رەهەندی پەروەردەیی لە ئەدەبی منداڵاندا

Sunday, 12/02/2023, 20:42

4715 بینراوە


لەبەر گرنگی ئەدەبی منداڵان لە ئەمڕۆ و لە داهاتوودا، ئەم سەردەمە بە (سەردەمی ئەدەبی منداڵان) دادەنرێت. ئەدەبی منداڵان بە هەموو ژانرەکانییەوە (چیرۆک، هۆنراوە، پەخشان، شانۆ، رۆمان، ئۆپەرێت) گرنگییەکی گەورەی لە ژیانی منداڵاندا هەیە. چونکە رۆڵێکی گرنگی لە دۆزینەوەی جیهانی دەرەوە و ناوەوەی منداڵان هەیە. بە تایبەتیش لە ساڵانی یەکەمی تەمەنی ژیانیاندا، کە وەک ئیسفەنج وان، هەموو زانیارییەکی دەوروبەریان هەڵدەمژن، دوایی لێکیاندەدەنەوە و لێیان تێدەگەن. 
گرنگی ئەدەبی منداڵان لەوەدایە، کە بەشداری لە ئامادەکردن و پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێدا دەکات، بۆ هێنانەدی داهاتوویەکی خوازراوی گەشتر بۆ کورد و کوردستان. بۆیە ئەدەبی منداڵان بە پێویستییەکی گرنگی نیشتمانی و نەتەوەیی دەزانرێت. مەرجێکی پێویست و گرنگیشە لە مەرجەکانی گەشەکردنی رۆشنبیرییەکی خوازراو. ئەدەبی منداڵان، زانست و هونەرە و یەکێکە لە هونەرە جوانەکان، کە بیرۆکە و هەستەکانی منداڵان بنیات دەنێت. گرنگی لەوەشدایە، کە هۆش و خەیاڵی منداڵان دەورووژێنێت و ئارەزوو و بەهرە و راز و نیاز و تواناکانیان پێ دەردەخات و خەون و هیوا و ئارەزووەکانیان دەهێنێتە دی. 
تا ئێستا زیاتر لە دە نووسینم دەرەبارەی ئەدەبیاتی منداڵان و گرنگییەکانی بۆ منداڵان نووسیوە و بڵاومکردوونەتەوە. بە دەیان نووسینی تریش هەر دەربارەی ئەدەبی منداڵان بنووسم هێشتا هەر کەمە. چونکە بە زمانە جیاوازەکانی گەلانی جیهان بە سەدان کتێب دەربارەی ژانرەکانی ئەدەبی منداڵان نووسراون و چاپکراون و لە جیهاندا بڵاوکراونەتەوە. ئەمەش بەڵگەیە بۆ گرنگی ئەدەبی منداڵان لە ژیانی گەلاندا. لەم روانینە ستراتیژییەشەوە، کە منداڵانی ئەمڕۆمان سەرکردەکانی بەیانیمانن، واتە داهاتووی هەر گەل و وڵاتێک لە دەستی منداڵانی ئەمڕۆیان دایە. بۆیە چەند گرنگی بە ئەدەبیاتی منداڵانی کوردمان بدەین هەر کەمە. چونکە گرنگیدان بە منداڵان گرنگیدانە بە ئەمڕۆ و بە داتوومان. بێگومان مناڵەکانمان گرنگترین سامان و سەرمایە و ژێرخانی نەتەوەییمان.   
مەبەستیشمان لە ئەدەبی منداڵان، ئەو ئەدەبەیە باشەیە کە هەموو مەرجێکی پێویستی لەخۆگرتووبێت. چونکە هەموو نووسینێکی لاواز و کاڵ و کرچ، لەژێر ناوی (بۆ منداڵان) ناچێتە خانەی ئەدەبی منداڵانەوە. منداڵانیش ئەو نووسینانەی کە بە دڵی خۆیان نەبێت و چێژ و خۆشییان لێوەرنەگرن، بە ئەدەبی خۆیان نازانن. 
دکتۆر (محەمەد شاکیر سەعید) دەڵێت:"زۆر لەوانەی کە بۆ منداڵان نووسراون، لە راستیدا گونجاونین بۆ منداڵان، چونکە لە ئاستی منداڵان بەرزترن. یان لەگەڵ لایەنی پەروەردەیی منداڵاندا ناگونجێن. یان لەبەر ئەوەی کە بەها رەوشتییەکانیان 
لەخۆنەگرتوون، کە بەشداری لە پەروەردەکردن و پێگەیاندنی منداڵاندا دەکەن". 
جیاوازیش لە نێوان نووسینی منداڵان و نووسین بۆ منداڵاندا هەیە. ئەو بابەتە ئەدەبییانەی کە منداڵان خۆیان دەیاننووسن و لە میانەیەوە گوزارشت لە هەست و سۆز و خەیاڵ و لە خەون و لە هیواکانیان دەکەن و بەهرە و تواناکانی خۆیان دەردەخەن. ئەم نووسینانە گەشە بە زیرەکی و سۆزداری تواناکانی منداڵان دەکەن. دەبنە هاندانیان بۆ پێشکەوتن و داهێنان، سەرەڕای ئەوەش خۆشیان پێدەبەخشن. چونکە واهەست دەکەن، ئەو نووسینانە، گەر ساکار و سادەشبن، زادەی خەیاڵ و بیر و هۆش و گوزارشتی راستیی خۆیانن. جیاوازییان هەیە لەگەڵ ئەو ئەدەبیاتەی کە گەورەساڵان بۆیان دەنووسن. کە رەنگە هەندێ جار گوزارشت لە خەون و خەیاڵ و هیواکانیان و لە راز و نیازی پاکییان و لە ناخی دڵ و دەروونی منداڵان نەکەن. 
بێگومان رەهەندی پەروەریی لە ئەدەبی منداڵاندا، لایەنێکی گرنگ و کاریگەر و چارەنووسسازە لە گەشەکردن و بنیاتنانی کەسایەتی دروستی منداڵان. بە تایبەتی لەم سەردەمەدا، کە سەردەمی شۆڕشی تەکنەلۆژیا و داهێنانی سەیر و سەمەرەیە، پەیوندیکردن ئاسانتر بووە، هۆیەکانی فێرکردن و گەشەکردنی رۆشنبیریی منداڵانیش زۆرتربوونە و ئاستی زیرەکی و هۆشیاری و وەرگرتنی منداڵانیش بەرزتربوونەتەوە.
ئەدەبی منداڵان هۆکارێکی گرنگی پەروەردەی منداڵانە. بەڵکو ئەدەبی منداڵان و بەها پەروەردییەکان دووانەن و لە یەکتری جیانابنەوە و تەواکەری یەکترین و کاریگەرییان لەسەر یەکتری هەیە. بە کورتی ئەدەبی منداڵان و پەروەردەی منداڵان گیانێکن و لە دوو جەستەدان. 
ئەگەر هیوا و ئامانجی ئێستا داهاتووبێت، ئەوە رەهەندی پەروەردەییە کە داهاتووی ئەدەبی منداڵان دیاری دەکات. چونکە ئەدەبی منداڵان لە پلەی یەکەمدا، ئەدەبێکی پەروەردەییە. بنەما پەروەردەییەکانن کە راستی و بوارەکانی داهاتووی ئەدەبی منداڵان دروست دەکەن. هەر گۆڕانکاری و پێشکەوتنێک لەم ئەدەبەدا بکرێت، پێویستە لە دەروازەی پەروەردەوە تێپەڕێت. نووسەرانی بوارەکانی ئەدەبیاتی منداڵانی کوردمان ئەم راستییە دەزانن، بۆیە گرنگییەکی زۆریان بە رەهەندی پەروەردەیی داوە و پانتاییەکی زۆری لە نووسینە هەمەجۆرەکانیاندا گرتۆتەوە. واتە نووسەرانی ئەدەبی منداڵان ئەگەر پەروەردەکار نەبن، ناتوانن مەبەست و پەیامەکانیان بە منداڵان بگەینن و ئەدەبێکی تازەی هاوچەرخ و پێشکەوتووی خوازراو بەرهەم بهێنن.  
زاناکان و بیرمەندان بە دێژایی سەردەمەکانی مێژوو، رۆڵی ئەدەبی منداڵانیان بەرز و گرنگ نرخاندوون لە پەروەردەکردنی منداڵاندا. چونکە ئەدەبی منداڵان کۆڵەکەیەکی سەرەکی بەهێزە لە بنیاتنانی کەسایەتی دروستی منداڵان. لە رێگەی بەشداریکردنی لە گەشەکردنی  بیر و هۆش و دەروون و سۆزداری و زمانی و دەوڵمەندکردنی ژیانی رۆشنبیرییان، کە بە رۆشنبیریی منداڵان ناوی دەبەین. ئەدەبی منداڵان رۆڵێکی کاریگەریشی لە بە کۆمەڵایەتیکردنی منداڵاندا هەیە. هەر لە ڕێی ئەدەبیشەوە روانینیان بۆ ژیان و داهاتوو فراوتر دەبێت. 
لە رابردوودا ئەرک و بەرپرسیارێتی پەروەردەکردن و ئاراستەکردنی منداڵان، تەنیا لە ئەستۆی دایکان و باوکان و پەروەردەکاراندا بوو. بەڵام لە ئەمڕۆدا ئەم ئەرک و بەرپرسیارێتییە لەسەر شانی مامۆستایان و نووسەران و هونەرمەندان و میدیاکان و هۆکارە جیاوازەکانی راگەیاندنەکان و کۆمەڵگا و رێکخراوە فەرمی و نافەرمییەکانی داکۆکیکەر لە مافەکانی منداڵان و هەر خەمخۆرێکی دڵسۆزی هیواخوازی داهاتوویەکی گەشتر و شیاوترە بۆ کورد و کوردستان. پێویستە بە هەماهەنگی بەشداری لەم ئەرک و خزمەتە پیرۆزەدا بکەین و هەموومانیش لە بەری ئەرێنی ئەم بەرپرسیارێتییە نیشتمانی و نەتەوەیەتییەدا سوودمەند دەبین. 
ئەو ئامانجە پەروەردەییانەی کە لە میانەی ئەدەبی منداڵانەوە پێشکەش بە منداڵان دەکرێن، کەمترین لەو بەها پەروەردەییانەی کە لە لایەن دایکان و باوکان و باخچەی منداڵان و قوتابخانە یا لە رێگەی هەر هۆکارێکی ترەوە پێشکەشیان دەکرێن. 
ئەدەبی منداڵان هۆکارێکی پەروەردەیی سەرکەوتووی جیهانی هاوچەرخە، بۆ گەیشتن بە هۆش و دڵ و دەروونی منداڵان. ئەو هەلەشیان بۆ دەڕەخسێنێت، کە وەڵامی بەشێک لە پرسیارەکانیان دەستبکەوێت. ختووکەشیان دەدات بۆ بیرکردنەوە و نووسین و داهێنان و گوزارشتکردن لە خەیاڵ و بیرۆکە و لە هیوا خواستەکانیان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە