نەفرەتی ئابووری سەربەخۆ و ڕابوواردن بەگەلی باشوور

Saturday, 08/04/2023, 13:55

7434 بینراوە


باشوور و ڕۆژهەڵاتی نیشتمان: بە قۆناغێکی گرنگدا تێدەپەڕن.


سەبارەت بە باشوور: گۆڕانکارییەکان خێراتر دەبن و سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی کەمووکورتی و خیانەتەکانی دەسەڵاتی بنەماڵەش(مەلایی و جەلالی) زیاتر و فراوانتر دەبن، مانای گومانی گەورە و بەڵگەی زۆر لە مێدیا جیهانییەکاندا لەسەر فەرمانڕانیی و دەسەڵات لە باشووردا بڵاو دەبێتەوە، پاش سی ودوو ساڵ، دەمامکەکان هەم بۆ ئەو بەشە شەرافەتمەند و ئازادیخوازەی نەتەوەکە کە هیچ کات نەچوونە ژێر باری (زۆر و زێڕ و سیاسەتی مەیمەنبازیی سەرکردەیەتی و ڕێبازی گەندەڵەوە) و لەدەرەوەی بازنەی خیانەتمەنداندا، قەڵەم و بیر و ڕەفتاری کوردستانی خۆیان پاراست بە پاکژی و بەرەی نەتەوەکەیان بە زیندووی ڕاگرت، هەم بۆ ئەو هێزانەی کە پشتیوانی دەرەکی و چاوەڕوانییەکی تریان لە سەرکردەیەتی ناسراو بۆیان هەبوو، دیار و دیارتر خۆی نیشان دەدات و ئێدی هێدی هێدی کاتی ئەوە هاتووە کە نەتەوەکە دەفتەرە داخراوەکان بکاتەوە و خۆی بۆ لێپرسینەوەی لێیان ئامادە بکات.
چوونکە ئەوە سی و دوو ساڵە، بە تایبەتی ئەو بەشە لە نەتەوەکە، دەفتەری خیانەتەکانی ئەم دوو تاقمەی داخست، بە ئومێدی ئەوەی کە بە خۆیاندا بچنەوە و بەڵکو غیرەتی کورد بوون و زامە قوڵەکانی ئەنفال و هەڵەبجەکان بیانگێڕیتەوە سەر ڕاستە شەقامی خزمەت بە مەسەلە گەورەکەی نەتەوە و نیشتمانی بەکۆلۆنی کراویان، بەڵام ئەوان سوارسەری خۆیان بوونەوە و بەئەندازەی خیانەتە نەتەوەییەکانی پێشوویان، لەم سی و دوو ساڵەدا، بە سەدان دەفتەری خیانەتی نەتەوەیی نوێیان واڵا کرد و بێشەرمانە وەک کوردایەتی بە نەتەوەکەیان فرۆشتەوە و ژمارەی کوژراوەکانییان!! کردە تاپۆی مۆرکراو بۆ بەناو تێکۆشانی بنەماڵەکانیان!!.
لێرەدا ڕەخنەی توند، ئێخە گرتن، ڕسواکردنی فشنبیرانی دەربار، بێدەنگی خێزانی شەهیدان، ڕووی لەو بەشە لە نەتەوەکەیە لە باشوور، کە ئەوان بەرانبەر بە هۆڕنی ئوتومبیلێک و فوللایتێک و خێسەیەک و سەرچۆپییەک، دوو دوو سێ سێ تەرم لەیەک دەخەن و هۆز و عەشیرەت بە خۆیان و چەک و جبەخانەکانیانەوە کۆدەبنەوە و کل لە چاوی کلدار دەفڕێنن، بەڵام لە بەرانبەر ستەمێکی سی و دوو ساڵەیی و لیستەی خیانەتی دوو بنەماڵەدا، دەستەوسان و شانهەڵتەکێن و بێدەربەستن، بۆیە هەر ڕۆژێک کە تێدەپەڕێ، درۆنەکانی دوژمنی نەتەوە و دۆستی سەرکردەیەتی نەتەوە، لە کوچە و کۆڵانەکانی شار و گوند و پێدەشتەکاندا، بە رێنمایی تۆڕی سیخوڕڕانی ناوخۆتان ، گیانی تێکۆشەرانی ئازادیخوازیی نەتەوەکە دروێنە دەکەن و سبەی گیانی کچ و کوڕی ئێوە و هاوسێی دەوروپشتان، دەبنە خۆراکی سیاسەتی مەیموون بازیی سەرکردەیەتی هەرێمەکەتان.
هەر نموونە زیندووەکەی هێشتا کفنەکەی زەرد نەبووە: ساڵی ٢٠١٤ بە فشەی ئابووری سەربەخۆ، دوو بنەماڵە ڕێککەوتن لەسەر تاڵانکردنی سامانی نەوتی باشوور و دابەشکردنی، خەڵکیش بە ئومێدی ڕاستبوونی گفتی ئەوەی کە هەر تاکێک بەشێکی لەم فرۆشتنی نەوتەدا دەبێت، شایلۆغانی سەرکەووتنیان گێڕا و ٩ ساڵ چاوەڕوانی بەشە نەوتەکەی خۆیان بوون!! قەڵەمە زڕەکان و هزرە زەلکاوییەکان، کەوتنە پیاهەڵدان و ستایشکردنی ئەم سیاستە مەیموونبازییە، ڕەنگە ئەوان، قەڵەمی دەربار و دکتۆری فشنبیر و ئەوانەی ڕۆژنامەی زەردیان دەنووسی، ئاهێک بە سکیاندا هاتبێت و دۆلارگەلێکیان پێ ڕەوا دیترا بێت، بەڵام زۆرینەی خەڵکی هەژار و چاوەڕوان، نەک بەشە نەوتی خۆیان پێنەدرا، بەڵکو دەستیان لە بنی بەرمیلی نەوتی ژەنگرتووەوە هاتە دەرەوە و بەدەیان ڕووداوی سامناک بەهۆی بەکارهێنانی خەڵوز و پلاستیکی ژاراوییەوە بۆ خۆگەرمکردنەوە، لەناو دەیان خێزاندا ڕووی دا. پاش ئەو هەموو نەهامەتی و کارەساتە مرۆییانە و پڕبوونی حسابی بانکی تاک بەتاکی بنەماڵە و پەراوێزە زەبوونەکانیان و بڕیاری دادگا جیهانی و هەڕەشەی زلهێزەکان و گرتنەوەی بۆری نەوتی ئابووری سەربەخۆی جووت بنەماڵە، ئەم نەفرەتە، نەفرەتی نەوت، لەکۆڵ ئەوبەشە لە نەتەوەکە بووەوە و جووت بنەماڵە ناچار بوون ( پاش ئەوەی بە مەرامی خۆیان گەیشتن و ملیاردها دۆلاریان سەریەک نا)، دۆسییەی نەوتیان ڕادەستی حوکوومەتی( موفلیسی بەغدا!!!) کردەوە و پاشەوپاش لە حزووریاندا گەڕانەوە پایتەختی هەرێم و وتیان: ئەم سەرکەوتنە هی ئێمەیە و کەس خۆی نەکات بە خاوەنی!!.
وەکو تریش، پاڵەوانانێک کە تا دوێنێ بە دەمانچەی ئەمنەوە شەوانە دەچوونە سەر ماڵی خێزانی پێشمەرگە و لۆگۆی ( پڕۆلیتاریای جیهان یەکگرن) یان دابوو لە تەوێڵی خۆیان و لەم شەوکوتانەدا ڕێنمایی جەیشی شەعبی ئەوسا کە دەکاتە حەشدی شەعبی ئێستایان، دەکرد، وەک فشنبیرێک کە لە کوێ بای بێت ئەوان شەنی وشەی قەبەی قۆڕ لە وێ دەکەن فەرموویان: " تۆی کورد کە مافی فرۆشتنی نەوتی خاكی خۆت، بە میللەتی خۆت ڕەوا نابینیت، شیاوی ئەوەی مۆری ناپاکی بە تەوێڵتەوە بنرێت".
ئەوە کێ بوو فایلی نەوتی بە خۆشحاڵییەوە ڕادەستی سەرەک وەزیرانی عێراق کردوە و لەباتی جارێک چەند جارێکیش سپاسی کرد!!!، ئەو مۆرەی تەوێڵ مەبەستت ئەوە،ها؟!!.
ئێستا ئێدی حوکوومەتی ناوەند، یەک لە دوای یەک دۆسییەی قاچاغچیتی و سوارسەری خۆبوونیان بۆ دەکاتەوە، کاتی ئەوەش هاتووە کە ئەو بەشە لە نەتەوەکە، بە پشتیوانی هەموو نەتەوەکە دۆسییەی خیانەت و ئەو پارانەی لە گەلیان دزییوە و ئەو تیرۆرانەی ئەنجامیان داوە بکاتەوە و وەک دۆسییەی گەلی باشوور بیدەن بە داداگای فیدراڵی و نەتەوە یەکگرتووەکان و لەمافی خۆیان بننە خاوەن، ئەگەر ئەمانە ئەنجام نەدەن ئەوا سەرکردەیەتی جووتبنەماڵە:
1- بەهۆی ئابووری سەربەخۆوە کە ڕابواردن بوو بەگەلی باشوور، بوونە ملیاردێر.
2- لەم مەسەلەیەدا کە برسیکردنی ئێوە بوو، بوونەوە دەمڕاستتان، بەناوی ئێوەوە پەیمان و گرێبەست لەگەڵ حوکوومەتی ناوەندا واژۆ دەکەن، بەو جۆرەی دیسان لە بەرژەوەندی خۆیاندا بێت.
3- یەکێک لە خۆیان دەبێتەوە بە جێگری کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی.
4- ئەو بەشە پارەیەی کە ناوەند دەینێرێت، دەچێتەوە بانکەکانی خۆیان.
5- ئەم واژۆکردنە لە کاتێکدا دەکرێت، کە حوکوومەتی هەرێم، ماوەی حوکوومەتداریی بەسەرچووە، واتە دەتوانین بڵێین ئەوان ئەو مافە یاساییەیان نییە کە بە ناوی ئێوەوە، گرێبەست واژۆ بکەن.
6- دەیانەوێ هەڵبژاردنێکی چەواشەکاریی ئەنجام بدەن بۆ درێژەدان بە کەڵەگایی دەسەڵاتەکەیان. ئێوە دەبێت لە ئیستاوە، ڕاوێژ، بە کەسانی شارەزای کوردی شەرافەتمەندی ڕابووردووپاک بکەن و نەخشەڕێگای خۆتان هەبێت بۆ ڕووبەرووبوونەوەی ئەم هەڵبژاردنە، واتە مامەڵەکردن لەگەل ئەم شانۆگەرییەدا.
7- دەبێت نیشانە گەلێکی کۆنکرێتی لەم ماوەیەدا لە چۆنێتی مامەڵەکردن بەو بڕە پارەیەوە کە لە بەغداوە دێت، ببینن و گۆڕانکاری گەورە بەسەر بارودۆخی کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبردندا بێت و گەرەنتی نەگەڕانەوە بۆ حکومەتیی میلیشیای بە بڕیاری ئیوە و خواستی ئێوە و ئەو شێوەی بەڕێوەبردنەی کە ئێوە دیاری دەکەن، لە مستاندا بێت، بە گفتی چاوەڕێی سندووقەکانی دەنگدان بن، چۆلەکەکان بەپۆل دێن، دەستخەڕۆنەبن.
ئەمانە بۆ ئەم بارودۆخەی نەتەوەکەم بە بیرمدا هاتوون و لێیان وردبوومەتەوە و دەزانم چ دەڵیم چ دەنووسم بۆ ئاسیشی گیان و ئایندەی منداڵانی نەتەوەکەم.  

سەبارەت بە ڕۆژهەڵات: 

شۆڕشی ژن، ژیانێکی ئازاد بەرهەمدێنێ، بوومە لەرزەیەک بوو کە بەر لە لەرزاندنی دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستی داگیرکەری بەشێکی نیشتمانی کورد، ڕیشەی بیرکردنەوەی کوردی لەمەڕ چەمکەکانی: سەربەخۆیی، ئازادی، ئەوی تر( نەتەوەی سەردەست)، کلتووری داسەپاو، ڕەسەنێتی بیری کوردبوون ( کوردایەتی)، مێژووی خەباتی کورد، خیانەتی سەرکردەیەتی حیزبەکان (تا ئێستا بەکزی و بە چاودێرییەوە باس لەم ڕەفتارە دەکرێت لەلایەن ڕۆشنبیرانی ڕۆژهەڵاتەوە، تا ڕادەیەک لە خواستی ئێستای ئەو ڕۆشنبیرانە تێدەگەم، بەڵام دەبێت خاڵێک بێت کە لە بەرەوەی ئەو خاڵانە بێت کە جوڵاندنیان زۆر گرنگ و ژیارییە، دەنا هەستی پاکژییی کوردبوونی لاوان چەواشە دەکات، ئەمە زۆر گرنگە و دەبێت ئاگاداریی بین)، ئەو هەموو چەمکانەی جوڵاند و شیکارکرد و دەرهاویشتە کوردستانییەکانی ڕۆشنکردنەوە.
بەڵام بە پێی ئەزموونمان لەگەڵ سەرکردەیەتی حەفتاساڵەیی و چلوپێنج ساڵەیی ئەم حیزبانە، نابێت چاویان لێ غافڵ بکرێت، چوونکە داخزانیان بۆ بوون بە تەڵەی پیلانی ڕۆشنفکرانی نەتەوەی سەردەستەوە، ئاسانە ئەوان تراویلکەی ڕەنگاو ڕەنگی زۆر بەرهەمدێنن و ڕەنگە چاوێک وردبین نەبێت، تێ بکەوێت.
بە سەرنج دان لە بزووتن و هەڵسووکەوتی سیاسی حوکوومەتی پەتوسێدارەی ئیسلامیی و ڕەفتاری ئەو کەسانەی خۆیان بە ئۆپۆزیسێۆنی دەرەوە دەناسێنن، نەخشیەک هەست پێدەکرێت کە ئەم زنانە دەچنەوە سەر هەمان جۆگە و هەتا ئێستایش من لەو بڕوایەدام، کە شەڕی ئۆپۆزسێۆنی ئیرانی لەگەڵ ئاخوندەکاندا شەڕی دەسەڵاتە، نەک شەڕی نەتەوەکانی ئێران، بۆیە لە مەسەلە بنەڕەتییەکاندا جیاوازییەک بەدی ناکەم، من باوەڕم بە قسەی بەتاڵ و مەنشووری ئەکادیمی و دانیشتنی زاکۆی فلانە وڵات و فیسارە پایتەخت نییە، کورد دەڵیت کەس بە دۆی خۆی ناڵێت ترشە، ئەمە لە سیاسەت و دبلۆماسیدا، هەموو کاتیک ڕەنگ دەداتەوە، کە هەموو کەس کاڵاکەی خۆی بەشیرین و نایاب بە بەرانبەرەکی دەناسێنێ.
من چەند هۆکاری بنچینەیی دەبینم لە بزووتنەوەی هزری و مەیدانی پراکتیکی ئەو بەشە لە نەتەوەکەدا لە دەڤەری ڕۆژهەڵات کە لە باشووردا نەبوون.
1- لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەم قسەیەم بەدڵی زۆر لە سەرکردەیەتی حیزب و لایەنگرەکانیان نییە، بەڵام من بوونی پارتێکی وەک پژاک، بە ئامرازێکی زۆر ئایەتی (ئەرێنی) دەبینم لە ناو بزووتنەوەی ئازادیخوازیی دەڤەری ڕۆژهەڵاتدا، ئێمە لە باشوور ڕێکخراوێکی لەو چەشنەمان نەبوو، بۆیە ئەو بەشە لە نەتەوەکە بە خڕی چارەنووسی خۆی دایە دەست سەرکردەیەتی جەلالی و مەلاییەوە.
2- ئەو ڕاپەڕینە هزرییەی کە ڕۆشنبیرانی دڵسۆزی نەتەوەکە لە ڕۆژهەڵات پێی هەستان بەرانبەر بە بزووتنی سەرکردەیەتی حیزبەکانیان و چاودێری کردنی هەموو وتن و گفتارێکیان، کە سەرمایەیەکی گرنگ و بۆ خۆی بوویە ڕیبازێکی لێدوان و شیکاریی کوردی، لە باشووردا ئەمە یا نەبوو یا زۆر کز و بێرەنگ و بێ کاریگەریش بوو، هەر زووش هەوڵی بێدەنگکردنی دەدرا بە پارە ئەگەر کاریگەری نەبایە تیرۆری فیزیکی یا دەروونی دەکرا، بەهۆی ئەوەی کە دوو حیزب دەسەڵاتی خۆیان بۆ خۆیان بەکارهێنا و سەرچاوەی پارەی بەردەستیان کە لە فرۆشتنی سامانی خەڵکەوە بەدەستیان هێنا بوو، بۆکڕینی قەڵەمە زەبوونەکان، نەفسە نزمەکان، پیاوکوژەکانیان، تیرۆری نەیار و ڕەخنەگرەکانیان، فشنبیرە زانکۆییەکان، نووسەرانی ناو ڕۆژنامە زەردەکان و......هتد بەکار هێنا/ دەهێنن.
جارێکی تر چەند ڕێنمایی گرنگ و بنەڕەتی دەنووسمەوە، کە زۆر لە خاڵەکانی هەردوو دەڤەرەکە دەگرێتەوە:
- گیانی تۆڵە و توڕەیی، ژیرێتی مرۆڤ پەك دەخات و بڕیاری نادروستی پێ دەدات، ئەوانەی ستەمیان لە نەتەوەكە كرد و خیانەتیان لە نیشتمان كرد، دەبێت لە دادگایەكی دادپەروەرانەی گەلدا، بەبەڵگەوە دادگایی بكرێن، چوونكە بە لە ناوچوونییان، زۆر بەڵگەی مێژووی ون دەبن و تاقمەكان و كەسوكاریان لە ئازاری ڕسوابوون و ھەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتەكەیان ڕزگاریان دەبێت، ھەموو بڕیارێك دەبێت ھی گەل بێت و گەلیش دەیەوێ ستەمكاران دادگایی بكات.
- لە یەکتر نزیك بكەوونەوە و لە حیزبەكان دوور بكەوونەوە.
- پرس و ڕا بە كەسانی شەرافەتمەند و ژیر و دڵسۆز بكەن.
- دەستەكانی ھێزی پشتگیری مەدەنی و لەشكریی دروست بكەن. بۆ پاراستنی ئەو بەشە لە نەتەوەكە لە كاتی پێویستدا و بوونە هاوکار و پشتیوانی بەشەکانی تر، بوونە پردی ڕێکخستنی پەیوەندییەکان.
- زانیاری لەسەر كەسانی ھەواڵگر و سیخوڕ و دەڵاڵەكانی دەوڵەتانی كۆڵنیالیست و حیزبەكان كۆبكەنەوە، بە بەڵگەی دروست.
-ھەوڵ بدەن ئەو تاكانەی سەر بەھێزی حیزبەكانن ڕێنمایی بكەن بۆ دانانی چەك و وازھێنان لە حیزب و گەڕانەوە بۆ بەرەی نەتەوەكە.
- چاودێری ھەڵسوكەوت و ڕەفتاری بەرپرس و كەسووكاریان بن و بەڵگەكان تۆمار بكەن، بە ھەموو ئامڕازەكانی تۆماركردن.
- سپای ڕزگاریی كوردستان لە ھەموو شار، شارۆچكە و گوندەكان ھەن، ھەوڵ بدەن پەیوەندی بەھێز لەسەر بنەمای دڵسۆزیی بۆ مەسەلە كوردستانییەكە لەگەڵ ئەواندا ھاوئاھەنگ بن، ئەزموونی قوڵی ئەوان و خۆبەخشینیان بۆ ئازادی نیشتمان، پشتیوانێكی (بێ بەدیلە) بۆ ئێوە.
- پاراستنی موڵك و ماڵ و گیانی ھەر كوردێكی شەرافەتمەند، ئەركێكی نەتەوەییە لە ئەستۆی ئێوەدا
خۆ ڕێكخستن و خۆ پەروەردەكردن لەسەر بنەمای (سوودی گشتی)، ھەنگاوێكی بنچینەیی دامەزراندنی كۆمەڵگایەكی یەكسان و گێڕانەوەی شكۆی مرۆڤبوونێكی ئازاد و تاكێكی كوردی بڕیاردەرە دەبێت.
- لە چاوی ھەمووانەوە بۆ بەرژەوەندی خۆمان بڕوانین، تاكێك بین لەناو گشتدا، گەورەبین و لە ناو نەتەوەكەدا كەسایەتی خۆمان گەورەتر بكەین، بە كارە چاك و خۆبەخشانە و ڕێكخراوەییەكانمان فێری فریاگوزارییە سەرەتاییەكان ببین و توانای بەڕێوەبردنی خۆمان و گروپی ٥ تا ١٠ كەس فێر بین و خۆمان نموونەی بەرزی دەم، دەست و داوێن پاكیی بین، ئێمە دژی ھەموو ستەم و گەندەڵییەکان دەجەنگین.
 -ھەم بەرانبەر بە دوژمنانی دێرینەمان و ھەم خیانەتمەندانی ناوخۆ، وشیار و ئاگادار بین، بازنەی چالاكییەكانیان تەنگ بكەینەوە و مانەوە و پاراستنی ھەموو كوردێكی شەرافەتمەند، لە كارە بنچینەیی و ڕۆژانەكانمان بێت.
- كات و سوود وەرگرتن لە كات بۆ پێشخستنی ئەو ئەركە نەتەوەییانەی كوردبوونمان لە ئەستۆی خستووین، زۆر گرنگە و وشیاریی تەواومان نەبێت، زیانی گەورەمان لێ دەدەن و ڕەنجمان بێ وەر دەكەن. بۆیە نابێت، بە قسە و باسی بۆشی سەركردەیەتی خێڵ- حیزبەوە خەریك بین و فكرمان مەشغوڵ و تواناكانمان لاواز بكەن، ئەوان ھەمیشە لە جەنگی دەروون و فكریی ئێمە دان.
- مەسەلەی ئێمە لە جامانە و سەرچۆپی، ڕێباز و مێژووی قێزەوون و كەس و فڕوفیشاڵی حەفتاساڵ و بەڵێن و سۆز و كوردایەتی ساختەی، سەركردەیەتی جەلالی، مەلای، تەنانەت هیجری و موهتەدییەکان زۆر گەوەرەتر و بەنرخترە، نابێت ڕێگە بە فكری خۆمان بدەین، مەشغوڵی ئەم ئەفسانە پووچانە ببێت. 
ئەو دوو بەشە لە نەتەوەكەمان، ئەوە حەفتا ساڵ دەچێت، گیرۆدەی تەلیسم و ئەفسانەی بێ بنەمای سەركردەیەتی خێڵ- حیزب، بووە و ئاسایشی نەتەوە و تاكەكانی لەژێر چاودێری دەزگا ھەواڵگرییەكانی دەوڵەتانی كۆلۆنیالیستی داگیركەری كوردستاندایە، بە ڕێنمایی و پشتیوانی و مۆڵەتی سەركردەیەتی داڕزاوی خێڵ- حیزبی باشووری و ھاوكاریی ژمارەیەك سەركردەیەتی پووچی ڕۆژھەڵات، بڕیارەكان لە پایتەختی دەوڵەتە كۆلۆنیالیستەكان دەدرێت و سەركردەیەتی خێڵ- حیزب لە باشوور جێبەجی دەكات، دەبێت ئەم بارە ڕاست بكرێتەوە و بڕیاریی چارەنووس و خۆبەڕێوەبردن بۆ ئەو دوو بەشە لە نەتەوەكەمان لە باشوور و ڕۆژھەڵات بگەڕێتەوە.
گەلێكی ڕێكخراو كە لە خۆیدا كۆبووبێتەوە، دەتوانێ ئەم كارانە بكات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە