کەوە خائینەکانی بەدرخان

Thursday, 09/02/2023, 9:28

4523 بینراوە


لە کتێبە بە نرخە پڕ پەند و عیبرەتەکانی مووسا عەنتەر (بیرەوەرییەکانم)دا، یەک دوو ڕووداوی مێژووییم خوێندەوە، نەمتوانی بە بێ ئەوەی بیری خوێنەری نەخەمەوە لە دووتوێی ئەم وتارەدا و لێیگەڕێم تێپەڕێ بە سەرمدا. 
مووسا عەنتەری ڕۆشبیر و کوردپەروەر، لە بارەی خیانەتی نشتیمانییەوە بۆمان ئەگێڕێتەوە کە وەزیرە ناخۆشەویستە کوردەکە  (کامەران ئینانی ١٩٢٩-٢٠١٥) کوڕی کەسایەتی ناوداری کوردی باکوری کوردستان (شێخ سەلاحەدینی کوڕی شێخ میرخاسی کوڕی سید عەلی ١٨٨٧-١٩٦٩)بوو،  کە بە تۆمەتی  بەشداری لە شۆڕشەکانی شێخ سەعیدی پیران ڕاگوێزرابوون بۆ شاری بۆرسا. ئەگەر چی ئەو لە بنەچەدا دەوڵەمەند بووە بەڵام بە هۆی ئەو ڕاگواستنەوە بە دۆخێکی ئابوری خراپدا  تێپەڕی بوون لە شاری بۆرسادا. 
شێخ سەڵاحەدین  ژنێکی ئەرمەنی هەبووە و لەو ژنە ئەم کامەران ئینانییەی ئەبێت، کە لە سەرەوە باسمان کرد . کامەران ئینانیش بە بێ ئەوەی هیچ کاریگەرییەکی شۆڕشگێرانە و کوردپەروەرانەی خێزانەکەی بۆ مابێتەوە،  لە تورک بە وەفاتر ئەبێت بۆ تورکیای نوێ، بەدرێژایی تەمەنی. ئەو هەم چالاکی سیاسی و هەم خزمەتکاری بە وەفای تورکیای نوێ ئەبێت و تا کۆتاییەکانی تەمەنیشی پلە و پۆستی باڵا وەردەگرێ لە حکومەتە یەک لە دوا یەکەکانی تورکیادا. دوا پلەشی لە کاروباری دەرەوە پلە و پۆستی هەبووە و لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا  ڕۆڵی هەبووە لە خاوکردنەەی تۆمەتەکانی ئەوروپا بۆ تورکیا، بەوەی ئەرمەنییەکانیان قڕ کردووە. هەموو ئەمانە لە گەڵ ئەوەشدا کە باوکی کوردێکی پاک و دایکیشی ئەرمەن بووە. 
مووسا عەنتەر ئەگێڕێتەوە کە کامەران هێشتا بچووک بووە کاتێک شێخ سەلاحەدینی باوکی پێی وتووە، پێم وایە ئەم کوڕەم ئەبێت بە پەڵەیەکی ڕەش بە نێوچەوانی بنەماڵەکەمەوە.  عەنتەر ئەڵێ دواجار هەرواش دەرچوو. کامەران کە بەری دایکێکی ئەرمەنی میللەت قڕکراو و باوکێکی کوردی چەوساوە بوو، خۆیشی ژنێکی فەرەنسی هێنابوو و چەند مناڵێکی لێی بووبوو. عەنتەر لە درێژەی باسەکەیدا ئەڵێ: بەڵام ئەبینیم کامەران مناڵەکانی، نە وەکو کورد و نە وەکو فەڕەنسی ناناسێنێت. چونکە کامەران وای بۆ دەچێت مناڵەکانی لە بنەچەدا تاتار بن یان وەچەی مەغۆل بن. چونکە پەخشانێکی ئاوا لە کامەران ئەگێڕنەوە لە کۆمەڵەی کوردی میللیدا. 
عەنتەر خیانەتی کامەران ئینان، بەڕووداوێکی دیکەوە ئەبەستێتەوە سەبارەت به بەدرخان. ئەڵێت: ڕۆژێک کاک بەدرخان لە کوشکی جزیربەلکێ  لە جزیرێ پیاسە دەکات، چاوی  بە دوو کەو ئەکەوێت لە قەفەسدان. لە عەلی شامیلی کوڕی ئەپرسێت ئەمانە چین؟ (عەلی شامیلیش ۱۸٥٥-۱۹٦۹) کە دواتر ئەبێت بە پاشای عوسمانی لە وەڵامدا ئەڵێت: بە دیاری بۆم هاتوون، کەوی نایابن، ئەیانبەم بۆ چیاکان تا کەوە کێوییان پێ ڕاوبکەم.  بەدرخانیش  یەکسەر پڕ ئەداتە ملی دوو کەوەکە ئەیانپەڕێنێ  و توڕیان ئەدات. عەلی کوڕی گەلێک بەمە ناڕەحەت ئەبێت. بەدرخانیش بۆ دڵنەوایی باوەش بە عەلیدا ئەکات و پێی ئەڵێت: کوڕی خۆم مڕۆڤ یان ئاژەڵ، جیاوازییان نیە، گەر بەرانبەر کۆمەڵ و نەتەوەکەی خۆیان غایەن و ناپاکی بکەن، دەبێت ملیان هەڵبکێشرێت.
عەنتەر کە لە سەردەمی کامەراندا لە ژیاندا دەبێت و بەمەدا پەیامێک بۆ کامەران دەنێرێت کاتێک  کامەران لە پلە و پۆستی زۆر باڵادا دەبێت و بۆی ئەنووسێت...
کامەران خائینە و لەو کەوە خۆخۆرانە ئەچێت، با ئەمە بە هەڕەشە نەزانێت، چونکە گەر شێخ سەڵاحەدینی باوکی لە ژیاندا بووایە لەمە خراپتری پێ ئەووت تا ڕادەی حاشا لێکردنیش،  جا ئەگەر ئەم قسانە بە ناڕاست ئەزانێ سەبارەت بەوەی باوکی لای من درکاندوویەتی با شکایەت بکات، بزانە هەزار شاهیدی بۆ ناهێنمەوە.
منیش ئەلێم مووسا عەنتەری بەڕێز، لەبیروەرییەکاندا لیستی خائینەکان بە پەنجەی دەست ئەژمێردرێن، ئێمەش بەم تەمەنە بچووکەمانەوە و لەم پارچە بچووکەی باشوری کوردستاندا، ڕۆژانە خائین ئەژمێرین. جگە لە خائینی تورک و عەرەب و فارس خائینی داعشی و وەهابی و ئیخوانیشی هاتە سەر. ئێمە ڕۆژانە خائین بەجێمان دێڵێ  و خائین لە دایک ئەبێت ئەگەر قەراربێ چارەنووسیان وەکو کەوە خائینەکانی بەدرخان بن، ئەوا ئەبێت واز لە دوژمنان بێنین و تەنها خەریکی هەڵواسیای خائینان بین. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە