ئیسلامی سیاسی لە پەرەسەندندایە

Sunday, 26/03/2023, 20:55

7191 بینراوە


رێكخراوە تیرۆریستی و توندڕۆییەكان لە زیادبوون و پەرەسەندندان، هەموو ئەوانەش دواجار پشتی ئینسانیان بە گشتیی شكاندووە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی خەریكە كۆمەڵگەی عەرەبی ئیسلامی لە ڕەوڕەوەی شارستانێتیی دونیا دادەبڕێت تا ئاستی ئەوەی ناتوانێت بەردێك بخاتە سەر دیواری ئەو شارستانێتییە نوێیە، بۆ نەگبەتی، ئێمەی كوردیش كەوتووینەتە ناو ئەو كۆمەڵگە عەرەبییە فراوانەوە، ئەگەرچی خاك و نەتەوە و زمان و هەموو شتیشمان جیاوازن، تەنیا ئایین نەبێت كە ئەویش دەكرێت خوێندنەوەی دیكەی بۆ بكرێت!
لە رەخنە و سەرنج و ئامۆژگارییەكانت ناترسم، هەڵبەت بەوپەڕی دڵفراوانیشەوە گوێت بۆ دەگرم، تەنانەت جنێویش بدەیت، هێشتا وەڵامی توندت نادەمەوە، لەبەر ئەوەی زۆرباش دەزانم، ئێستا كە ئەم وتارە دەخوێندرێتەوە، بەشێك لە خوێنەرەكان، بەهەڵە شیكردنەوەی بۆ دەكەن و پێیانوایە سووكایەتی بە ئایین و باوەڕ و نەریتەكانیان كراوە، بەڵام پێویستە ئێمە لەناو ئەو ژینگەیەی كە فیتنەگەری ئایینی و مەزهەبی و ترادیسیۆنە توندڕۆكانی تەنگیان بە مرۆڤ و كۆمەڵگەكان هەڵچنیوە، نەختێك جیاوازتر بیر بكەینەوە و هەڵوەستەیەك بكەین و بڵێین زیندووكردنەوە یان بایەخپێدانی زیاد لە پێویست بە ترادیسیۆنە ئایینییەكان چەندە مەترسیدارن، ئاخر ئەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی رەوتێكی دیكە و دەروازەیەكی نوێ بۆ فراوانتربوونی مەراسیمە ئاینییەكان لە ساڵانی داهاتوو، كە دواجار بە سوودی پەتای ئیسلامیی سیاسی دەكەوێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو گرووپە توندڕۆ ئیسلامییانە، لە پەنای حزبی ئیسلامی و كۆمەڵە و بزاوتە ئیسلامییەكان بە ئاشكرا و نهێنی كار دەكەن و هەموو هەوڵێك دەدەن تا مەراسیمە ئایینییەكان فراوانتر و گەشەسەندووتر بن، بە مەرامی ئەوەی وەك ماددەیەكی خاو بەرهەمهێنانی مەبەستداری تێدا بكەن.
ئەوەی من لێی دەترسم، زاڵبوونی ئەجێندای ئیسلامی سیاسییە لە كۆمەڵگەدا، نەك موسڵمانێتی كوردەوارییانە كە بێ ئەوەی بچنە ناو گەمە سیاسییەكانەوە دینداری خۆیان دەكەن و تێكەڵ بە گەمە و گرووپە توندڕۆكان نابن، ئەم جۆرەیان هیچ كێشەیەكیان بۆ كۆمەڵگە نییە و مومارەسەری مافی ئایینداری خۆیان دەكەن، بەڵام ئیسلامیی سیاسی دەیەوێت ئەو فۆڕمە لە دیندارییە كوردەوارییە بگۆڕێت بەوەی خۆیان دەیانەوێت.
ئینجا گرنگە بە نەرمی و دوور لە دەمارگیری قسە لەسەر ئیسلامیی سیاسی بكەین و خەون و ئامانجەكانیان لە كۆمەڵگەدا روون بكەینەوە، ئەگەرچی ئەوە پێویستی بە نووسینی كتێب و لێكۆڵینەوەی فراوانیش هەیە. ئیسلامیی سیاسی، كە ئێمە لێرەدا مەبەستمان بەشە كوردییەكەیە، گرووپێكن سوود لە ئایین و ترادیسیۆنە ئیسلامییەكان وەردەگرن و پاشكۆی فیكری ئیسلامیی سیاسیی عەرەبین، لە براندە ئیخوانییەكە، لەناو ئەویشدا توندڕۆكەیان، كە هێشتا دەرفەتی مومارەسەكردنی دەسەڵاتیان نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنی رووداوی خێڵی حەمە و 1ی شوباتن لە هەولێر و سەدان كردەی دیكەی تەقینەوە و خۆكوژی و ناردنی گەنجان بۆ ناو داعش.
بەڵێ‌، ئەو گرووپە ئیسلامییانە جۆرێك دینداریان دەوێت كە خۆیان دەیانەوێت و بۆ ئەمەش لە رێگەی دەیان و سەدان كەناڵی جیاوازەوە هەوڵ دەدەن دەستبگرن بەسەر كۆی كایەكانی كۆمەڵگەدا، كاتێكیش دەستدەگرن بەسەر كایە كولتووری و ئایینی و سیاسی و دەوڵەتدارییەكان، ئەوكات هەموو را و ئەجێندایەكی جیاوازیش رەتدەكەنەوە، تەنیا ئەوە بە باش دەزانن لە بارەگای حزب و رێكخراوە توندڕۆكانیان دەردەچێت و بەسەر كۆمەڵگەدا دەگشتێندرێن، لەكاتێكدا دونیا بە ئاڕاستەی بایەخدانی زیاتر بە سێكۆلاریزم و دیموكراسی و مافی مرۆڤ و ئازادییەكان هەنگاوی جیدیتر دەنێت و كاری زۆرتریشی بۆ دەكەن، بە پێچەوانەوە گرووپە ئیسلامییەكان دەیانەوێت تەنیا خۆیان باڵادەست بن و شەق لە هەرچی ئەو چەمكانەی سەرەوە هەن، هەڵدەدەن، ئاخر نایانەوێت كۆمەڵگە كولتووری دیموكراسی و ئازادییەكان قبووڵ بكات، ترسیان ئەوەیە، دیموكراسی و سێكۆلاریزم فەشەلیان پێ بهێنێت، بەوپێیەی دیموكراسییەت ماف و ئازادی و یاسا و رێزگرتن لە مرۆڤی تێدایە، كە لای ئیسلامیی سیاسی نییە، كەوایە ناچارن ترسیان لە ئازادی و ماف و یاسا دونیاییەكان هەبێت، بەوپییەی دەیانەوێت تەنیا خۆیان سەروەری مرۆڤایەتی بن، بۆ ئەمەش شەرعییەتی ئیسلامی بەكاردەهێنن و لە پەنای ئیسلامەوە دەیان و سەدان كاری نابەجێ دەكەن كە سەرئەنجام ئایینیشی پێ ناشیرین دەكەن.
لە نموونەی ئەو هەموو كردە تیرۆریستییەی لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامی و جیهاندا دەیكەن، ئەمەش راستەوخۆ تاكی موسڵمانی پێ تۆمەتبار دەكرێت، ئاخر كاتێك كە شووناسی ئەوانەی كردە تیرۆریستییەكان ئەنجام دەدەن، دەردەكەوێت كە سەر بە گرووپە ئیسلامییەكانن، تۆ پێتخۆش بێت یان ناخۆش، فۆكەسی جیهانی دەكەوێتە سەر ئەوەی موسڵمانان كاری تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، ئێ خۆ ئەوە راستە گرووپە ئیسلامییەكان بەشی هەرە زۆری كردە تیرۆریستییەكان ئەنجام دەدەن، ئێ بۆچی پێتناخۆشە! كەوایە پەتای ئیسلامیی سیاسی بۆ سەر ناوبانگ و ئاستی سەقامگیریی هەر كۆمەڵگەیەك زۆر مەترسیدارە، ئەو پەتای ئیسلامیی سیاسییەش، رێك وەبەرهێنان لە باوەڕ و تێگەیشتنی خەڵكانی سادە دەكات، ئەوانەی بە ئاسانی دەتواندرێت بەكاربهێندرێن بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئیسلامیی سیاسی، پڕۆژەیەك دەیەوێت هەموو شت هەڵوەشێنێتەوە تەنیا خۆیان و ئەجێنداكانی خۆیان باڵادەست بكەن.
زیندووكردنەوە یان بایەخدانی زیاد لە پێویست بە هەر مەراسیم و بۆنەیەكی ئایینی، چەندە بۆ موسڵمانان سوودی هەیە، رێك بەو ئاستە و بگرە زیاتریش زیانی بۆیان هەیە، ئاخر وەك ئاماژەمان بۆی كرد، ئیسلامیی سیاسی گرووپگەلن و بەسەر هەموو كایەكاندا دابەشبوونە، بەو ئامانجەی دەستبگرن بەسەر كۆمەڵگەدا، دیسان ناڵێم مەترسیدارن، تەنیا دەڵێم ئەزموونی ئەفغانسان رەنگە بەس بێت، كاتێك بزووتنەوەی تاڵیبان لە ساڵانی 1996 تا 2001 لەو وڵاتەدا دەسەڵاتیان گرتە دەست و هەرچی كردەی خراپ هەبوو بەسەر ئەو وڵاتەیان جێبەجێكرد و تا ئەم چركەساتەش ئەو وڵاتە سەقامگیریی بەخۆیەوە نەدیوە، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە ئازادی و مافی ئافرەتانەوە هەبوو، خستیانە ژێر چەپۆكی خۆیان و تا ئێستاش وڵاتەكە دوای ئەو هەموو ساڵە خوێنی لێ دەچۆڕێت و برینەكانی بەمزووانەش ساڕێژ نابن.
نموونەی ئەفغانستان ئەگەرچی یەك نموونەیە، بەڵام نموونەیەكی زیندووە و لە هەناوی ئەو نموونەیەشدا دەیان و سەدان نموونەی دیكە هەن، كە خودی بزووتنەوەی تاڵیبانیش خۆی لەدایكبووی پڕۆژەی توندڕۆیی ئیسلامیی سیاسییە، پڕۆژەیەك سەرەتاكانی لە شێوەی رێكخراوی سیاسی، لە 1928 لە رێگەی ئیخوان موسلمینەوە سەریهەڵدا و ئیخوانیش لەگەڵ مێژووی خۆیدا ماڵی هەزاران كەسی كاول كرد و بووە هۆی سەرهەڵدانی دەیان رێكخراوی توندڕۆی ئیسلامی لە نموونەی بزووتنەوەی تاڵیبان و داعش، ئەو پڕۆژەیە ئەگەرچی دژایەتی دەكرێت و هەڵوەستەی لەسەر كراوە، بەڵام نەوەستاوە و كار دەكات رەگی زیاتر داكوتێت بۆ ئەوەی رووبەری پرۆژەی بە ئیسلامی سیاسیكردنی كۆمەڵگەكان زیاتر بكات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە