نەورۆز لە بیرەوەریی منداڵیمدا

Sunday, 19/03/2023, 19:27

4732 بینراوە


کاتێک لەناوەندی جمهوری دەستم کردبەخوێندن ، فێری یاخیبوون بووم ، یاخیبوون لەهەموو یاساو ڕێسایەک کە ڕژێم و کۆمەڵگا کێشابوویان . یەکەمین ساڵم بوو لەخانۆکانی کارگەی جگەرەوە لەڕزگاری دەڕۆیشتم بۆ نزیکی قەسابخانە بۆ خوێندن ، لەبەردەم باخچەی گەلەوە یان حەسیب ساڵح کە هەمووڕۆژێک بەپاس قوتابیەکانیان دەهێنا لەگەڕەکەکەمانەوە بۆ شارو ئێوارانیش دەیانبردینەوە ، ئەوپاسە پاسی کارگەی جگەرەبوو بەخۆڕایی ئەو خزمەتگوزاریەیان دانابوو بۆ منداڵی کرێکارەکانی کارگەی جگەرە کەباوکم کرێکارێکی ئەو کارگەیەبوو . کەدەگەشتینە ناو شار ئیتر بە گەڕەکی جولەکان و سەرشەقام و کۆڵاتە قوڕەکاندا دەچوینە قوتابخانە کەمان کە جێگەیەک بوو هەمووڕۆژەکانی پڕبوو لەڕووداوی سەیر و قڵیشانەوە و هەواڵی سیاسی و یاخی بوون لەڕژێمێک کە نیشتمانی داگیرکردبوو. یەکەمین دیوارنوسینی کۆمەڵە لەناو حەوشی قوتابخانەکەی ئێمە لەناوەندی جمهوری دەستی پێکرد ، بیرمە کە چۆن هێزە تایبەتەکەی بەعس هاتن سەرەتا وێنەیان گرت دوایش بەپۆیاخی ڕەش سڕیانەوە . ئێستا باسی نەورۆز دەکەم ، نەقڵیاتی بەغداد گواسرابۆوە بۆبەردەم قوتابخانەکەمان ، ئەو ناوە پڕبوو لەفیتەرو ئاسنگەرو نانەواو چایخانەو چێشتخانە ، ڕۆژێکی باران بوو لەگەڵ هاوڕیەکم دەچووین بۆ قوتابخانە ئەوڕۆژە لە فلکەی خانەقاوە تلبووینەوە بەو شەقامەدا دەڕۆشتین ، چەند ڕۆژێکی مابوو بۆ نەورۆز ، لە یەکێک لەبەردەم دوکانەکان ،تایەی ئۆتۆمۆبێلمان دی لەسەریەک دانرابوو، زۆریان گەورەبوو وابزانم هی تراکتۆربوو ، بەگەورەیەکەیدا وادەڵێم . من چووم لەپیاوەکەم پرسی ئەو تایەنە بۆ فڕێ دانە ، پیاوەکە ووتی :بەڵێ بۆ نەورۆزتان دەوێت ؟
بەڵێ کەوایە دەتوانن چەندانەتان دەوێت بیبەن.
ئەوڕۆژە لەخۆشیاندا نەمان دەزانی چی بکەین ؟
بۆ سبەینێ نەچوینەوە قوتابخانەو چوین تایەمان هێنا بۆ نەورۆز، من گەورەترین تایەم پێش خۆمدا، ئێستا کەگوێم لەو مەلا قەشمەرانە دەبێت کەدەڵێن نەورۆز جەژنی کورد نییە ، پێکەنینم بەهزریاندا دێتەوە . چونکە ئەوسا کە ئێمە تایەو نەوت ودارمان کۆدەکردەوە و نەورۆزمان پیرۆز دەکرد، ئەوان یان جاش بوون لەفەوجێک ،یان سەربازی سوپای داگیرکەربوون .
سەرەتا وویستم بەشەقامە سەرەکێکەدا بڕۆم . بەڵام نەدەبوو چونکە بیرم کردەوەو بەردەمی ئەمن و فرقە کەس پیا نەدەڕۆی بەتایبەت بەو تایە گەورەیەوە ، بۆیە لەهاوڕێکەم جیابوومەوە تایەکەی ئەو بچوک بوو ووتی من بەپاس دەڕۆمەوە . ئیتر کۆڵانەو کۆڵان تایەکەم پێشخۆمدا ،ماوەیەک ڕۆشتم زانیم ئەمە بەتەنها نابرێتەوە بۆ خانۆکانی کارگەی جگەرە ، بۆیە لای دیواری کارگەی توتن جێم هێشت لە گەڕەکی چوارباخ نزیک گۆڕستانی گردی شیخ محێدین چوم بەدوای هاوڕێ و برام ڕزگاری شیخ بەکردا کە لە ئاسگەریەک کاری دەکرد لەلای ئاشی گاوران لای وەستا لەتیف و وەستا عەزیز .رزگارووتی: هەتیوشێت بووی، چۆن دەبێت ، بۆمان ناچێتەوە ؟ زۆرم لێکرد و هات لەگەڵمدا ، ئاخر من سەدان کاری وا م کردوە لەژیانمدا چونکە بڕوام پێی بوو بۆ نەورۆز بوو ، نەورۆزی جەژنی گەلەکەم . تایەمان برد تاگەشتینە سەر بەرزایەکەی لای کارگەی سەهۆڵەکە. لەوێدا بازگایەکی پۆلیس هەبوو ، هەمووڕۆژێک چەند تۆپەڵ پۆلیس ڕاهێنانیان دەکرد . تایە کە تلۆربۆوە بۆناو پۆلیسەکان هەریەکەیان بەلایەکدا هەڵدەهاتن . لەناو مەیداکەدا تایەکەکەوت ، ئێمە سەیرمان دەکرد و پێدەکەنین ،ڕزگار ووتی ئیش حیز ئێستا بزانن ئێمەین دەمان گرن . پۆلیسەکان تایەکەیان فڕێ دایە ناو شیوەکە کە لەبەردەم ماڵی پارێزگای سلێمانێوە شیوێک دەهات بەژێر شەقامەکەدا ، ئێستا ئەو شوێنە هەمووی دوکان و بازاڕە . ڕزگار گەڕایەوە منیش لەداخدا نەم دەزانی چی بکەم ،عەسرەکەی من و حەمە  و ڕزگارو واحید چوین بۆتایەکە لەشیوەکە دەرمانهێنا و بردمانەوە  بۆگەڕەک ،تاریک بوو گەیشتمەماڵەوە ، بۆنی پیسایم لێدەهات هەمووگیانم ڕەش و قوڕاوی بوو ، بەکورتی چینێک لێدانی باشم خواردو ، دوایش لەسەر سینێکە دەستم کردە نان خواردن .
 باوکم هەمیشە دەیووت ، من ئەم شێتەم بۆیە خۆش دەوێت لەنان ناتۆرێت ، ئاخر بەقەدەر گاجوتێک برسیم بوو .
 ئەمەش تایەی نەورۆزو یادگاری ئەوکاتانە سەردەمێک بوو لەهەمووشتێک یاخی بووم  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە