ئەو قوڕانەی بۆ کەرکوک گیراونەتەوە!

Friday, 28/04/2023, 15:18

9773 بینراوە


1-  بیرمە لە سەردەمی هەشتاکاندا، ئیمەی کەرکووکی لە سایەی خراپترین و ستەمکارترین جۆری حوکمدا دەژیاین، بەڵام زۆر لە ئێستا سەربەرزتر و بێمنەتتر بووین لە ڕوو بە ڕوو بوونەوە و وەستانەوە و هەستانەوە بە ڕووی ستەمکاردا. بۆ نموونە ناخۆشترین ڕۆژ بۆ دامودەزگاکانی کەرکووک ئێوارەی نەورۆز‌بوو. بە تایەشڕەی یەک ساڵ کۆکراوە، لە هەموو گەڕەکەکاندا، لە یەک کاتدا، دووکەڵی ڕەشی ئەکرا بە گژ ڕژێمدا. حکومەتی بەعس، لە ماوەی چەندین دەیەی حکومڕانیدا و بەو هەموو پڕۆسەی تەعزیب و تەبعیس و تەرحیل و گرتن و ڕاوەدوونان هێشتا نەیدەتوانی زمان و کولتور و بیروباوەڕمان لێ زەوت بکات. ئەو هەستە پڕ شکۆ و جوامێرانەی کەرکووکییەکان هەموو پەرت و لاواز و سست بوون لە سایەی ١٠ ساڵی حوکمڕانی کوردی لەو شارەدا. ئەوەی بەعس بە ئاگر و ئاسن پێی نەکرا، دەسەڵاتی کوردی بە سیاسەتی چەوت بە کوردی کەرکوکی کرد. ئەمە یەکێک بوو لەو قوڕانە بۆ سەری کەرکوکییەکان گیرانەوە.
2- سروشتی جەماەری شاری کەرکووک وابوو کە زۆرینەی هەرە زۆریان جەماوەری یەکێتی بوون. لە شانسی کەرکوکییەکانیشدا، یەکێتی لە هێزێکی کاریگەری بڕیاردەری بە هێزی هەرێم، وردە وردە بوو بە هێزێکی بێ دەسەڵاتی بێ ئیرادەی پەرتەوازەی هەرێم. بەم جۆرە کەرکوکییەکان کەوتنە نێوان خاوەنی بێ هێزی یەکێتی و کێبڕکێکەری بەهێزی پارتی. تا ئەمڕۆشی لە سەربێت کەرکووک، باجی کێبڕکێی ئەم دوو حزبە دەدات. جا بریا دابەشکاری جەماوەریی کەرکوک هەر لە سەرەتاوە پەنجا بە پەنجا ڕێکەوتایە، تا لە جێی یەک خاوەنی لاواز، دوو خاوەنی دڵسۆزی ببووایە. ئەمەش بۆ خۆی قوڕی دووەمە کە بۆ کەرکووکییەکان گیراوەتەوە.
3- نەتەوەی ستەملێکراوی دووەمی کەرکوک ترکمانەکانن. تورکمانەکان بە پێی ژمارەی خۆیان، بێبەش نەبوون لە ستەم لێکردن لە لایەن بەعسەوە. ئەگەر کورد لە کەرکوک هێزی مانەوەی لە چیاکانی کوردستانەوە وەردەگرت، ئەوا ترکمانەکان هیچ فاکتەرێکی مانەوەیان نەبوو، جگە له تەسلیم بوون و زۆرێکیشیان لە پڕۆسەی ڕاستکردنەوەی نەتەوەییدا (تصحیح القومیة)دا، بە ناچاری بوون بە عەرەب. ئەوەی سەیرە لە لام، هەڵوێستی زۆربەی ترکمانەکانە لە کەرکووک. ترکمانەکان بە تایبەتی بەرەی ترکمانی و سیاسیەکانیان، لە جیاتی ئەوەی بچنە بەرەیەکەوە لە گەڵ هاوبەشە جوگرافی و مێژوویی و ستەملێکراوە کوردەکان و مادەی ١٤٠ و کوردستانی بوونی کەرکوک پەسەند بکەن. بەمەش دەبن بە دووەم گەورە نەتەوە لە کوردستان و لە کەرکوک. دەبن بە خاوەنی پۆستی سیادی و بەرکەوتەی نەتەوەیی و مافی زۆر زیاتر لەوەی کە لە بە عێراقی بوونی کەرکوک دەستییان دەکەوێت. کە خۆی لە یەک دوو کورسی پارلەمان و یەک دوو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا و چەند بەڕێوەبەرێک دەبینێتەوە. ئەمە نە بیرکردنەوەیەکی عاقڵانەیە و نە لۆژیکییشە. ئەمە هەم وابەستەگییەکی سۆزدارییە بە پیلانی تورک و قوڕێکی تریشە بۆ کەرکوکییەکان گیراوەتەوە.
4-  ئەوەی کە پێشبینی ئەکرێ لە جەماوەری ئەمڕۆی کەرکوک ئەوەیە کە، دەنگە کوردییەکەی کەرکوکی جاران هەمیشە لە ١٢ کورسییەکەی پارلەمانی عێراق ٦ کورسی مسۆکەر ئەکرد و هەمیشە هەر شەشی بۆ یەکێتی ئەچوون. ئەمڕۆ هاوکێشەکە بەجۆرێکی لێهاتووە کە، ڕەنگە یەکێتی ئەو قورساییەی جارانی نەبێت و پارتیش بڕێک لەو کورسییانەی، بە سۆزی ڕیفراندۆم و تۆمەتی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بەربکەوێ. نەوەی نوێش بۆخۆی بووە بە ژمارە و ئیسلامییەکان و گۆڕانیش کەم تا زۆر، بەرکەوتەیان لە دەنگی ئەو  جەماوەرە دەبێت. بەڵام ئەوەی لە وتەی بەرپرسان و ڕاگەیاندنی ئەو حزبانە تێدەگەین ئەوەیە، کە پارتی و نەوەی نوێ، بڕانوویانەتەوە کە سەربەخۆ کار بۆ خۆیان دەکەن بە جیا. یەکێتیش ئەگەر بە بەخت بێت ئەتوانێ، ئەوانی دیکە لە بەرەیەکدا کۆبکاتەوە. بەم جۆرە کەرکوک لە باشترین دۆخدا، بڕێک  لەو دەنگدانەی پێشوو لە دەست دەدات. ئەگەر سەرجەم ئەم حزبانە نەچنە یەک بەرەی یەکگرتووەوە لە هەر هەڵبژاردنێکدا. ئەمەش بە کەمتر لە خیانەت لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان لە قەڵەم نادرێ، ئەگەر بزانین چ گۆڕانکارییەکی دیموگرافی و یاریکردن لە نفوسی دەنگدەر، لە سەردەمی ڕاکان جبوریدا کراوە. ئەمەش بۆ خۆی قوڕێکی دیکەیە و بۆ کورد لە کەرکوک گیراوەتەوە.
5- بریا کەرکووک هیچ سامانێکی سروشتی لە ژێر خاکەکەی نەبووایە، تا بۆ عەرەب و دەسەڵاتی مەرکەزی و وڵاتانی زلهێز و ئەقلیمیش ئەوەندە مەبەست نەبووایە. بریا هەرێمیش نە دەستی بۆ نەوت ئەبردو نە ئەم هەموو ناکۆکییەی لە گەڵ ناوەنددا دروست ئەکرد. بریا پارتی و بارزانی بیرۆکەی ڕیفراندۆمیان هەرگیز لەو کاتەدا بە خەیاڵدا نەدەهات و وەکو کردیشیان کەرکوکیان لەو پڕۆسەیە ئەبوارد. بریا تواناکانی کوردیش لە بەغداد لە جێی ئەوەی بخرێتە خزمەتی پۆست و بەشە بودجە و مەلەفی نەوت و ئیمتیازاتی حزبی، بخرایەتە خزمەتی داکۆکی کردن لە خاک و مادەی ١٤٠. لە ٢٠٠٣ ەوە تا ئەمڕۆ، بۆ ڕۆژێکیش ناوچە دابڕێنراوەکان نەبووەتە ستراتیژ لە لای عەقڵی خێڵەکی و مشەخۆری سەرکردایەتی کورد، ئەمەش بۆ خۆی قوڕێکی دیکەیە کە بۆ ئەو ناوچانە گیراوەتەوە.
ئەمڕۆ کاتێک تەماشای عەقڵییەتی سەرۆک و سەرکردایەتی کورد ئەکەی، کە لە عەقڵییەت و بیرکردنەوە سەردەمی شاخ و براکوژی ئەچێت، ئەمە نەک دڵخۆشت ناکەن بەوەی بتوانن لە بەر خاتری ناوچە دابڕێنراوەکان جیاوازییەکانیان وەلا بنێن، بگرە بۆ خۆیان قوڕێکی دیکەی خەستن بۆ سەری کەرکوکییەکان. 
عەرەب دەڵێن (زاد الطین بلة و المریض علة)
واتا قوڕەکەیان خەستتر کردۆتەوە و نەخۆشەکەش نەخۆشتر. کەواتا ئەوە دەسەڵاتی کوردییە، قوڕەکەی خەستتر کردۆتەوە بۆ کەرکوکییەکان و نەخۆشەکەش کە کەرکوکە لە جیاتی ئەوەی چارەسەری بکەن نەخۆشتریان خستووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە