پرانسیپی یەکەمینی سەربەخۆیخوازیی، بڕوا بوونە بە " ئازادی"

Sunday, 07/05/2023, 18:16

3286 بینراوە


لە ڕۆژان و ھەفتە و مانگەکانی ڕاپەڕین و شۆڕشی ژینادا لە دەڤەری ڕۆژھەڵاتی کوردستانی کۆلۆنیکراودا، بزووتنەوەکە ھێدی ھێدی سەبارەت بە خۆیی و نەتەوەی کۆڵۆنیالیست و نوێنەرەکەی کە حوکومەتی پەت وسێدارەیە، مەرامی تێکۆشان و پەیامی خەباتەکەی زوڵاڵ و ڕوون دەربڕی و ھێڵەکانی خۆی دیاری کرد.
سەبارەت بە خۆی ڕوون و ئاشکرا، ھێڵە سوورە نەتەوەییەکانی دەستنیشان کرد و وەک پێوانەیەک بەکاری ھێنا بۆھەڵسەنگاندنی کۆڕ و کۆبوونەوە و ھاوپەیمانێتی حیزبە کلاسیکییەکانی لەگەڵ بەرەکانی بە ناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ئەورووپانشیندا و سەرەنجام، ڕێگای حیزبەکان لە ڕێگای بزووتنەوە نەتەوەییەکە جودا بۆوە و لەسەردووڕیانی دەسەڵات - مافی دیاری کردنی چارەنووسدا، ھەر کەس لەسەر مەرامەکانی خۆیان بەردەوام بوون. ئەمە خۆی سەرەتایەکی باش بوو کە بزووتنەوەی نەتەوەکەی تا ڕادەیەک لە سەرگەردانی پاراست.
ڕۆشنبیران و دڵسۆزانی کوردستانیی دەڤەری ڕۆژھەڵات، بە پێچەوانەی ئەوانەی باشوورەوە، ھەر زوو بەشیکردنەوەی ماقووڵ، ئەرگومێنتی لۆژیکی، نموونە وەرگرتن لە خەبات و ڕووداوگەلی جیھانی، بە ڕەخنە وشیکارییەکانیان، ڕێگەیان لە حیزبە کلاسیکییەکان گرت، کە خۆیان وەک نوێنەری نەتەوەکە پێناسە بکەن. 
من ھەمیشە و بەر لە شۆڕشی ژینا بە چەند مانگ، باسم لە مەترسییەکانی سەر ڕێگای خەباتی نەتەوەیی ڕۆژھەڵات  کرد، بڕواننە وتاری ( ئەم فاکت)انە https://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=89761&authorid=13913 ، ئێمە بەپێی ئەزموونی درێژخایانی بە ئازارمان لەگەڵ سەرکردەیەتی حیزبی کوردیدا، دەبێ وشیاریی و ژیریمان ھەمیشە ڕووی لە سەرکردەیەتی حیزبی کوردی بێت. داغدار و بریندار و ئەنگاوتەی ئەو ڕووداوە پڕ لە کەسەرانەین کە سیاسەتی مەیمونبازیی سەرکردەیەتی حیزب بوونەھۆ و زەمینەسازیان، بۆیە ھێندە لەسەر ھەستین و ناچارین چاودێر بین و پێویست بکات، دەبێ ڕەقیبی سەرکردەیەتی حیزبی کوردیی بین، تا بۆ دەیان جار دەستمان بە زاخدا نەکەنەوە !!.
وەک لە سەرەوە باسم کرد، ئێدی دوژمنی دەرەوەی خۆمان، پێویستی بە ناسین نییە و ئەوانی تر ئاشکران ومەرامیان ڕوونە و نەتەوەکە دەیان ناسێت و لە پێناسەکردنیان بۆتەوە، ڕۆژانە ئاوێزانی سیاسەتی جینۆسایدیی کلتووری، پەلاماری لەشکری و چالاکی سیخوڕخانەکانی ئەوانین.
بەڵام خۆییەکان، کە ئەوانەی باشووریان، ئێدی پێناسە و شیکردنەوەیان ناوێت و ئەو بەشە لە نەتەوەکە لێیان وەتەنگھاتووە و قێزەوون و ناشرین و مافیا ڕەفتار و گەندەڵ خەسڵەت و تا سەر ئیسقان خیانەتمەند و ستەمکار وڕوخێنەر و دژ بە مەرام و خواستی ئازادبوونی گەلی باشوورن،  دەروەستی ماف و خەم و کڵۆڵییەکانی گەلەکەمان نین و حسابیان لە دادگای گەلدا دەبێت و لە وێدا، بە بەڵگەوە مافی خۆیان پێدەرێتەوە و مافی خەڵکیان لێدەستێنرێتەوە.
ھەروەک چۆن چەندین جار ھاوار و داد و ڕوونکردنەوەمان داوە و ئەو بەشە لە نەتەوەکەمان لە دەڤەری ڕۆژھەڵات، ئاگادارکردۆتەوە کە نەکەونە داوی دروشمی بە باقوبریقی سەرکردەیەتی باشوورە و بزووتنەوەی ئازادیخوازیی وسەربخۆیخوازیی خۆیان بە کلتووری سەرکردەیەتی حیزبی باشوورەوە گرێنەدەن و چارەنووسی بزووتنەوەکە بەوان نەسپێرن، نە بۆ چارەسەری گرفتێکی بچووک و نە گەورەیەک، ئەوان نەکەنە ڕۆگە و ڕینما و ڕێ نیشاندەر، ئەگەر تەنانەت بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی گۆڤارێکیش بووبێت!!.
بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەی خۆتان لەگەڵ بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەی ئەو بەشە لە دەڤەری باشوور گرێ بدەن، ئەو گرێدانەی کە ھەمیشە سەرکردەیەتی حیزبی باشووریی لێی تۆقیوە و ھەوڵی داوە، ناکۆکی و ناتەبایی لەنێوانیاندا دروست بکات. 
ئەوانەی پاشگری عێراقی بوون و ئێرانی بوونیان، بەست بە بزووتنەوە ئازادیخوازەییەکانی دەڤەری باشوور وڕۆژھەڵاتەوە، ئەوە سەرکردەیەتی ئەو حیزبانەی باشوور بوون.
ئەوانەی بزووتنەوەکەی ئێوەیان لەتکرد و سەرکردەیەتی حیزبەکانی ئێوەیان سست و بێدەربەست کرد  سەبارەت بە خوێنی ڕۆڵەکانی کورد لە باشوور و ڕۆژھەڵاتدا، ئەوە سەرکردەیەتی حیزبی باشووریی وڕۆژھەڵاتی بوون.
ئەوانەی ستەمیان لە گەلی باشوور کرد و ڕەنجی بە خوێن ئاودراوی ئەو بەشەیان لە باشوور بێوەر کرد، ئەوە سەرکردەیەتی حیزبی باشوور بوون!!.
ئێوە، سەربەخۆییخوازانی دەڤەری ڕۆژھەڵات، کوردستانی بوونتان و دڵسۆزیتان بۆ نەتەوەکە، ڕێگەتان پێنادات  وەک سەرکردیەتی حیزبە کلاسیکییەکانتان، چاو لە ستەمی سی و دوو ساڵەیی فەرمانڕانانی خێڵ- حیزبی باشوور و کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی ستەم و گەندەڵی و خیانەتی نەتەوەیی سەرکردەیەتی حیزبی باشووریی، بپۆشن و خۆتانی لێ نەبان بکەن، ھێزی ئێوە و ھێزی نەتەوەکە لەو ئیرادە ئازادیخوازییەدایە، کەوا لە ھەناوی ئەو دووبەشە لە نەتەوەکەدا، کە لە ڕۆھەڵات و باشووردان، نەک لە سیاسەتی مەیموونبازیی سەرکردەیەتی خێڵ- حیزبەکانی باشووردا.
غافڵ بن، شانبەشانی دوژمنانی دێرینەی کورد، سەرکردەیەتی حیزبی باشووریی، بزووتنەوەکەتان، چەواشە وپووچ دەکەنەوە و لە بزووتنەوەیەکی کوردستانییەوە، دەیکەنە پاشکۆی خۆییان و گرفتاری کێشەی پووچی واتان دەکەن کە ھەزاران گرێکوێرەی بێ ناوەرۆک و دوور لە مەسەلە کوردستانییەکەتان دێننە سەر ڕێگای تێکۆشانە بێگەردەکەتان. ئەزموونەکان نابێت دەبارە بکرێنەوە.
ئەگەر مەسەلەکە چارەنووسی نەتەوەی کوردە، ئەم پرانسیپە ڕێگەتان پێنادات، کە لە ژێر ھیچ ناو و ناونیشانێکدا، ئەو بەشە لە نەتەوەکە، دابەش بکەن بە گروپ و دەستەی بچووکەوە!!.
مەگەر خێڵ- حیزبی باشووریی و ڕۆژھەڵاتی، تا ئێستا سەرگەرمی ئەم یارییە قێزوونە مەترسیدارە نەبوون/ ھەن؟!!. 
ئەگەر ئایدیاڵەکە، فەرمانڕانیی مەلاییەکە و جەلالییەکەی باشوورە لە ماوەی سی و دوو ساڵی دەسەڵاتیاندا، ئەوە لە ئێستاوە دەبێت ئەو بەشە لەنەتەوەکەمان لە ڕۆژھەڵاتدا خۆی بۆ شۆڕشێکی تر ئامادە بکات.
ئێمە لە باشووردا، چاوەڕوانی پێکەوە گرێدانی ئەو ھەوڵ و تێکۆشانەین لە نێوان دەڤەری باشوور و ڕۆژھەڵاتدا، ئێوە بە شیکارە کوردستانییە قووڵەکانی خۆتان، دەتوانن ھاوکار و ڕێنمانی بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەی باشووریان بن و دەبێ ڕووتان لە گەلی باشوور و پشتان لە کلتووری سەرکردەیەتی حیزبی باشووریی بێت، دەبێ وابن / وا بکەن.
ئێمە ( خەڵکانی دڵسۆزی کوردستانی) لە ھەموو نالەباری سیاسی، ئابووری و ستەمە چەندفاقییەکانی نەتەوەی سەردەست و نوێنەرایەتییەکەی کە ئاخوندە فەرمانڕانەکانن، تێدەگەین، بەڵام بە پێی ئەزموونی حەفتاساڵەمان، لەو بڕوایەداین کە سەرکردەیەتی خێڵ- حیزبی باشووریی و ڕۆژھەڵاتی، ئەڵقە ھەرەلاوازەکەی ئاسایشی نەتەوەیی ئێمەن و کلتووری سەرکردەیەتی ئەو خێڵ- حیزبانە مەترسی جددین بۆ سەرئاسایشی نەتەوەیمان. بۆیە دەبێت وشیار و لەسەر ھەست بین لە ڕەفتار و سیاسەت و ھاوپەیمانییەکانیان.
چەند داواکاری و پێشنیاز: 
١-  کچان و کوڕانتان مەنێرن بۆ باشوور، تا لە دەزگا مێدیاکانی دەسەڵاتدا، کار بکەن.
٢-  ھەوڵ بدەن بۆ باشترکردنی باری ئابووری هەردوو دەڤەرەکە، کۆمیتەی کڕین و فرۆشتن و مامەڵەی بازرگانی لە ھەردوودەڤەرەکە، پێک بێنن و مامەڵەکان بە بەرھەمکانی جووتیار و پیشەگەری کوردستانەوە بکەن، لە کوردەوە بۆ کورد.
٣-  ئاگادار و وشیار بن، چالاکوان و ھەڵسوڕاوە سیاسییەکانتان لە سەرکردەیەتی حیزب و کلتووری سەرکردەیەتی حیزبی باشووری نزیک نەکەونەوە و تەفرەی دروشمی کوردایەتی ساختەی ئەوان نەخۆن، چەند وشیار و لەسەرھەستن بەرانبەر بە سەرکردەیەتی خێڵ- حیزبە کلاسیکییەکانتان، زۆر لەوە زیاتر وشیار و لەسەر ھەست بن بەرانبەر بە ڕێبەرانی بزووتنەوە کوردستانییەکەتان.
مەگەر ئەوەی لە گۆنگرەی دەستەیەکدا، بڕیاری لەسەر دەدرێت، پسوڵەی  لێخۆشبوونە بەڕابەری ئەو دەستەیە، کە چ پەیوەندییەکی مەرام بوو جێبەجێی بکات؟! نەتەوەکە لە ھەمووکەس، تاقمی کۆن و نوێ، سەرکردە و ئەندام و بنکردەی ھەموو دەستە و تاقمێک مەزنترە و مەسەلەکەی لەھەموومەسەلەیەک گرنگترە و ھەموو کوردێک کەسایەتی خۆی لە ناو نەتەوەکەدا، مانا پێدەبەخشێ و مەزن دەبێت.
تێکۆشانی کوردستانیی ھەموو ئازادیخوازێکی کورد، شایان و پیرۆزە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە