هەپی بەیاز
Monday, 20/02/2023, 8:13
3689 بینراوە
کە مناڵ بووین لە ساڵانی شەستەکانا ، فیلمێکی کاوبۆی"عصابة" هەبوو کە زۆر لامان خۆش بوو ناوی"الشجعان الخمسة" واتا "پێنج کوڕە ئازاکە" بووکە یەکێکیان "جولیانو جیما" ئەکتەری ناوداری ئیتالی ئەو سەردەمە بوو ، ، ، ئەم پێنج کوڕە ئازایە ئەچوونە شارێکەوە کە زەلالەتی بوو بەدەست کۆمەڵێ چەتە و شەڕفرۆشەوە ، بەکوردییەکەی"سەرسەری" بوون ،
دەستیان بەسەر شارا گرتبوو و پارەی"بانک"ەکە شیان داگیر کردبوو ، ئێمە بەوانەمان ئەووت
خائینەکان و بەر هێرشی پێنج کوڕە ئازاکە ئەکەوتن و هەر هەموویان تیا ئەچوون و ئێمەش بە چەپڵە ڕێزان بۆ پێنج کوڕە ئازاکە تا دوا دەقیقەی فیلمەکە سەیرمان ئەکرد... ئەم یادگارییەم بۆیە هاتەوە یاد ئەمڕۆ بەناو حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغا ئەگەنە وەزعێکی چەقیوو " کە زوو
زووش ئەچەقن !!" بە پەلە وەفدێکی پێنج کەسی ئەنێرێتە بەغا گوایا بە عەقڵ و ئیدراکی خۆیان لەو سەرسەرییانەی بەغا نەجاتمان ئەیەن ،!! و پێنج کوڕە ئازاکەی هەرێم ئەوەنە چوون بۆ بەغا کە هەر یەکەیان جانتایەکی سەفەری لە شوێنی ئیشەکەیەتی هەر کە تەلەفۆنیان بۆ کرا یەکسەر بەو فایلانەی نە کەم و نە زیای کردوە تا بەغا ناوەستن..لە هەموو خەڵکی کوردستان جگە لەم پێنج کوڕە ئازایە کەسی تر شک نابرێ کە بتوانێ لەسەر مەسەلەی نەوت و گاز قسە لەگەڵ بەغایا بکەن ، یەکێکیان ئەوەنە لە نەوتا شارەزایە بەیانیان بە موەزەفەکانی ئەڵێ "نەوتتان باش" ، ئەوەی تریان ئەوەنە مەعلوماتی ئەکادیمی لەسەر"گاز" هەیە کە زۆر جار گازی ڕێخۆڵە و مەعیدە و گازی سروشتیی ژێر ئەرزی لێ تێک ئەچێ !! كوڕە ئازایەکی تریان بەرپرسی کارەبای هەرێمە کە ڕۆژانە شەش سەعات هەیە ، واتا ئەتوانین بڵێین بەرپرسی یەک لەسەر چوار"ڕوبعێکی" کارەبای هەرێمە ، کوڕە ئازایەکی تر هەر ئەوەنە ئەزانێ کە سۆپا بە نەوت ئیش ئەکا ! ئازایەکی تریان بۆ مەسەلەی زمان و لە یەکتر گەیشتنیش کوردییەکەی ئەوەنە باشە کە" کاڵا" و
"کاڵەک" لەیەک جیاناکاتەوە ، جا نازانم گەر بیکا بە عەرەبی لە جیاتی " بضاعة" ئەڵێ
" بطیخ" ...
....لەو هەموو گرفتە گەورە و قورسانەی بەهۆی سیاسەتی ناشیانەی نەوت و ئابووری هەرێم ئەو خەڵکە قوڕبەسەرە تووشی بوە بەناو حکومەتیش جگە لە پێنج کۆڕە ئازا (نە)گۆڕەکە کەسی تری نیە بە تەنگییەوە بێ ، ئەمانە ئەوەنە شارەزان بۆ چوون بۆ نان خواردنیش تەلەفۆن بۆ هەولێر ئەکەن ،، ئەم پێنج کوڕە ئازایە ئەوەنە دوورن لەو کارەی پێیان ڕاسپێراوە
كە هەر لە خۆتەوە و توڕەییا حەز ئەکەی خائینەکان بیبەنەوە ، چونکە هەردوو لا و هەر یەکەی بە نەوعێ قوڕی کردوە بەسەر شارەکەیا ، "شەریف" ەکەی خائینەکان هیچ نەبێ کە دزی ئەکرد شتێکی بۆ خەڵکی شارەکە سەرف ئەکرد ، گەر" جولیانو جیما" چوار کوڕە ئازاکەی تر بە دەمانچە شارەکەیان ڕزگار ئەکرد ، پێنج کوڕە ئازاکەی هەرێم هیچ دەسەڵاتێکیان نیە بۆ دەرهێنانی خەڵک لەو میحنەتەی تیایا ئەژین...
......لەوانەیە چارەسەرێک ئەوەبێ کە پێنج کوڕە ئازاکەی هەرێم بگۆڕدرێن بە پێنجی"تورک"
چونکە دوا جار شەریفی شارەکە پارەی بانکی شارەکەی لە "تورکیا" شاردۆتەوە ، بەشی پێنج کوڕە ئازاکەی لێ یاوە و باقیاتی ڕەوانەی ئەوێ کردوە !! یەگجاری ئەوان ئەبن و ئەتوانن ببن بە پێنج کوڕە ئازاکە ، پێنجە ئازاکەی لای خۆمان تەنیا وەک"حەمەی بەرید" ئەچن بۆ بەغا و
دەسەڵاتیان مساوییە بە "هەپی بەیاز".....
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست