نووسینەوەی مێژوویەکی شێوێنراو!

Saturday, 11/03/2023, 18:19

7667 بینراوە


ئەوانەی بۆ دەیان جار گەمەیان بە چارەنووسی ھەموو نەتەوەکە و  بەشێک لە نەتەوەکە کرد، بوێریی ئەم گەمەکردنەیان لە کوێوە ھێنا؟!
کاتێک نەتەوەکە لە تاوانەکانی نەپرسینەوە، بۆ نموونە: کە بەرپرسێکیان جوێنێکی دا بە پێشمەرگەیەک و ھاوڕێکانی بێدەنگ بوون، ئەمجارە تفێکیان لە پێشمەرگەیەک کرد و ھاوڕێکانی ھەر بێدەنگ بوون، جا شەقێکیان تێ ھەڵدا و ھاوڕێکانی ھەر بێدەنگ بوون، جا پێشمەرگەیەک و دووان و سیانیان شەھید کرد و تەرمە پیرۆزەکانیان تەسلیم بە دوژمن کردنەوە و نەتەوەکە بێدەنگ بوو،  کە ئاشبەتاڵیان بە شۆڕشی نەتەوەکە کرد و نەتەوەکە هەر بێدەنگ بوو، کوردیان بە کورد دا بەکوشت نەتەوەکە هەر بێ دەنگ بوو، جا پێش سپای دوژمن کەوتن و ئازادیخوازانی ڕۆژھەڵاتیان شەھید کرد، نەتەوەکە هەر بێدەنگ بوو، جا بوونە کەواسووری بەر لەشکری تورکی ڕەگەزپەرست و نەتەوەکە بێدەنگ بوو، ئازادیخوازانی باکوور، باشوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵاتیان تیرۆر کرد و نەتەوەکە  ھەر بێدەنگ بوو، ئیتر بێدەنگی نەتەوەکە بووە ھۆی ئەوەی کە کارەساتێک دەستی کارەساتێکی گەورەتر بگرێت و بێ سڵکردنەوە، پاش دۆڕاندنی کەرکووک، خانەقین و شارەبان، ئەمجارە بە ناوی پاراستنی سنوورەکانی عێراقەوە، بۆ گەمارۆدانی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژھەڵات، خۆبەڕێوەبەریی خۆرئاوا و تەنگکردنەوەی مەیدانی تێکۆشانی پڕ لەسەروەریی ئازادیخوازانی کوردستانی لە قەندیل، پێش سپای عێراق کەوتن و جارێکی تر ڕەبایەکانی سپای عێراقیان ئاوەدان کردەوە لە سەر چیا سەرکەشەکانی نیشتمانی داگیرکراوی کورددا. 
 لە ناوەوە میلیشیاکانییان ژیانیان لە دانیشتوانی ھەرێم کردۆتە دۆزەخ و لەسەر سنوورەکانیشەوە سپای عێراق، ئێران و تورک، هێزە شاردراوەکانی ئیتلاعات، میت و مخابرات ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو قوڵایی خاکی ھەرێم لە پێشڕەویدان و ھەرێم وەک دیوارێکی ڕزیوو ھەڵدەورێ و بە سەختی ھەناسەی بۆ دەدرێ.
بەڵام نەتەوەیەکی دێرینی وەک کورد، کە خاوەنی پاشخانێکی شارستانەتی وەک میدیا و بیری ئازادیخوازیی سەدان ساڵە بێت، بە دڵنیاییەوە، وەک پشکۆی ژێر خۆڵەمێش، وەک گڕکانی مت بوو، وەک ھێزی ناخی زەوی و وەک ویستێکی کپ بۆوە، ھەر ڕۆژەی لە سەرچیایەک و لەداوێنی کوێستانێک و لە فراوانی گەرمیانێک و لە توڕەیی شارێکەوە لە دوژمنانی ناوخۆ و داگیرکەرانی  نیشتمانەکەی ڕادەپەڕێ.
مێژوویەک دەست بەنووسینەوەی کراوە، نە مێژووی ساختەی بنەماڵەیەک و نە درەختی ھەڵبەستراوی خێزانێک و نە سەربووردەی درۆزنانەی کەسایەتییەکە، بەڵکو مێژووی قەڵەمی یاخی و نەوەیەکی ڕاپەڕیو و کتێبێکی ڕۆحیی نەتەوەیەکی ئازادیخواز و نیشتمانێکە کە کۆڵۆنییەکی نێودەوڵەتییە.
• سەرکردەیەتی بنەماڵە دەیانەوێ ھەرێمیان لە کۆڵ بێتەوە
سەرکردەیەتی ئەو حیزبانەی بنەماڵە نە بۆ ئەوە دروست بوون، نە ویستوویانە، نە پلانیان ھەبووە، نە ڕۆژێکیش بیریان لێ کردۆتەوە کە کوردستانپەروەر و لە پێناوی ڕزگاریی نیشتمانی بە کۆلۆنیی کراوی نەتەوەی کورددا خۆیان بەخت بکەن.
—  لەسەر ناکۆی دروست بوون.
—  لە ناکۆکیدا گەشەیان کرد.
—  بە بێ یەک ھیچ کاتێک ھەڵیان نەکردووە.
—  ئەگەر یەکێکیان نەبووایە، ئەوی تریشیان مردەزاد دەبوو.
مێژووی بوونیان و ڕەفتارەکانیان ئەوەمان پێدەڵێن: ئەگەر ئەوان لە قۆناغێکدا، بە مردنی خوایی لە ناوچووبان، بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکەمان لە قۆناغێکی گەلێک گەلێک جیاوازدا دەبوو، ئەگەر:  
1. شەڕشی کردبا، شەڕی خۆی نەدەکرد، بەڵکوو هەموو تواناکانی خۆی بۆ شەڕی هێزەکۆڵنیالیستییەکان تەرخان دەکرد.
2. یەکگرتووتر دەبوو.
3. زەمینە و خواستی بۆ بنیات نانەوە و گەشەکردن لە پلەیەکی زۆر ڕەخساوتردا دەبوو.
4. وشیاریی نەتەوەیی و کوردستانپەروەریی فراوان و ڕوونتر دەبوو.
5. دبلۆماسییەتی نەتەوەیی بەھێزتر دەبوو.
6. باری ئابووریی تۆکمە و پەیوەندییە ئابوورییە کوردستانی و نێودەڵەتییەکەی لە ڕیزی ئابوورییە چاک ولێھاتووەکاندا دەبوو.... 
لیستەکە زۆر درێژە، ئەوانە خاڵی بنەڕەتین بۆ ئەوەی وەک ھۆ و دەرھاویشتەی فەرمانڕانیی ئەم دوو سەرکردەیەتییە، باسی بکەم و شیرۆڤەی بۆ بکەم، ئێوەیش بە دڵسۆزیی کوردستانی خۆتانەوە، ڕەخنەی لێبگرن و دەوڵەمەندی بکەن.
با بزانین (بوونیان) چ دەروازەگەلێکی کردەوە کە بەر لەوان ئەگەر بووبێتیش لە نرخی نەبوواندا بووە و ھەمەگیرنەبووە.
 چاشایەتی ڕێکخراویان بنیات ناو و برەویان پێدا لە چوارچێوەی حیزبدا، واتە ئەو ئامڕازەی دەیتوانی زۆرینەی خەڵک بە ڕێکخراو بکات بۆ گەیشتن بە مەبستە پیرۆزەکەی سەربەخۆیی نیشتمان، ئەوان کردیان بەئامڕازێکی کوتەک ئاسا، گا بۆ لێدانی بەشێکی تری نەتەوەکە، گا بۆ جێبەجێکردنی ئەجندای دوژمنانی نەتەوەکە.
 پەردەیان لەسەر خیانەتی نەتەوەیی لادا و ڕووتیان کردەوە و بەنەتەوەکەیان گوت: خۆ خیانەت شاخ و گوێی نییە و وەک ھەموو ڕەفتارێکی تر، کردنی نە عەیبە و نە عارە، لە نموونەی  شکاندنی ئەم شەرمە نەتەوییە وبەزاندنی ھێڵە سووری نەتەوەییە: شەھیدکردنی کوردە ئازادیخوازەکانی دەڤەرەکانی تری نیشتمانی داگیرکراوی کوردستان بوو کە شەھیدکردنی کاک سلێمانی موعینی و ھاوڕێکانی لە دەڤەری ڕۆژھەڵات ودکتۆر شڤان و ھاوڕێکانی لە دەڤەری باکوور، یەکەمین دوو دەروازەی سەرەتای بەزاندنی ئەو ھێڵە سوورەنەتەوییە بوون، کە سەرکردەیەتی بنەماڵە واڵایان کرد.
 ئەگەر پلانی لاوازکردنی نەتەوەکە نەچووبایەتە سەر لەلایەن سەرکردەیەتی بنەماڵەوە، ھیچ برایەک پڕکێشی  نەدەکرد بۆ ئەوەی لولەی تفەنگەکەی بکاتە خوشک یا برایەکی تری کوردی، بۆ نموونە: لە شەڕی گەڕەکەوە دەستیان پێکرد، بۆ شەڕی ناو شارەکان و فراوانیان کرد بۆ گوندەکان، واتە لە ناو خێزانەوە بۆ ناو ھۆز وتیرەکان، لە قڵیشانەوەی ناو شارەوە بۆ شاخ لە یەکتر گرتن. لە قەڵەمەوە بۆ تفەنگ، لە ناو ڕۆژنامە وبەیاننامەوە بۆسەر زەوی نیشتمان.
ئێمە ھەموومان دەزانین کە کوردستان وڵاتێکی کۆڵۆنی کراوە و نەتەوەکەی پەراوێزخراوە، ئەم دوو ھۆیە، بۆھەموو مرۆڤێکی ھەست بەوە بکات ئازادی زەوت کراوە، پێویستییەکی بۆ بەرجستە دەکات، پێویستی ڕزگاربوون، کەواتە لای نەتەوەکە ھەستێکی قووڵ بیستوچوار کاژمێر دنەی دەدات و پێوانەیەکی لا دروست دەکات کە ھەموو ڕەفتارەکانی بەو پێوەرە چ لەگەڵ خۆی چ لەگەڵ ئەوی تر (داگیرکەر) پێ دەپێوێت، ئەم ھەستە ھێندە بەھێزە و ھێندەش ناسکە، چاوی لێ غافڵ بکەیت و بەژیریی و وشیاری جڵەوی نەکەیت، سەردەنێ بە بیابانی کارەساتەوە. سەرکردەیەتی بنەماڵە ئەو جڵەوەیان لە ژیرێتی زۆرینە سەند و وەک بەرژەوەندی خۆیان دەیویست، شلیان دەکرد و توندیان دەکردوە، بۆ کورد نەھامەتییەکە لەوێدا بوو، کەسەرکردەیەتی بنەماڵە ھەرچی دەکرد/ دەیکات، دەیگووت/ دەڵێت کە کوردایەتی دەکات و بۆ کوردی دەکات. تائێرە ئامڕازی ڕێکخستن ( حیزب) جڵەو کرا و ھەستی قووڵی ئازاد بوونیش شێوێنرا.
ئەوان کە دوو کوردیان، گەیاندە ئەو بڕوایەی یەکتر بکوژن و پێیان وابێ کوردایەتیان کردووە، کوردایەتیان لەناوەرۆکە ئازادیخوازیی و نەتەوەییەکەی بەتاڵکردەوە و بە قین لە کوردەکەی تر ئاخنیان، بزانین سەرکردەیەتی بنەماڵە کێیان کوشت: دوو باوکیان کوشت، دوو کوڕیان کوشت، دوو مامیان کوشت و دووخاڵیان کوشت، واتە دوو خوێنکار و دوو وەستا و دوو کاسبکار و دوو جووتیار و دوو مامۆستا و دوو  پزیشک و دوو ئەندازیار و دوو خێزانیان کوشت، واتە کوردایەتی وەک خۆشەویستی نەتەوە و وەک ھەستی ڕێکخستن و وەک ئەڵقەی پێکەوە گرێدانی تاکەکان و وەک زەمینەی بیری ڕزگاریی و سەربەخۆیی نیشتمانێکی بەکۆڵۆنی کراو، بووە پەتی خنکاندی تاکەکان و وێرانکردنی خێزانەکان و نابووتکردنی داھاتووی تاکەکان وکوژانەوەی چرای ژیانیان. ئەو کوردایەتییەی کە سەرکردەیەتی بنەماڵە بوونە خاوەنی و پێناسەیان دەکرد. لەدەڤەری باشوور سی و دووساڵە، فەرمانڕانان فەرمانەکانیان بۆ گشت، بریتی بووە لە خورافات، خورافەش دایکی کوێرکردنەوەی ژیرێتی و داخستنی دەرگا و پەنجەرەکانە بە ڕووی عەقڵدا، لەچیرۆکە خورافییەکاندا، پاڵەوانێک بەرجەستە دەبێت، کە قسە لە ھۆش ناکات، بەڵکو باسی بازوو و ماسولکە دەکات، باسی لێکۆڵینەوە لە ڕەفتار ناکات، بەڵکو ڕەفتار دەسەپێنێ، باسی ڕەخنە ناکات بەڵکو ڕەخنەگر دەکوژێت، باسی ڕاستییەکان ناکات، بەڵکو ھەموو ڕاستییەکان لە خۆیدا پێناسە دەکات. پێمان دەڵێت: من یاسام، من ڕێگام، من ڕێبازم، من ڕاستییەکانم و من چارەنووستانم.
ئەوەی خەڵکانێک کە تا ئێستە دوایان کەوتوون و ملیان بەم خورافەیەی سەرکردەیەتی بنەماڵە داوە، ھۆی زۆری ھەیە گرنگترینیان و بنەڕەتی ترینیان، ھەستی ئازادبوون بووە لای نەتەوەکە، ئەو ھەستەی کە ھەمیشە دنەی داوە بۆ ڕزگار بوون. ئینجا ھەستی بوونی بەرژەوەندیی لەگەڵ ئەم لایەن یا ئەو لایەن، ئینجا نەگبەتیی ئەوەی کە خێزانێک، کەسێکیان لە ناو یەکێک لەو تاقم و دەستانەدا( کوژرا) بێت، ئیتر وەک لە سلێمانی دەڵێن: کۆمپلێت ئەو خێزانە بوونەتە ئەندام، ھەوادار، پاڵپشت و باربۆکەریی ئەو تاقم و ئەم لایەن، لە جیاتی ئەوەی ببنە ڕەخنەگری ڕەفتاری باوانیان، بوونە جەنگاوەری ڕێبازی باوکیان، واتە دڕێژەیان دا بە مانەوەی سەرکردەیەتی خێڵ و ڕەفتاری خێڵ و کلتووری کویلایەتیی. کەمتر ڕوویداوە تاکێکی ئەو جۆرە خێزانانە بە پێچەوانەی ئەم شەپۆلەوە ھەڵوێستیان جودا بووبێت، ئەمەش بۆتە ھۆی بەزیندووی ڕاگرتنی خورافەی حیزب، سەرکردەی کاریزما، ڕێبازی فڵان و خەباتی فیسار. لەم سەدساڵ تێکۆشانەی نەتەوەکەماندا، ئەم شانۆیە بە تایبەت لە دوو دەڤەرەکەی نیشتمانی بە کۆڵۆنی کراوی  کورددا، باشوور و ڕۆژھەڵات، بۆ دەیان جار وەک کارەساتی بە خوێنی کورد ئاودێرکراو، چەندین نەوەی کوردی کردۆتە  قوربانی.
ھەموومان لە قۆناغی گرنگی باشووردا ژیاین و لە سێ دەڤەرەکەی تری نیشتمانی بە کۆلۆنی کراوی کوردەوە، ھیواو ئومێدێکی مەزن، لەسەر حوکومەتی ھەرێم ھەڵچنرا، بەڵام زۆری نەبرد کە حوکومەت بووە ئەو پاڵەوانەی لە ئەفسانە خورافییەکاندا چنگ و دندان و ماسولکەکانی پیشانی خەڵکە ڕاپەڕیوەکە دا و لەو بەرزییەوە، لە لوتکەی هەرەمی دەسەڵاتەوە، کە ئازادیخوازانی فریودراو و هەلپەرستانی سکپەرست و بەرژەوەندی پەرست، پارێزگارییان لە دەسەڵاتەکەی دەکرد/ دەکەن، بەلووتبەرزی خاوەن بوونی دەڤەری باشوورەوە، هەموو جۆرە ڕەفتارێکی نا مرۆیانەی بۆ خۆی بە ڕەوا دەبینی / دەبینێ، ئەم دەڤەرەی کە سێ دەڤەرەکەی نیشتمانی داگیرکراوی کورد، هیوا و ئومێدیان لەسەر هەڵچنی بوو، بووە قەسابخانەی ڕۆڵە ئازادیخوازەکانیان، واتە ئەو ڕەفتارەی کە سەرەتای کردنەوەی دەرگای خیانەتی نەتەوەییان پێ واڵا کرد و لەسەرەتای وتارەکەوە باسم کرد، درێژەیان پێدا و بێ سڵ کردنەوە لەهەموو نۆرم و بنەما نەتەوەییەکان، پەلاماری کوردانی سێ دەڤەرەکەی تری نیشتمانیان داو و بووشنە کەوا سووری بەرلەشکری داگیرکەرانی کوردستان بۆسەر ئازادیخوازانی سێ دەڤەرەکەی تریش. ئەم کارانەیان هەمووی لە ژێر سێبەری، ڕۆژی ئاڵای کوردستان و ڕۆژی جلی کوردی و ڕیفراندەمی سەربەخۆیی و ئەفسانەکانی تری بنەماڵەی فەرمانڕان لەماوەی ئەم سی و دوو ساڵەدا ئەنجام درا/ ئەنجام دەدرێن. 
فەرمانڕانەکانی ئێستای دەڤەری باشوور کە بکوژانی هەزاران کوردن چ ڕاستەوخۆ بەفەرمانی ئەوان چ ناڕاستەوخۆ بە ڕاسپاردەیی ئەوان، باشترین نووسەرانی سیناریۆ درۆین و کارەساتبارەکانن و خەسڵەتێکیان لە ڕۆژی دروستبوونیانەوە لەگەڵدا لەدایک بووە، هەر کاتێک بەرژەوەندی خێزانی خۆیان لە مەترسیدا بووبێت، یا بەرژەوەندیان خواستبێتی ئەوەیان کردووە کە بەهەر نرخێک بووە دەبێ خۆیان دەرباز ببن، ئەمەش زۆرینەی جاران ئەگەر نەڵیم هەموو جارەکان بە تێکشکاندنی کەسایەتی نەتەوەکە، وردبوونی سایکۆلۆجی نەتەوەکە و ئاوارەبوونی نەتەوەکە کۆتایی پێهێناوە و هەزاران کارەساتی لێ کەوتۆتەوە و تێکشکاندنەکەیان بەستۆتەوە بە فاکتەر گەلێکەوە کە خۆیانی لە لێپرسینەوە و هەڵگرتنی بەرپرسارێتی پاراستووە. بەڵام کاتێک کەوتن بەسەر خەزنەی دەڤەری باشووردا کە نرخی خوێنی سەدان هەزار ئەنفالکراو و هەڵەبجەکان بوو، ڕێگاکانی دزی، ماشینەوە، ئاودیووکردن، قاچاخچێتی، برسی کردن و......هتد وەک ئەوەی ماکەکانی ئەم ڕەفتارانەیان لە زەیندا بووبێت و چاوەڕوانی هاتنی دەرفەتەکەی بووبن، بوونە گەندەڵترین فەرمانڕانەکانی ناوچەکە، ئەو گەندەڵییەی کە دەبییەن و دەبینین، تیۆریسینەکانیان کە بریتین لە مامۆستاکانی زانکۆ!! و هەلپەرستانی سکپەرست و بەرژەوەندی پەرست پاکانەیان بۆ دەکەن و بەراوردیان دەکەن بە فەرمانڕاننای عێراق، تالیبانەکان، ئێران، سوماڵ، سودان و...هتد، بەڵام من بەراوردیان دەکەم بە پیرەباوکێکی شەرافەتمەندی کورد کە بۆ ژیان و نانی ڕۆژانەی خێزانەکەی لە چلەی هاوینی باشووردا، یا دەڤەرەکانی تری نیشتماندا لە گزنگی بەیانەوە تا بوولێڵی ئێواران پاڵ بە عەرەبانەیەکەوە دەنێت و گەندەڵی و خیانەت لە نەتەوەکەشی ناکات.
دوا سینارێۆیی فەرمانڕانانی بنەماڵە ئەوەیە کە گوایە ڕاپرسییەکییان کردووە تا بزانن خەڵکی دەڤەری باشوور دەیانەوێ لە چوارچێوەی هەرێمدا بمێننەوە یا دەخوازن بچنەوە سەر ناوەندی عێراق، واتە ببنەوە بە پارێزگایەک لە پارێزگاکانی عێراق، ئەم درۆیەش ئەنجامەکەی دزەی پێکراوە بۆ ناو ڕۆژنامەیەکی عێراقی و بڵاوبۆتەوە!!.
ماوەیەکە سەرکردەیەتی حیزبی بنەماڵە، چیرۆک و سینارێۆیی ئەم ڕاپرسییەیەیان خستۆتە سەر زاری کەناڵە تایبەتییەکانی خۆیان و کەناڵە سێبەر و بڵندگۆکانی دەزگای میت، هەم بە بەشە تورکییەکەیەوە هەم بە دوو بەشە کوردییەکەیەوە، کە بریتین لە دەزگاکانی زانیاری و پاراستن.
بەپێی ئەزموونی ئێمە لەگەڵ ئەم سەرکردەیەتییە خێڵەکییانە لە باشووردا، ئەوان هەمیشە بە دوای تەنافێکدا دەگەڕین جل و سەرجلەکانی خۆیانی پێدا هەڵواسن، کەسێک پەیدا بکەن بەرپرسیارێتییەکەی بخەنە ئەستۆ، هەموومان لە یادمانە کە چۆن لە ئاشبەتاڵدا تاوانەکەیان خستە ئەستۆی، ئێران، ئەمریکا و ڕێکەوتنی جەزایر و دوژمنانی ناوخۆ!!. 
لە وەڵامی پرسیاری هەندێک شەرافەتمەندی کوردستانیشدا سەبارەت بەوەی ئەی بەو هێزە زۆرەوە بۆ بەرگریتان نەکرد؟ وتیان لەبەر خاتری پاراستنی ژیانی ئەو خەڵکە زۆرەی لە شارەکانی ئێراندا بوون، واتە تاوانی بەرگری نەکردنیان خستە ئەستۆی خەڵك، لە حاڵێکدا ئەوان بەڕەسمی پەنابەری حکومەتی شای ئێران بوون و ناویان لای خاچی سووری جیهانی تۆمارکرابوو و هیچ ترسێکیان لەسەر نەبوو، ئێستا ئێمە گریمانەی ئەوە دادەنێین کە سەرکردەیەتی خێڵباز ڕاستی گووتووە و چارەنووسی خەڵکی ئاوارەی باشووریان لە ئێران بۆ گرنگ بووە، کەواتە دەبوو سەرپەرشتییان بکەن و خەمیان لێ بخۆن و بە ڕێکخراوەیی بیانهێڵنەوە و بەرەڵای بازارەکانی لەشفرۆشی و دەرمانفرۆشیی ئەو سەردەمەی ئێرانیان نەکەن. کەسێک هێندە خەم لە کەسێکی تر و چارەنووسی کەسێکی تر بخوات، بە دڵنیاییەوە هەمیشە ئاگای لێدەبێت و ناهێڵێت تەنگ دەست و لارەملیی و کەساسیی ناچاری بکەن دەست لە ناڕەواکان نەپارێزێت، کە ئەو حاڵەتانەی باسم کردن، هەموویان بۆ ئەوە دەشێن، مرۆڤی کەم حەوسەڵە و نەفس ناجێگیر و شانهەڵتەکێن، بخاتە باوەشی دووژمنانەوە، کە هەر واشی لێهات و بەلێشاو کوردی سەرکز پێکراو و دەروون شکێنراو، پەیوەندیان کرد بە دەزگاکانی ساواک و سیخوڕخانەکانی تری دەوڵەتانی ناوچەکەوە یا دەستە توندڕەوە ئیسلامییەکانەوە.
ئەوەی تا ئێستا دەماودەم بیستوومانە، سەرکردەیەتی خێڵ بەلایەنی کەمییەوە، سەد ملێۆن دۆلاری ئەو ساڵانەی پاش ئاشبەتاڵیان لەگەڵ خۆیان بردووە بۆ ئێران، باشە وەک تاوانی ئاشبەتاڵ بەملی خەڵکی تردا هەڵدەواسن، ئەی تاوانی دزینی ئەم پارە زۆرە و بێدەنگ بوون لێی، ها لە ئەستۆ و ملی کێدا، کێ بردی؟ لای کێ بوو؟ بڕەکەی چەند بوو؟ كێ خواردی؟ شتێک، ڕووداوێک یا دەبێ هەموو لایەنەکانی باس بکرێن، یا لەیەک گۆشەی ڕوانینەوە باسکردنی چەواشەکاریی، درۆ و هەڵبەستراوێکە لە پێناوی بەرژەوەندی لایەنێک و تاقمێکدا.
• بۆچی ئێمە ئەم بابەتە هێندە دەڵێنەوە و نەتەوەکەمانی لێ ئاگادار دەکەینەوە؟!
بۆ ئەوەی مێژوو ئیتر دەبارە نەبێتەوە، خەڵکانی ناو مێژووە تێک شکێنراوەکەمان، لێ نەکەنە پاڵەوان و سیاسەتی مەیموون ئاسامان لێ نەکەنە کوردایەتی و ماسکەکانیان لە ڕوخسار لابەرین، بۆ نموونە ئەم دوا سیناریۆیەی ڕاپرسی هەرێم لەو ڕوانگانەی سەرەوە باسم کردن شڕۆڤە دەکەم (دەکەین): 
1. بۆمان ڕوونبوویەوە، کە سەرکردەیەتی خێڵ: درۆزن، دەمامکدار، چەواشەکار و ناڕەسەن و گوێ لە مستی داگیرکەرانی کوردستانە.
2. دەستی بە خوێنی کورد سوورە.
3. دەستپاک و داوێنپاک و دڵپاک نییە. 
4. خەم لە خۆی دەخوا لەسەر زەبوونکردنی زۆرترین ژمارەی نەتەوەکە.
5. بە ناوی خەڵکەوە و بە دزی خەڵکەوە قەرزێکی زۆری کردووە بە سوودێکی یەکجار زۆر، وتووشییەتی کە لە پاشاندا نەتەوەکە قەرزەکەتان دەداتەوە، واتە کەسایەتی نەتەوەکەی وەک گەرەنتی بۆ وەرگرتنی ئەو قەرزانە لە قەبەڵدا داناوە. قەرزدەرەکان: کەسایەتی بنەماڵەیان پێ هیچ نەبووە بەرانبەر بەو قەرزە زۆرە، بۆیە داوای گەرەنتی کەسایەتی نەتەوەکەیان لێکردوون، گووتوویانە: زەڕەیەکیش بێت لە کەسایەتی گەوهەرینی نەتەوەکە وەک گەرەنتی قەبووڵی دەکەین. ئەو نەیتوانییوە کە ئەو زەڕەیە لە کەسایەتی نەتەوەکە،  لەناو خەڵکدا بەدەست بێنێت، بۆیە سوودەکەیان لێ کردووە بە چەند بەرانبەر. 
6. لە ماوەی ئەم سی و دوو ساڵەدا، سەرکردەیەتی خێڵ باڵۆنگەلێکی زۆری فووتێکرد و بە ئاسمانی کوردستاندا، بەرەڵای کردن، نموونە زۆرە: نووسینەوەی مێژووی  خێزانەکانیان کە لە تەفسیری خەونی کەسێکی ترساو دەچێت، مل بە هەموو کارێک دەدات تا ترسەکەی بڕەوێنێتەوە، لەوانە دەستی لە داوێنی دوژمنی دێرینەی کورد نابێتەوە، بەڵکو لە ڕۆژی مەبادادا ئاوڕێکی لێبدەنەوە و لەدەستی گەل قوتاری بکەن.
7. سەرکردەیەتی خێڵ و بنەماڵە گەیشتوونەتە حاڵەتێک کە ئیتر مەسەلەی کورد و حاڵی کورد و سەروەریی کوردیان بۆ گرنگ نییە و لە خوایان دەوێت ڕووداوێک بێت و ئەم بارە قورسەی ناوی هەرێمە لە کۆڵیان ببێتەوە، هەموو هەوڵێکیان دا نەتەوەکە بەوە قایل نەبوو کە جارێکی تر بگەڕێتەوە ژێر دەستی عەرەبی عێراقی، مووچەی مامۆستایانیان لە سەرەتای ڕاپەڕینەوە بڕی، ئەوان خۆبەخشانە قوتابخانەکانیان ئاوەدان کردوە، چارەکە مووچە و نیوە مووچە و پاشەکەوتیان تاقیکردەوە، خەڵک دانی بە خۆیدا گرت و نەچووە ژێر بار، تۆ لەوە مەڕوانە کە کەسانێکی توڕە لە سەرکردەیەتی خێڵ و بنەماڵە، ئەوە بڵێن کە باشترە حوکومەتی عێراقی بەڕێوەیان بەرێت، ئەوەی وای کرد کە کوردی باشووربەم ڕۆژە بگات، ڕەفتار و خیانەتی نەتەوەیی ئەم سی و دوو ساڵەی سەرکردەیەتی بنەماڵەیە کە هیچ دوژمنێک بەدرێژایی داگیرکردنی خاکی کوردستان نەیان توانی ئاوا کەسایەتی نەتەوەکە بشکێنن و بیری نەتەوەیی و هێماکانی نەتەوە ناشرین و قێزەوون بکەن.
8. ئەم بانگەشە نوێیەی کە سەرکردەیەتی بنەماڵە دەڵین ڕاپرسیان کردووە سەبارەت بەوەی خەڵک، هەرێمێیان دەوێ یا چوونەوە ژێر دەسەڵاتی عەرەبی عێراقی، درۆیەکە کە مەبەستیان لێی سازکردنی زەمینەی دەرباز بوون و هەڵاتنە و جێهێشتنی خەڵک و خەمەکانی خەڵکە، بنەماڵە لەم چەند ساڵەدا و کاتێک خەزنەی نەوتیان کەوتە ژێردەست و وەک کوردی دۆ نەدیو( چوونکە ئەوان هەر بە سواڵکەریی ژیاون و حەزی هەبوونی پارە، دەیان خیانەتی نەتەوەیی پێکردوون) ئیتر دەستیان لەهیچ تاوانێک نەپاراست بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین پارە، ئێستا ئەوان لە ڕیزی خاوەن سامانە زەبەلاحەکانی دونیادان، خەستەخانەی تایبەت لە پایتەختەکانی ئەوروپا، بازاڕی مەزن، کۆشکی زەبەلاح، پاپۆڕی گەورە، کارخانەی مەزنی گواستنەوە، زانکۆی تایبەتی و تا ئێستایش هەموو سەرچاوەکانی دەرامەت، ڕاستەوخۆ یان بەناوی کەسایەتی خوازراوەوە، لە باشوور هی بنەماڵە و تاکەکانی سەر بە بنەماڵەن. جا ئەوان وەک خێزانێکی داخراوی هەڵگری هەموو مۆرکە خێڵەکییەکان، دەیانەوێت ئەگەر ڕۆژگارێک هەڵاتن تاوانی ئەم هەڵاتنەیان بخەنە ئەستۆی خەڵکی باشوور کە حەزی گەڕانەوەیان هەبووە بۆ ژێر دەسەڵاتی حوکومەتی عێراقی چونکە پێوانەکە لای ئەوان چارەنووسی میللەت نییە، بەڵکوو سواربوون عەیبێک و دابەزین دوو عەیبە بەپێی نۆرمە خێڵەکییەکەیان. ئەوان دەزانن کە سەربازگە زۆرەکانی تورک لە باشووردا و بنکە سیخوڕییەکانی میت، بۆوە لە باشووری کوردستانن تا بمێننەوە و دەزانن کە لە کاتی هەڵاتن و دەربازبوونی بنەماڵەدا، یەکەمین ئەگەر ئەوەیە، کە تورک بە ئاشکرا و بە فەرمی باشوور داگیردەکات، لایەنی کەمی ناوچەی زەرد تا کەرکوک، ئەمەش ڕێکەوتنێکی سێ لایەنەی( بنەماڵە- تورک- هێزە ڕۆژئاواییەکان)ە ئەگەر واش پیشان نەدەن و باسی نەکەن، هەر سێ لایەنەکە، کە تورک مەرامەکانی خۆی چەندین جار لە چەندین بۆنەدا بە ئاشکرا باسکرووە و دوو لایەنەکەی تر فزەیان نەکردووە. 
لە بەستنەوەی ئابووری باشووردا، بە ئابووری داڕزاوی تورکەوە ڕۆژ بە ڕۆژ باشتر و ڕوونتر خۆی نیشان دەدات، ئێمە ڕۆژانە کارەساتە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر شاشەی تەلەڤزێۆنەکانی باشوورەوە دەبینین، کە چۆن بنەماڵە خۆیان یا کەسانی سەربە دەزگاکانی بنەماڵە، لە شکاندن و وردکردنی کەسایەتی تاکەکانی باشووردا بەردەوامن، نموونەی نوێیان شکاندنی کەسایەتی ئەو پزیشکە بوو کە بەگریانەوە لە ( برا گەورە!!) دەپاڕایەوە کە فریایان بکەوێت و لەدەست دارودەستەکانی مافیای دامودەزگا سیخوڕییەکانی ئەوان بیان پارێزێت، حاڵەتەکە بە شوێنێک گەیشتووە کە پەیدا کردنی پارەی ناڕەوا پزیشکێکی بە توانا تێکەڵ بە مامەڵە مافیاییەکان بکات!! ئەمە ئاشکرا بوونی کەمی حاڵەتەکانە. واتە بەرپرسانی دەزگا سیخوڕییەکانی سەر بە بنەماڵە ئێستا حساب بۆ کەس ناکەن چوونکە فەرمان لە میت و دەزگای بەڕێوەبەرێی میت وەردەگرن، ئەمانە لە ڕۆژی لێقەومانە گەورەکەدا و داتەپینی سیستەمی فەرمانڕانیی بنەماڵەدا دەبنە چکدارانی بە ئەمەکی سوپایەکی نوێی حەمیدییە.  هەروەک پاش کارەساتەکانی ئاشبەتاڵ وهاتنی کۆماری ئیسلامی بینیمان کە بوونە چەکداری جێبەجێکاری داخوازییەکانی ساواک وکەواسووری بەر لەشکری سپای داگیرکەری پاسداران بۆ ڕەشەکوژیی ئازادیخوازانی دەڤەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و داگیرکردنەوەی شارە ئازادکراوەکانی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان و لە سەردەمی فەرانڕانیشیاندا هێنانی سپای داگیرکەری تورک بۆسەر دڵی نەتەوەکە و پەلاماردانی سپای ئازادیخوازی کوردستانیی نەتەوەکەمان.
• بەسەرچوونی زەمانی حیزب 
حیزب بۆ سەردەمێک وەک ئامڕازی گەیاندنی ڕای بەشێک لە کۆمەڵگا بوو بە نوێنەرایەتی کردنیان لە دەسەڵاتدا، جا ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگای پەرلەمانەکانەوە بووبێت، دەیتوانی ئەو پڕۆژە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسەتانە بەرەوپێش بەرێت کە لە مەبەستی دامەزراندنیدا بۆ خۆی دیاری کردبوو، ئەمە تا ئێستاش لەو وڵاتانەی کە بە گەشەیەکی دیمۆکراتیدا گوزەراون بەڕاست دەگەڕێ و حیزب دەتوانێ ئامڕازی ئەو گەیاندنە و بەرگریکردن بێت لە ڕای بەشێک لە نەتەوەکانیان. بەڵام لە کۆمەڵگایەکی وەک کوردەواریدا، ئەم ئامڕازە، هەر لە سەرەتای دروست بوونییەوە بووە هۆی ماڵوێرانی زۆر گەورە بۆ نەتەوەکە و زۆرترین خوێنی باشترین تاکەکانی نەتەوەکە لە شەڕەکانی نێوان سەرکردەیەتی حیزبە کوردییەکاندا ڕژا، کە بوونە هۆی دروستبوونی سەدان گرفتی کۆمەڵایەتی بۆ خێزانی کوژراوەکان و چاندنی تۆوی ناکۆکی لە نێوان تاکەکانی نەتەوەکەدا. هەمەش بنەمای هەموو کارەساتەکانی ساڵیانی دواتر بوون. بووشنە هۆی گەشەنەکردنی بیری نەتەوایەتی و نەگواستنەوەی کورد لە قۆناغی عەشیرەت و خێڵەوە بۆ بوون بەنەتەوە. بۆیە ئیدی حیزب بۆ کۆمەڵگای کوردی و خەباتی نەتەوەیی کورد، هیچ کەڵکی نەماوە و جگە لە کۆمپانیایەکی بنەماڵەیی – ئابووری، ناتوانین هیچ ڕەگەز و مەبەستێک بۆ بوونی حیزب دیاری بکەین، ئامڕازێکی ژەنگگرتووی داڕزاو و پواوە کە هەرکەس لێی نزیک دەبێتەوە، ژاراوی و گەندەڵ دەبێت و کەسایەتی و مرۆڤبوونی تا ڕادەیەکی زۆر لە دەست دەدات و ئیتر ناتوانێت وەک ئازادیخوازێکی نەتەوەیی خەمی گشت، خەمی بێت و ئازادی خەڵک مەبەستەکەی، چوونکە بەئەندامبوونی حیزبێک ملدان دەبێت بۆ فەرمانی سەرۆکی حیزب و داکۆکی لە سیاسەت و ڕەفتاری سەرۆک و دژایەتی کردنی حیزبی ڕەقیب، ئەمانەش لە خەسڵەتە کلاسیکییەکانی حیزبەکانی ناو نەتەوەی کورد بوون/هەن لە باشوور و ڕۆژهەڵاتدا.
• شۆڕشی ئازادیخوازیی کوردستانی ژینا لە ڕۆژهەڵاتدا پێوانەکانی گۆڕیی
بۆ سەد ساڵ دەچوو لە ئێراندا، پێناسەی کورد و مەسەلەی کورد، لە ڕوانگەی دەسەڵاتی شا و کۆماری ئیسلامییەوە کە نوێنەرایەتی فەرهەنگ و نۆڕمەکانی نەتەوەی سەردەستی فارس بوون، دەکرا، ئەم پێناسەیەش پەیوەندی بە چۆنێتی بیرکردنەوەی تاکەکانی ئەو نەتەوەیەوە نەبوو، بۆیە مەلایەک و مامۆستایەکی زانکۆ و کاسبکارێک و خوێندکارێک و نووسەرێک و ژنێک و پیاوێک، باوەڕدارێک و بێباوەڕێک، چەپێک و ڕاستێک لە یەک مەسەلەدا هەمان بۆچوون و لێکدانەوەیان بۆ نەتەوەکانی تری ناو ئێران هەبوو، لە ناویاندا نەتەوەیەکی فرە زیندووی کەونارای ئەو جوگرافیایە کە کورد بوو. زۆرینەی تاکەکانی نەتەوەی سەردەست لەسەر بنەما چەسپاوەکانی کە لای ئەوان ببوونە بنەمای نەگۆڕ و هێڵی سووری دەسەڵاتەکەیان، هەمان بیریان دەکردەوە و هەمان هەوڵیان دەدا، جا چەپ بووبن یا ڕاست، ژیر بووبن یا گەمژە، پیشەکەیان هەرچی بووبێت و پلەی زانینیان هەر پلەیەک بووبێت:
- ئەوان لەسەر یەک خاک کە پێیان وابوو لە ئاسمانەوە دابەزێنراوە بۆیان، تەماشای نیشتمانی نەتەوەکانی تری ناو ئێرانیان دەکرد.
- لە باڵا بوونی زمانێکەوە بۆ زمانەکانی تریان دەڕوانی. 
- لەبەرژەوەندی تایبەتی نەتەوەی سەردەستەوە بۆ سەرچاوە سروشتییەکانی نیشتمانی نەتەوەکانی تریان دەڕوانی.
 کە ئەم ڕوانینە خورافیانەش گەیاندوونی بە بیرکردنەوەیەکی کوێرانەی رەگەزپەرستانە لە پلەی فاشیزمدا. هەموو ئەو ڕاپەڕینە پێشینانەی کە بەر لە شۆڕشی ژینا دەرکەووتن لە نیشتمانی کورددا، چوونکە پێناسەیەکی کوردستانیان بۆ مەسەلەی کورد نەبوو بە زیانی گەورە بەسەر نەتەوەکەدا شکانەوە، ئەگەر لە سەرەتاشدا وەک بزووتنەوەیەکی کوردستانی ڕەفتاریان کردبێت کۆمەڵە لەسەردەمی (شەهید فوئاد) دا دیمۆکرات لەسەردەمی ( پێشەوا) دا سەرئەنجامەکەیان بوونە نەهامەتی گەورە بۆ نەتەوەکە کە لە کۆتایدا گەیاندنی بەو ئاستە لە بێ بەرپرسیارێتی نەتەوەیی، کە پەلاماری یەکتریان دا و شەڕی دوژمنانی کورد، خۆیان لەگەڵ کورددا کردیان، بەپێی ئامارێکی سەرزاران ٤٧٠ کوردی ئازادیخواز لە نێوان شەڕەکانی سەرکردەیەتی کۆمەڵەی پاش کاک فوئاد و دیمۆکراتدا تێدا چوون و پێشکەش بە دوژمنانی داگیرکەر و نەتەوەی سەردەست کران. لە ڕووی بیرکرنەوەشیان ئێدی مەودایەکی هێندە کەوتە نێوان ئەم دەستانە و نەتەوەکەوە کە گەیشتە پلەی نامۆ بوون لە نەتەوەی خۆ و مەسەلەی نەتەوەی خۆ، واتە پێبزانن یان نەزانن چوونە خزمەت بە چەسپاندن و قوڵکردنەوەی بیری فاشیزم و کلتووری نەتەوەی سەردەستەوە. سەرکردەیەتی کۆمەڵەی پاش ڕێبەرێتی کاک فوئاد، لەهەوڵی درووستکردنی حیزبێکی کۆمۆنیستی سەرتاسەریدا بوو بە مەرج و نۆرمە فارسییەکەی، بۆ ئەم مەبەستەش هێزی سپای ئازادیخوازیی کۆمەڵە خرایە خزمەت بیروڕا نامۆکان بە مەسەلەی نەتەوەی کوردەوە، ئەم هەنگاوە لە هیچ یەک لە نەتەوەکانی تری ناو ئێراندا نەنراوە، بۆیە دەنگدانەوەی ئەم حیزبە کارتۆنی و نامۆیە، هەر لە ناو دەستەکەی (عەبدوڵابەگی موهتەدی) دا بوویە هۆی کەرتبوونی خێرای ناوخۆیی و لاوازکردنی ئەو سپا ئازادیخوازە و سەرلێشێوانی ئەندامان و شۆڕشگێڕانی ئازادیخوازی کوردستانی ناو ئەو ڕێکخراوە.
لەملاشەوە، دیمۆکراتەکان بە دروشمی (دیمۆکراتی بۆ ئێران و خودمختاریی بۆ کوردستان)، لەسەر بنەمایەکی بیرکردنەوەی کلاسیکی ئەوانیش درێژەیان دا بە خەسڵەتە بنەڕەتییەکانی حیزبی کوردی و خۆیان لەت کرد، مرۆڤ نازانێت بە چ حەقێکی یاسایی حیزبێکی کوردی داوای دیمۆکراتییەت بۆ نەتەوەیەکی سەردەست دەکات کە داگیرکەری نیشتمانەکەشی بێت، واتە بە هەزاران کچ و کوڕی کورد بکەیتە قوربانی بۆ دامەزراندنی دیمۆکراتییەت بۆ ئیران، ئایا ئەمە ئەرکی حیزبی کوردییە؟! کێ ئەو مافەی بە ئێوە داوە توانا و خوێنی کورد بکەنە شاباشی دیمۆکراتییەت لە ئێراندا؟!
بۆ ئەم هەموو لەتکردنەی تواناکانی نەتەوەی کورد و بەفیڕۆدانی خوێنی تاکی کوردی، تەنانەت، بێزیان نەهات بەرانبەر نەتەوەکە بوەستن و داوای لێخۆشبوون هیچ نەبێت لە باوانی ئەو کەسانە بکەن کە گیانیان بە ڕووداوێک بەخشی کە هەرگیز نەخواستیان بوو نە بۆ ئەو مەبەستە، ببوونە جەنگاوەر.
شۆڕشی ژینا ئەم پێوانە فکری و ئاڕاستە سەقەتەی بیرکردنەوەی گۆڕی لای نەتەوەکە بەگشتی و ڕۆشنبیرانی وشیار و دڵسۆزی مەسەلە نەتەوەییەکە بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتدا، من وای دەبینم کە شۆڕشی ژینا ئەگەر لە پراکتیکدا بە ئامانجەکانیشی تا ئێستا نەگەیشتبێت، بەڵام بنەمای بیرکردنەوە نەتەوەییەکەی لەرزاند کە بووە هۆی ڕاچڵەکاندنی زۆرینەی تاکەکانی کورد و پرسیاری زۆری ورژوواند، هێندەی هەموو ئەو پرسیارانەی بە درێژایی تێکۆشانی کورد نەکرابوون. 
لەم هەڵمەتە نەتەوەییەدا، بە پلەی یەکەم کوردانی دەڤەری ڕۆژهەڵات، بە وشیارییەکی نەتەوەیی باڵاوە، گفتاری: ژن، ژیان، ئازادی یان، بیرکردەوە، کە بناغەی دەسەڵاتی سەدان ساڵەیی (یەک میللەت و یەک خاک)ی لەرزاند و نەتەوەی سەردەست، حیزبە کلاسیکییەکانی کورد، فەرمانڕانانی باشوور و ڕژێمە داسەپاوەکانی تۆقاند و بۆ هەمیشە ڕاپەڕینی کوردی گواستەوە بۆ قۆناغێکی نوێی تێکۆشان، و بۆ هەتاهەتایش ئەو وتارەی (یەک میللەت و یەک خاک)ەی لە گۆڕنا.
ئاشکرایە کە بیری سەربەخۆیی کە بە(کوردەواری و کوردایەتی ناودەبرێت، لەسەری باسی زۆرم کردووە لە وتارەکانمدا) دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانی زووی ژیانی ئەم نەتەوەیە و نەتەوەکە تێیدا ژیاوە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی– چاک وخراپ-ی خۆی لەم ڕوانگەیەوە گرێداوە و گەشەی پێکردووە، بەڵام وەک نووسراو و دروستکردنی دەستە و ڕێکخراوی تایبەت و لێکدانەوەی تیۆری بۆی، لەم سەدساڵەی کۆتایی تێکۆشاندا، حیزبی هیوا و ژ.ک دوو هەوڵدانی زۆر بناغەیی و مەزن بوون بۆ بەڕێکخستن و کۆکردنەوەی نەتەوەکە، لەم پێناوەدا، بیر و قەڵەم گەلی وەک مامۆستا ڕەفیق حلمی، مامۆستا عولەما زەبیحی و دکتۆر جەمال نەبەز و لە هەمووشیان دیارتر کە سەراپای ژیانی بۆ ڕاستکردنەوە و ڕێکخستن و بە تیۆری کردنی ئەم بیرە دانا، بیرمەندی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەدە، کە وتار و گوتنێکی نییە ڕووی دەم و دووانی نەکردبێتە ڕۆشنبیرانی هەرە لە پێشی نەتەوەکە.
شەپۆلی چەپ و دروستبوونی ڕێکخراوی چەپ لەناو کۆمەڵگای کوردیدا، بە هۆی دابەشبوونی نەتەوەکەمان و بە کۆڵۆنی کردنی نیشتمانەکەی، ئەو ڕێکخراوە چەپە کوردیانەی، یا دەبوونە بەشێک لە بزووتنەوەی چەپی ناو ئەو وڵاتە کۆڵۆنیالیستانەی داگیرکەری بەشێکی نیشتمانی کورد، یا خۆیان گرێ دەدا بە بزووتنەوەی چەپی ناو ئەو وڵاتانەوە، بەڵام لەم ساڵانەی کۆتایی سەدەی بیستدا، تێکۆشانی کوردەکانی دەڤەری باکوور- کە لایەنێکی گرنگی هاوکێشەی مەسەلەی کوردن- و تێکۆشانی ژنانی گریلای کورد و بزووتنەوەی کوردستانی ژنانی یەپەگە و یەپەژە لە دەڤەری خۆرئاوا، سیمایەکی تری بەخشی بە تێکۆشانی نەتەوەکە و شۆڕشی ژیناش گفتارەکەی گەیاندە لوتکە.
ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ناوەوەی ڕۆژهەڵات و لە کاتی شۆڕشەکەیشدا و تا ئێستاش، هەڵمەتی کوردستانی بەتایبەت ڕۆشنبیران و ئەکادیمیستە کوردەکان لە دەرەوەی نیشتمان، زۆرینە وەک یەک دەنگی کوردستانی، تەنانەت پ.م ی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش، لە سەرکردەیەتی حیزبەکانیان هاتنە دەنگ و ئەو وێنەیەیان بە ڕوونی باسکرد کە خواستی کورد چییە و هێڵی سووری نەتەوەیی کورد کامەیە!!.
ئەم حاڵەتە، هاتنە دەنگ لەسەر نەتەوەکە، سەبارەت بە هەلوێستی حیزبەکانی، لە باشووردا، زۆر کزە و لە نرخی نەبوواندایە، ئێمە لە باشووردا چ ئەو کاتانەی هەموو دەڤەری باشوور لە بەرەنگارییدا بوو بەرانبەر بە بیرکردنەوەی شۆڤێنیستیی عەرەبی عێراقی و چ پاش ڕاپەڕین و فەرمانڕانیی خێڵ – حیزبەکان، ئەو دەنگ و سەدا و ڕاپەڕینە ویژدانی، زانستی، کوردەواری، بەتەونگەوەهاتن و شیکاریانە نابیستین و نابینین، بۆ نموونە: لە باشووردا لێکۆڵینەوەیەکمان نییە سەبارەت بە ئاشبەتاڵ، شەڕی درێژخایەنی نێوان جەلای و مەلایی، داخستنی پەرلەمان و گرێبەستە ئابوورییەکانی هەرێم، ڕیفراندەم، کۆبوونەوەی ئەو هەموو سەربازخانە و جبەخانانەی دەوڵەتێکی کۆلۆنیالیستی وەک تورک، پەروەردە و زمان، ڕاگەیاندن و باری کلتووری و کۆمەڵایەتی باشووری دوای ڕاپەڕین و....هتد.
نموونە گەلی وا دەبیستین لە پێشڕەوانی ئەکادیمی کورد کە سەرت سووڕ دەمێنێ، د. کەمال مەزهەر، کە نووسەری دەیان کتێبی مێژوویی گەلێک بەنرخە، لە کۆتایی ساڵەکانی ژیانیدا، باس لەوە دەکات کە داخ دەخوات بۆ لەگەڵ مەلا مستەفا نەچوو بۆ ئەمێرکا تا یادداشەکانی ئەو بنووسێتەوە؟! دەبینین لە باتی ئەوەی ئەم ئەکادیمیستە پێشڕەوە، سەبارەت بە ئاشبەتاڵ و ئەو قۆناغە گرنگە لە تێکۆشانی کورد کە هۆیەکی گرنگی هەموو نەهامەتییەکانی پاش خۆی بوو ئەم ساڵانە لە مێژوودا بکۆڵێتەوە کە هەم تێدا بەشدار بوو و هەم ئەو زاست و توانایەی هەبوو، کەڵکەلەی دوا ساڵەکانی ژیانی دەبێتە ئەوەی کە یادداشتەکانی مەلا مستەفای نەنووسیوەتەوە؟!.
من وەک کوردێک لە ئەکادیمیستەکان دەپرسم: سەرەڕای بەشداری زۆرینەتان لەناو ئەو شۆڕشەدا و هەبوونی دەزگای زەبەلاحی مەکتبەی سیاسی و ڕێکخراوە زۆرەکانی تری ناو شۆڕش، بۆ نەتوانرا شیکردنەوەیەک بۆ بارودۆخی ئەو سەردەمەی ئێران و پەیوەندییەکانی سەرکردەیەتی کورد بە دەزگای ساواکەوە بکرێت، کە ماوەی نێوان ئاشبەتاڵ و ڕووخاندنی ڕژێمی پاشایەتی ئێران، تەنیا چوار ساڵ بوو؟!
لە باشووردا: نە زانکۆکان، نە ناوەندە زانستی و کۆمەڵایەتی و ئەکادیمییەکان، نە مامۆستاکانی زانکۆ و بەڕێوەبەرانی ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان، نە مزگەوتەکان، نە مەلا و ئەکادیمیستە کوردەکان، ئاوێنەی بێ پەڵەی بارودۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئەکادیمی، کلتووری ئەو بەشە لە نەتەوەکە نەبوون و تا ئێستایش نین. هیچ پاساوێک بۆ نەمانزانی و دەبووایە وا بکەین و دەبێ وا بکەین، ئەم کەمکاری و بێهەڵوێستییە نابێتە پاکانە، چارەنووسی نەتەوەکە لە بیرکردنەوە و هەڵوێستی کوردستانی ئاشکرای بیری پێشڕەوانی کلتووری کورددایە و ئەگەر پاساو چەکی حیزب و سەرکردەیەتی حیزبە، زۆرینەمان باشترین ڕۆژەکانی ژیانمان چەکدارانی ئەو سەرکردەیەتییە بووین، بۆیە هەر ئەوە هاتە بەرهەم کە ئەمڕۆ لە باشووردا بەرهەم هاتووە. واتە ڕەخنەنەگرتن لە خۆمان و بێهەڵویستیمان، دەبێتە هۆی ئەوەی نەتەوەکە، پەرتەوازە و هەر بە چەکدارانی سەرکردەیەتی حیزبەکان بمێنێتەوە و چارەنووسی بەدەست حیزبی شێت و وێتەوە گاڵەی بێت.
لە کۆتایدا هیچ گوتارێک نادۆزمەوە، لەم وتەیەی مامۆستای بیرمەند مەسعوود محەمەد نەبێت کە دەیان جار بۆ نەتەوەکەمی بنووسمەوە، مامۆستا کە بۆ رەفتاری حیزبەکانی سەرەتای ڕاپەڕین دڕوانێ، دەڵێت: " ئەگەر کەوتمە سەر دووڕیانێک و نەمزانی کام ڕێگایە هەڵبژێرم، پرسێک بەم حیزبە شیت و وێتانەی کوردستان دەکەم، ئەوان کام ڕێگایەیان پیشاندام، من ملی ڕێگاکەی تریان دەگرم و دڵنیام کە ڕێگا ڕاستەکەم هەڵبژاردووە".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە