کارەساتەکەی ڕۆژهەڵاتی فەلەستین

Saturday, 18/02/2023, 0:23

2701 بینراوە


 لە ٣ ئەم مانگەدا ڕووداوێك لە شارۆچکەی ڕۆژهەڵاتی فەلەستین لە ویلایەتی ئۆهایۆ ڕووی دا کە بە (چێرنۆبڵ) ئەمریکی ناوزەند کرا.. ئەم ڕووداوە ژینگەییە بەهۆی هێڵی ئاسنینی کۆمپانیای (نۆرفۆلك ساوزرن) کە هەڵگری چەندین جۆری جیاواز لە ماددە کیمیاییەکان کە دواتر گڕی گرت و بوە هۆی ئەوەی تەواوی ژینگەکە پیس بکا. تا ئێرە گەر ئەم هەواڵە بۆ کەسێکی سادە بەرگوێ بکەوێ ڕەنگە هیچ پرسیار بە دوای خۆیدا نەهێنێ، لێ هۆکارە بنەڕەتیەکان زۆر شت هەڵئەگرن کە ڕەنگە چەندین بەڵگە و بیردۆزی سەر سوڕهێنەر لە ئارادا بن کە بۆچی ئەم ڕووداوە، ڕوویدا.
ڕەنگە ئەم بابەتە بۆ خوێنەری کورد بە تایبەتی لە کوردستان جێی بایەخ نەبێ و کاریگەری لەسەر درووست نەکا، بەڵام دوای ئەوەی هەندێ سەرنج لەبارەیەوە ئەدەین  ئەوسا ئەبینین چەندە گرنگە لە زۆر کاتدا لە ڕووداوەکانی چوار دەور بکۆڵینەوە و بزانین وانەی پێوستی لێوە فێر ئەبین.
ساڵی ٢٠٢٢ فلمێك بەناوی (هاواری  سپی) دەرکرا کە لە ڕۆمان هاواری  سپیەوە بەرجەستە کرا کەلە ساڵی ١٩٨٠ نووسرابوو کە باس لە سووتانی شەمەندەفەرێك ئەکا لەم شارۆچکەیەدا کە هەمان کارەسات لەم مانگەدا لەهەمان شوێن ڕوویدا.. هەندێ لەو کەسایەتی و ئەکتەرانەی لەو فلیمەدا بەشدار بوون، هەمان ئەو کەسانەن کە دواتر لەم مانگەدا ڕووداوەکەیان بە شێوەیەکی ڕاستەقینە بۆ خەڵکی گێڕایەوە،،هەندێ لە میدیاکانی ئێرە ئەم لێکچوونە بە هەوانەتە نازانن ئەڵێن ئەم ڕووداوە پێشینەیەکی هەیە. زۆربەیان پێیان وایە ئەم کارەساتە لەخۆوە نەبوە و دەستی پارتی دیموکراتەکانی ئێستای لە پشتە، ئەوەش بە هەنجەتی ئەوەی ئەم شارۆچکەیە دەنگدەری دۆناڵد ترامپن و دژی سیاسەتەکانی بایدنن. هەندێك زیاتر لەوە ئەڕواو پێی وایە میدیاکانی دەسەڵات ئەم بابەتەیان دیزە بە دەرخۆنە کرد و هیچ گرنگیان پێ نەداو هێزی بەرگریان بەکار نەهێنا بۆ ئەوەی بەو شێوەیە گەورە نەبێ و بیانتوانیایە کەنترۆڵی بکەن.
سەرنجی من لێرەدا ئاماژەیەکە بۆ ئەو دووبەرەکیەی لە نێوان هەردوو پارتی دیموکرات و کۆمارییەکانە کە کار گەیشتۆتە ئەوەی بە شێوەیەکی زۆر زەق و دیار ناکۆکیەکان گەیشتۆتە لوتکە و بەدوور نازانرێ ئەمریکاش بەدەردی یەکێتی سۆڤیەتی لێ بێت و پارچە پارچە ببێ. ئێستا زۆر لە مریشکە ڕەشە نزیك بووینەتەوە و هەر ئەوا ماوە سێوەکە بکەن بە دوو لەت ، گەر نا ئەوا بەدووری نازانین شەڕی ناوخۆ جارێکی تر ، ڕووبداتەوە.
لێکچوونی ئەم ڕووداوە بۆ هەرێمەکەی لە مەڕ خۆمان ئەوەیە ، پارتی و بنەماڵەی بارزانی لەسەر خوێن و ئارەقەی سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە هەرچی خێر و بێری ئەم ووڵاتەیە بۆ هەولێر و دهۆک سەرف بکەن و بڵێن مادام سلێمانی دەنگمان پێ نادەن ئەوا داوای خزمەتگوزاری  ومووچە لە ئێمە نەکەن.. ئێستا لە ئەمریکاش ئەمە زۆرباش ئەبینرێ و هەستی پێ ئەکرێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە