ئەو وشانەی تامی شیوەن دەدەن!

Wednesday, 19/04/2023, 15:57

13280 بینراوە


جارێکی تریش وەبیرتان دێنمەوە سەرەتای ڕاپەڕینی یەکەمی ئەو بەشەی نەتەوەکە لە باشووری نیشتمانی بەکۆڵۆنی کراودا، مامۆستا مەسعوود محەمەد ڕووی دەمی لە چینی ھەرە لەپێشی ڕۆشنبیران کرد و وتی : " ئەگەرکەوتمە سەر دووڕیانێک و نەمزانی کام ڕێگایە ھەڵبژێرم، ئەوا پرسێک بەم حیزبە شێت و وێتانەی کوردستان 
دەکەم، ئەوان کام ڕێگایەیان پیشان دام، من ملی ڕێگاکەی تر دەگرم و دڵنیام ڕێگا ڕاستەکەم ھەڵبژاردووە". 
سی و سێ ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر ئەو ڕێنماییە گەوھەرینەی مامۆستادا، ئەو بەجێی ھێشتین و لە ناوماندا دیارنییە، بەڵام 
ئەندێشە،  ھزر و  تیۆرییەکانی، لە ئێستا و تا سەربەخۆیی و ساڵانێکی زۆریش دوای ڕزگاری، ڕێنمان بۆ نەتەوەکە و ھەر کاتێک نەتەوەکە لە دەستوورەکانی ئەو دوور کەوتۆتەوە، داخزاوە بۆ ناو گەندەڵی و ستەمی کوردی و بەیتوبالۆرەی ھەڵبەستراوی درۆینە و چیرۆکی شاخدار بۆ بنەماڵەیەک و کەسێک و ڕێبازێک و .......ھەتا
دوایی ڕێگا چەوتەکە، کە کڵۆڵی کردۆتە دەردێکی ھەمەگیر و کۆمەڵگاکەش کراوەتە کارخانەی بەرھەمھێنانی خراپ بوون، نوشست و بێدەربەستی لەمەڕ مەسەلە گەورەکەیی ھەمووانەوە.
ئێستا پاش داڕزانی ڕاپەڕینی یەکەم و سووتاندنی خەرمانەکەیی و فرۆشتنی خوێنەکەی، کورد ناچارە و دەبێت خۆی بۆ قۆناغی دووەمی ڕاپەڕین ئامادە بکات.
ئەم وشانە تامی شیوەن دەدەن، بەڵام ناچارین دەبێت ئەو شیوەنە بگێڕین، بەھەموو جوداییەکانی ھەردووقۆناغەکەوە!!
ئێستا بیرمان ڕوونتر و ئامڕازەکانی بەردەستمان فرەتر و ھەڵبژاردنەکانمان فراوانترە.
قۆناغی کلتووری سەرکردەیەتی حیزب، کەس و ڕێبازەکانمان دەربازکردووە و بە تەنیا نین.
گرنگترین ھەنگاو ئەوەیە، باوەڕمان بە ئیرادە و توانای بنیاتناوەی خۆمان ھەبێت، لەگەڵ خۆمان، باوەڕەکەمان و
خواستەکەمان بە کۆتایی ھاتبین، واتە نەخشە ڕێگای ئامانج و شێوازی تێکۆشانەکەمان بۆمان ئاشکرا بووبێت.
داواکاریی گرنگی دووەم ئەوەیە، لەگەڵ ھاوبیران و ھاو مەرامەکانمان کە زۆرینەی نەتەوەکەن، لێک نزیک بینەوە و
ھەموو دەرفەتەکان بکەینە بۆنەیەک بۆ یەکتر بینین و ڕاوێژێکی کوردستانی لەگەڵ یەک، ئامانجی ئێمە ئازادبوونە و
گواستنەوەی نەتەوەکەیە، لە دەستە و تاقم و حیزب و گرووپەوە بۆ بوون بە نەتەوەیەکی یەک ئامانج.
لە دوای ڕاپەڕینی یەکەمی باشوورەوە، گۆڕانکاریی زۆر مەزن لە سێ دەڤەرەکەی تری نیشتمانی کۆلۆنیکراوی ئێمەدا ڕوویانداوە.
نزیکترینیان شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، دەڤەری ڕۆژھەڵاتی نیشتمانە، کە لە چاوەڕوانی و خۆ ئامادەکردنێکی نوێدایە.
ئێستا قۆناغی ئەوەیە کە:
• لە باشووری کوردستان، بەر لەوەی کە دەسەڵات فریای پێشکەشکردنی شانۆگەرییەکی تری ( ھەڵبژاردن) 
بکەون، ئێمە خۆمان ڕێکخستبێ و بە ھەمان درووشمی ژن ژیان ئازادییەوە، بزووتنەوەکەمان بگوێزینەوە بۆ
قۆناغێکی فراوانتر، کە دوو دەڤەری یەک نیشتمانی بەکۆلۆنی کراو لەیەک کاتدا، دژ بە دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستی ڕادەپەڕن.
مەبەستم لەمە چییە و سوودی چییە؟!
١- بۆ ھەردوو دەسەڵاتەکان، کە یەکێکیان دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستی نەتەوەی سەردەستە و ئەوی تریان دەسەڵاتی   ستەمکاری خۆییە، ئەستەم دەبێت، ھاوکاری یەک بن بۆ لێدانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ڕۆژھەڵات و باشوور.
٢- بۆ یەکەمین جار لە مێژووی بزووتنەوەی کورددا، نەتەوەکە لە دەوری یەک ھزر و یەک جیھانبینی، کە لە جیھاندا
ناسراوە، کۆدەبێتەوە و مەیدانی جوڵانەوەکەی بەجیھانی دەکات، کە سەرەتایەکی زۆر گرنگ دەبێت بۆھاوکارییەکانی 
تری لەوەو دووا کاتێک بزووتنەوەکە بەرەوپێشەوە ھەنگاو دەنێت.
٣- لە دەڤەری باشوور ئەو دەرفەتە زێڕینەشی ھەیە، کە یاسای بنەڕەتی عێراق مۆڵەتی ئەو جۆرە خۆدەربڕینەی بەڕەوا و یاسایی دەناسێنێ و پشتیوانی یاسایی ھەیە، کە ئەمە چاوی ھەموو ھێزە بڕیاردەرەکانی جیھانی لەسەردەبێت.
ئێمە ھەمیشە، بە خواست و چاوبەستەگی و بەھۆی وابەستەیی سەرکردەیەتی ئەو حیزبانەی ڕێبەری بزووتنەوەکەبوون، ڕاپەڕین و سەرھەڵدان و شۆڕشی دەڤەرێکمان، پەکخستووە و لە چاوەڕوانیی ئەوەی جارێ با دەڤەرێک ڕزگار بێت، ئەوسا دەڤەرێکی تر دەست پێ بکا، کە بەھانەی ھەمیشەیی سەرکردەیەتی وابەستەی، ھەردوو دەڤەری باشوور و ڕۆژھەڵات ئەمە بووە، بەڵام ئەزموونی سی و سێ ساڵەی سەرکردەیەتی حیزبی باشووریی، 
ئەم بەھانەقێزەوون و ئەم دێوجامە قەڵبەی، پوچەڵکردەوە و ئەوەتا ئیستا ناچارین کە دژ بە ستەمی  سەرکردەیەتی 
حیزبی داڕزاوی سەدەی پێشوو، خۆمان بۆ ڕاپەڕینی نوێ بە شێوازی نوێ و ئامڕازی نوێ ئامادە بکەین.
ڕاپەڕین لە یەک کاتدا و لە دوو دەڤەری نیشتمانی بە کۆڵۆنیکراوی نەتەوەیەکدا، قورسای بزووتنەوەکە و ڕاکێشانی سەرنجەکان فرە زیاتر و پڕبایەختر دەکات و بنەمای یەکخستنەوە و سڕینەوەی سنوور و تێکەڵبوونەوەی نەتەوەکە دادەڕێژێ، ھەروەھا ئەو نەخشە و حساباتانەی چ دووژمنانی کۆلۆنیالیست، ھێزی ئۆپۆزسیۆنی بە تایبەت ئێرانی و چ نەخشەی دەسەڵاتی ستەمکاری ناو خۆمان کێشاویانە، ھەڵدەوەشێنێتە و تێکی دەدات.
ئێمە بە تەنیا، ھەم لەلایەن دەسەڵاتی ستەمکارەوە( ناوخۆیی، یا کۆلۆنیالیستی نەتەوەی سەردەست) نێچیرێکی ئاسانترین بۆ ڕاوکردن، بۆیە ھەمیشە چ دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستی چ سەرکردەیەتی حیزبی کوردی کە بەزۆری وابەستەی یەکێک لە داگیرکەرە کۆلۆنیالیستەکان بوون، ئەو چاو بەستەگییەیان لە نەتەوەکە کردۆتە حەقیقەت 
و قەناعەتیان پێ ھێناوە با جارێ چاوەڕوان بین بزانین، باکوور، یا باشوور یا خۆر ئاوا بە کوێ دەگات نەتەوەکەش متمانەی بەو سەرکردەییەتیانە دابوو کە ئەوان باشترین بۆنەتەوەکە ھەڵدەبژێرن، بەڵام بینیمان لە باشوور، 
باشترینیان بۆ خۆیان و بنەماڵە ھەڵبژارد و خراپترینیش بۆباشووریان.
لە شۆڕشی ژیناشدا، سەرکردەیەتی حیزبی ڕۆژھەڵاتی کە ھەمان کلتووری حیزبی باشووریان ھەبوو/ ھەیە، بەھەمان ڕێگای ئەواندا ڕۆیشتن و قسەیەکی تریان نەبوو بۆ ڕۆژھەڵاتیان.
دوو دەڤەری یەک نیشتمانی دابەشکراو، کە کۆلۆنی چوار دەوڵەتی ( کۆلۆنیالیستە، بەشی باشووری لە بێ غیرەتی و وابەستەیی سەرکردەیەتی بنەماڵەیی و دەرەکیانەوە نەبایە،  دەیتوانی ناوەندی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی چارەنووس ساز بایە، ئێدی تێپەڕین و بوونە مێژوویەکی زۆر قێزەوون)، لە دەوری یەک ھزری جیھانی ژن ژیان ئازادی، دەتوانن پێکەوە زەمینەسازی ئایندەیەکی گەشاوە بن بۆ نەتەوەکە. باشووریان، دەبێت بۆ ئازادی وسەربەخۆیی    باشوور و پشتیوانی دەڤەرەکانی تر تێکەڵ بە خەبات و تێکۆشانی نەتەوەکە ببنەوە و وەکو ئەوان: ژن ژیان ئازادی، بیر بکەنەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە