نوخبەی سیاسی لە کوردستان

Tuesday, 28/02/2023, 17:09

2366 بینراوە


لە سایەی دەستەڵاتی کوردیدا دوو چین لە ئێستادا رەنگدانەوەی کۆمەڵگەی کوردستانن.
هەموو کۆمەڵگا لە لادێکانەوە تا شارەکان دابەش بوون بەسەر دوو چین دا ، ئەوانیش یەکەمیان خەڵکی ئاساییە ئەوانەن کە هیچ بەرژەوەندیەکیان لە گەڵ حیزەبە کاندا نیە. لە بەرامبەردا چینیکی دیکە کە گریدراوی حیزبەکانن ئەم چینە پیشەگەر نین لەسەر لاشەی بۆگەنی حیزبەکانیان بژیویان پەیدا دەکەن. ئەم چینە بەرژەوەندی راستەو خۆیان لەگەل حیزبەکاندا هەیە یان ئەندامی حیزبین و موچەی ئەندامێتیان هەیە یان لەدەستگا ئەمنیەکانی حکومەتدان و حیزب جێگەی کردونەتەوە یان کەسو کاری بەرپرسەکان و بندیوارەکانن.

بەگشتی ئەم دوچینە لە کوردستاندا دەبینرێت. 

ناسینەوەی ئەم چینانە زۆر ئاسانە هەر کەمێک بیاندوێنی یان تەماشایان بکەیت لەرواڵەتدا دیارن.
ئەو چینەی سەر بەدەستەڵاتە هەمیشە کەشخەن و سەیارەو دەمانچەیان پێیە پارەدارن و خەریکی سوڵحی عەشایەرین خەریکی مەمەڵەکردنن بە عەرزەوە و پرۆژەو تەندەرەکانی حکومەتەوە.
بە واستە دادەمەزرێن یان بەواسیتە ئەرزەوەردەگرن و پرۆژە خزمەتگوزاریەکانیان پێ دەدرێت کە بێ ئەوەی چاودێریان لەسەر بێ بە کۆمەڵێک گەندەڵیەوە بە نیوە ناچلی تەواوی دەکەن. کاروباریان راناوەستێ و ئیشیان بەردەوام لە بەشیدایە. هەر یەکێک لە مانە لەگەل چەند بەرپرسێکدا دەستیان تێکەڵەو دۆستایەتیان بە هێزە هەموو کارێک دەکەن بۆ بەرپرسەکانیان. ئەم چینە کارێکی وایکردوە کە چینە ئاسایەکەی کۆمەڵگا هیچ ئینتیمایەکیان بۆ نیشتیمان نەبێت ، وەکو میوانیک خۆیان دەبیننو کاروباریان زۆر دژوارە. بۆیە دەبینین هەموو ئەو گەنجانەی ولات جێ دێڵن ئەم چینەن. سەر باری نادادی و گەندەلی و قورسیا ژیانیان کەوتونەتە دۆخێکی دەرونی دژوارەوە کە لایەنی دەرونیو رۆحان هەمیشە ئەشکەنجە دەدرێت لە لایەن چینی دەستەلات دارەوە. بۆیە خۆیان لەم نیشتمانە فرۆشراوە رزگار دەکەن کە بەداخەوە سەرئەنجامیکی بەشێکیان لە ناوچونە. سەر باری ئەوەش هێشتا ئاسودەن بە بەراورد بەوەی لە کورسوستان بژین.
ئەوەشی بۆی دەست نادات کوردستان جێ بێڵت ئەوا لە سوچێکی ئەم نیشتمانەدا سەری خۆی کزکردوەو دنیایەک ئاخ و هەسرەتی لە دڵدا دیت و دەچێت.
چینی دەستەڵاتدار زۆر بە ناشرینی لەکۆمەڵگای کوردی هەڵتەکاندوە ، وادەکات ئەوەی سەر بە حیزب نەبێت هیچ کارێکی بۆ ناکرێت و هیچ ئاسانکاریەکی بۆ ناکرێت لە کاروبارەکانیدا. هەموو دەزگاکانی کوردستان وەکو گورگ بەر بونەتە گیانی ئەو خەڵکە ڕەش و ڕووتە. هەر لە لیژنەکانی قایم قامیتەوە بگرە کە چۆن بەر بونەتە گیانی خەڵکی کاسپکار کە چاویان لە ئاست بە قاچاخ هێنان و بردنی مەرزەکان دادەخەن و بۆ گیانی خەڵکی کاسبیش بوونەتە بەڵا تا دەزگا پەروەردەیەکانی حکومەتی هەریم وەکو خوێندنی باڵا ئەوانەی زانکۆو پەیمانگاکان تەواودەکەن دەبێت یان کوردستان جێ بێڵن یان دەستبکەن بە کرێکاریو کاریک بکەن دوور لە پسپۆری خۆیان بێت، تەنانەت گەندەڵی و پاشا گەردانی لەوەزارەتی ئەوقافیشدا بە زەقی دیارە کە مەلا پەڵتەجیو حیزبیەکان پۆستیان پێ دەدرێتو مزگەوتی گەورە و باشیان پێ دەدرێت لە بەرامبەردا ئەو مامۆستانەی کە حەق بێژن لە وتاردان دوور دەخرێنەوە و گەریان پێ دەکرێت.
نادادیو گەندەڵی و بێ سەرووبەری لە هەموو حیزبەکاندا دەبینرێت و سیاسەتکردنە بە بازرگانی کردن هەژماردەکرێت لەلایەن سیاسیەکانمانەوە هەموویان سیاسەتیان خستوەتە خزمەتی بازرگانی تاکەکەسیەوە و لە بەرژەوەندی خۆیانو خێزانەکانیاندا هەموو کارێکی نایاسای دەکەن لەسەر حیسابی خەڵکی ڕەشو ڕوت. ئەندام پەرلەمانەکانیش لەوە بەدەر نین خەریکی پارەکۆکردنەوەو گەندەڵین.
هاورێیەکم بۆی گێرامەوە کە لە بازاڕی دۆلارەکەی شاری هەولێردا کاردەکات. ئەیوت کە ئەندام پەر لەمانەکان دەستیان لە گەل نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراودا تێکەڵ کردوەو دێنە سەر تەلەفزیۆنەکان و بەرنامەیان بۆ ڕێک دەخرێت بۆ بڵاو کردنەوەی بۆچوون و قسەی ناڕاست بۆ ئەوەی لە بەرژەوەندی خۆیاندا گۆرانکاری لە نرخی دراوەکاندا بکەن.
ئەمە سەرەرای ئەوەی کە دەروازە سنوریەکان بوونەتە مەنبەعی فەسادو گەندەڵی و بردنە دەرەوەی پارەی کوردستان کە بە رۆژی رووناکدا رۆژانە سەدان ملیۆن دۆلار دەبرێتە دەرەوەی کوردستان و لە وڵاتانی تردا کاری پێ دەکرێت. 
بەم جۆرە لەسایەی حکومەتی خۆماڵی ماوەی ٣١ ساڵە خەڵکی داماو بەش مەینەتی کوردستان دەچەوسێنرێنەوە و سەرو ماڵ و موڵکیان بەتاڵان لەلایەن ئەم سیاسیە فاشیلانەوە بە تاڵان دەبرێن ، وەنەبێ تەنها دوحیزبی دەستەڵاتدار بن ، ئەو قسە راست نیە کە پێیان وایە یەکێتی و پارتی بەتەنهان.
هەموو حیزبەکانی تریش بە ئیسلامی و ئۆپۆزسیۆنەکانیشەوە بەژدارن لەو پاشەگەردانیە و خریکی گەندەڵی و بازرگانین جیاوازیان تەنها ئەوەیە ئەوان بە نهێن ی و لەژێرەوە دزی دەکون و حیزبەکانی دەستەڵات بە ئاشکرا.
كەس هەیە ئەو راستیە نەزانێت كە زوربەی ئەم حیزبە سیاسییانەو  سەركردە باڵادەستەكانیان، وەك خێزانی جەردە و قۆڵبڕ دەستیان بەسەر هەمو جومگەكانی كۆمەڵگادا گرتوەو هیچ بوارێك نیە، نە حكومەت، نە پەرلەمان، نە دەسەڵاتی دادوەری‌و نە بازار بێ رەزامەندی‌و بەشداری ئەم گروپانە بەڕێوەبچێت.
كەس هەیە نەزانێت ئەم بەرپرسانە، چۆناو چۆن بون بە خاوەنی ئەم هەموو سامان وموڵك‌و ماڵانە؟ هەندێكیان بە رەسمی تەنها یەك موچەیان هەیە، بەڵام خاوەنی ملیۆنەها دۆلارن! سێ چوار موچەی بن دیواریان هەیەو خۆیان‌و خاوخێزان‌و موریدەكانیان خاوەنی چەندەها كومپانیاو تەلارو زەوی‌و زارو كۆشك‌و هەتا فڕۆكەی تایبەتی خۆیانن.. ئەمە لەكاتێكدا بە رەسمی هیچ (کارێک و کەسابەتێک)یان نەكردو نایكەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە