زمانی دایک وەک مافێکی بنەڕەتی(بوون)ی منداڵ.

Thursday, 18/05/2023, 23:49


زمانی دایک یەکێک لە مافە بنەڕەتییەکانی هەر منداڵێکە، هیچ هێزێک و دەسەڵات و بنەماڵەیەک ناتوانن ئەم مافە بنەڕەتییە لە منداڵ بستێننەوە، بەوەی کە زمانێکی تری بەسەردا بسەپێنن، یان پێشنیازی زمانێکی تری بۆ بکەن.
زمانی دایک، تەنیا ئامڕازێکی پەیوەندی کردن نییە، کە کەسانێک بەلایانەوە ئاسان بێت، یا پێیان باشتر بێت، منداڵەکەیان بەم زمانە یا ئەو زمانە ( فێر) بێت. 
زمانی دایک بنەڕەتی دامەزراندنی کەسایەتی ئایندەی منداڵێکە، چوونکە ئێمە زمانی دایکمان تەنیا بۆ پەیوەندی کردن بەکار ناهێنین، بەڵکو لەناو زمانی دایکدا، کەسایەتی کۆمەڵایەتی، سەلیقە و چێژ، جیهانبینی و مرۆڤ بینی و ڕوانینی سیاسی و ئاینی و فەلسەفیمان دەخەمڵێت و بنیات دەنێین و سازگارترین ژینگەیە کە دەتوانین بە وردترین و باشترین شێوە خۆمان دەرببڕین.
هەموو منداڵیک کە بە زمانی دایکی، خۆی دەردەبڕێت، هەست دەکات ئامڕازێکی سروشتی زۆر بەهێزی پێیە کە بەهۆیەوە دەتوانێ بدوێ و سەرنجەکان بۆ مەبەستەکەی ڕابکێشێ و بۆ ماوەیەک ببێتە تەنیا قسەکەری بێدەنگی ئەوانی تر.
دەتوانم بڵێم، زمانی دایک، ئامڕازی خۆ ڕوونکردنەوەیە سەبارەت بەو ڕوانینانەی سەرەوە کە باسم کردن، هەم ئامرازی هێرشکردن و هەم ئامڕازی بەرگریکردن و نامڕازی دەربڕین و لەگەڵدا بوون و سەرپێچی و یاخیبوون و هەڵمەتبردن ولەهەمان کاتدا خۆشویستن و نەفرەت و عیشقیشە.
لەناو زمانی دایکدا شانازییەکی سروشتی هەیە کە هەموو مرۆڤێک لە قۆناغێکی ژیانیدا هەست بەم شانازییە دەکات و پێی دەگێڕێتەوە، ئەگەر ئایدۆلۆژیا، ئاین، بیرکردنەوەی باوان، پەروەردەی سەقەت، ڕەگەزپەرستی و کۆلۆنیالیزم و داگیرکردن، سروشتە خودادادییەکی منداڵی نە شیواندبێ!!.
ئەم زمانە سروشتییە کە ئاکام و بەرهەمی پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆزی خوڵقاندنی( بوونەوەر) ێکە، بنەڕەتی ئەو هەموو کارانایە کە بەدرێژایی ژیانی کەسێک دیتە کردن و ئەنجامدان، کە لە کۆتایدا کۆبوونەوەی خەڵکانێک کە بەم زمانە قسە دەکەن، دەێیتە سەکۆی دەربڕینی ئاوات و خواستی گەلێک و نەتەوەیەک، بۆیە دەسکاریکردنی ئەم زمانە سروشتییە، لەلایەن باوان، دەسەڵات، نووسەر، هونەرکار یا هەر دامودەزگایەکی کلتوورییەوە، دەسکاری کردنی ئایندەی نەتەوەیەک و گەلێک و مرۆڤێکە و دەبێت لیپرسینەوەی یاسایی لێ بکرێت، کە هێشتا مرۆڤ بەو ئاستە لە وشیاری نەگەیشتووە، کە بەهەموو توانایەوە پاریزگاری لەم ئامڕازە سروشتییە گرنگەی مرۆڤ بوون بکات، بە شێواندنی، پەروەردە، کۆمەڵ، بیرکردنەوەی منداڵ و لە کۆتایدا ڕەفتاری مرۆیی کەسەکەش دەگۆڕێت.
دەنگ لە زماندا بنەڕەتی ترە لە نووسین، نووسین و شێوەی پیتەکان قۆناغێکی زۆر لە دواتری دەنگەکانن، بەرلەوەی نووسین بووبێت، زمانی دایک بوونی هەبووە، کە واتە زمان زۆر زۆر کۆنترە لە نووسین، زمانی دایک ئەسڵە و سەپاندنی زمانێک و کلتوورێک و بەراووردکردن و باشتربوونی زمانێک و لەبانتربوونی زمانێک لە زمانێکی تر، گەڕانەوەی هۆش و ژیریی کەسانێک و ڕژێمێک و دەسەڵاتێکە، کە چوونتە جەنگی پاڵەوانێکەوە کە هیچ هێزێک ناتوانێ خۆی لە قەرەی بدات،. هێز و توانای دارایی و باقوبریقی دنیای شێواوی دەسەڵاتەکان، دەتوانن، پێشکەوتن و هێزی لە بن نەهاتووی زمانێک سست بکەن و لەبەر چاوانی بشارنەوە، بەڵام ناتوانن بیسڕنەوە و کۆتایی پێ بهێنن، مەگەر زمانی گۆشتینی هەموو ئەو مرۆڤانەی بەو زمانە دەدوێنن لە بندا ببڕن، کە لەلایەکی ترەوە و لەلای کەسێکی تری سەر بەو زمانە لە قۆناغێکی تری ژیاندا، بەهێزتر و تۆکمەتر و سازگارتر سەر هەڵدەداتەوە و دەبێتەوە بە خووڕەی چەمێک و ڕێڕەوی روبارێک و شەپۆلی زەریایەک. ئەم دیاردەیە سەبارەت بە زمانی دایکی کوردی زۆر لەبەرچاوە.
- بەم پێیە زمانی کوردی زمانی ئازادیی و ژیانەوەی مرۆڤە و زمانی داگیرکەرانی نەتەوەی کورد، زمانی وێرانکردن و یەخسییریی مرۆڤ و دژە ئازادیی و ژیانەوەیە.  
دەسەڵاتە کۆلۆنیالیستی و داگیرکەر و فاشییەکان لە هێزی سروشتی و توانای دروستکردن و ڕووخاندنی زمانی دایک تێگەیشتوون و زۆر لێی دەترسن، بۆیە هەموو توانا ئابووری، سەربازی و کلتوورییە درۆزنەکانی خۆیان بۆ لەناوبردنی زمانی دایکی نەتەوەیەک تەرخان دەکەن و هاوار دەکەن: زمانەکەی تۆ دەبێتە هۆی لەرزاندنی دەوڵەتەکەی من، هەروەک کەسێکی خەڵەفاوی ئیسلامگەریی فاشی وەک ئۆردوگان، یەک بەخۆی قیڕانی و شێتگیری کرد. 
کە لە وەڵامدا بیستییەوە:" تۆ دەوڵەتەکەی خۆت لەسەر خاک و زمانەکەی من بنیات ناوە بۆیە دەلەرزێت". هەر وەک لە نووسەرێکی ئازادیخوازیی شۆڕشڤانی کوردی بیستەوە کە ( شەهید ئاپێ موسا عەنتەر) بوو.
وەک هەمیشە دەمەوێت بە نموونەیەکی زیندوو لە باشووری کوردستان، سەرنجتان بۆ شێواوییەک ڕابکێشم: مامۆستا دڵشاد عەبدولڕەحمان، کە سەردەمانێک وەزیری پەروەردەی حووکومەتی هەرێمی باشوور بووە، لە گفتۆگۆیەکدا لە کلاپ هاوسی کاک ڕەحمان جەوانمەردی، باسی زۆر مەسەلەی کرد لە ناویاندا زمان، زۆر سادە و بێدەربەست باسی لەوە کرد کە کوڕەکەی خۆی خسۆتە قوتابخانەیەکی تورکی زمان، کە فەتحوڵلا گویلەن، بۆ پەرەپێدانی فکری ئیسلامی پانتورکیزم، وەک قارچک، هەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە تا زانکۆ، لە باشووردا، هەڵی دەتۆقاندن، ئارگومێتی ئەم( وەزیری خویندن و پەروەردەیەی حکوومەتی باشووری نەتەوەیەکی داگیرکراو) ئەوەبوو کە ئەو ئایندەیەکی باشتری بۆ منداڵەکەی ویستووە!!.
لێدوان لەم ئارگوومێنتەی ئەم وەزیرە، بۆ خوێنەران بەجێدێڵم و هیوادارم، بە جددی بیری لێ بکەنەوە. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە