3. هاوپەیمانی رەنج و ئازادیش 66 کورسی: پارتی چەپی سەوز-یەسەپە، پارتی چەپ و پارتی کرێکارانی تورکیا بەڕێژەیی 10.5%.
هەدەپە یان پارتی چەپی سەوز، لە دژی سیاسەتەکانی ئەردۆغان و بۆ خستنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دا دەنگیان دا بە کەمال کڵچدار ئۆغڵۆ. کەمال کڵچدار یەکێک لە دروشمەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەوە بوو کە سیستمی سەرۆکایەتی دەگۆڕێتەوە بۆ پەڕلەمانی و کێشەی کوردیش دەباتە پەڕلەمان. بەڵام لە ئەگەری سەرکەوتنی دا لە سەرۆکایەتی ئەوە هاوپەیمانییەتیەکەی نەدەبوو بە زۆرینەی پەڕلەمان تاکو کار لە سەر جێبەجێکردنی دروشمەکانی بکات، چونکە هاوپەیمانی جمهور دەبوونە بەربەستی گەورە لە بەردەم پڕۆژەکانی دا، ئەمە جگە لەوەی تەواوی پەڕلەمانی تورکیا و خودی هاوپەیمانی میللەتیش پڕیەتی لە خەڵکانی ئیسلامی و کەمالیستی و نەتەوەپەرست و فاشستی دژە کورد. لەگەڵ ئەوەش دا ئەم سیاسەتەی (یەسەپە) بووە هۆی کاریگەر بوونی دەنگ و هێزی مەدەنی و سیاسی کورد لە ململانێی سیاسییەکان دا، جگە لەوەی زەبرێکی کوشندە بوو لە پێگە سیاسییەکەی ئەردۆغان و زەبرێک بوو دژی کوردکوژی و ستەمگەرییەکەی ئەردۆغان و ئاکپارتی.
سەرەڕای ئەو هەموو فشار و تاوانەی بەرامبەر (هەدەپە، یەسەپە) کرا لە لایەن ئەردۆگانەوە، لەگەڵ ئەوەی زۆربەيان لە زيندانن و ڕێگەی بانگەشە و کار و چالاکی سياسيان تەواو سنوردار کراوە... لەگەڵ ئەوەی کە ئەردۆگان هەموو توانای ميديایی و ئابووری و سياسی و سەربازی و ئەمنی تورکيای لە ژێر دەستە و، هاوکات بەکارهێنانی ئيسلام وەک چەکێک بۆ پروپاگەندە و چەواشەکاری بۆ کوردانی باکوور و تورکيا. بەڕوونی دەرکەوت، کورد توانی ئەردۆگان بخات لە باکوری کوردستان و جياوازی دەنگدەرانی یەسەپە و ئەردۆگان هەر مایەیی بەراوردکردن نیين.
ئەو دەنگە کەمەی کە ئەردۆگان هێناویەتی لە شارەکانی باکور، ئەوا زۆربەی دەنگی تورک و عەرەب و ئازەر و نەتەوەکانی تری ناو باکووری کوردستانە، نەک هەر ئەوە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و لەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەش دا کورد لە ئەستەمبوڵ ئەردۆغانی دووچاری شکستی گەورە کرد.
هەموو ئەمە لە کاتێکدایە کە هەدەپە نە ئايین وەک ئامراز بەکاردەهێنێت، نە حيزبێکی ناسيوناليستييە. (هەدەپە - یەسەپە) حيزبێکی تورکياییە وەکو چەتێک وایە بۆ کۆکردنەوەی گەلانی تورکیا، کار لە سەر ماف و ئازادی گەلانی تورکیا دەکات. ژمارەیەکی زۆر لە ئەندام و لایەنگرانی کورد نيین. دروشم و ئايدۆلۆژیایی هەدەپە، ڕەنگدانەوەیەکی تەواوی کۆمەڵگەی کوردی نييە، هێشتا دەتوانێت لە باکور و تورکيا لە ئەردۆگان بباتەوە کە هەموو چەواشەکاری و هێز و توانایەکی سەربازی و سياسی و ميديایی و ئابووری بەکاردەهێنێت.
هۆکاری پاڵپشتی ماڵباتی بارزانی و پارتی دیارە کە بەرژەوەندی سیاسیی و سەربازی و هەواڵگیرییە بۆ دژایەتیکردنی هەژموون و پێگەی سیاسی پەکەکە، لەگەڵ بەرژەوەندی ئابوری و بازرگانی کە پەیوەندییەکی گەورە و قازانجداریان هەیە، سەدان کۆمپانیایی تورکی لە ژێر دەسەڵاتی پارتی دا کار دەکەن و کاریگەری گەورەیان لەسەر قەبەبوونی ئابوری پارتی هەیە.
هۆکاری پشتیوانی ئیسلامییەکانی باشور بە تایبەتی یەکگرتویی ئیسلامی بۆ ئاکپارتی و ئەردۆغان هۆکاری ئایدۆلۆژی و ئایینی بوو. دوای ئەوەی لە بەهاری عارەبی دا لە ساڵی ٢٠١١ دا ئیخوان لە میسڕ بوونە دەسەڵات و دواتر لە ڕێگەی کودەتا و پیلانگێڕی دەوڵەتی ئیمارات و خۆرئاواوە ئیخوان لە دەسەڵات دوورخرانەوە و (محمد مورسی) کرایە زیندانەوە، لە (تونس)یش لە گەمەیەکی دیموکراسی ئیخوان لە دەسەڵات دوورخرایەوە، لە (لیبی و یەمەن)یش خاوەن پێگە و هەژموونێکی کاریگەر نیین، لە سوریاش خەریکی تیرۆر و تۆقاند بوون و لە خۆرئاوای کوردستانیش (هێزەکانی سوریایی دیموکرات - هەسەدە) خاوەن پێگە و دەسەڵاتن و ڕێگەی گەورەبوونیان لێگرتن، ئیدی ئیخوانەکانی دونیا و باشوری کوردستان تەنها لە تورکیا لە ڕێگەی ئاکپارتی و ئەردۆغانەوە خاوەن دەسەڵاتن، لەبەرئەوە بە قەڵای خۆیانیان دەزانن و لە هەموو ڕوویەکەوە بەرگری لێدەکەن. پشتیوانی یەکگرتویی ئیسلام لە ئەردۆغان لە تەواوی ڕووداوە سیاسیەکانی تورکیا دا تەنها لەم ڕوانگەیەوە دوور لە ئینتیمای نەتەوەیی بۆ کوردی باکوری کوردستان.