مەمەد ومروارییەکی سەجادی و حکومەتی هەرێم

Sunday, 05/03/2023, 15:49

3850 بینراوە


عەرەبی عێراقی ئیدیۆمێکیان هەیە دەڵێت: "من فوگ هلە هلە، من جوە یعلم اللە" واتا بە ڕووکەش زۆر ئاوەدان و گەورەیە و بەڵام لە ناوەڕۆکدا وێرانەیە. 
لەم ڕۆژانە هاوڕێیەکی کوردی ڕۆژهەڵات لێی پرسیم، ئەرێ دەنگ و باسی حکومەتی کوردستان چیە، وەک ئەوەی ئێوە چاودێری بارودۆخی ئەوێن؟ منیش سەرم لێ هاتەوە یەک نەمزانی لە کوێوە دەست پێ بکەم!؟
 نەمزانی باسی بێ خزمەتی و بێ کاری و بێ نەوتی و بێ ئاوی و بێ مووچەیی و لە بێ بێیەکانی دیکەوە دەست پێ بکەم، یان لە نا تەبایی سیاسی و کۆمەڵایەتی و میللییەوە دەست پێ بکەم!
نەمزانی لە سەرکردە و سەرۆکە نابەرپرسە، گەندەڵە،  گرێدراوەکانی چواردەورەوە دەست پێ بکەم یان لە میللەتە بێ دەنگە دەستەمۆ ڕازی بە هەموو نادادییەکانەوە دەست پێ بکەم!
نەمزانی لە زیندانە گەورەکەی کوردستانەوە دەست پێ بکەم کە زیندانییە بۆ هەموو میللەت و بەهەشتی کۆنەجاش و خۆفرۆش و دوژمنانە یان لە زیندانەکانی پۆلیس و ئاسایشەوە دەست پێ بکەم کە بوو بە جێگەی ئازادی خواز و هەق بێژانی میللەت!
نەمزانی لە ناتەبایی حزب و سەرکردەکان لە ناوماڵی خۆمان دەست پێ بکەم یان لە تەبایی برا نا تەباکان لە گەڵ دوژمنانی گەل لە تاران و ئەنقرا و بەغداوە دەست پێ بکەم!
نەمزانی چی باس بکەم و چی فەرامۆش بکەم. ناچار سەرگوزشتەیەکی کۆنی خۆمم بیرکەوتەوە و بۆم گێڕایەوە.
 جارێکیان بە هۆی کارەکەم تووشی کوڕێکی ئۆزبەکی بووم. تازە بوو لەم وڵاتە. نە ئینگلیزی و نە نەرویجی و نە عەرەبی و نە کوردی، سەری لە هیچ زمانێکیان دەرنەدەکرد کەمن ببەستێ بەوەوە لە پەیوەندیدا. بە دەم، به سەر، بە ئاماژە تێگەیشت کە کوردم و خەڵکی باشوری کوردستانم لە باکوری عێراق. دیار بوو کە زۆری لە بارەی ئێمەوە ئەزانی. منیش هەندێک لە تورکی تێدەگەم و زۆر کەمتریش قسەی پێ دەکەم. هەر کە وتم نەسە سەن، ئەیی سەن، ئادو ناد؟ واتا چۆنی، باشیت، ناوت چی؟ ئیتر وتی باشم و ناوم مەمەدە و لێم نەبووەوە. هەمان پرسیاری ئەو کوردەی ڕۆژهەڵاتی لێ کردم سەبارەت بە وەزعی حکومەتە کوردییەکەمان. منیش هەرچی چۆنێکە، ڕاستی و خراپی وەزعەکەم بۆ باس کرد بە ئەمانەتەوە. ئەتووت لەو قەوماوە نەک لە ئێمە، پرسی: نیشە؟ واتا بۆچی؟ منیش هەرچەندم کرد، هێندەم وشە پێ نەبوو بە تورکی تا وەڵامی بۆچی ئەم مەمەدە ئۆزبەکییە بدەمەوە. تەنها وتم چونکە جەماعەت شەرەفسز، ئەخڵاقسز، ئەدەبسز، دە وازم لێ بێنە مەمەد بێگ.
جا لێرەدا ئەو برادەرەی ڕۆژهەڵات وتی ئەمە واتای چیە؟ وەهای تێگەیاندم کە تێگەیشتووە و تێشنەگەیشتووە. منیش تەنها ویستم نەچمە وردەکارییەوە. لە کۆتاییدا ئەوەی کۆمەکی پێ کردم، سەرگوزشتەیەکی ناو کتێبی ڕشتەی مرواری مامۆستا عەلادین سەجادی بوو، کە تازە خەریکی دووبارە خوێندنەوەی بووم. 
عەلادین سەجادی لە یەکێک لە مروارییەکانیدا ئەفەرمێت:-
(حسێن بەگی حەسەن بەگی جاف گێڕایەوە وتی: ساڵێک لە سەر بەردە نوێژەکانی "کانی پانکە" نوێژم ئەکرد. هەندێ کۆڕکارەی جاف هاتنە ئەوێ، یەکیان پرسی ئەرێ کوڕینە دەنگ و باسی حکومەتەکان چییە؟ کابرایەکی بۆزەڵە هەڵیدایە وتی: "برا من پێت بێژم؛ ئەو حکومەتە فێڵبازە کە لاقێکی لە میسر دانیاگە، قاچێکی لە ئێران، دارێکیشی بە دەستەوەیە لە هیندستان هێزی خۆی خستگەسە سەری، ئەوا هێندە هەڕەیەکی هاورد دارەکەی بڕییەوە بەلادا کەوت، ئێرانیش قاچێکی شکاند. ئەوا لە میسریش خەریکن قاچەکەی تری ئەشکێنن. تەنها لاشەکەی ماگە، لای ئێمە مەگەر سڵۆت بیخوا!").
وتم کاکی کوردی ڕوژهەڵاتی ئەم حکومەتەی ئێمەش لەو حکومەتە ئەچێت کە کابرای بۆزەڵە وێنای کردووە، قاچێکی لە بەغدایە و قاچێکی لە تاران. دەستێکی لە دوبەی و دارێکیشی بە دەستەوەیە لە ئەنکەرایە و هێزی خۆی خستۆتە سەر، هاکا تورکیا دارەکەی بڕییەوە ئەوسا ئێران و عێراقیش لە پەل و پۆی ئەخەن و لاشەکەشی بۆ ئێمە ئەمێنێتەوە تا بینێژین یان لێگەڕێین کرم بیخوات. ئەویش وتی بەسە بەسە ئێستا حاڵی بووم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە