سەرتان لەمنارە بەرزترو دڵتان لە قەڵا گەورەترە

Saturday, 18/03/2023, 13:43

4567 بینراوە


لە دوای تیرۆرکردنی سەردەشت و سۆرانی مامە حەمە و کاوە گەرمیانی و شۆڕشی ١٧ـی شوبات هیچ خۆپیشاندانیکی جەماوەری بە ئەندازەی ناڕەزایەتیەکانی شیلادزێ داستانی پڕ لە قارەمانێتی و گیانفیدایی تۆمارنەكردووە ، ئەم داستانە عەرشی پارتی و دەوڵەتی تورکیای هەژاند کە  بە دەست و بازووی فیداكاران و نیشتیمان پەروەران (شێروان شێروانی و هاوڕێکانی ) تۆماركراون . 
دوای ئەوەی کە پارتی دەستگیریان دەکات لەنێو دیوارە تەنگ و ژوورە داخراوەكانی زینداندا ئەفسانەی گەورەتر تۆمار دەکەن کە ئەویش بەگژداچوونەوەی جەلاد و قامچی و لێكۆڵەر و دادوەرە ستەمكارەكانە ، خەباتی گیراوانی بادینان لەنێو زیندانەكاندا هی ئەوەیە نەتەوەیەكی لەسەر بینا بكرێت و رزگار بکرێت لە ستەم و نادادی ،هەرچەندە پارتی هەڵمەتێکی پووچ و نەشیاوی میدیایی دوور لە موراڵ و بەهای ڕاگەیاندن دژ بە گیراوانی بادینان خستبووە کارو  مەلەوانی لە گۆمی لیخن و لێڵ دا دەکرد ! 
دواجاریش نە پارتی و نە دەوڵەتی تورکیا و هیچ كەس ناتوانێ‌ لە گەورەیی هەڵوێست و پتەوی بیروباوەڕی ئەو شۆڕشگیرانە کەم بکاتەوە کە خەم و مەینەتی گەلی کوردیان لە کۆڵ ناوەو مەشخەڵی شۆڕش و هەستانەوە بوون ئەگەرچی بە تەنیا دژ بە ستەمکاری بوون وە بە تەنیاش دژ بە گەندەڵی و بەگژ لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیا چونەوە ، داستانی گیراوانی بادینان لە ناو زیندانەکان بەسە بۆ ئەوەی هەتاهەتایە خەڵکی کوردستان شانازیتان پێوە بکەن کە شکستی بە پارتی و سیناریۆکانی حکومەتەکەی مەسرور بەرزانی هێنا . 
لە دڵەوە خۆشحاڵبووم بە ئازادبوونتان و ئیستا ئێوە ئازادبوون لە زیندانەکانی پارتی و لە ژیاندا ماون ، ئەرک و بەرپرسیارەتی ئەخلاقی سەرشانتان ئەوەیە کە یادەوەریی و هەڵوێستەکانتان لە زینداندا بۆ مێژوو بنوسنەوە و دواجاریش یاداشت و یادەوەریی و  رۆژژمێر و سەرگوزشتەکانی ئێوە لە زیندانەکانی پارتیدا دەبێتە بەڵگەو ئەرگۆمێنتی یاسایی کە پێشێلکاری گەورەی مافی مرۆڤی تیدا کراوەو دەشبێتە مێژوویەكی رەش و قێزەون بۆ پارتی و بنەماڵەی بارزانی !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە