KURDISTANPOST
پشکۆ ناکام
هەڵبژێراو
Tuesday, 07/02/2023, 10:52
5950
بینراوە
رەنگە باسکردنی ئەو هۆکارانەی کاریگەرییان هەیە لە مانەوەی سیستەمی حوکمڕانی بەتایبەتی دیکتاتۆرییەتی حیزبی بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بێ ئەوەی خەڵک کاردانەوەی لا بە لاکەری هەبێ بۆ گۆڕینی ئەو بارە ناهەموارەی تیایا ئەژی زۆر هەڵبگرێ و وەکو هەویرێکە چەن تەنەکەیەک ئاوی بوێ ، چونکە دیکتاتۆریەتی درێژ خایان نەوەیەکی ڕاهاتوو لەسەر وەزعە باوەکە ئەهێنێتە کایەوە کە پێیان وایە گۆڕانکاری زەحمەتە ، واتا لەگەڵ سیستەمی دیکتاتۆرییەتی حیزبی/ بنەماڵەیی خۆیان ڕا هاێناوە و "ماڵی"بوون ، ئەم سیستەمانە کە لە ووڵاتانی ئیسلامیا زۆرتر و دیارترن ، جۆرە هاووڵاتیەک بەرهەم ئەهێنێ کە ئەکرێ بە "هاووڵاتی جێگیر" یان" هاووڵاتی نەجوڵاو" ناو بنرێ کە گرنگی بە سێ بابەت ئەیات و بەلای وەزعە سیاسیەکەیا ناچێ لەسەر نەزەرییەی" ئاگرە سوورە لە خۆم دوورە" خوو ئەیاتە ئەو سێ شتە و خۆی پێوە مەشغوڵ ئەکا : دین ، قووتی ڕۆژانە لەگەڵ فوتبۆڵ.
(1) هاووڵاتی نەجوڵاو لە دونیا تایبەتە داخراوەکەیا خوو ئەیاتە دین و خۆی پێوە مەشغوڵ ئەک ، لەبەر ئەوە نا بە هەق و ڕەوایەتی و عەدالەت ئەیبینێ ، بەڵکو بە مەراسیمە" طقوس" دینییەکان کات بەسەر ئەبا و نایەوێ لە هاوڕێکانی دوا کەوێ ، لەسەر مەسەلەی "خوا" و میسداقیەتی ناەوەڕۆکی دینەکە گومانەکانی خۆی ئەڕەوێنێتەوە و حەز بەباس کردنیان ناکا و نایخاتە ناو هەڵس و کەوتی ڕۆژانەیەوە " دیارە کەسانی مێشک ووشک بوو و داخراو" بەشی زۆری هاووڵاتی نەجوڵاو پێک ئەهێنن ، ئەمانە لە کاتێکا بەرگری لە دینەکەیان ئەکەن کە بزانن ناڕەحەتی و سەریەشەی بەدواوە نیە، دەنا بزانن هەر قسە و جوڵەیەکیان باجێکی قورسی لەسەرە ، مێش میوانیان نابێ و لاڵ ئەبن ، هەر نموونەیەک کاتێ لە ووڵاتی دانیمارک چەن وێنەیەکی گوایە "نەشیاو" !!ی پێغەمەری ئیسلامەکان بڵاو ئەبێتەوە ، لە ئەوروپا ئەیکەن بەڕۆژی حەشر ، ئەوەنە هاوار ئەکەن قوڕگیان ئەگیرێ ، بەقەد تۆپە قوماشێ عەلەم ئەسووتێنن ، بیتاقەی جەهەنەم ئەیەن بە هەموو دانیمارکیەک ، بەڵام لە ووڵاتەکەی خۆیانا ڕۆژانە هەزار سووکایەتی بە خۆیان وەک هاووڵاتییەک و بە دینەکەیان و بە سیمبولی دینەکەیان بکرێ ، نوتقیان لێوە نایە و "دەست بگرە بە کڵاوەکەی خۆتەوە حیزب نەیبا" ئەبێ بە دروشمی سەرەکییان ، جگە لەمانە هاووڵاتی نەجوڵاو کە هەر خەریکی دزی و گەندەڵی و ساختەچێتیە ، هیچ شتێ لەوانە وای لێ ناکا کە هەست بە تاوان کردن"الشعور بالذنب"بکا ، ئەو نوێژێکی لە کیس بچێ قوڕی دونیا لەسەری کۆبێتەوە و نازانێ چۆن خۆی لەو گوناحە گەورە و خەتەرە نەجات بات و خۆی وەک ئوتوی بوخار پاک بکاتەوە ، بەڵام ساختەچێتی و غەدر کردن لە خەڵک بەشێکە لە ژیانی ڕۆژانە وەک نەرکە دینیەکانی.
(2) بە حوکمی ئەوەی هاووڵاتی نەجوڵاو لە ژێر کاریگەری دینەکەیا هیچ ئینتمایەکی بۆ نیشتمانەکەی نابێ و لە لایەنە کۆمەڵایەتییەکەشەوە "سۆسیۆلۆجی"، تەنها خوو ئەیاتە ماڵ و مناڵ و قووتی ڕۆژانەی و مناڵاکانی بە جۆرێک پێ بگەیەنێ کە وەک خۆی لە ژێر چەتری دینا لە بەرژەوەندی گشتی و داهاتووی ووڵاتەکەی دوور کەونونەوە و توخبی سیاسەت نەکەوون و قەناعەتیان وابێ ئەو سیستەمە دیکتاتۆریە قەدەری خوایە و هیچی لەگەڵ ناکرێ و کەی خوا ویستی ئەیگۆڕێ !! واتا قووتی ڕۆژانە دەروازەیەکە بۆ بەستنەوەی مناڵەکانی بە پرینسیپەکانی خۆی کە لە دین و جێ بەجێ کردنی ئەرکەکانی کۆئەبێتەوە .. هاووڵاتی نەجوڵاو پاساوی هەموو نەهامەتییەکانی بەرهەمی سیستەمی دیکتاتۆری حیزبی لەوەیا کۆئەکاتەوە کە هیچ شتێ بێ ڕەزامەنی خوا نیە و ناکرێ بە جۆری حوکمڕانیشەوە.
(3) کاتێ هاووڵاتی جێگیر/ ناجوڵاو ئەو هەموە ناعەدالەتی و وون بوونی یاسا و گەندەڵیە ئەبینێ و نە ئەوێرێ و نە حەزیش ئەکا خۆی تێ هەڵقورتێنێ ، خوو ئەیاتە فوتبۆڵ، یارییەکی یانەکەی لە کیس ناچێ ، باکگراوندێکی وەرزشیانەی نیە و دینەکەشی لە هیچ قوژبنێکەوە باسی وەرزشی تیا نیە ، تەنها ئەوەیە لە دوو گۆڵیا بۆ نموونە یاسای خۆی هەیە و یاریکەر و ڕاهێنەر و هەنێ جار هاندەرەکانیش یەکسانن بەرامبەری ، ئەم کە ئەو هەموو ناعەدالەتیە لە دەرەوەی ماڵەکەی خۆی ئەبینێ و قسەی لەسەر ناکا ، تەسکینی بەوە یەت کە لە یارییەکا گەر کەسێ خوار جۆڵایەوە و کاری کردە سەر مەجرای گشتی یارییەکە ئەوە بە "کارتی زەرد یان سوور" یاسای یارییەکە جێ بە جێ ئەکرێ ، هیچ یاریکەرێکیش لەسەرووی یاسا و ڕێنماییەکان نیە ، بەڵام لەدەرەوەی ماڵەکەی خۆی ئەو هەموو گەندەڵی و " فاوڵ"ە ئەکرێ کێ ئەیوێرێ باسی
كارت بکا ، ڕەنگە بەرپرسی حیزبی هەبێ نەک کارتی سوور بەڵکو ئەبێ "کارت سووری جگەر"ی وەربگرێ ، لە لایەن حیزبەوە پاداشت ئەکرێ و بە زۆر پەنالتیەکی بۆ دروست ئەکەن تا گۆڵێک بکا و خەڵکی وەک هاووڵاتی/نەجوڵاو چەپڵەی بۆ لێ با، بە مانایەی یەکسانی هەمووان بەرامبەر بە یاسا لە فوتبۆڵا ئەبێنێ و تەسکینی بەخۆی ئەیا کە ئەڵێ : فاوڵ ئەکەی! دەبخۆ ئەوە کارتی سوور. ئافەرم حەکەم ... بەڵام بۆ ئەو سیستەمی دیکتاتۆری حیزبییەوە بێ دەنگە گەر چی ئەزانێ حەکەمەکە لەپێش هەموو کەسەوە ئەبێ کارت وەر بگرێ.
ئەم جۆرە خۆ خستنە بەرەی نەجوڵان و بێ دەنگییەوە کۆیلایەتییەکە بۆ خۆی ، بەڵام کۆیلایەتیەکی هەڵبژێراو.
*بیرۆکەی ئەم ووتارە کتێبێکی بیرمەندی فەڕەنسی" ئیتیان دولا یەبوسیە"یە بە تایتڵی "العبودیة المختارة" لە وەرگێڕانی "مصطفی صفوان" بۆ سەر زمانی عەرەبی.
پشکۆ ناکام
© 2019- Kurdistanpost