شوکریە رەسوڵ و تەهای برای، مەنجەڵ و سەرقاپی دەسەڵاتی دزەکانن

Sunday, 26/03/2023, 23:57

4292 بینراوە


هەر کەسە و بە پێی کار و پیشەی خۆی، گوزارشت لە ژیان و سیاسەت و کێشەی جیهان دەکات. لەبەر ئەوەی شوکرییە ڕەسوڵ، کە لە پەندی پێشیناندا دکتۆرای وەرگرتووە، ئەم دکتۆرایەشی لەسەردەمی بەعسدا لە سۆڤیەت وەرگرت، دوایی پارتیش ساڵی ٢٠٠٢ لە هەولێر کردیان بە پڕۆفیسۆرو موچەی بەعسییبونەکەی کە لە سەفارەتی عێراق لە سۆڤیەت وەریدەگرت،پارتیی گواستییەوە بۆ لای خۆی، بۆیە لە دوای کۆبوونەوەیەک، کاتێک نێچیرڤان بارزانی وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانانی دەدایەوە، شوکرییە ڕەسوڵ هەستایە سەر پێ و بە شان و باڵی نێچیرڤان بارزانیدا هەڵی دا، پێی وت: تۆ هەوێنی حەوت مەنجەڵ شیریت.
بەو پیاهەڵدانەی خاتو پڕۆفیسۆر، زمانەکەشی بە پەند و بە پەنگ کرد، چونکە شیر هەوێنی نییە، بەڵکو ماست هەوێنی هەیە، ئەوەی کە دەتەوێت دروستی بکەین، وشەی هەوێنەکە دەبێتە پێشگری ناوەکە، نەک بوونی شتەکە کەبوونی هەیە، ئەویش شیرەکەیە، هەوێن دەکرێتە شیری شلەتێنەوە و دەبێتە ماست، بۆیە دەبوو بیوتایە هەوێنی ماست، نەک هەوێنی شیر. وەکو نمونە: تۆ ناڵێیت هەوێنی هەویر، بەڵکو دەڵێیت هەوێنی نان. (ئارد و ئاو و هەوێنەکە تێکەڵ دەکرێت، بە تینی ئاگر دەبێتە نان).

من کە زۆر حەزم لە ماستە، لەو کاتەوەی شوکریە رەسوڵ بەو پەندە ئەم نامقوڵییەی کرد، یەک هەفتە دەمم لە شیر و ماستەوە نەدا، هەرچەندە ناتوانم وازی لێبهێنم بۆیە بڕیارم دا،  لەمەودوا، ئەگەر ماستم کڕی بۆنی بکەم بزانم تام و بۆنی نێچیر و بنەماڵەی بارزانی لێدێت یان نا!؟ بۆیە دوایی ئەو پرسیارەشم لە خۆم کرد، کە ئاخۆ خاتو شوکریە خان، شەوێک پیش ئەو بۆنەیە چەند لە ناو جێگەدا تلابێتەوە، هەتا پەندێکی گونجاو بدۆزێتەوە و دروستی بکات ولە ئاستی پڕۆفیسۆرییەکەیدا بێت! بە کەڵکی پیاهەڵدان و ماساتاو کردن بێت، تا بنەماڵەی بارزانی لێی رازیی بن، بەتایبەتی لەگەڵ ماستی هەولێر و نێچیری هەوێندا بیگونجێنێت.
بە ووتنی ئەو پەندە دەوڵەمەندە، بینیمان وەک سەردەمی کاکە سەددام، ئەو خەڵکەی کە بانگهێشت کرابوون، بە هاڕەی چەپڵە وەڵامیان دایەوە. هەر ئەوە مابوو خاتوو شوکرییە هەستێتە سەرپێ و سمتیشی بادا و بەدەم هەلهەلە و گۆرانی وتنەوە بڵێت:
ئیلوگنا ئیلوگنا
سەرۆک بارزانی ئیلوگنا
خێزانی شوکرییە ڕەسوڵ، کە لە ڕابردوودا کەسانی کۆمۆنیست بوون، گوایا بە گژ ئەو ئەقڵییەتەدا دەچوونەوە، کە ئەقڵیەتی خێڵەکییە، ئێستاکە دەبینین چۆن خۆیان نزم کردۆتەوە بۆ ئاستی قۆندەرەکانی بارزانی. دەبێت ئەوەش بوترێت کاتێک ئەم کۆمۆنیستانە هەڵدەگەڕێنەوە، یان دەبنە ئیسلامییەکی توندڕەو، یان کۆنساێرڤاتەر و کاسەلێس. 
جگە لەوەی، کە نێچیر کوردییەکەی ناتەواوە و زۆر جار لە دەستەواژەکانی سۆرانی و کوردیی سلێمانی تێناگات، لە هەمان کاتدا لە ئاستی پەندەکانی خانمی ماستفرۆشدا نەبوو؛ بەڵام خانمی پڕۆفیسۆر شوکرییە ڕەسوڵ، وەک وتمان کە دکتۆرای لە پەندی پێشیناندا هەیە، بە پارەی حیزبی بەعس، لە ساڵی بەفرە زۆرەکە لە یەکێتی سۆڤیەتی دیڕین وەریگرتووە، بۆیە نێچیرڤان بە بیستنی ماست و مەنجەڵ و هەوێن، تۆزێک دۆشداما و تێنەگەیشت مەبەستی شوکرییە لە چییە، وایدەزانی گاڵتە بە ماستی هەولێر دەکات و دەڵێت ترشە، بەڵام هەر کە خێرا بە بیستنی دەنگی چەپڵەی جەماوەرەکە هێوربویەوە، بە زەردەخەنە و پێکەنینەوە تەشەکوری شوکرییەی کرد، پاشان خاتو شوکرییە ماستەکەی کرد بە ماستاو و بۆی خەستکردەوە، خۆشی وەک مەنجەڵێک ماستاوی پێشوەختە بە نیازی سەفەرێک بوو، بۆ سەری ڕەش، تا لەوێش بچێتە خزمەتی سەرۆکی جاشی تورک و سەری ڕەشمان بە پەندێکی پێشینانی دیکە بۆ بکات بە سەری بڵند. ئەوەبوو فەرمووی:
( ئەمڕۆ لەسەری بڵند، بە دیداری سەرۆک بارزانی گەیشتم، کە بۆ یەکەم جارە ئەم شوێنە دەبینم. . . . زۆر پێ خۆشحاڵ بووم، هەستم کرد لە ناو دەوڵەتی کوردیدام. . . لە ڕووخۆشییەکەی هەستم کرد لە ماڵی خانە خۆییدام ). 

دەوڵەتی کوردی !

بێگومان هیچ وتەیەک و جوڵەیەک لە جیهانی بازرگانی و سیاسەتدا بە ڕێکەوت ڕوونادەن و بە بێ مەرام و بە خۆڕسکانە ناکرێت، بە تایبەتی لە هەرێمی قاچاخچییەکاندا؛ ئەوەی بۆ راگەیەندەکان دەیدرکێنن و ئەوەی لە نێوانیاندا دەوترێت یەکجار جیاوازن. دەڵێن گوایە خاتوو شوکرییەی پەند وعیبرەتی زەمانە بۆ پارە و بە مەبەستی پارە نەهاتووە، تەنها بۆ ئەوە هاتووە، سەری ڕەشمان بۆ بکات بە سەری بڵند. خۆ ئەگەر بۆ ئەوەیە، ئەوا هەموو ئەم قسانە پلانی پێشوەختەیان بۆ داڕێژراوە. پلانی خێزانی، کە بە مەبەستی بازرگانی. ئەمانەش لە هونەری خۆناساندن و خۆدەرخستندا زۆر شارەزان؛ ئەگەر هەر کەسێک بیەوێت ببیتە خاوەنی پارە و دەسەڵات دەبێت خۆی لەم خائین و وڵاتفرۆشانە نزیک بکاتە، تا کەمێک لەو پارەیەی بەر بکەوێت، بۆ ئەمەش لەسەرەتاوە دەبێت خۆی بکات بە پێڵاوی ئەوان، ئیستا شوکریە و تەها رەسوڵی برای بوونەتە دوو جووت پێڵاوی بەرپرس و سەرکردەکانی هەرێم، بوونەتە مەسینەهەڵگر و کاسەلێس، بۆیە رێگایان پێداون لەو دەڤەرە بازرگانی بە هەموو شتێکەوە بکەن، بەتایبەتی تەها رەسوڵی برای، کە پاش گەڕانەوەی بۆ کوردستان، بوو بە رکابەری فەریدون عەبدولقادر و لە ماوەیەکی کەمدا قومارخانە و شوێنی رابواردنی کردەوە، بۆ خۆی دەچووە ئۆکڕانیا و ناوچەکانی سۆڤیەتی کۆن و ئافرەتی دەهێنا، ئیستا ئەم کوڕە کۆنە مارکسییە، بازرگانی بە قومار و لەشی ئافرەتەوە دەکات، لە هەرێمیش ڕێگا بۆ ئەم نمونانە خۆشکراوە تا گیرفانیان پڕ بکەن لە پارەی بێحورمەتیی و بێشەرەفیی، بۆیە هەر یەکەیان دکتۆرایان لە ماستاوی خەستیشدا هێناوە و لەو بوارەدا زۆر شارەزان. 
ئەوەی شایانی باسە، کە هەموو بەرهەمی ئەدەبی شوکرییە ڕەسوڵ، ئەو نامەیە بوو، کە کاتی خۆی لە ساڵانی حەفتادا بۆ مەلا مستەفای نارد و لە ڕۆژنامەی هاوکاریدا بڵاوکرایەوە، هەمووی پڕبوو لە مەرایی و پیاهەڵدان، ئیتر لێرەوە خۆی بە جەماوەر ناساند. ئەم سەفەرەشی بەردەوامییدانە بەو نامەیە و لە ڕاستیدا هاتووە، کە بە مەسعود بارزانی ڕابگەیەنێت کە ئەوان دەیانەوێت لەو دەڤەرەدا رێگایان پێ بدرێت و چالاکییان هەبێت، چالاکییەکەشیان بە رووکەش لە بواری خزمەتکردندایە بە ئەدەب و کلتوور بۆ شاری قەڵا و منارە ؛ بۆ ئەم مەبەستەش ئەوەتا کاکە تەهای برای خزمەتی هێناوە بۆ هەولێر، بە مەبەستی یادکردنەوەی ئەدیبێکی ناوداری هەوڵێڕ. ئینجا شوکرییە روی دەمی دەکاتە مەسعود و دەڵێت: 
- بەڕێز جەنابی سەرۆک، وەک خۆتان دەزانن، خۆم هەردەم مەنجەڵی بەڕێزتانم، مەنجەڵی باوکی مەرحومیشتان بووم، بۆیە بۆ ئەم سەفەرەشم مەنجەڵێکم بە دیاری بۆ هێناون. 
مەسعود بارزانی : زۆر سوپاست دەکەم، ئەرکت کێشا. 
شوکرییە ريسوڵ (بە پێکەنینەوە) : مەنجەڵێک شیر. 
مەسعود :، مەنجەڵێک شیر ؟ 
شوکرییە ڕەسوڵ ( بە پێکەنینەوە): سەرۆک، من دکتۆراکەم لە پەندی پێشناندایە بۆیە هەر بەو شێوازە دەزانم گوزارشت لە مەبەستم بکەم، مەبەستم لە شیرەکە، کاکە تەهای برامە. 
مەسعود : کاکە تەها شیرە یان ماست ؟
شوکرییە : هێشتا ماوێتی ببێت بە ماست و حەدی چییە لە حزوری بەڕێزتاندا. ئێوە هەردەم هەوێنن و ئێمە شیر بووین، ئێوە خۆتان وەکیلن بۆ کام ماست دەتانەوێت بمان گۆڕن. ئەوەش پەندێکی هەولێرییە کە دەڵێت ؛ ماست لە هەوێنەکەی دەچێتن. 
***

 تەها رەسوڵ بە رۆژ کتێب بۆ نووسەران چاپ دەکات، لە قومارخانەکەی بە شەویش قومار و ئافرەت بۆ بەرپرسەکان رێکدەخات

کاکە تەهای برای شوکرییە، کە ئەویش دکتۆرایەکی قەڵبی لە یەکێتی سۆڤیەت هێناوە وەک شوکرییەی خوشکی، کاتێک کچێکی ڕۆژنامەوان رێپۆرتاژێکی لەسەر دەکات، ئەگەر ئەو هەموو  (کاک دکتۆر تەها)ـەی لەو ریپۆرتاژە و پیاهەڵدانەکان دەربکەین، ئەوا ڕستەیەکی بەکەڵکی تێدا نامێنێتەوە، چونکە ڕێپۆرتاژەکە بە پارەی کاکە تاها سپۆنسەر کراوە بۆ پیاهەڵدان، دەبێت بە شان و باڵی خۆیدا هەڵبدات. ئەم ڕێپۆرتاژانە لەسەر کەسایەتی کاکە تەها وەک قسە و وتارەکانی کاکە تەها بەتاڵ و بۆشن، هیچ بیرکردنەوەیەکی تێدا نییە، قسەی پووچ و پڕن لە پیاهەڵدان، زیاتر لە وتاری سەرۆکێکی نەخوێندەوار دەچێت. 
با زیاتر لەسەر تەهاش قسە بکەین، کە لە دوای ئەوەی کاکە تەها لە یەکێتی سۆڤییەت لە کولەمەرگییەکدا دەژیا و شەوانە بڕە پارە کەمەکەی لە ناو گۆرەوییەکانییدا دەشاردەوە، چونکە ناو گۆرەویەکەی بە شوێنێکی باش دەزانی، کە کەس عەقڵی پێناشکێت پارە لەوێدا بشارێتەوە، گوایە دزەکان لە گۆرەویدا بە دوای پارەدا ناگەڕێن. 
کوتوو پڕ لەم ساڵانەی دواییدا کە بووە خاوەنی سامانێکی بێ شومار، ئیدی وەک هەموو دەوڵەمەندە تازەپێکەتووەکان خانووەکەی وەک دیوەخانەکەی سەری بڵند بە قەنەفەی قەبە و تابلۆی بێ مانا و کەلوپەلی تورکی بێ زەوق و یەکجار ناشرین رازاندەوە. کاتێکیش کەسێکی نزیک بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵدا دەکات، باسی گەورەیی خانوەکەی و ژمارەی ژوورەکانی بۆ دەکات. 
ئێنجا گۆرانیبێژ و پیاوانی ناودار لە خۆی کۆدەکاتەوە بۆ زیاتر خۆناساندنی و لە ژێریشەوە لەگەڵ حەمەی حاجی مەحمود خەریکی بازرگانی نەوت و سپیکردنەوەی دۆلاری ڕەشە، بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدات خۆی لە بەرپرس و جاش و دزەکانی هەرێم نزیک بکاتەوە و بیانناسێت. ئەم تەها رەسوڵە ناسراوە بەوەی لە رۆژدا پارەی رەش، سپی دەکاتەوە، کتێب بۆ نووسەرە سەرشۆڕەکان چاپ دەکات، لە شەویشدا شەوی سوور بۆ بەرپرسەکان گەرم دەکات. وەکو وتم هەر لێڕەشەوە نەوەستاوە، دەستیکردووە بە هێنانی کچە لەشفرۆشە ئۆکرانییەکان و کردنەوەی قومارخانە بە مەبەستی کۆکردنەوەی زۆرترین سەرمایە. بە جۆرێک ئەم پارەیە هەڵسوکەوتی ئەو کوڕەیان گۆڕیوە، کاتێک برادەرەکانی سەردەمی قوتابخانەی سەردانی دەکەن، کاکە تەها سەری سوڕدەمێنێت، گومان دەکات و لێیان دەپرسێت، کە بە چ مەبەستێک هاتوون. چونکە ئیستا هەموو پەیوەندییەکانی تەها رەسوڵ دەچنە خانەی بازرگانیی و سیاسەتەوە. کاتێک برادەرانی وەڵامی دەدەنەوە کە ئەوان تەنیا هاتوون بۆ سەردانی وەک برادەرێکی کۆن، کاکە تەها سەری سوڕدەمێنێت کە چۆنە نەهاتوون بۆ کارێکی بازرگانی ! 
ئەمڕۆ لە جیهانی مۆدێرندا لە باشوور ئەگەر کەسێک نەبیتە شیری هەوێنی جاش و قۆندەرەی پیاوانی بەرپرس و مەسینەهەڵگر، بە دەگمەن دەتوانێت ببێتە خاوەنی موڵک و پارە، مادام مەسینەی هەڵنەگرتووە و سەری بۆ خەڵکی دانەواندووە، هیچی پێنادرێت، چونکە هەموو کەسێک دەبێت سەری دابنەوێنێت و قۆندەرەکانی بەرپرسێک ماچ بکات. کاکە تەها رەسوڵ هەموو ئەمانەی کردووە، شوکرییە رەسوڵی خوشکیشی لەو بواردانەدا پڕۆفیسۆرە، کە تەمەنی لە 80 ساڵیی نزیکبۆتەوە، دەیەوێت وەکو تەهای برای بە هەوێنی ماست دروستکردن بۆ نێچیر فریا بکەوێت وەکو تەهای برای دەوڵەمەندتر ببێت. 
هەروەها وەک برادەران باسی تەها دەکەن، لە ڕابووردودا کەسێکی خراپ نەبوو، خاوەنی ڕەوشتێکی بەرز بوو، بەڵام پارەی قاچاغ و دزیی، وەک هەوێنێکی بۆگەن، ئەقڵ و رەوشتی گۆڕی، ئیستا وەها خۆی لێگۆڕاوە، پارە چاوی سورکردووە، هەر برادەرێک کە چووبێتە لای سەری سوڕماوە لەو گۆڕانکارییەی کە بەسەر ئەم کەسەدا هاتووە، وەک ئەوەی داخی نەبوونیی و کولەمەرگیی سەردەمی کۆنی خۆی لە خەڵکی کوردستان بەم شێوەیە بسێنێتەوە. ئیدی سەرمایەکەی گەیشتۆتە ئاستێک کە بتوانێت خەون بە ئیمپراتۆرییەتێکەوە ببینێت، هەنگاوی یەکەمی ئەم خەونە وەک هەموو ئەو نمونانەی لە مێژوودا هەمانە، وەک بێرلسکۆنی، دەستگرتنە بەسەر توانای دادوەران و راگەیاندنەکاندا، لەبەر ئەوەی لە کوردستانیش یاسا و دادوەریی و راگەیاندن بە دەست پیاوانی سیاسییەوەیە، تەها رەسوڵیش هیچ خەمی نییە، چونکە ئەوە دەزانێت کە دەتوانێت بە پارە دەمیان دابخات. بۆیە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەگەر ڕۆشنبیرێک، نووسەرێک باس لە سەرچاوەی سامانەکەی بکات، بۆ ئەم مەبەستە دەیەوێت لاسایی دەستگای کەریمی عەلەکە ماوەیەک کەوتۆتە چاپکرنی کتێبی نووسەران و خەڵاتکردنی ڕۆشنبیران و هونەرمەندان، هەندێک جاریش بە پارە یارمەتییان دەدات؛ بە بێ ئەوەی ئەو نووسەرانەش بزانن کە بەشێک لەو پارانەی لە تەهای وەردەگرن، پارەی قومارخانە و کچە لەشفرۆشەکان و دەستکەوتی نەوتی دزراوە، کە لە رێگای حەمەی حاجی مەحمودەوە وەریان دەگرێت. 
 بێگومان کردنەوەی دەزگای کەریمی عەلەکە و سیمیناری ئەدەبی و کتێب چاپکردن، هەوڵی ئەوە دەدات، تۆزێک لای هەندێک لەسەر نزمەکان سەری خۆی بەرزبکاتەوە و بەمە خۆی پەردەپۆش بکات. ئەمڕۆش کە دوا بەدوای خوشکەکەی دەچیتە هەولێر بۆ یادکردنەوەی پیاوێکی ناوداری هەولێر، بە مەبەستی بازرگانی و نزیکبونەوەیە لە پارتیی و دەستکەوتێکی دیکە لە قاسەکەی سەری بڵند. چونکە وەک وتراوە ؛ ئەگەر دەتەوێت ببیت بە خاوەنی موڵک و پارە، دەبێت خۆت لەو شوێنانە نزیک بکەیتەوە کە پارە و ناوبانگی تێدایە، ئیدی هەر کەسە و بە پێی پیشەکەی خۆی ئەو هونەری دزییکردن و پارەپەیداکردنە بەڕی دەکات، خوشکەکەی بە پەندی پێشینان، کاک تەها رەسوڵ خۆشی ئەویش بە کتێب و چاپەمەنی بۆ پارە. 
هیوادارین پڕۆفیسۆر شوکرییە رەسوڵ و دکتۆر تەها رەسوڵی خاوەن قومارخانە وخانەی لەشفرۆشان لێمان زویر نەبن، بەڵام دەبێت ئەوە باش بزانن، ئەگەر توانایان هەیە بە قسەی شیرین و دەمی گەرموگوڕیان کە بە میرات بۆیان ماوەتەوە، خەڵکی گەوج و نەفام هەڵخەڵەتێنن، بەڵام ئێمە غەشیم نین. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە