کانی ماسی

Wednesday, 10/05/2023, 17:03

2741 بینراوە


(کاتی خۆی لە مەرگی "گۆران"ی مەزنا ، کاژیکەکان جگە لە هەڕەشە خەڵکیان هاندا بوو کە کەس لەگەڵ تەرەمەکەیا  نەچێ  بۆ بە خاک سپاردنی چونکە ئەو "شیوعی"بوو.........)


شەستەکانی سەدەی ڕابردوو شاری سلێمانی لە دۆخێکی یەکجار جەنجاڵ و بێ سەر و بێ بەری بوو ، هەر وەک "شیکاگۆ" ئاخن بوو لە باند و گروپی شەقاوە و پیاو کوژ ،خۆیان لە شارا حاکم بوون و سەیریش لەوایە سەرۆک باندەکان بە ناوی دایکیانەوە بوون:ئامە ، حەلاو..ئامە درێژ ... جگە لەوەی لەناو خۆیانا بەر بوو بوونە یەکتر وەکو مڵۆزمێکیش بەر بوو بوونە گیانی خەڵکی شارەکە ، سەرانە..کوشتن..ڕفانن، و تاوانی زۆری تریش ، بەڵام هیچ جەماعەتێکی دژ بە خەڵک وەک ئەوەی"کانی ماسی" نەبوو ، ئەوانەی خۆیان بە "نەتەوەیی"!! ئەزانی و باک گراوندێکی"کاژیکانە"یان هەبوو ئەوێیان کردبوو بە بارەگای خۆیان ، دیارە و بە یەقینەوە "پارتی" ئاگای لێ بوە گومانیش نیە کە هاوکاری کرد بوون بەڵام بۆ ئەوەی خۆی دوور بگرێ لەو تاوانانەی ئەکرا  بێ دەنگی هەڵبژارد بوو بە تایبەتی زۆربەی زۆری قوربانییەکانی 'کانی ماسی' شیوعییەکان بوون ، کە ئەمە بۆ پارتی وەک حەڵوای جەژن بوو !! 
دوای کودەتای 1963/ی بەعس و ئاوارە بوونی شیوعییەکان ، پیاو کوژەکانی کانی ماسی بە هەلییان زانی بۆ لەناو بردنیان و زۆر وەحشییانە کەوتنە تەسفیە کردنیان گوایە ئەمان کاژیک و نەتەوەیی خاکی پیرۆزی کوردستان !! لەو شیوعیە ناپاکانە پاک ئەکەنەوە..
باوکم کە لەگەڵ کودەتاکەی بەعسا بە سودفە لە حوکمی ئیعدام دەرباز بوو( خۆی بە ووردی لە بیرەوەرییەکانیا باسی لێوە کردوە ) ، خۆی گەیانبۆوە کوردستان ، بەڵام ڕوو بە ڕووی مەترسییەکی تر بۆوە کە "پارتی" بوو ، گرتیان و لە گوندی"تیمار"ی قەرەداغ دەست بەسەر کرا کە ئەو کاتە کۆچ کردوو"حەمە ڕەحیم/ خاڵە حاجی" بەرپرسی ناوچەی پارتی بوو لەوێ ، هاوینی هەر هەمان ساڵ باوکم ناردی بە شوێنمانا کە سەردانی بکەین، ئێمەش من و دایکم و شەرمینی خوشکم بۆ چەن ڕۆژێ لەوێ بووین ،دیارە بە کانی ماسیا ڕۆشتین ، بۆ گەڕانەوەش هەمان ڕێگا ، باوکیشم وا هات لە گەڵمانا کە لەوێ بگەڕێتەوە کۆشکەکەی !!تیمار..بە گەیشتنمان بۆ کانی ماسی پیاوێک بەرەو ڕوومان هات کە وەک بڵێ ی چاوەڕوانی کردبین کە دوا تر زانیمان ئەوە"عوسەی ئامە" بوو، کە ئێمە باوکمان جێ هێشت و بەرەو شار کەوتینە ڕێ ،چاومان لێ بوو عوسەی ئامە باوکمی بردبۆوە لای کانییەکە و قسەی بۆ ئەکرد"لە خوار کانییەکە شیوێک بوو کە تەرمی دەیان  شیوعی و غەیرە شیوعی لێ بوو کە بە دادگای کوردایەتی گوللە باران کرا بوون" ..ساڵ هات و ساڵ ڕۆشت ، باوکم خۆی بۆ شەرمینی خوشکمی گێڕابۆوە کە قارەمانی کوردایەتی و ناظم گزاری کانی ماسی  پێ ی ووتبو: من ئەمری کوشتنی تۆم پێیە  و ئەبێ بتکوژم ، بەڵام ناتکوژم ..لە ترسیشا نیە ، زۆرم لێ کوشتوون..ڕێگەت پێ ئەیەم بگەڕێیتەوە بۆ تیمار...
ئەم بەسەر هاتە لەبەر یەک هۆ گرنگە کە باس بکرێ ئەویش ئەوەیە کە "کانی ماسی"یەکەی "گەڵاڵە"ی کاژیکەکان هەموو بیر و بۆچوونی خۆیان تەنها لەسەر لەناو بردنی شیوعییەکان بونیاد نابوو جگە لە دروشمە هەزەلییەکانیان : بەڕوو خۆشترە لە خورما..ئێمە کوردین کوردمان ئەوێ عەرەب " ...ز"ە ونامانەوێ .. جامانە لە عەگال فێنک ترە...هتد..سوێندیشیان بە کورد و کوردستان بوو، پێشیان وابوو بۆ لەناو بردنی شیوعییەکان ئاساییە لەگەڵ" دراکۆلا" هاوکار بن..! لەم فەلسەفە بێ بەرییە لە فەلسەفە ، تێ ئەگەین کە "کانی ماسی" بوو بووبە" قوتابخانەی کوردایەتی" و لە هەمان کاتا "قەسابخانە"یەک بوو بۆ خەڵکی شیوعی و نیشتمان پەروەر و دیاری سیاسەت و شارەکە..
هەڵگرتنی بیری نەتەوایەتی مافێکی سەرەتایی هەر کەسێکە ، بەڵام بە فیکر و ئایدیا و مەنتیقەوە ، نەک بە میزاجی سەرخواردنەوە و کلکایەتی حیزبی تر و بوون بە جەللاد ، هەر بۆیە پاشماوەی کانی ماسی و قوتابخانەی کاژیک دوای دەیان ساڵ، خۆیان گیڤ کردەوە و لە دوای ئاش بەتاڵ بە دە پانزە کوڕی گەڕەکەوە چوونە شاخ بۆ ڕزگار کردنی هەر هەموو پارچەکانی کوردستان کە لای ئەوان لە پێنج شەش پارچە و سەرەمقەست زیاترە ، بە داخەوە گەرمای هاوینی شارباژێڕ کردنی بە دوو بەشەوە و کورد لە خەوی پێک هێنانی دەوڵەتی سەر بەخۆی خۆی بێ بەش بوو..ئەو خەوە چوە مێژووی قوتابخانەیەک و قەسابخانەیەک بە  ناوی کانی ماسی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە