دوو گێڕانەوە

Sunday, 26/02/2023, 16:26

4840 بینراوە


(1) لە شارۆچکەی "ناز اباد"ی ئەفغانستان "کەر"ێک لە برسا بە دوای پاشماوەی خواردن و تەنەکەی زبڵدا ئەڕوات، سەرەنجام لە ساحێبەکەی وون ئەبێت و بە هەڵە خۆی دەکات بە مزگەوتێکدا، کە ئەچێتە حەوشەکەوە موسڵمانانی هەڵگری ئایینی ئاشتی و لێبوردەیی هەموویان   لەبەر ئەوەی"تاڵیبان"و چەکدار بوون، لە تووڕەییاندا کاتێک ئەم کەرە دەبین، بەوەی حەرەمی مزگەوتی بەزاندووە و بێ"ئیجازە" خۆی پیاکردووە و گڵاوی کردووە، دەست دەدەنە چەکەکانیان کەرەکە گوللە باران ئەکەن.
ساحێبی ئەو ڕەحمەتییەش، کوژراوی کەرەکەی ئەدۆزێتەوە،  ئەویش ئەچێ چەند کەسێک لە چەکدارانی نزیک لە خۆی دەهێنێ و جەماعەتی بکوژانی کەرەکە ئەدەنە بەر دەستڕێژ و چەند کەسێکیان ڕەوانەی ئەو دونیا واتا (بەشی بەیتەرە) دەکەن.
دواتر پاشماوەی مزگەوتەکەش، ئەوانەی کە بەر ناکەوون، هەڵئەکوتنە سەر گوندی ساحێب کەرەکە و گوللە بارانی خەڵکەکەی ئەکەن، چەند کەسێکیان رەوانەی کاروانی کەرەکە دەکەن. بەم کارەساتە، لەگەڵ کەرەکەدا، هەشت لە بکوژەکان و حەوت لە کەسوکاری ساحێبی کەرەکە ئەم دونیایە جێ دەهێڵن، تا لە ڕۆژی قیامەتدا هەق و حیسابیان لەگەڵدا بکرێ..!
ڕۆژنامە نووسێک لە کۆمێنتێکدا نووسیوێتی: یا ڕەبی زۆر شوکر کە من " کەر"ێک نەبووم بە هەڵە بچمە مزگەوتێکەوە، یان " تاڵیبان"ێک نەبووم لە  تۆڵەی کوشتنی کەرێکدا گوللە باران بکرێم!
(2) ڕەنگە هیچ لایەن و کەسێک بەقەد خودی ئیسلامەکان بابەتی سەیر و عەجایب و کۆمیدی لەسەر ئیسلام باس نەکەن، کە ببێتە مایەی زیاتر گومان و ڕامانی خەڵک لە سەر ئایینەکە....
لە تازەترین ڤیدێوی ئایینیدا "مەلا"یەکی کورد، باس لەوە دەکات: پێغەمبەری ئیسلام بە جلی کوردییەوە نوێژی کردووە و ئەمەش بە حەدیس باسی لێکراوە، لەوانەیە (سورەی ڕانک و چۆغە) بووبێت،  گوایا کوردێک لە کوردستانەوە، جا نازانرێ لە هەرێمەوە بووە، یان لە بەشەکانی ترەوە بووە، ئەو کوردە چووە بۆ مەدینە و دەستێک جلی کوردی بە دیاری داوە بە پێغەمبەری ئیسلام، پێغەمبەریش زۆری پێ جوان و کەشخە بووە. بەداخەوە ئەو کاتە کامێرا و مۆبایل نەبووە دەنا وێنەیەکیشی پێوە بگرت، ! دیارە زیرەکی کوردەکەش لەوەدا بووە، کە بە بێ ئەوەی باڵا و پان و پۆڕی پێغەمبەری زانیبێت ئەو قاتەی بردووو ڕێک بە بەری پێغەمبەر بووە...!
بەڕاستی ئەم گێڕانەوەیە دەرگایەک دەخاتە سەر پشت بۆ زیاد بوونی پرسیار و باوەڕنەبوونەکان لەسەر ئەو ئایینە، چونکە لەوانەیە سبەی مەلایەکی میسری پەیدا ببێت و بڵێ: كاتی خۆی میسرییەک چووە بۆ مەدینە و "طەڕبوش"ی بە دیاری داوە بە پێغەمەر و زۆر دڵخۆش بووە پێی، نوێژیشی پێوە کردووە، یان بووترێ یۆنانییەک لە (ئەسینا)ی پایتەختی یۆنانەوە چووە بۆ مەدینە و قاتێک جلی جەنگاوەری یۆنانی بە شمشێر و قەڵغانەوە بە دیاری بۆ بردووە، پێغەمەریش خۆشحاڵ بووە، تەنانەت نوێژیشی پێوە کردووە..!
ئەم دیاردەیەش مێژووی مۆدێل/ فاشیون ئەوروژێنێت

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە