(ولیـەم نـۆڤـەر) دەڵـێـت: "فـۆلکـۆر پەنـدی گـەلە یا زانسـتی خـەڵـکە".
هەندێکی تر بەوە پێناسەی فۆلکلۆر دەکەن کە: بەرهەمی هـزری و دەستی گەلە، لەگەڵ داب و نەریـت و ئـەدەبی میـللـیی. یا رەنگـدانـەوەی بەهـا رەوشـتیـیەکانی کـۆمـەڵـگایە.
زانـاکان پێیانوایە، کە فـۆلکلۆر و ئـەم داب و نەریتانە، هـەر ئەوە نین کە گوزارشت لە خەیـاڵ و لە ئارەزووەکان و لە رەوشـت و لە بەهـا مـرۆییەکانی مـرۆڤ دەکـەن، بەڵکو فـاکتەرێکی گـرنگیشە بۆ لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵە سەرەتاییەکان و تێگەیشتن لە مێژووی هەمەلایـەنەی بەهـا کولتـوورییەکـانی ئادەمـیزاد. هـەر گەلـێکیش خـاوەنی فـۆلکلـۆری تایبەتی خـۆیەتی و سیمای نەتەوەیی پێـوە دیارە و دەیپارێـزێـت و شانازی پێوە دەکات.
بێ زیـادەڕۆیی، گەلی گوردمـان یەکێکە لە گەلە دەوڵەمەنـدەکانی جیهـان لە فـۆلکلۆری هەمەجـۆرەدا. خاوەنی سامانێکی لەبـن نەهـاتووی فـۆلکلـۆری هەمەڕەنگەی رەسەنی کوردیین، کە مـۆڕک و شـەقـڵی تـایبەتی نەتـەوەییـمانی پێـوە دیـارە و تا ئەمـڕۆش کـاڵ نەبـۆنەتەوە، کە لە ژیانی کـوردەواری و لە سروشی جـوان و رەنـگـینی کوردسـتانەوە بەرجەستە بوونە. ئەوەی کە تا ئەمڕۆش داگیرکەرانی کوردستان زەفەریان پێنەبردووە فۆلکلـۆری رەسەنی کوردیمانە. پێـویستە بە شێوەیەکی زانستی و ئاکادیمی جۆرەکانی فـۆلکلۆری کوردیمان تـۆماربکـەین و بە ئەرشیـفـیان بکەین، بۆ ئەوەی لە مەتـرسیی لەبیرچوونەوە لەناوچوون بیانپارێـزین. بشبن بە سەرچاوەیەکی گرنگی لێکۆڵینەوە و توێـژینەوە بـۆ نەوەکـانی داهـاتـوومان.
گـرنگی فـۆلکلـۆر لەوەدایە، کە هـۆکارێکی گرنگە بۆ گواستنەوەی زانست و کولتوور لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیـەکی تر. بەو پێـیەش کە کـولـتوور سەرچـاوەیەکی راکـێشانی گەشتیارانە، بۆ ئارەزووی زانین و ئاشنابوون بە کولتووری تازە و تاقیکردنەوەی ئەو شتانەی کە پەیوەندییان بەم کولتوورەوە هەیە. وەک: خواردنەکانیان، داب و نەریتیان، جلـوبەرگی نەتەوەییان، هـەڵـپەڕکیێ میللییان، موزیکـیان، گۆرانییان، شتەکانی تریش. ئەمەش دەبێـتە هـۆی هـانـدان بـۆ هـاریکاریکـردن و سوودوەرگـرتـن و را گـۆڕینـەوە لە نێـوان کولتـوورە جیـاوازەکـانی گەلانی جیهـانـدا.
فـۆلکلـۆر هـۆکارێکـیشە بۆ گەیانـدنی رابـردوو و ئێستا و داهـاتوو. کە زامنی پاراستنی ئـەم کـولتـوورە بـۆ مـاوەیـەمـان بـۆ دەکـات.
فـۆلکلۆر جـور و شێوەی زۆرە، زۆر لە هـونەرەکان لەژێـر ناوی فـۆلکلۆردا ریـزبەندی کـراون و دەکـرێـن. هـەوادارنێکی زۆریـشـیان هـەیە.
لەم نووسینەمدا، تەنیا باس لە رۆڵ و لە گرنگییەکانی چـیرۆکی فۆلکلۆری لە ئەدەبی منـداڵانـدا دەکـەم. چـیرۆکی منـداڵان بەشـێکی سـەرەکـییە لە ژیـانی منـداڵان و چـێژ و خۆشییەکی زۆریـان پێدەبەخـشێت، هـۆکـارێکی گرنگ و ئاسانیـشە لە فـێرکـردن و لە پەروەردەکـردنی دروستی منـداڵان. چـیرۆکی منـداڵان گرنگترین و کۆنـترین ژانـرە لە ئەدەبیاتی منـداڵاندا. چـیرۆک وانەیەکە لە وانەکانی قـوتابخانە بنەڕەتییەکانی ئەمریکا.
چـیرۆکی فـۆلکلـۆری هەندێ جار بە (چـیرۆکی میللی) یش ناو دەبـرێت، زمانێکی سادە و رەوانی هـەیە. پاڵـەوان و کاراکتەرەکانی چیرۆکە فـۆلکلۆرییەکان، مـرۆڤ یا ئاژەڵ یا باڵـندە و شـتی بێ گیـانـن. یا شـتی ئەفـسانەیی ناڕاسـتـین، وەکـو: جنـۆکە، دێـۆودرنـج، چەتـەوڵ، شـومقـار، قـەقـنەس، ئەرژەنـگ، سـیمرخ، ئەسپی باڵـدار هـتد. کە بە کوردی و بە زمـانەکانی کەش قـسەدەکەن. هەر وەکو مرۆڤـیش هەست دەکەن. بەڵام مەرجـیش نیـیە، کـە هـەمـوو چـیـرۆکی ئـاژەڵان و بـاڵـنـدە، چـیـرۆکی فـۆلـکـلـۆری بـن. زۆر لـە چـیرۆکنـووسـانی ئەمـڕۆش، پاڵـەوان و کـاراکـتەری چـیرۆکەکـانیـان ئـاژەڵ و باڵـنـدە و زینـدەوەری ترن. خۆم چەنـد چـیرۆکـێکم نووسیوە و بڵاومکردوونەتەوە، کە پاڵەوان و کاراتەرەکانیان باڵـنـدە و ئاژەڵـن. حـیکایەت و نـەزیـلە کـۆنەکـانیش هـەر جـۆرێـکـن لە چـیرۆکی فـۆلکـۆری. ئـەم چـیرۆکـانە لـە دێـر زەمـانـەوە، پشـتاوپـشـت و دەمـاودەم بە زارەکی لە باوبـاییـرانمـانەوە بـۆمـان مـاونـەتە.
لە ئەدەبی فـۆلکلۆری کوردیـدا، بە دەیـان چـیرۆکی فـۆلکلـۆریمان بۆ منـداڵان هـەیە، وەکو: تیتیلە و بیبیلە، مریشکە خان دەچـێت بۆ شاری شـووکردن، ئەژدیهـا و کـوڕە ئـازاکە، کـاکـۆڵ زێـڕیـن، دەنـکە هـەنـارە، بەخـتیار و بەدبـەخـت، مـریشکە قـونـدە و مام هـۆمەر، چەرخوفەلەکە ئەفـسووناوییەکەی پیرەژن، کچەشـوان و شازادە... هـتد. هەنـدێ جاریش بە (چـیرۆکەکانی گوێـئاگـردان) ناودەبـرێن. کە لە زستانانی سەخت و ساردا، لەگەڵ خواردنەوەی چای گەرمدا، چیرۆکخوان (باپیرە یا داپیرە) بە شێوازێکی خـۆش و فانتـازییەوە بۆ جگەرگـۆشەکانیان دەگـێڕانەوە، سەرەڕای خۆشی بەخـشین، سوودێـکی زۆریشـیان بۆ منـداڵان هەبـوو. بێگـومان چـیرۆکە فـۆلکلـۆرییـەکان چ بۆ منداڵان و چ بۆ گەورەکانیش، تەنیـا بۆ خۆشی و کات بەسەردبردن نەبوون، زۆربەی ئەو چـیرۆکە فۆلکلۆرییانە، پەیامێکی بەرزی رەوشتی و پەروەردەییان لەخۆگرتوون. پـرەنـسیـپ و بەهـای بەرزیـان تێـدایە، وەکـو سەرکـەوتـنی: چـاکە بەسـەر خـراپـەدا، ئاشـتی بەسـەر شـەڕدا، خۆشـەویستی بەسەر رقـدا، ئازایـەتی بەسـەر تـرسـدا، هـیوا بەسەر نائـومێدیـدا، ژیـری بەسەر گەمـژەییـدا، هـێز بەسەر بێ هـێزیـدا... هـتد. ئـەم چـیرۆکانە پـڕیشن لە زانست، لە ئامۆژگاری، لە رێنمـایی بەسوود، لە هـاوڕێتی، لە دڵسـۆزی، لە خـاکی، لە رێـزگـرتـن، لە وانـە و لـە پـەنـد و لە قـسەی نەسـتەق. ئـەم بـەهـا بـەرزانـە، پەیـامـێکـن بـۆ نـەوەی تـازە. منـداڵان ئـیـلهـام و پـەنـد و وانـەیـان لـێوەفـێردەبن. فـێری بەهـای بەرز و رەفـتاری جـوان دەبن. فـێری کۆمەڵێک وشە و زاراوەی تـازە دەبـن. هەوادار و هـۆگری خوێنـدنەوەی چـیرۆکی فـۆلـكلـۆریش دەبن.
زۆربەی چـیرۆکە فـۆلکلۆرییەکان خەیـاڵی و ئەفـسانەیین و لە چـیرۆکە بنەڕەتییەکانی منداڵانن. گوزارشت لە رووداو و لە راستییەکانی ژیانی مرۆڤ دەکەن. هەندێکیان تێـز و رەخـنەئامێزن و ناڕاستەوخۆ پـلار و توانج و رەخـنە لـە دەستەڵات و لە ستەم و لە زۆرداری و لـە نـادادپـەروەری دەگـرن. یـان خـەوشـەکـانی مـرۆڤ ئاشـکـرادەکـەن.