ئامانج لە زنجیرە درامای؛باران

Wednesday, 08/03/2023, 20:36

3599 بینراوە


ڕۆڵی هونەر لە کۆمەڵگادا تەنها بریتی نیە لە دەست خستنە سەر برینەکان،بەڵکە هەوڵدانە بۆ چارەسەرکردنیان. گەر ئەم ڕۆڵە بە تەواوی نەپێکرا ئەوا کاری هونەر لە بواری ڕاستەقینەی خۆیەوە ئەگۆڕێ بۆ ڕۆڵێکی تر کە کاری خۆی نیە. نووسینی چیرۆك،ڕۆمان،شانۆگەری و تەواوی ئەوانی تریش پێوستە پێشەنگ بێ لەو دیاردانەی کۆمەڵگای داڕزاندوە و گیرۆدە بوە پێوەی.. بۆ نمونە جاشایەتی،خیانەت،شەڕی براکوژی،گەندەڵی و پیسخۆری،چەتەگەرایی و نەبوونی یاسا و مافیاگەری،ژن کوشتن و فرە ژنی،ماددەی هۆشبەر و لەشفرۆشی و تەعریب کردنی کوردستان وچەندینی تر کە بوونەتە بەڵاو نەخۆشیەك کۆمەڵگاکەمانی هەڵتەکاندوە و لە لێواری کۆتایی نزیك کردۆتەوە. لێرەوە گەر کاری هونەرمەندان لە ڕێگای هونەرەکەیانەوە تەنها باس کردن بێ و نەتوانن کاریگەریەکانی کەم بکەنەوە و هەوڵبدەن نەیهێڵن ئەوا بە دڵنیاییەوە نەیان توانیوە پەیامەکەی خۆیان بگەیەنن.
هەڵبەت لێرەدا مەبەست لە ڕەخنەگرتن نیە لەو درامایە و هەموو ئەو دیاردە نامۆو قێزەوەنانەی تووشی کۆمەڵگاکەمان بوونەتەوە، لەبەرئەوەی لە مێژە وازمان لەکاری ڕەخنە هێنانەوە و پێمان وابوە کۆمەڵگامەکان پێوستی بەوە نەماوە ڕەخنەکانی نیشان بدەی بەقەد ئەوەی پێویستی بە میکانیزمی کۆتایی هێنانە بۆ چۆنێتی بنبڕکردن و نەهێشتنی ئەو دیاردانە. کوردستانپۆست لەو ڕووەوە پێشەنگە بوە و هەر زوو ئاماژەمان بەوە دا کە تاکە چارە بۆ چارەسەرکردنی ئەو باروودۆخەی ئەم حزبانە بەسەر کۆمەڵگاکەمانی هێناوە تەنها و تەنها (ڕاپەڕین)ێکی چەکدارانەیە دژ بەم دەسەڵاتە خۆسەپێنە کوردیەی ئەوڕۆ. ئەم بڕوایەمان نەگۆڕەو دواتر هەر ئەبێ کۆمەڵگاکەمان پەنا بۆ ئەو هەڵبژاردەیە بەرێ و ڕۆژی زووتر جێبەجێی بکا، دەنا پێشبینی شتی زۆر خراپتر لەم حزبانە ئەکرێ دەرهەق بە گەلەکەمکان.
هەر کارێکی هونەری لە شاشەکانی تیڤی باشوور پێشکەش بە بینەری بکرێ ئەوا بێ دوو دڵی ئەبێ بزانرێ کەوا ئامانجێکی ترسناکی لە ئەژنداکەیدا بۆ خەڵکی هەیە.. ئەم ووتەیە بۆ هەمووکارێکی هونەری ڕاستە ، جا گەر ئەو کارە هونەریە لۆکاڵی وەیان هی دەوڵەتانی دراوسێش بن بەتایبەتی تریش کاری دراما تەلەفیزیۆنیەکان کە سەراپایان بۆ لە خشتنە بردن و لە بیربردنەوە و گێژکردنی خەڵکیە. زۆرمان ووت سەبارەت بە دراما عەرەبی و تورکی و فارسیەکان و ئامانجەکانیان ، وا لێرەدا ئاماژە بە ئامانجێك ئەدەین لە درامای کوردی(باران) کە زۆر بێ شەرمانە ئەیانەوێ درێژکردنەوەی دیاردەی خۆبەدەستەوەدان و هەڵهاتن بکەنە بەشێك لە مێژوو و کەلتووری کوردی.
گەڕانەوە بۆ مێژوو ئەو ڕاستیەمان نیشان ئەدا دوای یەکەمین کۆماری کوردستان لە سلێمانی و مهاباد و چارەنووسی هەریەك لە شێخی مەزن و پێشەوا قازی، هەرچی ئەوانەی دوای ئەوان هاتن تەواو پێچەوانەکەیان کرد.. بۆ نمونە مەلا مستەفا بۆ یەکەمین جار و لەساڵی 1946 کۆماری مهابادی جێهێشت و هەڵهات بەرەو سۆڤیەتی جارن،، نووسەران و مێژوو نووسان و چیرۆك و ڕۆمان نووسان ئەم هەڵهاتنەیان بۆ کرد بە ئەفسانە و حیکمەتی سەربازی.. جەلال تاڵەبانی لەساڵی 1964 دوای ئەوەی خۆی وەك سەرکردەیەکی خوێنەوار و مۆدرێن ناساند داوی کرد مەکتەبی سیاسی لە پارتی جیا ببێتەوە و مەلا مستەفا وەلا نێن، کەچی ئەمیش بەرەو هەمەدان هەڵهات و دواتر لەدوا ڕۆژەکانی تەمەنی بە کوڵ لەسەر گۆڕەکەی مەلا گریا و پەشیمان بۆوە.. مەلا مستەفا ساڵی 1975 ئاشبەتاڵی بە گەورەترین شۆڕشی کوردی هێناو ئەم جارەش بەرەو کەرەج و لەوێوە بەرەو ئەمریکا تێتەقاند و کوردی بە تەنها جێهێشت. جەلال تاڵەبانی دوای ئەنفالەکانی ساڵی 1988 بەهەمان شێوە شۆڕشی نوێی گەلەکەمانی تووشی هەڵهاتن کرد و قەلفڕی لێ کرد،دواتر خەتاکەی خستە سەر هێزی پێشمەرگە و خەڵکی گوندەکان و بەکارهێنای چەکی کیمیایی.نەوشیروان مستەفا بزووتنەوەی گۆڕای لە ساڵانی 2006 دروست کرد و دواتر لە خۆپیشاندانەکانی بەردەم لقی چوار کە خەڵکی لەڕێگای پەیامەکانی ئەوەوە هاتنە سەر شەقام ،خەڵکی تووشی نائومێدی کرد و پەرتەوازەیی بە بەرەی ناڕەزایی و ئۆپۆزیسیۆن جاڕ دا. هەموو ئەمانە وای لە هونەر کردوە بەم ڕێچکەیەدا بڕۆن و هیچ شەرم لە خۆیان نەکەن کە ئەمان پێوستە پێچەوانەکەی بەرجەستە بکەن. کاری ئەمان ئەبێ کۆتایی هێنان بێ بە دیاردەی خیانەت و هەڵهاتن و پەرتگەلی.
کاراکتەری (ئەژی)هەمان ئەو ڕۆڵەی هەریەك لە مەلا مستەفا،جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا ئەبینێ.. کاتێ مەترسی و هەڕەشە لە تاکە خوشکەکەی(مەریم)و هەردوو مناڵەکانی(ڕۆمان و یاران) ئەکرێ ، ئەم نووسەر و دەرهێنەرە هەمان لۆژیك بەکاردێنن بۆ ئەوەی ئەم خێزانە پارێزراو بن.. دەنا بە چ پاساوێك (کوڕ،پیاو،نێر) لەکاتی هەڕەشە و ترس لەسەر خێزانەکەی خوشک و خوشکەزا بۆ نادیار جێ دێڵێ.. ئەمە تەنها لەم جۆرە درامایانەدا هەیە کە ئامانج لێی فێرکردنی بینەرە کە پێوستە لەو کاتانەدا کە خێزان وەیان کۆمەڵگا پێوستی بە ڕەگەزی نێر وەیان سەرکردە هەبێ، ئاساییە هەڵبێن و ئاشبەتاڵ و لێکترازان دروست بکەن.
سەرکردەی باش و بە ئەمەك گەلی خۆی جێناهێڵێ و خۆی لە پێشی پێشەوە ئەبینێتەوە و چآوەڕوانی هەر ئەوەی  لێ ئەکرێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە