Monday, 13/02/2023, 20:30
6664 بینراوە
لە سەدەی دەیەمدا بۆ یەکەم جار بەفراوانی دانوستانی ئەوە کرا کە داخۆ کولتووری گریکی، کەواتە کولتوورێکی "نامۆ"، چیی پێ بێت بیدات بە کولتووری ئیسلامی و داخۆ ئەو کولتوورە لادان نەبێت لە ئیسلامی پاکژ کە گەرەکە ترۆپکی کولتووری مرۆڤایەتی بێت. ئەم گرنگیدانە نوێیە بە "پاکژێتی" و "خاڵسێتی" ی ئیسلام پەرچەکردارە لەسەر تەنگژەی بەردەوامی سیاسی و جڤاکییانەی دەوڵەتی خەلافەت. خەلیفە بوو بوو بە بووکەسەماکەرەی فەرماندە سەربازی و خانەوادە بەگزادییەکان، بەوەش ئەو، وەک پارێزەری ئیمانی پەتی، لە چاوی موسڵماناندا مافی ڕێبەریکردنی ئوممەی ئیسلامیی لەدەستدابوو. "گەڕانەوە بۆ ڕیشەکان" (واتا بۆ ئاییندارییەکی خاڵس) وەک بناغەی زاڵبوون بەسەر تەنگژەیەکی جڤاکیدا، لەو کاتە بەدوواوە تا ئەمڕۆ وەک کۆنستانێکی (نەگۆڕێکی) مێژووی ئیسلامی ماوەتەوە. گەڕانەوەکە لە سەدەی دەیەمدا ئاماژە بۆ پەڕگەیەک دەدات لە نێوان دوو بەرەدا: کولتوورێکی زانین کە هاوکات بۆ هزرینی فەلەسەفەییش کراوەیە، هەروەها پەرچەکردارێکی جڤاکی-سیاسی وەک هەڕەشەیەک لەسەر کەلاخستنی فەلسەفە. |
لە بنەڕەتدا بە تێگەى "ڕاستیى جووتەنى" جیاوازیى نێوان ڕوانگەى فەلسەفەیى و تیۆلۆگییانە دەردەبڕرێت. ئەوە کە فەلسەفە باوەڕ دەکات وەک "ڕاست" ناسیبێتى، پێدەچێت لە ڕوانگەیەکى تیۆلۆگییەوە هەڵە بێت (و بە پێچەوانەشەوە). وەلێ ئەم تێڕوانینە فارابى و فەیلەسوفە مەزنەکانى کولتوورى ئیسلامى کە پاش ئەو هاتن، ناگرێتەوە: گەرچی هەرگیز ناشێت ڕوانگەى ئیمان و ڕوانگەى فەلسەفە دژبێژیی یەکدی بکەن، سەرباری ئەوە فەلسەفە پێشتریى هەیە، چونکە ئەو ئەرگومێنتانە دەخاتەوە کە شیاوى تێگەیشتنن، ئەوە لە کاتێکدا کە ڕاستیى ئایینى خۆی لە پشتى شیفرە و سیمبۆلانەوە حەشار دەدات. بۆیە دەبێت سەروەرى دەوڵەتێکى فەزیلەمەند سەرەتا فەیلەسوف بێت تاکو پاشان بتوانێت وەک پەیامهێن ڕاستى بگەیەنێت. |
دابەشبوونى ئیسلام بەسەر زۆرینەیەکى سوننى و کەمینەیەکى شیئیدا پێش سەردەمى فارابی ڕوویدابوو. جگە لەوە لەنێو ئەم دوو گرووپەشدا کەرتەگرووپى دى هاتنە ئاراوە، بەتایبەتى لەنێو شیئەکاندا. ئیسمائیلییەکان یەکێک بوون لەم کەرتەگرووپانەى نێو شیئیزم کە بەتایبەتى پەیوەندییان بە دەوڵەتى فاتیمییەکانەوە لە تونس هەبوو و لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتەشدا سەدەى یازدەیەم و دوازدەیەم لە میسر و سوریا بۆ ماوەیەک باڵادەست بوون. |
© 2019- Kurdistanpost