ئێرە کوردستانە

Friday, 17/02/2023, 23:51

3100 بینراوە


فەرمانروایی کورد لە شارستانییەتەکانی میزۆپۆتامییاو سنووری جوگرافی کوردستان وناوچەکە ڕەگێکی قوڵی مێژوویی هەیە، لەشارستانییەتی سۆمەرییەکان، ئاشورییەکان، بابلی ، ئەکەدی، فارسی، یۆنانی، ساسانی، ئیسلامی. بوونی فەرمانزەوایییەکانی وەک: گۆتی، لۆلۆیی، فەرمانرەوایی ئیمپراتۆری میدییەکان لە میزۆپۆتامییاو ئەنادۆل لە پ ز، شەدادیی، بازی کوردی، هەزبانی، مەروانی.....هتد بەڵگەی مێژوویین کە کورد خەڵکی ڕەسەنی خاکی کوردستان و ناوچەکەن.
ماددەکان ٧٠٠ ساڵ پێش زایین دیاکۆیان کرد بە پاشای میدیا، لە ساڵی ٦٠٦ ی پێش زایین کۆتاییان بە دەسەڵاتی ئیمپراتۆریای ئاشوورییەکان هێنا کە بۆ ماوەی چەندین سەدە حوکمێکی توندو چەوسینەرو داسەپاویان دەکرد لە ناوچەکە. ئیمپرتۆریای میدیا لە شەش هۆزی گەورە پێک هاتبوون ٣ یان کورد بوون: بوسی، ستروخات، بودی، باقی ئەوانی فارس ونەتەوەکانی ناوچەکە بوون، کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی دوا پاشای ماد ئەستیاک، لەسەر دەستی کۆرشی کچەزای کەناوی (مەندانە) بوو ژنی قەمبیزی پاشای فارسەکان بوو، خیانەتی کەسە نزیکەکانی پادشا ئەستیاکی میدی بە ناوی هارپاک و پەیوەندی کۆمەڵایەتی خزمایەتی کۆتایی بە دوا فەرمانرەوایی پاشای کوردان هێنا. 
هاتنی تورکە بەربەرییەکان لە ئاسیای ناوەڕاستەوە بۆ ئاسیای بچووک، لە مەغۆلستانەوە بۆ وڵاتی فارس وسەر خاکی کوردستان ( میزۆ پۆتامییا- ئەنادۆل) دەگەڕیتەوە بۆ سەرەتای سەتەی یانزەهەم لە ساڵەکانی : ١٠١٨، ١٠٤٠، ١٠٧٥، بە چەند قۆناغێک هاتوون، سەرەتا هۆزە تورکەکانی وەک: ئۆغوز، سلجوق، مەغۆل، و عوسمانی بوون، یەکێتییەکی هۆزە تورکەکانیان پێک هێناوە سەرەتا بە ولاتی فارس داهاتوون هەر شوێنیکیان داگیر کردبوا وێران وتالانیان دەکرد و کوشتارێکی زۆریشیان دەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا هۆزو میرە کوردەکان و نەتەوەکانی تری ناوچەکە بەرگرییەکی زۆریشیان کردووە خەلکێکی زۆریشیان لی کوشتوون و تێکیان شکاندوون، تورکەکەکان کۆلییان نەداوە دووبارە خۆیان ڕێکخستۆتەوەو هێرشیان کردووە، دیارە ئاینی ئیسلامیان وەک ئاینی فەرمی پەیڕەو کردووە و لەژێر نێوی گەشەسەندنی ئیسلام سەپاندوویانە لەهەر شوێنێک داگیریان کردوە. لەساڵەکانی ١٠٧٥ ەوە توانیان زۆربەی فەرمانڕەوایی بێزنتیەکان تێک بشکێنن، وخاکێکی زۆری کوردستان و ئەرمەنی و فارس ویۆنانی و لاس و چەرکەس بخەنە ژێر دەسەلاتی خۆیان. دواجار ئەستەنبۆلیان وەک پایتەختی حوکمرانی تورک دیاری کردووە، وەک هەمیشە سەرۆک هۆزومیرانی کوردو نەتەوکانی تری ناوچەکە بۆ بەرژەوەندی و دەسەڵاتخوازی لێرەو لەوێ چوونەتە پاڵ تورکەکان. تواندنەوەی نەتەوەکانی تر لە نێو نەتەوەی تورک نەریتێکی پەیڕەو کراو بووە، یەکێک لە ڕێگەکانی سوڵتان دەبوا مندالانی لە ٧ ساڵ بەسەرەوە بدرێنە دەولەت بەتایبەت بۆ دیانەت ونەتەوە غەیری تورک، گەلێک هۆزە تیرە لەنەتەوە جیاجیاکانی سنوری قەڵەمرەوی عوسمانی لەنێو نەتەوەی تەرکدا توێندراونەتەوە.
دامەزراندنی خەلافەتی عوسمانی دەگەڕیتەوە بۆ بنەماڵەی عوسمانی بەرەگەز تورک، ئەرتوغرل سوڵتانی باوک لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا دەمرێت، دوو کوڕی دەبێت بەناوەکانی عوسمان و دندار. دەبێت یەکێک لە کورەکانی جێگەی باوکی بگرێتەوە، دیارە وەک نەریتێک بۆ ئەوەی تەنیا کەسێک ببێتە خەلیفە و کێشە و دوو بەرەکی و فیتنە لەنیوان کەسە نزیک کوڕەکانی ڕوونەدات کوشتن و لەناوبردنی ئەوانی تر کرا بەیاسا، زۆرترین سوڵتانە عوسمانییەکان پەیڕەویان لەم یاسایە کردووە، عوسمان لە سالی ١٢٩٨ دنداری برای کوشتووە، عوسمان لە تەمەنی ٣٣ سالیدا کراوە بە خەلیفەی عوسمانی، لەسالی ١٢٩٩ تا ١٣٢٦ حوکمی کردووە، لەم ماوەیەدا توانی سوڵتانەتێکی عوسمانی تورکی ڕەگەزپەست و بەهێز دابمەزرێنێت سنووری دەسەلاتی خۆی فراوانتر بکات و زۆر لە میرو دەسەڵاتدارانیتریش بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی.
بۆ چوونە سەر کورسی خەڵافەت کوشتنی براو خوشک وکەسە نزیکەکان و کوشتاری خوێناوی نەریتی تورک بوو، چەند نموونەیەک دەهێنینەوە:
سوڵتان بایەزیدی یەکەم لەسالی ١٣٨٩ کە سوڵتان مرادی باوکی مرد، بۆ رەوایەتیدان چووونە سەر تەختی خەلافەت ودوور خستنەوەی گرفت وکێشە پەنای بردۆتە بەر ئەم ئایەتەی قورئان ( وان فتنە آشد من القتل) .
سوڵتان محمد فاتیح برایەکی شیرە خۆرەی خۆی کوشتووە. 
سوڵتان سەلیم غازی کوڕی بایەزیدی دووەم، سەرجەم براکانی خۆی کوشت و کوڕەکەشی دوور خستەوە. 
سوڵتان محمدی سێیەم، بەر لەناشتنی جەنازەی باوکی، سەرجەم براکان و خوشکەکانیشی کوشتووە، هەندێک سەرچاوە ئاماژە بە ٩ و هەنێکی تر بە ١٩ برا دەکەن.
شەڕی چاڵدێرانی نێوان تورک و سەفەوییەکان١٥١٤، تورکەکانی ناچارکرد ڕێککەوتننامە لەگەل میرەکوردەکان بکات ئەوەش بە هەولی مەلا ئیدریسی بەتلیسی و سوڵتان سەلیم ی عوسمانی چەند میرنشینێکی کوردیان دامەزراند، ئارمانجیش لەم نزیک بوونەویە بۆ دۆستایەتی کردنی کوردو سووت بینین لە ئازایەتییەکانیان و سنووری جوگرافی کوردستان، و کورد نەچنە پاڵ سەفەوییەکان، سوڵتانی عوسمانی لەسالی ١٥١٥ بە فەرمی دانیان نا بە دەسەڵاتی میرنشینە کوردەکان، کاتێک سوڵتان سولێمان بوو بە خەلیفەی عوسمانی لەسالی ١٥٢٠ پەیماننامەکەی پێشیل کرد، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی زۆرێک لە میرە کوردەکان توورە بن و بچنە پاڵ شای سەفەوی ئێران.
هەر کاتێک شەڕ بۆتە مەترسی بۆ سەر دەولەتی عوسمانی ، سوڵتانەکان پەنایان بردۆتە بەر فڕو فێڵ و خەڵاتاندنی میرەکوردەکان ، لە شەریان لەگەل مەمالیکەکانی سوریاو میسریشدا پەیماننامەیان لەگەڵ میرانی کورد مۆرکردووە، دیارە کاریگەری دەمارگیری ئاینی ئیسلام و چاچنۆکی و خۆپەرستی وتەماع و نزمی ئاستی خوێندەواری هۆشیاری میرانی کوردوەک پێویست نەبووە بۆیە لە هەر دەرفەتێکدا سوڵتان بە پێی بەژەوەندییەکانی خۆی خستوونییە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، ئەوە بەدرێژایی مێژوو تا ڕۆژگاری ئیمڕۆش پەتایەکە لەنێو میر و دەسەڵاتدارانی کوردەکان وەک میرات و بۆ ماوەیی ماوەتەوە، بۆیەشە تا ئێستا نەتوانراوە ستاتۆیەکی سەربەخۆی کوردستان بنیات بنرێ.
داگیرکاری تورک بەدەر لەوەی بۆ داگیرکاریی بووە، هەمیش بۆ ڕەگەز پەرستی تۆرانی و هەم بۆ پاوانخوازی و دەسەلاتخوازی و تواندنەوەی نەتەوەکانی تر لەنێو نەتەوەی تورکدا بووە بۆ ئەم مەبەستە ئاینی ئیسلامیان بەکار هێناوە، سەرچاوە مێژووییەکان باشترین بەڵگەی سەلمێنەرن، عەرەب وفارس وئەسپانی و ئینگلیزو چوونی ئەروپییەکان بۆ ئەمریکا کاریگەریان بەسەر هەموو ئەم نەتەوەو وڵاتانەدا هەبووە هەم وەک ئاینی و هەمیش وەک نەتەوەیی لەم شوێنانەی داگیریان کردوون، داگیر کاری تورک لەوانەشی تێپەڕاندووە. ئۆکتاڤیۆ بازی شاعیرو وەرگری خەڵاتی نۆبلی ئەدەبی لەساڵی ١٩٩٠، لە دیدارێکیدا سەبارەت بە نووسینی کتێبی سەرلێشێواوی گۆشەگیری دەلێت: ئەمریکییەکان گرنگی بە بابەتی ڕەگ وڕیشە دەدەن چونکە خەڵکە ڕەسەنەکەی بەتەواوی لەناو چوون، ولاتەکەیان لەسەر پاشماوەکان بنیاتنراوە، ئەوەش بۆ تە هۆی لەناو چوونی ئەو شارستانییەتەی پێشتر هەیانبووە، پێش هاتنی ئەوروپییەکان( مەبەستی لە شارستانێتی هیندییە سورەکانە). کتێبەکە هەولێکە بۆ ڕەواندنەوەی تارماییەکانی ڕابردوومان، حەزێک بوو بۆ روونی بینینی ڕەگ و ڕیشەی قوڵ و دوورو درێژی مەکسیک.
 بەداخەوە بۆ ئەم ڕەوشەی ئێستا لە کوردستان بەتایبەتی باشوور پێیدا تێدەپەڕیت، سەرکردەو حیزبە کوردییەکان و لەشکری قەڵەم بەدەستانی دەربارو سەرجەم دەزگەکانی ڕاگەیاندن، بەرامبەر بە پێشێلکردنی سەروەرو کەرامەتی خەڵک و خاکی کوردستان بێ دەنگن، بۆ یەکتر ئازان سوکایەتی ودرۆو بوختان بهۆننەوەو زیندانەکان پڕ بکەن لەدەنگی ناڕازی، خەڵک بیکارو برسی بکەن وناچاری ئاوارەی تاراوگەیان بکەن لەدەریاکاندا ببنە خۆراکی ماسی و لەسنوورەکان لەسەرمان و برسان رەق ببنەوەو ببنە تۆپی ژێر پێی جەندرمەکانی سنووری ولاتان. ئایا ژیان ئەوە دەهێنێت لە پێناوی سلاوێکی گەرم و دەستکەوتێکی مادی یا پلەو ئیمتیازی حکومی و حیزبی یا سەفەرێکی وڵاتێک بەناوی تورکیا کەلەسەر خاک و خوێن و لاشەی چەندین نەتەوەی ڕەسەنی ئەم مەملەکەتە بنیاتنراوە، مرۆڤ هێندە سەرکزو ترسنۆک ولاواز بێت، باشە دەی ئەوەی پێی دەگوتری کەرامەت و شەهامەتی خاک ونەتەوەیی لەکوێی ئەم هاوکێشەیە دایە، بەرزی وکەرامەتی مرۆڤەکان لەو نایەدایە کە بەڕووی ستەمکارو داگیرکەراندا دەری دەبڕێت، ئەگەر وا بڕوات، چەند دەیەکی تر کوردستان وەک ئەمریکای لێدێت و خەڵکە ڕەسەنەکەی لەبۆتەی تۆرانی دەتوێنەوە ونامێنن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە