پاش قاسمی سلێمانی، شەمخانی دبلۆماسییەتی (لەشکری) لە ئەستۆ دەگرێت!

Monday, 20/03/2023, 22:02

3236 بینراوە


هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی (ژینا)وە بەردەوام و بەر لە شۆڕشی ژیناش بە حەوت مانگ، لە وتارەکانمدا چ لە فەیسبووکدا و چ لە کوردستانپۆستدا، باسم لە پلانەکانی دژی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکە کردوە و بەربەستەکانم دیاری کردوون، لایەنە خۆماڵی و دەرەکییەکانم دەستنیشان کردووە، هەنگاوە خێراکانم باسکردوون کە نابێت دوا بخرێن، ڕووی دووانم لەگەلی خۆمە بووە، نەک دەستە و تاقم و سەرکردەیەتی کلاسیک و بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای خێڵ- حیزبەکانی دەڤەری باشوور و ڕۆژهەڵات.
خۆشبینییەکی ساویلکانە لەناو سەرکردەیەتی حیزبەکلاسییکییەکانی ڕۆژهەڵاتدا باڵی فڕینی پێبەخشین کە لە دنیای خەیاڵدا بکەونە گەشتکردن و چەپکە گوڵی باشوور(فیدراڵییەت!!) لە ئامێزبگرن و وەک سواڵکەرێک کە ئارەزووی ژەمێک خۆراک دەکات، لە دەرگای هەموو عەقڵە فاشییەکانی نەتەوەی سەردەستیان دا و هەر میکرۆفۆنێک کە لەبەر (دەمیان)دا ڕادەگیرا، یەکە و دوو ئەم چیرۆکە قێزوونەی باشووریان بە ستایلی ئێرانی دەدا بە گوێی دنیادا و فریشتە بوونی خۆیان بۆ دنیا سەدبارەدەکردەوە، کە ئەوان:
1. نە جوداییخوازن و نە غەیرە ئێرانی.
2. ئەوان ئێرانییەکی سەربەرزن و سەربەرزێکی ئێرانین.
3. خەیاڵ پاش چلوپێنج ساڵ خەبات و بەکوشتدانی ڕۆڵەکانی کورد و تاقی کردنەوەی تیۆریگەلی چەپ و ڕاست و تەسلیمکردنی سپای ڕزگاری ڕۆژهەڵات بە کابرایەکی فارس، کە ئێرانییەک بوو و هێمایەک بوو بۆ (یەک میللەت و یەک وڵات و یەک ئاڵا)، ساڵی  ٢٠٢٣لە وێستگەی شەمەندەفەرەشڕەکەی کوڕی دکتاتۆری پەهلەویدا، گیرساندنییەوە و وەک ڕێبوارێکی نامۆ کە بەزۆر خۆی بە داوێنی، خێڵێک و عەشیرەتێک و دەستەیەک و تاقمێک و تایەفەیەکدا هەڵدەواسێ، دەستیان کرد بە گرتنی سیمینار و کۆڕ و کۆبوونەوە بۆ جاڕدانی بەیعەت و وەفا بۆ فکر و خواستی فاشیزمی نەتەوەی سەردەست. 
ڕژێمێک کە دامەزرێنەرەکەی ئامۆژگاریی شوێنکەوتووەکانی دەکات و دەڵێت: "حفـظ نظام اوجب واجبات است"، دەتوانێ هەر چرکەیەک با بداتەوە و هەموو بنەما ئیسلامی و غەیرە ئیسلامی و مرۆیی و نامرۆییەکان بخاتە ژێر پێ و دەست لەگەڵ شەیتانی بچووک و گەورە تێکەڵ بکات و هەموو دنیاش هەر ئەم کارە دەکەن و لە ڕووداوەکانی بە تیرۆرناساندنی سپای پاسداراندا، بینیمان چۆن بریقەی بەرمیلی نەوت لیکاوی لە لالغاوی کۆمپانیاکان دەخست و هیچ یەک لە سیاسییە دیمۆکراتەکانی شارستانەتی خۆرئاوا نەیانتوانی بڕیارێکی بنجبڕ بدەن و ئامۆژگارییەکانیان بۆ ڕزگارکردنی ڕژێمی کۆماری ئاخوندەکان، لە جاران زیاتر گەرم بوون و گەیاندیانە ئەوەی کە ڕێکەوتنی سعوودییەی لێکەوتەوە کە لە درێژخایاندا، ڕێکەوتنە لەگەڵ ئیسرائیل و هەموو دەوڵەتانی عەرەبی، ئەوەتا پاش ڕێکەوتنی سعوودییەیە، کە دکتاتۆرەکەی سووریا دەستی بە جەولان کردۆتەوە و هەر ڕۆژەی لە پایتەختێکە، دوێنی لە مۆسکۆ و ئەمڕۆ لە ئیمارات و سبەی لە ئەنقەرە.
لە عێراقیش کە ناوەندێکی گرنگ و ژیانبەخشی ئێرانە، پاش بیست ساڵ لە بەناو ڕزگاربوونی لە ڕژێمی سەددام، باسوخواس گەرمە لە سەر ئایندەی دەستوور و چارەنووسی هەرێم و قایمکردنی سنوورەکان لەگەڵ ئیران و تورکیا، وەک پلەدارە سەربازییەکانی عێراق دەڵێن: سنوورەکانی سووریایان قایم کردووە، واتە گەمارۆی (ڕۆژئاوای کوردستانیان) داوە، تەنیا سنوورەکانی هەرێم ماوە لەگەڵ ئێران و تورکیادا.
سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم!! مەسروور مستەفا محەمەد، لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئێران، شەمخانی، کۆبۆتەوە بۆ وەرگرتنی ڕۆڵی هێزی(ناوەندە سیخوڕییەکانی حیزبەکانی باشووری کوردستان) لە پاراستنی سنوورەکان لەگەڵ ئیراندا، واتە چونێتی گەمارۆدانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستانیی ڕۆژهەڵات و لێکەوتە کوردستانییەکانی شۆڕشی ژیناگیان.
لەو چەند مانگەی کە ئەو بەشە لە نەتەوەکە لە ڕۆژهەڵاتی داگیرکراودا، ئەوەی ئەزیز بوو لەلای پێشکەشی کرد و خوێن و ئارەق و هەناسەی تێکەڵ کرد و بەچنگ و نینۆک و هاوار دامودەزگاکانی ڕژێمی ئاخوندی لەرزاند، چوونکە لە سەر نیشتمانی داگیرکراوی ئەو بنیاتنراون، بەڕێوەبەرانی (خۆش قیافە و شیک و پۆشتە و پەرداغ)ی کۆمپانیای حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، لەم پایتەختەوە بۆ ئەو پایتەخت، لەم کۆبوونەوەوە بۆ ئەو کەناڵی تەلەڤزیۆنی لەم میکرۆفۆنەوە بۆ ئەو میکرۆفۆن، سەرگەرمی سەلماندنی ئەوە بوون کە ئەوان ئێرانییەکی بێ ڕکابەرن و لەکەس قبووڵ ناکەن کە لەوان ئێرانی تر بێت!! لە پاشاندا وەڵامەکەیان لە سیناتۆڕێکی ئەمێرکایی وەرگرتەوە، کە پێی وتن: دەشێ سەرەک کۆماری ئایندەی ئێران ژنێک بێت، واتە باجی مریەم ڕەجەوی.
لەم لاشەوە، ئەکادیمیستە کوردەکان، کە بێگوومان زۆرینەیان دڵسۆزانی بێ چەند و چۆنی دۆزی نەتەوەکەی خۆیانن، لە بنکۆڵکردنی هەموو تێۆریەکانی ئەوروپایدا، قۆڵی ماندوو نەبوونیان هەڵماڵی و شەن وکەوی هەموو داهێنراوە هزرییەکانی خۆرئاوایان کرد، زۆر ڕاستیان دۆزییەوە و بە زۆر سەرئەنجام گەیشتن و دەرهاویشتەی کوردستانی زۆریان خستە بەردەم بزووتنەوەکە، بەڵام ئێمە دەزانین تیۆریی تا هێزێکی سەربازی، ئابووری و میدیایی گەورەی لە پشتەوە نەبێ لەناو کتێب و فایل و دۆسییەکاندا، دەمێنێتەوە، یەکێک لە نەهامەتییەکانی سەربووردەی تیۆری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، نەبوونی ئەو تیۆریانەیە بە بیکردنەوەیەکی هەمەگیر( Public Opinion )، چوونکە بەرهەڵستییەکە هێندە توند و پەلاماردانە حکومەتییەکەی نەتەوەی سەردەست هێندە فاشیانە و نا مرۆیانەیە، کە بوار بۆ بیرکردنەوە ناهێڵێتەوە، وەک بیرمەندی گەورەی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد دەڵێت ئەمڕۆ: 
" ڕۆژی خۆ بەردەوام کردنە..بەسەر پێیانەوە ڕاوەستانە..دەرهێنانی گوللەی بەینی پێست و ئێسکە...هەڵبەستنەوەی شکستە...بەرگەگرتنی هێرشی دوژمنە...ڕۆژی ئەو شتانە و ئەو چالاکییانەیە کە لە خۆیان تاڵتر چنگ ناکەوێت...".*
ساڵی ١٩٨٩ تۆماس هەمار بێری، کە نوێنەرایەتی کۆمیتەیەکی دەکرد پێکهاتبوون لە هەشت پارتی سوێدی و سەندیکاکانی سوید بۆ مافی کورد، لە کۆبوونەوەیەکیدا لە ستۆکهۆڵم ڕوو لە کوردەکان دەکات و دەڵێت: سەبارەت بە ستراتیژ ئەم ڕێکخراوە کوردیانە لەیەک دوورن، یەکگرتوو نین، ئەم لەیەک دوور بوونەش مرۆڤ دەترسێنێت، بەتایبەتی کاتێک کە باسی مافی مرۆڤ دێتە پێشەوە ئەم پەرش و بڵاوییە مرۆڤ دەترسێنێت....لێرەدا دەبێت گفتوگۆکردن دوولایەنی بێت، مافی مرۆڤایەتی و مافی چارەنووس....کاتێک دێنە سەر باسکردنی ئەم مەسەلەیە دەبینین کە کەمووکوڕی زۆرن، زانیاری کەمن، زانیارییەکان بەدەستی دووەم پێمان دەگات، ئەو زانیاریانەی کە گەیشتوونەتە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشی ئەوە ناکەن کە گفتوگۆی تایبەتیان لەسەر بکرێتەوە. بۆ مەسەلەی مافی مرۆڤ سێ لایەنی گرنگ هەیە: ١- حاڵەتەکە و تۆمارکردنی. ٢- میکانیزمی نێونەتەوەیی و بەکارهێنانیان.
 ٣- بەکارهێنانی ئەنجامی میکانیزمە نێونەتەوەییەکان.
 کاتێک کە ئێمە باسی مافی مرۆڤایەتی کورد دەکەین ئەم سێ خاڵە لاوازن، کەمن، دەبێت خەبات بکەین، دەبێت کار بکەین بۆ ناردنی وەفد بەبەردەوامی.... بۆ ئەوەی بتوانین کێشەی کورد بخەینە ناو بەرنامەی کاری ڕێکخراوە باڵاکان، دەبێت ستراتیژییەکی کاریگەر ئامادە بکرێت و بێگومان لەم بارەیەوە کاری هەرە گەورە دەکەوێتە ئەستۆی ئەو ڕێکخراوانەی سەر بە حکومەتەکان نین.". **
کاتێک کە ئیستا ئێمە ، دوای ٣٤ ساڵ بۆ وێنە گەورەکەی کاری دەستە و تاقمەکان دەڕوانین، خراپتر بوون و زیاتر بوون و پەرتەوازییەکەیان زۆرتر بووە و نەتەوەکەیان زیاتر لێکدابڕاندووە، یەک خاڵیش لەو خاڵانەی ئەو دڵسۆزە سویدییە ئاماژەی پێداوە، پێشکەوتن و باشتر بوونی بە خۆیەوە نەدییوە. ئەمە و زۆر بەڵگەی تر، پێمان دەڵێت و کارەکە لە حیزبی کۆمپانییایی وەردەگرێتەوە و دەیخاتە ئەستۆی بەتایبەت ئەکادیمیستە کوردەکان، کە بە دڵنییاییەوە ژمارەیان بەو ئەندازەیە لە وڵاتانی خۆرئاوادا هەن کە چەند ئەرک دەبێ جێبەجێ بکەن: 
1- کۆکردنەوەی خۆیان لە دەزگایەکی ئەکادیمی کوردستانیدا.
2- کۆکردنەوەی زانیاری فراوان لەسەر دۆزی کورد و ناردنی بۆ ناوەندە جیهانییەکان.
3- دەستبەرداربوونیان لە داوێنی حیزبەکان و سەپەرشتی کردنی بیرکردنەوە کوردستانییەکە.
4- بە هۆ و بێ هۆ ڕەخساندنی هەل و مەرج بۆ بینینی کاربەدەستانی بڕیاردەر لە ناوەندە جیهانییەکاندا.
5-ناساندن و پێناسەکردنی داخوازییەکانی نەتەوەکە لە گەڵالەیەکی کوردستانیی ماقوڵدا.
ئێمە لە شۆڕشی ژینادا، ڕۆڵی لاوازی حیزبەکان و ڕۆڵی گرنگ و بەهێزی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتمان بینی، کە ئاگادارکردنەوەیەکی گرینگیش بوو بۆ حیزبەکان و بۆ ئێلیتی ڕۆشنفکریی کوردستان، ئەوەندەی راپەڕینە زمانییەکەی (زارا) ڕۆڵی گێڕا لە هەژاندنی کۆمەڵگای کوردستاندا، هیچ سیمینار و کۆبوونەوەیەکی ڕۆشنبیریی دەرەوەی نێشتمان، ئەو ڕۆڵەیان نەبینیووە.
کورد کە ئێستا خاوەنی هزر و گوتاری ( ژن، ژیان، ئازادی) ییە، بارو حاڵەتەکەی لە هەموو کاتێک زیدەتر گونجاوە بۆ گەشەپیدانی و فراونکردنی و لێکۆڵینەوەی لەلایەن ئەکادیمیستەکانی کوردەوە.
ئەمە: دروشم نییە، هزرە، ڕێبازە، بیرە، جیهان بینی و مرۆڤ بینییە، کە هیچی کەمتر نییە لە سەراپای فەلسەفە ئینسانی و داواکارییە مرۆڤایەتییەکان لە پلەیەکی هەرە هەرە بەرزدا، خۆی بۆتە قۆناغێک کە مرۆڤایەتی گواستۆتەوە بۆ لێتێگەیشتنیکی نوێ، کە دەبێت کورد بەتایبەت ئێلیتی ڕۆشنبیری کوردستانی خۆی لەم هزرە بکاتە خاوەن و ڕێگە نەدات سەرکردەیەتی حیزبی کلاسیکی، لە بیرکردنەوە و جیهانبینییە گەردوونییەکەیەوە، دایبەزێنن بۆ دروشمێکی سیاسی بێ گیان و بەتاڵکردنەوەی کاریگەرییەکەی لە پێشخستنی دۆزیی نەتەوایەتی کورددا، چوونکە ئەم هزرە باڵایە، دام و دەزگای هەموو حیزب و حکومات و فەرمانڕانییە کوردی و بیانییەکانی لەرزاند، بوومەلەرزەیەکی جیهانی گشتگیر بوو کە بازاڕی سەرمایە و بەڕێوەبردنە جیهانییەکەشی ترساندوە.
چەند ڕاستی بنەمایی و جێگیر لە بزووتنەوەی نەتەوەکەی مندا جێگیرە و ڕەگی بە قوڵایی بیرکردنەوە مرۆییەکەدا ڕۆچووە، دژایەتی ئەم بنەمایانە، سەری خۆ دانە لەبەردە هەزاران ساڵەییەکانی قەندیل و لەگەڵ بوونیشیدا، گەشانەوەی ڕۆح و سۆزی مرۆیی و هێنانی دادپەروەرییە بۆ مرۆڤایەتی بە گشتی:
ئەلیف – ئازادیی لای کورد نە کاڵایە بۆ سەودا و نە کاتە، دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەینێی، هەبێت، ڕووبارێکە تێکەڵ بەهەموو زەریاکانی بیر و باوەڕ و تێگەیشتنە جوداکان دەبێت و ڕوونیان دەکاتەوە، دەیانکاتە کانییاوێکی زوڵای بەر تریفەی مانگە شەو.
بێ- نیشتمانی کورد ناوەندی گۆڕانکارییەکانی جیهانە لە داهاتووی مرۆڤایەتیدا.
پێ- نەتەوەکەی من، نەوت و سەرچاوە سروشتتیەکان نییە، بەڵکو سەرچاوەیەکی سروشتی هزرێکی مرۆڤبوونە. لە نێوان زەویی و ئاسمانەکاندا، خاڵێکی گرنگی گەردوونە، کە ڕۆژگارێک دێت، لێرەوە مرۆڤایەتی دەست پێدەکاتەوە، چوونکە مرۆڤ بوون، پێشکەوتنی تەکنیک نییە، بەڵکو گەشانەوەی مرۆڤ بوون و خۆشەویستییە.
تێ- ئەو توانا فراوانە لە ناو نەتەوەکەی مندا هەیە کە ئازارە مرۆییەکان بەرجەستە بکات و هەست بکات، چون ئەو قاڵبووی ئازارێکی بە سوێیە بە دەستی هاو ڕەگەزەکانی خۆی، بەڵام ئەم نەتەوەیە ئەو توانایەشی هەیە کە لێکدانەوەیەکی تر بۆ ئازارەکان بکات، کە هەڵیدەگێڕێتەوە بۆ خۆشەویستی ئەوی تر وەک مرۆڤ. ئەمەش یەکێکە لە سەرچاوە سروشتییەکانی کە لە ڕێڕەوی باوەڕێکی دێرینەوە سەرچاوە دەگرێت.
خەباتی ئەو خەباتێکی مرۆیانەی زۆر فراوان و بەردەوامە، واتە کوشتنی مەحاڵ و سڕینەوەی مەحاڵترە، تۆوی سەرهەڵدانەوەی وەک عەشقێکی ئەبەدییە، لە هەموو دیمەنێکدا وێنەی مرۆڤێکی ئازاد و جەنگاوەرێکی ئازادیخواز دەنەخشێنێ، ئەوان سەربوردەی مرۆڤگەلێکن بە ئازادی مرۆڤیان خۆشدەوێت و بەرگریی لە ئازادبوون دەکەن، سیمبۆلی ژنگەل و پیاوگەلێکەن کە پەنجەکانیان لە گەڵ تیشکی خۆری  ئازادیدا تێکەڵە و گوڵی ڕووناکی مرۆڤایەتی دەگرن، ئەوان مرۆگەلێکی سەرسپردەی داستانی ئازادیی مرۆڤن.... . 
سەرنجەکان/
*مەسعوود محەمەد، پەرژینی بێدەنگی ل ٧١و٧٢ لە بڵاوکراوەکانی کۆمەڵەی فەرهەنگی سوێد-کوردستان.
**تۆماس هاماربێری، بەربانگ، ژمارە ٦١ ساڵی ٨، نۆڤەمبەری ١٩٨٩. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە