گەشە و گەشەسەندنی ئابووری

Wednesday, 08/03/2023, 21:23

3790 بینراوە


بەگشتی خەڵکی چەمکی گەشەی ئابووری و گەشەسەندنی ئابووری تێکەڵ دەکەن و لەیەکیان جیاناکەنەوە و جیاوازییەکانی نێوانیان نازانن ، کە لە ڕاستیدا دوو دۆخی زۆر جیاوازن . دەستەواژەی گەشەی ئابووری بەندە بە پێشکەوتنی ئابووری وڵاتەوە ، یەکێکە لەو پڕۆسە گرنگانەی ، کە کۆمەڵگا و دەوڵەت بەدوایدا دەگەڕێن . بریتییە لە کۆمەڵێک کردار ، کە یارمەتیدەر و بزوێنەری زیادکردنی داهاتن ، لە ڕێگای سود وەرگرتن لەو سامانە سروشتییانەی لە ناوخۆی  هەر وڵاتێکدا لەسەر زەوی و ژێر زەویدا بوونیان هەیە ، وەک : بەرهەمە کشتوکاڵییەکان ، سەرچاوە ئاوییەکان ، نەوت ، گازی سروشتی و کانزاکان . لە پێناوی پێشکەوتنی ئابووری و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان و زیادکردنی داهاتی نیشتمانی و بەدەستهێنانی بەرزترین ڕێژەی داهاتی تاک و کۆمپانییەکان . واتە بۆ ئەمجۆرە گەشەکردنە دەوڵەت  سەرچاوە سروشتییەکانی ناوخۆ و هێزی مرۆیی و سەرمایەی خۆی بەکاردەهێنێ ، لە پێناوی بەرزکردنەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنان و زیادکردنی مووچە و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی خەڵکی و دابینکردنی خزمەتگوزاری و پێداویستییەکانی تاکەکانی کۆمەڵگا ، کە لە لایەن ئابوورییەکی دیاریکراوەوە بەرهەم دەهێنرێن ، کە بریتییە لە سەرچاوە سروشتییەکان . ئاشکراشە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای تازە و شێوازی زانستیی نوێ ، ڕۆڵی گەورەیان  لە گەشەی ئابووریدا هەیە ، چونکە  هۆکاری زیادکردنی بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەی تێچووی بەرهەمەکانن .  هەر بۆیە پێویستە دەوڵەت زۆر بە وریایی و ژیرانەوە سەرچاوەکانی بەردەستی بەکاربهێنێ ، تا بۆ ماوەی دوور و درێژ ، سوود و قازانجیان بۆ نەوەکانی ئەمڕۆ و داهاتوو بـەردەوام بێ . بە کورتیش لایەنە چاکەکانی گەشەی ئابووری بریتین لەم خاڵانە :
١- کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری و هەژاری . 
٢ -  باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان ، چونکە  گەشەی ئابووری هۆکارێکە بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی قازانجی کۆمپانیاکان . لەم ڕێگایەوە دەوڵەت زیاتر باج لە کۆمپانییەکان کۆدەکاتەوە و لە خزمەتگوزارییەکاندا خەرجی دەکاتەوە .  
٣ -  چەند ڕێژەی بەرهەمی ناوخۆیی بەرزببێتەوە ، ئەوەندەش ڕێژەی قەرزەکانی سەر دەوڵەت کەمدەبێتەوە . 
 بێگومان چەند هۆکاریکیش لە پەرەپێدانی گەشەی ئابووریدا کاریگەرییان هەیە وەک : 
١ – سەرچاوە مرۆییەکانی وڵات :  مرۆڤەکان چەند مەشق پێکراو و زیرەک و داهێنەر و لیهاتووبن ، ئەوەندەش کاردانەوەی زۆر چاکییان لە جۆری بەرهەم و پێشکەوتن و گەشەی ئابووریدا دەبێ . 
٢ -  سەرچاوە سروشتییەکانی وڵات : سەرچاوە سروشتییەکانی سەرزەوی بریتیین لە : ڕووەک ، سەرچاوە ئاوییەکان ، سەیرانگا و دیمەنە سروشتییەکان . سەرچاوەکانی ژێرزەویش بریتیین لە : نەوتی خاو ، گازی سروشتی ، کانزاکان . بێگومان ئەم سەرچاوانەش بەندن بە بارودۆخ و ئاو و هەواو و ژینگە و پێکهاتەی خاکەوە . جا چەند بە شێوەی زانستییانە بەکاربێن ، ئەوەندەش زیاتر کاریگەرییان لە گەشەی ئابووریدا دەبێ .  ئاشکرایە ئەو وڵاتانەی سەرچاوەی سروشتییان زۆرە ، باشتر لەو وڵاتانە گەشە دەکەن ، کە سەرچاوی سروشتییان کەمە .
٣ – چەند کرێی کرێکار و فەرمانبەران و ئاستی ژیانییان بەرزبێ ، ئەوەندەش زیاتر ئاستی بەرهەمهێنان بەرزتر دەبێ و کاردانەوەی زۆر
باشی لە گەشەی ئابووریدا دەبێ .
٤ – تەکنەلۆژیای تازە ، واتە بەکارهێنانی شێوازەکانی تازە لە بەرهەمهێناندا ، کە یارمەتیدەری بەرزکردنەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانە . هەر بۆیە ئەو وڵاتانەی پشت بە تەکنەلۆژیا و تەکنەلۆژیای گونجاو دەبەستن ، لەو وڵاتانە پێشکەوتووترن ، کە کەمتر تەکنەلۆژیا و تەکنەلۆژیای نەگونجاو بەکاردەهێنن . چونکە تەکنەلۆژیای گونجاو تێچووی بەرهەمهێنان کەمدەکاتەوە ، بە پێچەوانەشەوە تەکنەلۆژیای نەگونجاو تێچووی بەرهەمهێنان بەرزدەکاتەوە . 
٥ – هۆکارەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی : هۆکارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان ڕۆڵی گەورەیان لە گەشەی ئابووری دەوڵەتدا هەیە . هۆکارە کۆمەڵایەتییەکانیش بریتیین لە : داب و نەریت و بیروباوڕەکانی ناو کۆمەڵگا .  هەر بۆیە ئەو کۆمەڵگایەی  بیروباوەڕ و نەریتی کۆن و حیزبی سیاسی کرمۆڵ و گەندەڵ و خورافاتی تێدا بڵاوە و دژی تازەگەریین ، مەحاڵە گەشەی ئابووری بەدەستبهێنێ و هەنگاوێک بەرەو پێش بڕوات .  
ئەوەی شایانی باسە سەرباری سودە زۆرەکانی گەشەی ئابووری ، نابێ زیانەکانیشی لەبەرچاو نەگرین وەک :
١ – لە ئەنجامی بەکارهێنانی سامانە سروشتییەکاندا بە بەردەوامی و بێ بوونی پێڕەوێکی زانستی ڕاست و دروست ، بە تایبەتی نەوتی خاو و گاز و کانزاکان ، مەترسی کەمبوونەوە و نەمانیان لە ئارادایە .
٢ – دابەش نەکردنی داهات بە شیوەیەکی یەکسان بەسەر ئەندامانی کۆمەڵگادا ، ڕێک وەک بارودۆخە خراپەکەی ئەمڕۆی هەرێمە . کەمینەیەکی دەوڵەمەندی لووت لە ئاسمان و زۆرینەیەکی هەژار و برسی و داماو .  
٣ – کاتێک پڕۆسەی بەرهەمهێنان فراوان دەبێ و پێویستی بە ئامێر و
 ئامراز و شێوازی تازەیە ، بازرگانی بچووک و جوتیاری ئاسایی و پڕۆژەکانییان تووشی زیان دەبن ، چونکە لە توانای ئەواندا نییە ئەو جۆرە ئامرازانە بەکاربهێنن .  
بەڵام گەشەسەندنی ئابووری بریتییە لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی داهاتی
 نیشتمانی و دابەشکردنی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر هاوڵاتیاندا ، شان بە شانی دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکانی سەرزەوی و ژێر زەوی لە نەمان و پیسبوون ، تا بۆ ماوەی درێژ لە خزمەتی نەوەکانی داهاتوودابن . یان ئەو پرۆسە گرنگەیە ، کە لە لایەن کاربەدەست و سیاسییە سینە پاک و زیرەکەکانەوە ، ئابورییەکی ئاسایی کەم داهات ، بە شێوەیەکی ڕیشەیی دەگۆڕن بۆ ئابوورییەکی پێشکەوتووی هەمەچەشنەی فرە داهات ، وەک گواستنەوە لە دۆخی ئابووری کشتوکاڵییەوە بۆ دۆخی پیشەسازی . لە فرۆشتنی کانزا و گاز و نەوتەوە بۆ پیشەسازیی کانزا و گاز و نەوت . ئەمڕۆ نەوتی خاو جگە لە بەرهەمەکانی : بەنزین ، نەوت ، گازئۆیل و نەوتی ڕەش ، نزیکەی حەفتا بەرهەمی بەکەڵکی تری لێ دەردەهێنرێت . پاشان گواستنەوە لە ئابوورییەکی بازرگانییەوە بۆ ئابوورییەکی بازرگانی پشتبەستوو بە تەکنەلۆژیای تازە . واتە هەوڵی دەوڵەت بۆ ڕزگاربوون لە ئابوورییەکی تاکی وەک نەوت ، بۆ ئابوورییەکی فرە چەشنە و دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و پێشکەوتنی بواری پەروەردە و تەندروستی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەرهەمی ناوخۆ و زیادکردنی توانا و پەرەسەندنی سەرچاوەکانی ئابووری و بێباکی لە مەترسی گۆرانکاریی نرخی سەرچاوە سروشتییەکان لە جیهاندا ، بە تایبەتی نەوت و غاز . بێگومان ئەمانەش بەندن بە  پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازییەوە ، لە ڕێگای دامەزراندنی کارگە و پشتبەستن بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو ، هەروەها دابینکردنی کەرەسەی خاو ، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات . پاشان پەرەپێدانی کەرتی گرنگی کشتوکاڵ و شێوازەکانی گواستنەوە ، لە ڕێگای دروستکردنی تۆڕەکانی ڕێگاوبانەوە ، سەرباری پاڵپشتیکردنی کەرتەکانی بازرگانی و پیشەسازی ، لە پێناوی چارەسەرکردنی لاوازی ئابوری ناوخۆدا . دیارە ئامانجەکانی گەشەسەندنی ئابوریش بریتیین لە : ١ -  وەبەرهێنانی سامانە سروشتییەکان ، لە پێناوی بەرزکردنەوەی ئاستی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا.
٢ - دابینکردنی پێداویستییەکانی دانیشتووان و چارەسەرکردنی گەندەڵی لە رێگای یاساوە و کەمکردنەوەی بێکاری و جیاوازییەکانی نێوان چینەکانی کۆمەڵگا .
بە کورتیش جیاوازی نێوان گەشەی ئابووری و گەشەسەندنی ئابووری لەوەدایە :
١- گەشەی ئابووری گوزارشت لە داهاتی ڕاستەقینەی نیشتمانیدا دەکات ،   بەڵام گەشەسەندنی ئابووری گوزارشت لە باشترکردنی ژیان و گوزەرانی دانیشتووانی وڵاتدا دەکات . 
٢ -  گەشەی ئابووری بریتییە لە زیادبوونی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بۆ تاکی کۆمەڵگا ، بەڵام گەشەسەندنی ئابووری بریتییە لە بەرزبوونەوەی ڕادەی بەرهەمهێنان و دابینکردنی خۆشگوزەرانی و باشترکردنی لایەنی  سیاسی و ئابوری دانیشتووانی وڵات .
٣ – گەشەی ئابووری کردارێکی خۆکارییە ( عملیە تلقائیە ) . جا یان پێویستی بەوەیە دەوڵەت دەستێوەردانی تێدا بکات ، یان نەیکات . بەڵام گەشەپیدانی ئابووری پێویستی بە دەستێوەردانی دەوڵەتە ، چونکە هەموو پلان و سیاسەتەکانی لە لایەن دەوڵەتەوە دادەنرێت .
٤ – گەشەی ئابووری دابەشکردنی داهات ناگرێتەوە ، بەڵام بە پێچەوانەوە  گەشەسەندنی ئابوری پابەندە بە دابەشکردنی داهاتەوە .
٥ – پێوانەی گەشەسەندنی ئابووری بە ندە بە زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەوە . بەڵام گەشەسەندنی ئابووری ، بریتییە لە گۆڕینی ئەو وڵاتانەی داهاتیان کەمە و ئاستی ژیانییان نزمە ، بۆ وڵاتێکی پێشکەوتوو ، کە بە هۆیەوە بواری پەروردە و تەندروستی گشتی هاوڵاتییان باشتر دەکات و ژیانێکی شایستەی پڕ لە خۆشی و ئارامی بۆ هاوڵاتییەکانی دابین دەکات. 
لە دواجاردا بە کورتی نیشانە و پێوەرەکانی گەشەسەندنی ئابووریش لە وڵاتێکدا بریتیین لە :
١ – بەرزی بەهای دراوەکەی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ناوخۆیی . 
٢ – کرانەوەی ئابووری بە ڕووی بازرگانی نێودەوڵەتیدا ، نیشانەیە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی وەبەرهێنانی دەرەکی . ئەمش خۆی لە خۆیدا گەشەسەندنی ئابوورییە . 
٣ – کەمبوونی ڕێژەی هەژاری و بەدخۆراکی و دابەزینی ڕێژەی تەمەنی مردن .
٤ –  بە بەردەوامی دابینکردنی خزمەتگوزارییە گرنگەکانی وەک ئاوی پاک و کارەبا و تەندروستی بۆ هاوڵاتییان .

 ٣/ ٣ / ٢٠٢٣

تێبینی : بۆ ئامادەکردنی ئەم باسە سود لە چەند سایتێکی عەرەبی وەرگیراوە .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە