ئۆپۆزیسۆنی پاساو هێنەرەوە

Tuesday, 28/02/2023, 19:10

5107 بینراوە


 کۆمەڵگای کوردی بەگشتی هاوسەنگی تێکچووە، بەرپرسیاریتی قبوڵ ناکەین نە بۆ خۆمان و نە بۆ ئایندەمان و بەرگری لەو بارو دۆخە بکەیت کە خوڵقاوە. کاتێک تۆیەک کە پەلەتە بۆ دەرکەوتن، کارەکەت خراپتر دەبێت. ئاخر کەسانی گەورە داوای شتی گەورە دەکەن، نەک لەبچوکی خۆیاندا داوای شتگەلی بچوک بکەن، تۆیەک ئامادە نەبیت، کە خۆت فێربکەیت شەڕی بەرگری لەخۆت بکەیت، چۆن دەتوانی شەڕ بۆ بەرگری لەگەلێکی داماو بکەیت؟  کەس نییە پشتاو پشت هێرش بکات، ئەمە قەشمەریاتی ئۆپۆزیسیۆنە بە تایبەتی لە هەندەران، کە وەک هەموو شتێک گەلەکەمان تووشی بووە. ئاخر پەندێکی جوان هەیە کە دەڵێت "ئاو لە گۆزەدایە و ئێمە بەتینوێتی دەگەڕێین ". لەناو ئەم پێشبڕکێی ژیانەدا، بە بەرگری هەڵدەلزنێین، یان لە هێرشکردندا یاری دەکەین ؟ 
لە هەموو دنیادا لە شەڕکردندا دوو نمونە هەیە، دۆڕاو، یان براوە، لەڕاستیدا شتێک نییە لەو نێوەندەدا. 
 سەیری ئۆپۆزیسیۆنی ناو تۆڕەکۆمەڵایەتێکان بکە...! هەموویان لەناوەڕاستدان و جار ناجارێک لەم لایە خەڵکانی پوچ دەدوێنن و لەولایەش یادگارییەکانیان لەگەڵ مرۆڤە لەرزۆکەکانی ناو دەسەڵاتدا دەگێڕنەوە.
 ئایا تا ئێستا ئۆپۆزیسوێنێکی ناو تۆڕەکۆمەڵایەتێکانت بینیوە کار بەو قسە پوچانە بکات کە ڕۆژانە دەیکات؟ 
هەرکاتێک بەنیازبووی بچیتە بەرەی بەرگری کردنەوە، سەرەتا دەبێت خۆت تەیار بکەیت، بە هەموو شتێک کە شایستەی ئەوەبێت هەرزان تێدانەچیت، نەک بانگەشەی ئۆپۆزیسیۆنی بکەیت و کەچی لەبەر دەم کابرایەکی سەر بە دەسەڵاتدا زەبوون بیت بە بچوکی بکەوتە بەردەستی.
 ئەگەر ئۆپۆزیسوێنێک بەشوێن ئارامیی و دڵنیایی، مانەوەی بەبێ مەرجەوە بێت، ئۆپۆزیسیۆن نییە، بەڵکو قەشمەرێکی ناو ڕووداوەکانە. 
باڵادەستی چۆن بەدەست دێت... !؟ بەدڵەڕاوکێ ؟ یان بەتەنیا بە چەنەبازی و خۆنمایش کردن ؟ 
 ئەوەی ئەم ئۆپۆسییۆنە کوردییەی هەلاهەلا کردوە، ئەم ئۆپۆزیسیۆنە، کە دەڵێن نەخوێندەوارە، چونکە هیچ کەسێک لەمانە بنەمای فیکریی و مەعریفی لا نییە، ئاخر مرۆڤێک لەتەمەنیدا دوو کتێبی نەخوێندبێتەوە لەکوێوە دەتوانێت قسە لەسەر بابەتی فکر و گۆڕانکاری بکات ؟ 
 بۆیە دەڵێین کێشە لەڕەگدایە، نەک لەمرۆڤێکی لەرزۆکی دەستفرۆش کە ئەمڕۆ بۆتە پەرلەمانتار، کە من پەرلەمانی هەولێر بە چایخانەیەکی داڕزاو دەبینم لەهەموو بەهایەک. 
 لەکاتێکدا لەو چایخانە داماو داڕزاوەدا یەک ووشە لەسەر داگیرکەرانی تورک نەکراوە. پەرلەمانی تۆقیو ئۆپۆزیسیۆنی بێفکر، دوانەیەکن هەمیشە لەجیهانێکی داخراو دا بەهەڵە قسەدەکەن و خۆیان نمایش دەکەن و ڕەنگە ئەمانە پێیان وابێت کە ڕژێمێک بەوە دەڕوخێت کەئاوێزانی داگیرکەران بووە ؟ 
 ئەوەی ئێستا لەم جیهانە ئاڵۆزەدا دەیبینی جێگەی نیگەرانییە بۆ گەلەکەمان، پاشاگەردانییەکی سەیرە لەسەر هەموو ئاستەکان ژیان و کێشە سەرەکییەکان پاشەکشێی کردوە، چونکە لەدنیادا ئەم پەرتەوازیە کاری خێزانە، عەقڵی گوندیی و عەشرەت و عێلە، نەک نەتەوە. ئەم هەموو هەڵچون و داچونە کە تۆڕە کۆمەڵایەتێکانی پێ پڕدەکەن ڕۆژانە پێمان دەڵێت : ئێمە هیچمان ناوێت تەنها دەمانەوێت خۆمان نمایش بکەین. 
ئەم پڕۆژەیە کاری تاکە کەس نییە، چونکە کەسێک ئامادە نەبێت بەقوڵایی مێژوودا ڕۆبچێت و هەموو لایەنە هزریی و کێشەکان تاو توێ نەکات و دۆگمابێت لەجوگرافیەکی داماودا و بیر لە گەڕەک و شارو ناوچە و خێزان بکاتەوە، چۆن دەتوانێت بچوکترین گۆڕانکاری بکات؟ 
ئێمە تانەگەڕێن بەدوای فاکتەرەکانی ئەم هەموو هەڵچون و داچون و خۆنمایشکردن و چەنەبازییەدا، ناتوانین هیچ بکەین.
 تۆڕە کۆمەڵایەتێکان پڕبوون لە چڕت و چەقەنەو شتگەلی جانەوەر و وێنەی داماوی کۆمەڵگاکەمان، کە هیچیان نەگۆڕیوە. 
 بەڵام لەناو ئەو ژاوەژاو هەڵچونەدا کەسێکمان نەدی ئەنفالچیەک بەسزا بگەیەنێت، تفێک لە خۆفرۆشێ بکرێت، جەوهەری ئەم قسانە لەوەدایە کە ئەم چەنەبازانەی ناو تۆڕەکۆمەڵایەتیان، هیچ پڕۆژەیەکیان نییە بۆ خەڵک و بۆ ئاستی بەرزکردنەوەی خەڵک، بۆیە تکایە واز لەخەڵک بهێنن ئێوە هیچ پڕۆژەیەکیان نییە هزری داماوی خۆتانی پێ گەشە بکەن ؟ 
من نایبینم جگە لەماڵوێرانی، تەنانەت نازانن بەکوردی قسە بکەن شارەزای زمانی کوردی نین، کەچی لەچەنەبازی ناکەون، یان هەستیان هەبێت و ڕەفتارەکانیان بگۆڕن، ئەمانە بۆ دڵەڕاڕاکەیان قسەدەکەن، لەشەقامەکان وەردەبن، بەمۆبایلەکانیان وێنەدەگرن، هەست دەکەن هیچ نین، تاکە ڕێگا کە بەخەڵک بڵێن ئێمەش هەین تۆڕەکۆمەڵایەتێکانمان پڕکردوە لەقسەی پوچ و ناشرین و بێ ئەرزش، وەک ئەو قرچۆکانەی سامان پاشەکەوت دەکەن بۆ ڕۆژی ڕەش. ئەگەر ئەوانەی ناوی خۆیان ناوە ئۆپۆزیسیۆن لەدڵەڕاوکێدا ژیان دەکەن، ئەوە ڕاستەو خۆ کارلە نەوەکانمان دەکەن، کار لەنیشتمانەکەمان دەکەن گەورەترین هەڵەی ئەم تەنزە لەخەڵک ئەوەیە کە دەکەوێتە شەڕەوە، باسی ڕابردوو دەکات و دەیەوێت بەتانەدان لەڕابردوو شەڕەکە بەرێتەوە، لەکاتێکدا دەبێت شادمان بێت کە ئەوەی شەڕی لەگەڵدا دەکات گەشەی کردوەو لەڕابردوودا نەماوە. 
مرۆڤ دەبێت خۆی خۆش بوێت، خۆی قبوڵ بێت پاشان هەوڵ بۆ خەڵکی بدات، من لەناو ئەو شرڕەجوێنەی ناو تۆڕەکۆمەڵایەتێکانەوە دەزانم ئەم مرۆڤانە چەنێک لەناو گوماندا ژیان دەکەن. هەر ئەم هۆکارەشە کە تائێستا لەو هەرێمەدا ئۆپۆزیسوێنێکی ڕاستەقینە، لەناو ئەو هەموو خەڵکەی دەرەوەی نیشتماندا چەترێک دروست نەبووە کەبەڕاستی بیانەوێت شتێک بکەن و گەلێک لەو هەموو شکۆ شکاندنە ڕزگاربکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە