دکتر باقر پیری

https://www.facebook.com/profile.php?id=100006150067243


پەیامی بەرەی یەکگرتووی کورد بە بۆنەی "ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک"

Tuesday, 21/02/2023, 21:37

1671 بینراوە


"زمان ڕۆحی نەتەوەیە"

ڕۆژی دووی ڕەشەمە، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک لە گەلی کورد و هەموو گەلانی ستەم لێکراوی جیهان پیرۆز بێت.
گەلی کورد بەهۆی پارچە پارچەبوون و ژێردەستەیی نەیتوانیوە زمانەکەی لە ژێر گوشار و زەبر و زەنگ دەربهێنێ. 
سەرەڕای هەموو ئەو بەربەستانە و بە دانی باجی زۆر، گەلی کورد توانیویەتی زمانی خۆی بپارێزێت و گەشەی پێ بدات بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە زاڵبوونی زمانەکانی تر بەتایبەت لە بواری پەروردەوە, کاریگەریی نەرێنی نەبووبێت. 
بەداخەوە لە 100ساڵی ڕابردوودا و دوای دروستبوونی چەمکی دەوڵەت- نەتەوە و یەکسانکردنی زمانی پەروردە بەسوودی زمانی نەتەوەی باڵادەست و بە زیانی زمانی نەتەوەکانی تر و لە نێویاندا زمانی کوردی بووە و ئەم زمانە یەکێ لە هەرە خەسار لێکەوتووەکان بووە. 
هێژموونی سێ زمانی فارسی، عەرەبی و تورکی و هێرشیان لە هەموو لایەکەوە، تەنگی بە زمانی کوردی هەڵچنیوە و زۆربەی کات لەسەر سایکۆلۆژی تاکی کوردیش، کاریگەریی قووڵی بووە و خۆبەکەمزانی لە ناخی تاکی کورد دروست کردووە. بۆ ئەوەی ئەم تاکی کوردە خۆی یان منداڵەکەی بتوانێت لە نێو نەتەوەی باڵا دەست جێ  پێی بکاتەوە، ناچار بووە زمان و کولتووری خۆی وەلا بنێت و ڕێ و ڕەوشت و زمانی نەتەوەی زاڵ وەک ئامرازی پێشکەوتن وەربگرێت. 
بەڵام لە دنیای ئەمڕۆدا و بە هەبوونی کەرەستەکانی پێوەندی و لێک ئاگادار بوون و لێک حاڵی بوون، هەرچەندە گوشار و پیلان بۆ فەوتان و تواندنەوەی زمانی کوردی لە ئارادا بێت؛ هەر بەو ڕادە و بگرە زیاتر پەرچدانەوە و هەوڵ و تێکۆشان بۆ گەشە و نەشەی زمانی کوردی لە ئارادایە. گەلی وشیار ئەستەمە ڕێگە بە فەوتان و لەناوچوونی زمانی دایکی خۆی وەک ناسنامەی لە مێژینەی بدات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێوەری هەموو یاسا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، ئەرکی دەسەڵاتە کە بەڕادەی زمانی هاوبەش بۆ زمانی نەتەوەکانیتریش هەلی پەروەردە و فێربوون بڕەخسێنێت و بەداخەوە تا ئێستا دەسەڵات بەپێچەوانەوە هەڵسوکەوتی کردووە.
بەرەی یەکگرتووی کورد
دووی ڕەشەمەی 2722ی کوردی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە