کرێ
Sunday, 26/03/2023, 22:29
6294 بینراوە
ئەم خانوە کارتۆنییەی، کە بە "قەوارەی هەرێم"!! ناو ئەبرێ ، هەر لە رۆژی دروست بوونیەوە ئەزانرا ڕۆژێک کۆتایی پێ ئەهێنرێ، ئەگەر و نەگەری نییە بەڵکو "کەی و چۆن"ی هەیە. چونکە ئەم خانوە کە دیوارەکانی بە ئاڵای کوردستان و داڵی حیزب و چەند دروشمێکی سواوی ژەنگگرتوو ڕازێنراەوتەوە، بەڵام بناغەی خانوەکە خەڵکانی تر دروستیان کردوە. لایەکی بناغەکە چیمەنتۆی تورکیە، لاکەی تری ئێرانی، لەولاشەوە چیمەنتۆیەکی تێکەڵاوی هاوپەیمانەکانمانە! كە بەشی خۆیان تیا گل داوەتەوە ، لە خواریشەوە گەرچی دیوارەکە کراوەیە بەڵام ڕۆژ نیە لەگەڵیدا قەوارەکە توشی هەڵا و بگرە نەبێ، کە ئەویش بەغایە ...
ئەم خانوە کە نەوتێکی زۆری تیایە خاوەنەکانی بەردی بناغەیان داناوە، ئاگایان لە هەموو شتێکە و نەک بە بەرمیل بە لیتر و گاڵۆنیش چەندی لێ لرف ئەدرێ و خەشنۆش دەکرێ ئاگادارن، لەگەڵ ئەوەشا بێ دەنگن.
ئەوان ئەو ئامانجە سیاسەی لە بوونی قەوارەکە دەستیان ئەکەوێ تا ئێستا لەوە زیاترە کە لە خۆیانی تێک بدەن ، بەڵام ئەمە تا سەر نییە ، چونکە هەروەکو چۆن ئەمریکا و هاوئەمریکییەکان سوور بوون لەسەر لابردنی"سەددام" جا نەک چەکی تۆتۆمی چەرەس و گوێزیشی هەبوایە هەر ئەبوایە لێی بدەن، ئەمڕۆش ئەوان پێویستیان بە پێگە "جوگرافی"یەکەی قەوارەکەیە ، کێ حاکمە و جۆن حوکم ئەکات و چۆن ئەدزێ گرنگ نییە ، گرنگ ئەوەیە وەک ناوچە چەند لە خزمەتی ستراتیجیەتی ئەمریکا و هاوەکانێتی.
تورکیا لایەکی خانوەکەی دەستبەسەردا گرتووە و نەک کرێ نادا بەڵکو خودی قەوارەکە بوە بە دەغیلەیەکی گەورەی جەژنانە ئاسا بۆی. سوریا کە خۆی خواخوایەتی زوو زوو پیا نەکێشن کەچی ئەنجا حسابی تیپێکی دوو گۆڵی گەڕەک بۆ قەوارەکە ناکات، بەغداش لە ڕووی دەستوورییەوە قەوارەکەی گوشیوە هەر لە هەولێرەوە ملێک سەری دەرهێنا بەغدا بە دادگای فیدڕاڵی و پرینستپەکانی فیدڕاڵییەوە وایان پیا ئەکێشێ سەد جار پوزش هێنانەوە و خۆ بە عێڕاقی زان دادی قەوارەکە نادات..لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە ئەو خەڵکەی لەهەرێم دەژین " قەرەج"یش بونایە هەر هەمان حسابیان بۆ دەکرا، چونکە ئەوان پێویستیان بە خاک و پێگە جوگرافییەکەیەتی ئیتر تۆ بەکام زمان بۆڵە بۆڵ دەکەی وەک میسرییەکان ئەڵێن: " ما یحسبوش".
دەسەڵاتی هەرێم لە خانوە کارتۆنییەکەی قەوارەکەیدا لەسە بەڕەیەک دانیشتوە، کە بەڕەی هاوپەیمانەکانە ، کەی ئەو دۆستە زۆر دێرینانەی کورد، ئیشیان بە قەوارەکە تەواو بوو ڕایدەکێشن و بە هەوای ڕاکێشانەکە دیوارە ڕەنگاوڕەنگەکانیش دەڕوخێن و چیرۆکەکەش بەیەک شێوە کۆتایی دێت، کە لای خەڵک سەیر نابێ، چونکە خەڵک بە ئاشبەتاڵ وەک کۆتایی حکایەت ئاشنان، ڕەنگە قسەکردن لەسەر ئاڵتەرناتیڤی قەوارەکە باسێک بێ، کە لە مەبەستەکانی ئەم نووسینە نەبێ ، ئیتر هاوار هاواری " دەستکەوتی خوێنی شەهیدان" و ئەنفال و ..و...و...ئەچێتە خانەی ئەوەی کە بڵێیت "بۆ حەلاوی باس بکە"..
هەر بێ خانویەک بە موەقەت خانوی وەرگرت ئەبێ بزانێ ڕۆژێک پێی دەووترێ فەرموو بۆ دەرەوە...
پرسیارەکە ئەوەیە، کە دوای داڕمانی خانوەکە ، چادر بۆ دانیشتوانەکەی هەڵ ئەدرێ یان بە کەلاوەیی ئەخرێتەوە سەر بەغدا ؟ یان بە جۆر و نرخێکی تر ئەدرێ بە کرێ...!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست