بەرەو پیلی ٢٢ی رێبەندان

Friday, 10/02/2023, 21:28

5609 بینراوە


بە بۆنەی ساڵوەگەڕی شۆڕشی گەلانی ئێڕان
دووڕگەی گوادلوپ وکۆنفرانسی گوادلوپ

٤٤ساڵ لەوەی پێش بوومەلەزەیەکی مەزن وڵاتی ئێڕانی بەرەو ئاڵوگۆڕێکی مەزن پاڵ پێوەنا.ناخواستە منداڵێک لە دایک بووکە ناویان کۆماری ئیسلامی وئەو ئاڵوگۆڕەشیان ناونا شۆڕش!شۆڕشێک لە رەگەی ئایین، بە ناوی کۆماری ئیسلامی.پاش دەسەڵاتداریەتیی بنە ماڵەی شیعەی سەفەوی لە ئێڕان بۆ یەکەمین جارە لە ئیڕان سیستمێک دەسەڵات بە دەستەوە دەگرێ لە بناغەی لەسەرپەیڕەووبەرنامەی شیعەی ١٢ ئیمامی دامەزراوە.
مژاری سەرەکی ئەووتارە شێوەی دەسەڵاتداریەتی وچۆنیەتی ئایینی شیعەگەریی نییە.پرسی سەرەکی دووبەرەی زلهێزیی جیهانین کە لە سەر ناوی کومونیزم وئیمپریالیزم خەریکی دابەشکردنی سیاسەت وئابوری وڵاتانی جیهانی سێهەم بون.بەرەی چەپ، شووڕەوی نوێنەرایەتی دەکردو بەرەی راستیش ئامریکا.
لەهەمان کاتدا وڵاتی ئێڕان خاوەنی ژێڕخانی ئابووریەکی بەرفراوان وجوغڕافیایەکی بەهێزیی ستڕاتیژیکییە.خەونی رووسەکانیش بۆ گەیشتن بە ئاوە گەرمەکانی دووڕگەی فارس / خەلیجی فارس/ بووە لەسەردەمی پێتری گەروە تا سەرهەڵدانی کومونیزم لەو وڵاتە.
لە ناو بەرداشی ئەو دوو زلهێزەداگەلی ئیڕان بوونە قوربانیی ئاڵوگۆڕێکی لە پڕو مەزن وناخواستە.شەش مانگی نەخایاند کە بەختی تاج وتەختی بنەماڵەی پەهلەوی وەلەرزین کەوت وشای ئێڕانیان ناچارکرد کە ئێڕان بە جێ هێڵی ودەسەڵات رادەستی خومەینی بکات.لەو ئاڵوگۆڕەدا گەلانی ئیڕان رۆلێکی بەرچاوایان نەبووە / ئەوە باوەڕی منە/،ئەوەی کە رۆلی گێڕاپیلانێکی ناو نەتەوەیی بووکە چەن وڵاتی زلهێزرەخساندیان.ئەوان دەستیان لە شای ئێڕان بەردا وخومەینی بە یارمەتی زۆرینەی گەلانی ئێڕان دەسەڵاتی گرتە دەست.لەو کاتەوە تا ئەوڕۆ٤٤ ساڵ تێپەڕێوە لە دەسەڵاتداریەتی کۆماری ئیسلامی ئیڕان.

کۆنفڕانسی گوادلوپ:

شای سیاسەت لاوازیی ئێڕان هێدی هێدی خۆی زۆر بەزل دەزانی وهەست پێدەکرد کە بە هێزی خەڵک هاتۆتە سەرکار.شایەک کە بە کۆدەتا بهێنرێتە سەر کاروبە بێ راپرسیی خەڵک تاجی شایی لەسەر بنێ لەکۆتاییدا پێی دەگووترێ:ئەوکەسەی کە تۆی هێناوەتە سەرکار،ئێستا دەڵێ، تۆ دەبێ بڕۆی!
کۆبوونەوەی گوادلوپ،لە ٤تا٧ی ژانویەی ساڵی ١٩٧٩ (١٤تا١٧ی ساڵی ١٣٥٧) لە نێوان بەرپرسانی ٤ زلهێزی سەرەکیی لە بەرەی رۆژئاوا کە بریتی بون لە،ئامریکا،ئینگلستان،فەڕانسە،ئاڵـمانی رۆژئاوا،لە دووڕگەی گوادلوپ بەڕێوە چوو.لەو کۆنفرانسەدا بڕیاردراکە شای ئێڕان دەبێ هەرچی زووتر وڵاتی ئێڕان بە جێ هێڵێ ودەست لەدەسەڵات بەردا!
ئەوزلهێزانە نە خەمی شای ئێڕانیان خوارد،نە دەخەمی خەڵكی ئێڕاندا بون،نە خومەینیشیان پێ رزگاریدەربووە.پرسی ستڕاتیژیک وهەری گرینگ ترس لە بەرەی چەپ لە ئێڕان وسۆڤیەتی کومونیستیی بووە،ئەوان نیگەرانی ئەوە بون نەکا ئێڕان بکەوێتە دەست چەپەکانی سەر بە شووڕەی ودەست بەسەرسەروەتوسامانی ئەو وڵاتە دابگیرێ.
بۆیە بژاردەی سەرەکی داهاتووی ئێڕانێک بووکەکۆماری ئیسلامی دەبوایە جێگیرکرابایە.کۆماڕێک دژ بە رەوتی چەپ ودژ بە کومونیزم.بۆیە لە ماوەی ئەو چەند دەیەدا کۆماری ئیسلامی ئەرکێکی بە جێ گەیاندووە لە دژی بەرەی چەپ لە ئێڕان کە خواستی دڵی زلهیزەکانی وەک ئامریکاورۆژئاواییەکان بووە.ئەوەی کە تاسکلاوی شەرعی وئایینی وسیاسی وەسەرنراوە گەلی ئێڕانە کە لەسەر ناوی / شۆڕش/چی نەماوە بەسەری نەیەنن.
لە کوێی دونیادا بینراوە سرووشت وتایبەتمەندیی هەر شۆڕشێک بگەڕێتەوە بە ١٤٠٠ساڵی رابوردوو؟تایبەتمەندیی هەر سەرهەڵدانێک بەرەوپێش چوون ونوێگەراییە.یاسای کۆن فڕێ دەدرێ ویاسانی مۆدڕن ونوێی سەردەم جێگای دەگرێتەوە.بۆئە لەو ئاڵوگۆڕەی کە لە ئێڕان روویدا گەلانی ئێڕان بڕیار بە دەستی یەکەم وسەرەکی نەبوون.
ئێستیش بەشیکی بەرچاولە خەڵكانی ئێران راپەڕیون وداوای دوارۆژێک دەکەن بە بێ کۆماری ئیسلامی وبە بێ دەست تێوەردانی دەرەکی وهەرجۆرە دەسەڵاتداریەتیەک کەپاشوەڕۆیی بە دووی خوویدا بێنێ.رۆژگار هەیی دووگیانە،چی لە دایک دەبێ کەس نازانێ.با چاوەڕوان بین.
تێبینی: گوادلوپ،کۆمەڵێک دووڕگەیە کە لە رۆژئاوای ئیقیانووسی ئەتڵەسی لە زەریای کاڕائیب ،باشووری مونتسرات وباکوری دۆمینیکا پێکهاتووە،کە سەر بە وڵاتی فەڕانسەیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە