ئەمڕۆ لەسەر ئاستی دنیادا چی دەگوزەرێت؟

Friday, 24/02/2023, 12:12

8726 بینراوە


ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت، لەسەر ئاستی دنیادا، تێبینی ناسەقامگیری سیاسیی، سەربازیی  جەنگی میدیا و ئابووریی نێوان زلهێزەکانی دنیا لەگەلێک شوێنی ئەو دنیایەدا بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یۆکرانیا، نێو ئوقیانووس و زەریاکان و تایوان و هیتر دەکرێت، ئەم دۆخە لە ئەنجامی گۆڕانی هاوسەنگی هێزە لەسەر ئاستی دنیادا.
 سەد ساڵ پێش ئەمڕۆ ئەو وڵاتانەی کە توانای دابەش کردنی گۆی زەویان هەبوو، ئەمڕۆ هێزیان گۆڕانی بەسەردا هاتووە، لەو سەد ساڵەدا هێزی دی پەیدا بوون، کە بەدرێژای ئەو قۆناغە مێژووییە تەقەلایان داوە، خۆیان گەیاندۆتە ئاستی بوون بە زلهێز، نمونە وەک چین، ئەمەش کاردانەوەی لەسەر لاواز کردنی پێگەی زلهێزەکانی دنیادا دروست کردوە، بەتایبەتی ئەوروپا، ڕوسیا و ئەمریکا وەک جاران کۆنتڕۆڵی بازاڕی جیهانیان بۆ ناکرێت.  
جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم لە سەدەی ڕابردوودا، وەک ئەمڕۆ لە ئەنجامی گۆڕانی هاوکێشەی هێز بوو. دوای هەردوو جەنگ، گۆڕانکاری بنەڕەتی لەسەر ئاستی دنیادا لە سنووری جوگرافیا، سیستەمی دەسەڵات و سنووری حوکمڕانی و سیستەمی ئابووریی ڕوویدا. پێش جەنگی یەکەمی جیهانی میسر، عیراق و وڵاتانی کەنداو هیتر لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوون، بەڵام دوای جەنگ ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ڕووخا و ئەو وڵاتانەی کە لەژێر دەسەڵاتی ئەودا بوون، دابەش کران، لەژێر ناونیشانی دی کەوتنە ژێر دەسەڵاتی زلهێزەکانی دنیای وەک بریتانیا، فرەنسا و ئەمریکا و ڕوسیا و هیتر.
جگە لە دابەشکردنی سنووری جوگرافی سیاسیی و دەسەڵات، وڵاتانی براوە لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانیدا نەخشەی ئابووریی بەتایبەتی بۆ نەوتیان داڕێژت و لە ساڵی ١٩٢٠- ١٩٧٠ حەوت کۆمپانیای نەوتیان لە یەک چوارچێوەدا کۆ کردەوە، کە کۆنتڕۆڵی دەرامەت و نرخی نەوتی دنیا بکات و بە کۆمپانیای نەوتی (حەوت خوشک) ناسرا بوون. 
لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی، دیسان نەخشەی سیاسی و جوگرافی و ئابووریی گۆڕانی بەسەردا هات. دوو جەمسەری بەهێز لە دنیادا بە ناوی وڵاتانی سەرمایەداری و ئیشتیراکیی لەژێر چەتری ڕوسیا، ئەمریکا و ئەوروپادا، بەرامبەر بە یەک قوتبوونەوە، تا ڕادەیەک هاوسەنگی هێز لەسەر ئاستی دنیادا بەرقەرار بوو، تا نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو کاتێک کە یەکێتی سوڤیەت هەرەسی هێنا، بووە هۆی بەهێز بوونی پێگەی وڵاتانی سەرمایەداری وەک ئەوروپا و ئەمریکا لەسەر ئاستی دنیادا.
دوای جەنگی دووەمی جیهانی زلهێزەکانی دنیا ڕوسیا، ئەوروپا و ئەمریکا تا دەگات بە چین،  ڕێککەوتن لەسەر دروست کردنی ڕێکخراوێکی فەرمیی، بۆ مەشروعیەت دان بە دەسەڵاتیان لەو وڵاتانەی کە لەژێر هەژموونی ئەواندا بوون، یان لەو وڵاتانەی لەگەڵ زلهێزی دی لە ناکۆکییدا بوون،  کە ئەویش ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو لە٢٤/ ١٠/١٩٤٥دا لە ئەمریکا دامەزرا.  ئەندامی بەردەوامی لیژنەی ئەمنی ئەو ڕێکخراوە پێکهاتووە لە ئەندامێک لە بریتانیا،فرەنسا، ئەمریکا، ڕوسیا و چین، کە هەمیشە بە دەنگدان ئەوروپا و ئەمریکا لەو ڕێکخراوە چیان بوێت دەیبەنەوە. واتە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکخراوێکی سەربەخۆ نییە،  سیاسەت و پلانەکانی لەلایەن زلهێزەکانەوە ڕایەڵە دەکرێت و هەمیشەش بەناوی بێ لایەن و پاراستنی مافی مرۆڤ پارێزگاری لە پلان و ستراتیژیەتی زلهێزەکانی دنیا دەکات، واتە گەلانی دنیای سێیەم ئەگەر هیچ هیوایەک بەم ڕێکخراوە ببەستنەوە ئەوا هەڵەیەکی مەزن دەکەن. هەموو بڕیار و هەنگاوێکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن زلهێزەکانەوە ئاراستە دەکرێت. 
لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی، زلهێزەکان بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی سامانە سروشتیەکانی بەتایبەتی نەوتی زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە کەوتە ژێر دەسەڵاتیان، بۆ ئەو مەبەستە هەموویان کۆک بوون لەسەر بەهێز کردنی کۆمپانیای "حەوت خوشک" لە ناوەڕاستی چلەکاندا تا ساڵی ١٩٧٠ ، بەمجۆرە کۆنتڕۆڵی تەواوی نەوتی ئەو ناوچانەیان کرد کە لەژێر دەسەڵاتی زلهێزەکانی دنیادا بوون وەک( ئەنگلۆ ئیرانیەن، شێل، گۆلف ئۆیەل، تێکساکۆ، ئیسۆس، ستاندەرد ئۆیەل ۆف نیویۆرک)، قازانجی ئەو کۆمپانیانە ساڵانە بە دەیان میلیار دۆلار بوو کە پشکی شێری دەچووە نێو خەزێنەی زلهێزەکان. دەبێت ئەوە نەبوێرین کە لەگەڵ کاتدا ناوی ئەو کۆمپانیانە گۆڕاون، ئێستا کۆمپانیای حەوت خوشکە تازەکەیان پێ دەڵێن کە بریتین لە، (بی پی، شیڤۆن، ئی ئێکس مۆبایل، ڕۆیەل شێل، تۆتەڵ ئێس ئەی، کۆنکۆفیلیپ، ئی ئێن ئای)، بەڵام ستراتیژیەتی کار کردن، نیشانە و ئامانجی ئابوورییان، ئەرک، لێپرسراوەتی و قازانجیان گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە. دواتر کە ئۆپیک لە ١٤/٩/١٩٦٠ لە بەغداد دامەزرا، کە هەنووکە ١٣ وڵات تێیدا بەشدارە، ئەلجیریا، ئەنگۆلیا،ئەکواتۆریا، غابۆن، ئیران، عیراق، کوێت، لیبیا، نایجیریا، سعودیە، ئیمارات، ڤەنزوێلا کۆی کۆمپانیای "حەوت خوشك" بەم هەنگاوە دڵخۆش نەبوون و لە سەرەتادا بۆیکۆتیان کرد. 
زاڵ بوونی دوو جەمسەری جیاواز لە دنیادا، کاردانەوی هەبوو لەسەر ڕێکخستنی نیزامی دەولی تازە لەلایەن زلهێزەکانەوە بۆ ئەو دەوڵەتانەی پلە لە دوای پلە لاوازتر لەوی دی کەوتبوونە ژێر ڕكێفیان. بەو مانایەی هەمیشە زلهێزەکانی دنیا قامچی ئەو بەڕێوەبردنەیان لە دەستدا بووە، بۆ ئەو وڵاتە لاوازانەی کە هاوپەیمانیەتییان لەگەڵیاندا بەستووە، چەند ئامرازێکیان بەکار هێناوە بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆیان، وەک کۆنتڕۆڵ کردنیان لە بواری سیاسەت، ئابووریی، سەربازیی و پەروەردەی میللەتەکانیان و میدیا و ناساندنی کلتووری خۆیان بەهێوری سەپاندنی ئەو کلتوورە بەسەریاندا.
زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە لە هاوپەیمانیەتین لەگەڵ وڵاتانی زلهێز، بەگوێرەی پێگەیان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت بەڵام هەموویان سەربەخۆی بنەڕەتیان نییە لە بڕیاردانی سیاسیی، ئابووریی و سەربازیی و تا دەگات بە کۆمەڵایەتی و پەروەردە و میدیا.
 لە بواری سەربازییەوە هیچ وڵاتێکی هاوپەیمان لەگەڵ هەر زلهێزێک بۆی نییە ڕێککەوتنی سەربازیی لەگەڵ هیچ لایەنێکدا ببەستێت بەبێ ئاگاداری ئەوانەی لە سەنتەری بڕیاردانن لە وڵاتی زلهێزەکان، هەروها دەبێت کەلوپەلی سەربازیی و تەقەمەنی تەنیا لەوان بکڕن، ئەگەر لە وڵاتانی دیش چەک بکڕن ناتوانن بەبێ ئاگاداری ئەوان بێت. گرنگرترین خاڵیش ئەوەیە کە بۆیان نییە بەرهەمی چەک و تەقەمەنی لە وڵاتەکەی خۆیاندا دروست بکەن، بۆ نموونە زلهێزەکانی دنیا خاوەن چەکی ئەتۆمین بەڵام بۆ ئەو وڵاتانەی کە لەژێر هەژموونی ئەواندان بۆیان نییە ببن بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی تەنیا لە حاڵەتێکدا خۆیان بڕیار بدەن. 
پەروەردەی میللەتان و خزاندیان بۆ ئەو ڕێڕەوەی کە زلهێزەکان دەیانەوێت، لە ڕێگەی ئەوانەدا دەکرێت کە لە دەسەڵاتن و کۆنتڕۆڵی میدیا دەکەن. بۆ نموونە دەستکاری کردنی مەنهەجی خوێندن،  یان هەڵگرتنی دروشمی عەولەمە، ڕێزگرتن لە خواستەکانی تاک، بڕوا بوون بە دیموکراتیەت یان تەبشیر و هیتر کە لەژێر ئەو دروشمە بریقەدارانەدا میللەتەکە دەخزێنە ڕێڕەوەیەک کە گەڕانەوەی بۆ نەبێت. نمونەیکەی زیندوو کە هەموو خوێنەرێکی کورد ئەزموونی لەگەڵدا هەیە باشووری کوردستانە. لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا لەو دەڤەرەدا تێبینی دەکرێت، کە بۆنە شیعیەکان لە جاران زێتر گرنگیان پێ دەدرێت، کە بێ گومان ئەمە ئیران هاندەریتی. تەبشیر لەنێو قوتابخانە بیانیەکان بووە بە دیاردەیەکی زەق و چەند کێشەی کۆمەڵایەتی ناوەتەوە کە ئەمەش کەنیسەی ئەمریکا و بریتانیای لە پشتەوەیە. گۆڕینی مەنهەجی خوێندن لە مەنهەجی سویدی بۆ بریتانی بۆ ئەم و ئەو. سەرهەڵدانی سەلەفیەت بەتوندی کە ئەمەش ئەفغانستانی لە پشتەوەیە. زۆربوونی یانەی لەشفڕۆشتن و زیاد بوونی ماددەی هۆشبەر بەناوی پێشکەوتن و ئازادی تاک بۆ لەدەستدانی مۆڕاڵ و خوڕەوشتی بەرز ئەمەش تورکیا و ئیران و وڵاتانی زلهێزی لە پشتە، بۆیە ئەمانە هیچی بەبێ بەرنامە و پلان نییە، هەریەکە دەیەوێت بە ئاوازی خۆی میللەتەکە هەڵپەڕێنێت، گەیشتۆتە ئاستێک کلتووری باش و خراپی خودی میللەتەکە بەرەو نەمان دەڕوات. بێ گومان ئەمانە بە یارمەتیدانی دەسەڵاتی لۆکەڵ واتە هەرێم دەکرێت. تا میللەتان گەمژە، بێمۆڕاڵ و بەدڕەوشت بن کۆنتڕۆڵ کردنیان هاسانتر دەبێت. نمونەیەکی دی،  چین خاوەن تیکتۆکە، بەڵام ئەو بابەتانەی کە لە ڕێگەی تیکتۆکەوە بۆ وڵاتانی دی بڵاو دەکاتەوە بەتایبەتی بۆ ئەمریکیەکان، زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەو بابەتانەی کە بۆ خودی چینیەکان بڵاو دەکاتەوە.  
زلهێزەکانی دنیا پلانی داڕێژراویان هەیە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی سەرچاوەی خواردنە سەرەتاییەکان لە وڵاتانی کە لەژێر هەژموونی ئەوانن واتە گەنم، جۆ، برنج و کشتوکاڵی دی. زۆر جار دەبیستین لە میدیاکاندا بەرنامەی ئاڵوگۆڕ کردنی نەوت بە خواردن، کە ئەمە لاوازترین خاڵە کە حکومەت نەتوانیت قوت و خواردنی میللەت دابین بکات. زلهێزەکان قاتوقڕی و برسیەتی وەک ئامرازێک بەکاردەهێنن بۆ سەپاندنی مەرجیان بەسەر ئەو وڵاتانەی کە لەژێر دەسەڵاتی ئەو دان، بۆ نمونە لەسەرەتای نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوودا کاتێک کە ئەمریکا ناکۆکییەکانی لەگەڵ سەدام گەیشتە لووتکە، سزای ئابووریی خستە سەر عیراق، گەلانی عیراقی تووشی قاتوقڕی و برسیەتی کرد. نموونەکی ژیاوی دی، کە هەنووکە سزای ئابووریی ئەمریکایە بۆ سەر ئیران کە گەلانی ئیرانی تووشی قاتوقڕی و نەبوونی کردووە.  
ئەو نەتەوانەی کە دوای جەنگی جیهانی لەژێر دەسەڵاتی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا و ئەوروپا مانەوە، ئەزموون پێمان دەڵێت تا هەنووکە ئەوانە لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی هەژماری گرنگیان بۆ نەکراوە، تەنیا وەک کارتی فشار بەکارهاتوون بۆ سەپاندنی مەرجە ئابووریی و سەربازییەکان لە کاتی قوڵبوونەوەی ناکۆکی نێوان زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە و ئەو وڵاتانەی ژێر هەژموونیان بۆ نموونە، شۆڕشەکانی نەتەوەیی کورد، ئاشبەتاڵی ١٩٧٤. نیمچە ئاشبەتاڵی ١٩٨٨ . تا دوای کۆڕە و ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ حزبەکانی باشوور لە لیستی تیرۆر بوون بۆ ڕاگرتنی دڵی حکومەتی بەغداد، بەڵام لەدوای قوڵبوونەوەی کێشەکانی ئەمریکا لەگەڵ حکومەتی  عیراق، زلهێزەکانی دنیا مامەڵەیان لەگەڵ حزبەکانی باشووری کوردستان گۆڕی، بەڵام تا ئێستا نەیان هێشتووە لەهیچ بوارێکدا لەسەر پێی خۆیان ڕابوەستن، واتە کلیلی مانەوەی دەسەڵاتی هەرێم لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەوانە. نموونەیەکی دی، بۆ ڕاگرتنی دڵی حکومەتی تورکیا، ئێستا پارتی کرێکارانی کوردستان ناسراو بە" پەکەکە" لە لیستی تیرۆرە، کە بێ گومان ئەمەش تا هەتایێ نابێت، کاتێک کە وڵاتانی زلهێز کاریان بە تورکیا نەما هەم دیسان بزوتنەوەی کورد لەم دەڤەرە وەک کارتی فشار بەکار دەهێنن. 
لەم سەدەیەدا هاوکێشەی هێز وەک سەدەی ڕابردوو نەماوە. ڕوسیا و ئیران و چین ڕێککەوتن لەسەر پڕۆژەی ئابووریی و سەربازیی و سیاسی، بۆیە تا ئێستا چین نەوت لە ڕوسیا دەکرێت، ئیرانیش نەوت لە ڕوسیا دەکرێت و بە چەک و تەقەمەنی یارمەتی ڕوسیا دەدات لە جەنگی دژی یۆکرانیا و بەڵێنی داوە بە ناردنی موشەکی دوورهاوێژ بۆ ڕوسیا لەمانگی دەی ئەم ساڵدا. ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠١٦ کە بۆ ٢٥ساڵە، گەورەترین سەفەقاتی ئابووریی نێوان چین و ئیرانە بۆ کڕینی وزە و نەوتی ئیران بە ڕێژەی ٤٠٠ بیلیۆن دۆلار. بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنە، چین بڕیاردەری سەرەکییە لە جۆری کارکردن، دیاریکردنی پشک لە دەرامەت و بەکارهێنانی چ جۆرە دراوێک،  چارەنووسی ئەو ڕێککەوتنانە هەمووی لەژێر بڕیاری چینە، بۆ واژۆکردنی ئەو ڕێککەوتنە، کۆتا مەرجی چین ئەوەبوو کە ٥٠٠٠ هەزار سەرباز، لە هێزی  پاسەوانی شۆڕشی چین لە ئیران نیشتەجێبن و ئیران بەو مەرجەش ڕازی بوو. جگە لەمانە چین پشتیوانی ئیران دەکات و داوا لە ئەمریکا دەکات بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەبێ مەرجی تازە. ڕوسیا و ئیران و چین، دەیانەوێت هاوپەیمانیەتی بەهێز دروست بکەن دژی هەژموونی ئەمریکا بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەرسێ وڵاتیش پشتیوانی ئەسەد بوون بۆ مانەوەی لەسەر کورسی دەسەڵات، لە میدیاکاندا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ناوی ئەو ڕێککەوتنەیان ناوە (ترۆیکۆی تیرانی). 
 ڕوسیا تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دژی هەژموونی ئەمریکا کار ناکات، ئەڵبەتە هەوڵی داوە هەندێک لە وڵاتەکانی باشووری ئەمریکا لەخۆی نزیک بکاتەوە وەک، کوبا، نیکاراغوا، فەنزویلا و وڵاتانی دی ئەمریکای لاتین. سەڕۆکی فەنزویلا پشتیوانی خۆی بۆ ڕوسیا دەربڕی و پەنجەی تاوانی بۆ نەیتۆ و ئەمریکا درێژ کرد کە ئیستیفزازی ئەوان کێشەکەی قوڵ دەکاتەوەو دەیگەینێتە جەنگ.  ساڵی ڕابردوو سەڕۆکی بەرازیل سەردانی مۆسکۆی کرد لەگەڵ ئەوەی کە ئەمریکا داوای لێ کرد نەچێت، پێش وەختیش پشتیوانی خۆی بۆ ڕوسیا دەربڕی دژی یۆکرانیا و ڕایگەیاند، کە یۆکرانیا هەڵەیە و چارەنووسی خۆی داوەتە دەست قەشمەران. ئەلبێرتو فیرناندەز سەردانی مۆسکۆی کرد، لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا هۆشداری دا لەو سەردانە و گوتی موسکۆ لەسەروبەندی هێڕش کردنە سەر یۆکرانیایە، بەڵام سەڕۆکی ئەرجەنتین نەک هەر گوێڕایەڵی ئەمریکا نەبوو بەڵکو گوتی، " ئەرجەنتین دەبێت ببێت بە دەرگەی هاتنە ژوورەوەی ڕوسیا بۆ ئەمریکای لاتین".
ئەمریکای لاتین لەبەرئەوەی سنووری جوگرافیای بە ئەمریکا دەبەسترێتەوە، بۆیە دوژمنایەتی ئەوان زۆر لە دوژمنایەتی ڕوسیا یان ئیران  زێتر کاردانەوەی دەبێت لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، واتە جەنگ چۆن دەرگەی تورکیا و ئیران و سوریا و وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە، بەهەمان شێوە ئەمریکای لاتین دەکرێت ببێت بە پردی گواستنەوەی جەنگ بۆ پێش دەرگەی ئەمریکا، وەک ئەوەی ڕوسیا لە شیشان و یۆکرانیا ڕووبەڕووی بۆتەوە. 
ڕوسیا، هەوڵی داوە خۆی لە کەمبۆدیا ماینەمار، کۆریای باکوور و هیتر نزیک بکاتەوە، کە زۆربەیان هەمان بۆچوونی ڕوسیا و ئیرانیان هەیە. موسکۆ دەیەوێت لە هیند زێتر نزیک بێتەوە، بۆ ئەوەی بیخزێنێتە نێو سێکوچکەی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئیران و چین. ڕوسیا بۆ ئەو هەوڵەی کۆسپی زۆری لەپێشە لەبەرئەوەی هیند و چین، کۆمەڵێک کێشەیان لەنێواندا هەیە. چین دەیەوێت چەکی ئەتۆمی سێ قادی ئەوەی هەیەتی زیاد بکات و ئەو سنوورەی کە چین بە هیند دەبەستێتەوە بەهێزتر بکات. لە ساڵی ٢٠٢٠دا هیند و چین لە چیای هێمالایە ڕووبەڕووی یەکدی بوونەوە، هەروها هیند لەگەڵ چین کێشەی ئۆقیانووسی هیندی و چەند ناوچەیەکی وشکایی لە سنووری نێوانیاندا هەیە، بۆیە ڕوون نییە کە ڕوسیا لەو هەوڵەی سەرکەوتوو دەبێت یان نا، لەبەرئەوەی ئەگەر هیند متمانەی ئەمریکا لەدەست بدات، لە داهاتوودا ئەگەر کێشەکەی زۆر لە ئەمڕۆ قوڵتر بێتەوە لەگەڵ چین، ئەو کات ئەمریکا پشتی تێ دەکات.  
ئەمریکا، هەوڵدەدات بەرەی خۆی زێتر پتەو بکات، لەگەڵ یابان دژی چین هاوپەیمانن. ئەو لەگەڵ تایوان لەیەک بەرەن دژی چین و هەوڵدەدەن هەمان سیناریۆی ڕوسیا و یۆکرانیا لە تایوان دووبارە بێتەوە. تا ئێستا لە کێشەکانی هیند لەگەڵ چین ئەمریکا پشتیوانی لە هیند دەکات. بەرەی ئەمریکا ئەوروپای لەگەڵە، چەند وڵاتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چەند وڵاتێک لە ئەفریقا بەتایبەتی میسر،  هەروها ئوسترالیا و نیوزیلاندە هاورێی نزیکی ئەمریکان، لەهەموو هەڵوێستەکانی پشتیوانی لێ دەکەن. 
ناکۆکیی نێوان زلهێزەکان لەسەر ئاستی دنیادا، لە زۆربەی شوێنەکانی سەر گۆی زەوی بەرەو توندتر دەڕوات. زۆربەی چاودێرانی سیاسیی پێیان وایە کە، جەنگی سێیەمی جیهانی بەڕێوەیە، ئەگەر زلهێزەکانی دنیا بە گفتوگۆ نەگەنە ئەو بڕوایەی، کە دەبێت بەهێزی یەکدی قبوڵ بکەن، لەسەر ئەو بنەمایە نەخشەی دەسەڵاتی سیاسییان لەسەر ئاستی دنیادا داڕێژن. زلهێزە تازەکان هەنووکە هەوڵی ئەوە دەدەن، کە هەژماری ئەوەیان بۆ بکرێت، برابەش بن لە دابەش کردن و پشک لە سامانە سروشتیەکانی دنیادا. گۆڕانی ئەو واقیعە و قبوڵ کردنی لەلایەن زلهێزەکانی دنیای دوێنی و ئەمڕۆدا کارێکی هاسان نییە، بۆیە ئەگەر بە گفتوگۆ هێز و توانای یەکدی قەبوڵ نەکەن، چاوەڕوان دەکرێت مڕۆڤایەتی تووشی نەهامەتی مەزنتر بکەن و جەنگی جیهانی سێیەم بە ملیان دابهێنن و چەکی ئەتۆمییان لەسەر تاقی بکەنەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە