەم باپیرەم بەڕەحمەت بێت دەیگووت کە دەچیتە نزیک دەهۆڵەکە ، دەڵێیت ئەم سەگبابە چۆن ماوە، ئەمە کەی ئیش و سەنعاتە!
- لەوانەیە باپیرت حەزی کردبێت خۆی فەرعێکی لەئیشەکەی خۆی بۆ دابنێت.ئێ چویتە دەرەوە.
- گەنجێکی کورد پەروەری جوان بووم تازە مووم لێهاتبوو.
- بەم شکڵەی ئێستات بێت بەیەک باوەشێن ئەبرژایت و بەلێو ئەخورایت !
- گەورەم وەک ئەو گوێرەکەیەم لێ هات کە دەیەوێ لەچەمەکە بپەڕێتەوە و کۆمەڵێک تیمساح لە ئاوەکەوە دەکشێن بۆی ، کۆمەڵێک کەمتیاریش لەکەناری ڕوبارەکە وەستاون بۆی
- نەڵێی بەسەلامەتیش پەڕیمەوە؟
- ببڕای ببڕای توخنی ئەو چەمەش نەکەوتمەوە
 هاتمەوە و دوای ئەم پیشەیە کەوتم
ئیتر تیا قاڵ بومەوە،تا بووم بەکەسێکی سەرکەوتو لەبوارەکەیا.
- وەڵا بەخێر بێیتەوە ، ئەڵێم باشە بەڕاست مادام وایە ئەوە بۆ حیزبێک دانامەزرێنی؟
- گەورەم تۆ ڕائەبوێری بەڵام من بەڕاستیمە ، کۆمەڵێک هاوڕێ و هاوپیشەی ژن و پیاوم هەیە ئەگەر ببینە کوتلەیەکی پەرلەمان و قۆنتەراتی ئەم جارەی حکومەتمان بدەنێ باوەڕ بکە ئەیکەینە ماستی مەییو
ئەفسەرەکە قاقایەکی لێیا ،تۆش ببە بە سەرۆکی پەرلەمان ،
- قوربان وەرە بابێینە سەر ئەمری واقیع، چەند ساڵە نوێنەرانی گەل بریتین لە دکتۆر و ئەندازیار و مامۆستای زانکۆ و حاکم و شێخ و مەلا و سۆفی و هونەرمەند و گۆرانی بێژ و پێشکەشکاری تەلەفزیۆن و شتی تر
ئێ ئەگەر چەند دانەیەکی باشیشیان هەبوبێت لەو چەند دڵۆپە ئاوە ڕوونە چووە کە دەکەونە قوڕاوێکەوە، قەیچێکە باگسکێکیان لێبدرێ و بگۆڕرێ بەم چینەی ئێمە.
گەورەم ئەگەر بشیکەین  لەبەر دڵی خەڵک ئەیکەین ، دەنا گازینۆی خۆمان شەریفترە لە دوکانی حیزب، لای ئێمە ئیشەکە بەڕەزامەندنی کڕیار و فرۆشیارە و دزیکردنی تیا نیە.
ئەفسەرەکە بەدەم پشتمل خوراننەوە ،بەڕاست ئەگەر ببی بەسەرۆکی پەرلەمان یەکەم ئیشت بۆ مووچەکاتان نابێت؟
- بڕوا بکە گەورەم جارێ یەکەم بڕیارم ئەوە ئەبێت کە هیچ پەرلەمانتارێکی پێشوو لەدادگا بەشایەت وەرنەگیرێن.
- ئەمەیان بۆ؟
- گەورەم ئاخر ئەوان دەمێکە قورعانی درۆیان خواردوە
جائیتر نازانم ئەگەر ئەوەی لەپەرلەمان سوێندی پێ ئەخورێت قتوی نوقڵ و چکلێت بێت، ئەوەیان نازانم.
گەورەم شتێکی تری گرنگیش هەیە ، هەر هیچ نەبێت من مناڵم نیە ،حیزب و کۆمپانیاو زەوی و زاریان بو جێبێڵم.
ئەفسەرەکە لە دڵی خۆیدا چەپڵەیەکی بۆ تۆمەتبارەکە لێداو، حەزی دەکرد نیشانەیەکی ئازایەتی بهێنێت بیدات لە یەخەی و هەموو بەڕێوەبەرایەتیەکە دەست لەسەر سنگ بۆی بوەستن تا دەچێتە دەرەوە ، چوەبەردەمی و بەهێواشی ووتی،کەس هەیە کەفالەتت بکات؟
- گەورەم پۆلیسەکان مۆبایلەکەیان لێسەندم ئەگەر بمدەنەوە ، هەوڵێک دەدەم.
گەورەم بەهۆی کارەکەمەوە لایەک لەسەران و پیاوەماقوڵ و دەمڕاست و چاوساغی  ئەم هەرێمە دەمناسن ،زوربەیان تەنها بەدەنگ و تێکستی مۆبایل بەیەک ئاشناین وهەرگیز یەکترمان نەبینیوە.
ئەفسەر داوای کرد مۆبایلەکەی بۆ بێننەوە .
مۆبایلەکە هات و پەیامێکی کورتی نوسی و بە جوملە ناردی بۆ ژمارەی هەموو موشتەریەکان .
 یەکەم زەنگی پەیام لە مۆبایلی ئەفسەرەکەوە هات.
تۆمەتبار هەر لەسەرتاوە دڵنیابوو لەوەی جەنابی ئەفسەر یەکێکە لە مشتەریە باشەکانی.
جەنابی ئەفسەریش بەزەنگی مۆبایلەکەدا زانی ئەمە ئەو پیاوەیە کە هەمیشە چی لێ داوابکات بە پیاوانە دەینێرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە