نەوزاد عەلی

رۆژنامەنووس


هەڵبژاردن و مەیدانی خاوەن کێڵگە و ڕەخنەی مەیمونەکان:

Tuesday, 07/03/2023, 21:31

20354 بینراوە


زیاتر لەسی ساڵە پارتی و یەکێتی بەبێ بوونی هیچ فەلسەفە و هۆشیاریییەکی سیاسی و حکومڕانی، لەژێر هەژموونی عەقڵی فیودالیزم و بەبێ هیچ مۆراڵێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بانگەشەی درووستکردنی حکومەتی تەکنۆکرات و ئیکۆنۆمیکی بەهێزی هاو چەرخ دەکەن، هاوتەریب بێت لەگەڵ حکومەتە مۆدێرن و لیبراڵیزمە خۆرئاواییەکان، ئەم بەڵێنە سواوانەش بەردەوام لەکاتی هەڵبژاردن دووبارە دەبنەوە و هیچیان ناچنە بواری پراکتیکییەوە.
ئاخر لەچ وڵاتێکی دیموکراسیدا هەبووە، دەسەڵات ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگرانی ئەکادیمیست، بە ئاناشیست و تێکدەر ناو ببات و بیانکاتە زیندانەکانەوە، یان کەسێک لەسەر کۆمێنت بکاتە زیندانەوە، جگە لە حکومەتە ماوە بەسەرچووە فاشیست و بێ مۆراڵەکەی  پارتی و یەکێتی، بەبێ هیچ پرەنسیپێکی یاسایی دەیان ڕۆژنامەنووس، چالاکوان وخەڵکی ناڕازی خستووەتە زیندانەکانەوە.

پارتی و یەکێتی لەسەر چی و چۆن ڕێک کەوتوون، لەسەر هەڵبژاردنی داهاتوو؟

دیارە لەئێستادا پرسی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان بووەتە پرسێکی گەرمی ناو هێزە سیاسییەکانی هەرێم، هەرچەندە کاتەکەی زۆر تێپەڕیوە و بە نایاساییش دواخراوە، لەگەڵ ئەوەشدا دیارنیە کەی دەکرێت، لە ڕاستیدا پارتی و یەکێتی هیچ ویستی ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنەیان نییە و هەموو هەوڵێکیش دەدەن، بۆ ئەوەی هەرچۆنێک بوو بێت نەکرێت، چونکە خۆیان زۆر لەوە دڵنیان ئێستا خەڵکی هەرێمی کوردستان زۆر لێیان بێزار بووە و ئەگەر هەڵبژاردنێکی پاک و بێ ساختەکاری بکرێت، سەنگ و قورسایی هێزە سیاسییەکان لەڕووی جەماوەرییەوە گۆڕانکاری گەورەی بەسەردادێت، ئەوە فشارەکانی ئەمریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە، پارتی و یەکێتی ناچاریکردووە بەئەنجامدانی هەڵبژاردن.
دیارە هەروەک هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو سیناریۆی کێشە و ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی بۆئەوەیە دۆخێکی نەخوازراو بهێننە ئاراوە تا لەوڕ ێگەیەشەوە بتوانن زەمینەی هەڵبژادن لەبار ببنە یاخود لانی کەم دەرفەتی ساختەکاری لە هەڵبژاردندا مسۆگەر بکەن، زویروونەکەی یەکێتیش لەپارتی لەسەر قوت و ژیانی خەڵک نیە، بەڵکو لەسەر، پۆست، دزی وقاچاغچێتی دەروازە سنورییەکانە، ڕوونە کە پارتی ناتوانێت دزە هاوبەشەکەی ئاوت بکات، چونکە هیچ بەدیلێکی تری نییە، ئەوان مەنجەڵ و سەرقاپییەکن و بەبێ یەکدی ناتوانن درێژە بەدەسەڵاتی سیاسی یان بدەن، وەک ڕۆژی ڕۆناک دیارە کە ئەوان پێشتر لەسەر هەمووشتێک ڕێککەوتوون ئەم هاشو هوش و هەڵایەش، لەمیدیاوە درووستیانکردووە، تەنها بەمەبەستە و بۆ لادانی سەرنجی خەڵک و ڕایگشتییە لەسەر هەڵبژاردنەکە، بۆئەوەی متمانەی خەڵک بە هەڵبژاردن و گۆڕانکاری لە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم لاواز بکەن.
حکومەتە ماوە بەسەرچووەکەی پارتی و یەکێتی وەک کێڵگەی مەیموونەکان دێتە بەرچاوم، پارتی خاوەنی کێڵگەکەیە و یەکێتیش مەیموونەکان، ئێستا مۆزی مەیموونەکان کەمکراوەتەوە و مەیموونەکان هەستیان بەمەترسی کەمکردنەوەی مۆز کردووە و دەنگیان هەڵبڕیوە، داوای مۆزی زیاتر دەکەن، دواجار مۆزی پێویست بۆ مەیموونەکان دابین دەکرێت وئەوانیش تا وەرزێکی تر بێدەنگ دادەنیشن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە