گەورەترین ئەو کێشانەی لە زانستی فیزیادا تا ئەمڕۆکە چارەسەر نەکراون

Sunday, 12/02/2023, 12:59

5258 بینراوە


ئاشکرایە مرۆڤایەتی لەم سەردەمەدا هەنگاوی یەکجار مەزنی ناوە لە ڕەوتی پێشکەوتنە زانستییەکان، بەتایبەتیش لە فیزیادا وای لێ کردووین بڵێین، ئاستی زانین و تێگەیشتنمان لە گەردوون بەکۆتا هاتووە و هیچ نەماوە شارەزاییمان لێی نەبێت. لەڕاستیدا ئەمە بۆچوونێکی هەڵەیە، چونکە گەلەک کێشە و گرفت لە بابەتە فیزیکی و گەردوونناسییەکاندا هەن - تا ئێستە - ڕاڤەیەکی تەواو و گونجاومان بۆیان نییە.
لێرەدا هەوڵ دەدەین، زۆر بەکورتی چەند دانەیەکیان بخەینە بەردەست؛ 

- کێشکردنی کوانتەمی (Quantum Gravity)

لە چوار هێزە سەرەکییەکەی سروشت، بیردۆزی میکانیکی کوانتەم سێ هێزەکانی کارۆموگناتیسی و ناوەکی بێهێز و ناوەکی بەهێز لەخۆ دەگرێت، بەڵام هێزی کێشکردنی تێیدا نییە کە لە بیردۆزی ڕێژەیی ئەینشتایندا هەیە، ئەمەش بە کێشەی کێشکردنی کوانتەمی دەناسرێت.
تا ئێستە بیردۆزێکمان نییە بۆ یەککردنی کێشکردن و کوانتەم (بیردۆزی هەموو شتەکان)، هەریەکەیان تەنیا لە بواری خۆیدا ڕاستە و پێڕەو دەکرێت، هاوکات خاوەنی کەرستە و ئامرازی پێویست نین بۆ ئەنجامدانی ئەزموونەکانمان. واتە ئەو هێزی کێشکردنەی لەنێوان تەنە گەورەکانی گەردووندا هەیە، لە جیهانی کوانتەمدا بەدیمان نەکردووە.

- ئاراستە، یاخۆ تیری کات (Arrow of time)

ئەو هاوکێشە و ڕستانەی پێناسەی کردارە فیزیکییەکان دەکەن، پێویستە هەر ڕاست بمێننەوە، ئەگەرچی ئاراستەی کات پێچەوانەش بکرێتەوە. زۆربەی کردارە فیزیکییە خۆکارەکان دەبنە هۆی پترکردنی هەڕەمەکیی (ئینترۆپی)، لەبەرئەوە ناتوانن هاویەکی لە کاتدا بپارێزن، بەمەش تیری کات هەمیشە بەرەو پێشەوەیە، واتە لە ڕابردوو بۆ ئێستە و ئایندە هەر بەم شێوەیە بەردەوام دەبێ و هەرگیز ناکرێ ئاراستەکەی پێچەوانە بکرێتەوە لە سیستەمە داخراوەکاندا. بابەتەکە پێوەندی بە چەمکی کاتەوە نییە کە ئێمە تێی دەگەین، بۆیە دەشێ کات تەنیا وڕێنە و ئەندێشەیەک بێت.

- تەقینەوەی مەزن (Big Bang)

هەرچەندە تەقینەوەی مەزن وەک سەرەتایەک بۆ سەرهەڵدانی گەردوون ناسراوترین بیردۆزی گەردوونناسییە لە نێوەندە زانستییە جیهانییەکان و لەلای زۆربەی هەر زۆری زاناکان پەسندکراوە، بەڵام چەندان زاناش لەهەوڵی ئەوەدان بیردۆزێکی دیکە دابنێن، لەبەرئەوەی تەقینەوەی مەزن خاڵی تاکایەتی تێدایە، لەو خاڵەشدا گشت یاساکانی فیزیا تێیدا هەرەس دەهێنن.
بۆ نموونە، زاراوەی تاکایەتی کێشکردنەکی (Gravitational Singularity)، ئاماژەکردنێکە بۆ شوێنێک لە شانەی کاتشوێن کە کایەی کێشکردنی تەنە گەردوونییەکان دەبێتە بێکۆتا. لەو دەمەدا پەستان لە تەنێکی دیارکراودا لەسەر گەردیلەکان لە هەموو لایەکەوە بەرەو بێکۆتا دەچێت، هاوشێوەی چاڵە ڕەشەکان کە دەبێتە هۆی تێکشکانی گەردیلە و ناوکەکەی داتەپەنی بەسەر خۆیدا و نەمانی دووری نێوان پێکهاتەکانی (وەک کوارکەکان). بڕە بەکارهێنراوەکان بۆ پێوانەکردنی تووندی و هێزی کایەی کێشکردن، دەگۆڕێت بۆ بڕی ژمێرەکی چەماوە جێگیرەکانی کاتشوێن، ئەو بڕەی پێوانەی چڕی لەخۆ دەگرێت. کاتێکیش ئەو بڕانە دەبنە بێکۆتا لە چوارچێوەی تاکایەتی، ئەوا یاسا سروشتییەکان لەو ڕووبەرانەدا بوونیان نامێنێت.

- دژە ماددە (Antimatter) 

وا زانراوە گەردوون بە بڕی یەکسان لە ماددە و دژە ماددە دەستی پێ کردبێ، بەڵام بەهۆی شتێکی نەناسراوەوە (خۆشبەختانە)، ئێستە ماددەی ئاسایی باو بووە و ڕێژەکەی یەکجار زۆرترە، دژە ماددەش بە بڕێکی گەلەک کەم لە گەردووندا بوونی هەیە.
لە فیزیای تەنۆلکەیی، دژە ماددە هاوواتای چەمکی تەنۆلکەی دژ بە ماددەیە، بەوەی دژە ماددە پێک دێت لە دژە تەنۆلکە، بەهەمان شێوازی پێکهاتنی ماددەی ئاسایی لە تەنۆلکە سەرەکییەکانی ژێر گەردیلەیی. بە نموونە، دژە ئەلیکترۆن پێی دەگوترێت پۆزیترۆن بە بارگەیەکی ئەرێیی، دژە پرۆتۆنیش بارگەکەی نەرێیییە، ئەمانە پێکەوە دەتوانین دژە گەردیلەیەکی هایرۆجن بهێننە بەرهەم، تەواو هاوشێوەی پێکهێنانی ئەلیکترۆنێک و پرۆتۆنێک بۆ گەردیلەیەکی هایدرۆجنی ئاسایی، دەرەنجامی ئەو پێکبەندییە دەبێتە هۆی هاتنەکایەی گەردیلەیەکی دژە هایدرۆجن. پێویستە ئەوەش بزانین، بە لێکدانی ماددە و دژە ماددە هەردووکیان لەناو دەچن و دەگۆڕێن بۆ بڕێک لە وزە. 

- ماددەی تاریک (Dark Matter)

ماددەی گریمانەکییە بۆ پێکەوەبوونی تەنەکانی گەلەستێرەکان، %90ی کۆی ماددەکانی گەردوون پێک دەهێنێت. بەپێچەوانەی ماددەی ئاسایی نە تیشکی لێوە دەردەچێت و نە دەیداتەوە و نە هەڵی دەمژێت، ئەمەشە هۆکاری سەختی دۆزینەوەکەی.
بەپێی شوێنەواری کێشکردن لەسەر ماددەی بینراو و پێکهێنانی هاوێنەی کێشکردن لە تیشکی پاشخانییەوە، هەست بەبوونی دەکرێت. لە بنچینەوە گریمانەی هەبوونی ماددەی تاریک بۆ ئەوە داندرا تا ڕاڤەیەکمان پێ بدات دەربارەی وێک نەچوون و نایەکسانی بارستایی گەلەستێرەکان و هێشووە گەلەستێرەکان کە بە شێوازی دینامیکی و بیردۆزی ڕێژەیی گشتی پێوراوە، لەگەڵ ئەوەی دیکە کە دەپێورێت بە پشتبەستن بارستایی ماددەی بینراوی گەلەستێرەکان و هێشووە گەلەستێرەکانی وەک ئەستێرەکان و گاز و تۆزی نێوان ئەستێرەکان و گەلەستێرەکان.

وزەی تاریک (Dark Energy)

وزەیەکی نادیار و شاراوەیە نێزیکەی %68ی سەرلەبەری گەردوونەکەمانی لێ پێک هاتووە. پێشتر گوتمان ماددەی تاریک کاری یەکگریی گەلەستێرەکانە، بەڵام وزەی تاریک گەلەستێرەکان دوور دەخاتەوە، لەبەرئەوەیەشە زاناکان وای بۆ دەچن هۆکاری خێراکەری فرەوانبوونی گەردوون بێت.
وزەی تاریک لە گەردوونناسی و فیزیای تەنۆلکەکاندا، پێناسەیەکە بۆ پێکهاتەیەکی گریمانەکی بۆ ڕێژەیەکی یەکجار زۆر و بەربڵاو لەو وزەیەی پەستانێکی نەرێیی هەیە لە گەردووندا. بەگوێرەی بیردۆزی ڕێژەیی گشتی ئەینشتاین، کاریگەری ئەو پەستانە نەرێیییە هاوشێوەی هێزێکی پێچەوانەی کێشکردنە لە شتگەلە قەبارە زلەکاندا.

- دژیەکی فێرمی (Fermi Paradox)

ئەم دژیەکی، یاخۆ پارادۆکسە ئاماژەیەکە بۆ دژیەکی لەنێوان ئەو ئەگەرە یەکجار زۆرەی بوونی ژیان لە دەرەوەی هەسارەکەمان (بەڕەچاوکردنی فرەوانییە یەکجار مەزنەکەی گەردوون) و کەمبوونێکی لەڕادەبەدر لە بەڵگە لەسەر بوونی ئەو ژیانە.
بیرۆکەی سەرەکی ئەم بابەتە بەم شێوەیە سەری هەڵداوە: ئاشکرایە خۆر ئەستێرەیەکی ئاساییە و گەلەستێرەکەمان بە ملیاران ئەستێرەی وەک خۆر و بەتەمەنتریشی تێدایە، بەشێک لەو ئەستێرانە چەندان هەسارەی هاوشێوەی زەوی لەخۆ دەگرن لەلایەنی تایبەتمەندی وەک، بارستایی و ئاوهەوا و هی دیکە. لەسەر بنچینەی ئەو ئەگەرە بەرزانە، دەبێ هەندێک لەو هەسارانە ژیانێکی ژیریان تێدا هەبێت. بە تێگەیشتن لە خێرایی جووڵەی تەنەکان لە بۆشایی ئاسمان و ڕووبەری گەلەستێرەکەمان، دەشێ ئەو ژیاندارانە بەدرێژایی چەند ملیۆن ساڵێک جۆرێک لە ئامراز و کەرستەیان بەدەست هێنابێ بۆ گەشتی نێوان ئەستێرەکان. بەگوێرەی ئەو هەلومەرجانە دەبووایە بوونەوەرەکان سەردانی زەوی بکەن، یان لە ڕابردوودا ئەوەیان ئەنجام دابێ، یانیش بەلایەنی کەمەوە بەڵگەیان لە گەلەستێرەکەمان بەجێ هێشتبێت، کەچی هیچ یەک لەمانە بوونیان نییە و نەسەلمێندراون. ئەمە بوو وای لە فێرمی کرد پرسیارە بەناوبانگەکەی بکات: ئێوە لەکوێن؟

- نەگۆڕە سەرەکییەکان (Fundamental Constants)

هەوڵێکی زۆر دراوە بۆ ڕاڤەکردنی هەمەلایەنەتی نەگۆڕە سەرەکییەکانی هاوشێوەی خێرایی تیشک، نەگۆڕی پلانک، بارستایی ئەلیکترۆن و نەگۆڕی کێشکردن، هاوکات هیچ ڕاڤەیەکی گونجاو نییە بۆ توانا و شیانی پێکەوەنانی ژمارەیەکی بێکۆتا لە کۆکراوەکانی ئەو نەگۆڕانە کە دەرنجامە فیزیکییەکانمان پێ دەبەخشن.
نەگۆڕەکان بەو بڕە فیزیکییانە دەگوترێت کە گەردوونین لە سروشتدا و نەگۆڕن لە کاتدا. ئەمڕۆکە تەنیا 26 نەگۆڕمان هەیە بۆ دیارکردن و پێناسەی تێکڕای شتگەلەکانی گەردوون. ئەو نەگۆڕانە هەر هەموویان لە یەک تایبەتمەندی ناوازە هاوبەشن، ئەویش کە ناتواندرێت کورت بکرێنەوە بۆ ژمارەی بچووکتر و سادەتر لەخۆیان (بەلایەنی کەمەوە تا ئێستە). بە کۆبوونەوە و پێکەوەبوونیان گشت بڕێکی نەگۆڕی ئەم گەردوونەمانیان لێ پێک دێت، هەر لە خۆگرتنی گەردیلەکان پێکەوە بگرە تا ئەستێرە گڕگرتووەکان، واتە بە گۆڕانی ئەم نەگۆڕانە گەردوونێکی جیاواز دێتە کایەوە. لە بنچینەدا نەگۆڕە فیزیکییەکان چەند ژمارەیەکن لە بیردۆزە زانستییەکانەوە سەرهەڵ دەدەن وەک، بیردۆزی رێژەیی گشتی و بیردۆزی کایە کوانتەمییەکان، بەو وایایەی بوونیان لە بیردۆزەکاندا هەیە بەشێوەی ڕاستییە ماتماتیکییە پاک و ڕووتەکانی گەردوون.

- پێوانەکردن لە جیهانی کوانتەمدا (Measurement in quantum mechanics)

تەنۆلکە هەرە وردەکانی ژێر گەردیلەیی بەندن بە یاساکانی فیزیای کوانتەم، لەم دوورییە یەکجار بچووکەدا کارکردە، یاخۆ فەنکشنی شەپۆلەکی (Wave function)، دەتوانێت پێناسەی شوێن و خێرایی و شتانی دیکەی تەنۆلکەکانمان بۆ بکات. بەڵام کێشەکە لێرەدا ئەوەیە، ئەزموونەکان پێیان دەکرێ لەو تایبەتمەندییانە تەنیا یەکێکیان بپێون، بەوەی ئەگەر بمانەوێت بەتەواوی شوێنی تەنۆلکەیەک دیار بکەین، ئەوا ناتوانین لەو دەمەدا خێراییەکەشی دەستنیشان بکەین، بەپێچەوانەوەش وایە. واتە پاش پێوانەکردنی یەک لەو تایبەتمەندییانە کارکردەی شەپۆلەکی تەنۆلکەکە دەشێوێت، بەبێ بوونی هیچ هۆکارێکی ڕوون و ئاشکرا.

- پێکبەندی کوانتەمی (Quantum entanglement)

دیاردەیەکی گەلەک سەیر و نامۆی فیزیای کوانتەمە، لە پێکبەندی دوو تەنۆلکەوە دێتە کایەوە، بەوەی هەر کاتێک یەکێکیان دووچاری ڕووداوێک ببێتەوە، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئەوەی دی دەبێ و دەتوانێ دەستبەجێ و بەبێ ڕەچاوکردنی کات و دوورییان لەیەکەوە (ملیاران ساڵی تیشک بێت)، نیشانەیەک بۆ ئەوەی دیکە بنێرێت زۆر خێراتر لە خێرایی تیشک. بێگومان ئەمەش سنوور بەزاندنێکی ئاشکرای فیزیای کلاسیکییە.
ئەم پێکبەندییە گرفتێکی مەزنی نێوان زاناکانی کوانتەم و زانای ناودار ئەینشتاین بوو کە وای لێکرد بەگاڵتە پێکردنەوە ناوی بنێت بە، کاری لە دوورەوەی تارماییەکی (spooky action at a distance). ئەینشتاین و چەند زانایەک دەیان گوت، پێکبەندی تەنۆلکەکان کارێکی ئەستەمە و دژی سروشتی ئاسایی ماددە و بنەمای هۆیەتییە، لەبەرئەوەشە میکانیکی کوانتەم ناتوانێت ببێتە زانستێکی تەواو. کەچی پاشان ئەینشتاین و هاوڕاکانی بەهەڵە خرانەوە، چونکە پێکبەندی بووە ڕاستییەکی زانستی و بەکردارەکی لە چەندان جار سەلمێندرا، ئەگەرچی بنچینە و چۆنەتییەکەی نەشزاندرێت.

- نیوترینۆ و بارستایی تەنۆلکەکان (Particle Masses) 

لەم خاڵەدا دوو کێشەمان هەیە، یەکەمیان: بەگوێرەی بیردۆزی نموونەی پێوانەیی، بارستایی تەنۆلکە سەرەتایی، یاخۆ یەکەمینەکان (لە بەشی بچووکتر پێک نایەن)، بە چەشنێکی چەسپاو و نەگوڕ جیاوازن لەیەک، بەڕەچاوکردنی پێناسە و ڕیزبەندییەکانیانەوەش بێت پێویستە تەنۆلکەی سەرەتایی نیوترینۆ (Neutrino)، بەبێ بارستایی بێت. تا ئەمڕۆکە هیچ ڕاڤەیەک بۆ ئەمە نییە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی سەلمێندرا نیوترینۆ خاوەنی بارستایییە.
دووەمیان: نیوترینۆ وەک یەکێک لە تەنۆلکە بێبارگە سەرەتایییەکان دەزانین کە بوونی هەیە، بەڵام نازانین جۆرەکانی چییە و بارستایییەکەی بەتەواوی و بەوردیی چەندە؟ هەروەها هیچ هاویەکییەک نابینین لەنێوان بیردۆز و ڕوانین و چاودێریکردنەکانمان بۆ نیوترینۆیە خۆرەکییەکان، بەمەش بووەتە یەکێک لە کێشەکانی گەردوونناسی.
نموونەی پێوانەیی (Standard model‏) بیردۆزێکە لە فیزیای تەنۆلکەیی هەڵ دەستێت بە پێناسەیەکی ورد بۆ سێ هێز لە چوار هێزە سەرەکییەکەی سروشت لە ناوەکی لاواز و ناوەکی بەهێز و کارۆموگناتیسی. لەپاڵ ئەوە پێناسەی کایەی هیگز دەکات، ئەوەی بارستایی دەبەخشێتە تەنۆلکە سەرەتاییەکانی پێکهێنەی ماددەکان.

- گێژاو و پەشێوی (Turbulence)

ئەمەشیان کێشە و گرفتێکی فیزیای کلاسیکی سەختە کە تا ئێستە چارەسەر نەکراوە. شیکارێکی گشتیمان نییە بۆ هاوکێشەی ناڤییێی – ستۆکس، ئەوەی پێناسەی جووڵەی شلەوەبووەکان دەکات.
ئەم هاوکێشەیە لە ناوی دوو زانای فیزیاناسی سەدەی نۆزدەیەم هنری ناڤييێ (Henri Navier) و جۆرج ستۆكس (George Stokes) وەرگیراوە، بە یەکێک لە گرینگترین و بایەخدارترین هاوکێشەی فیزیایی دادەندرێت بۆ پێناسە و ڕاڤەی گەلەک لە دیاردەی پێڕەوکراوی بواری تۆژینەوە جۆربەجۆرەکانی وەک، کەشوهەوا، ڕۆیینی شلەکان لە ئاوەڕۆ و لوولەکەکان، ڕۆیینی گازەکان لە دەوروبەری لەشی تەنە فڕیوەکان و جووڵەی ئەستێرەکان لە گەلەستێرەکاندا. لەبەر گرینگییەکەی لەلایەنی ماتماتیکییەوەش بۆ زۆر بابەتی جیاجیا بەکار دەهێندرێت.
ئەوەی جێی سەرنجە، هەتا ئەمڕۆکە بەتەواوی شیکار و سەلماندنێکی چەسپاو بۆ هاوکێشەکەی ناڤییێ – ستۆکس لە بۆشایی سێ دوورییدا بەدەست نەهاتووە، ناشتواندرێ بڕیارێکی کۆتایی و یەکجارەکی بدرێت لەسەر نەبوونی، لە کاتێکدا کە بزانین شیکارێک بوونی نییە. ئەم هاوکێشەیە پرسێکی بوونگەرایی گەلەک ئاڵۆز و سەختە، بابەتێکە چەندان سنووری هەمەلایەنی هەیە، سنوورەکانیش نەچەسپاو و ببڕای ببڕ نین. شیکارەکەی گەلەک بەهادار و پێویستە، بۆیەش ئامۆژگەی ماتماتیکی کلای (Clay Mathematics Institute)، لە لیستی پرسە هەرە مەزنەکانی سەدەی بیستویەکی داناوە، ملیۆنێک دۆلاریشی وەک خەڵات ئامادە کردووە بۆ ئەو کەسەی شیکارێکی ڕاست پێشکێش دەکات.
.............................

سەرچاوەکان؛


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە