بۆ یادی پەنجا و نۆ شەهیدی مهاباد

Wednesday, 31/05/2023, 6:48

2185 بینراوە


لە رۆژهەڵاتی کوردستان:

ئەگەربمان هەوێ پێناسەیەکی ژیرانە بۆ تاک وبۆ کۆمەڵگای کوردستان دەست نیشان بکەین، دەتوانین بڵێن، کوردی وشیارئەو کوردەیە کە سەرەتا رەخنە لەخۆی بگرێ وچاوەڕوانی ئەوە نەبێ کە نەیار دەستی دۆستیی بۆ درێژبکا. هەرتاکێکی کورد وابزانێ داگیرکاردەخوازێ پرسی نەتەوەیی ونیشتمانیی بۆ چارەسەر بکا، ئەو تاکە لە ریزیی مرۆڤە گێژەکان خۆی دەدۆزێتەوە. نەتەوەیەک خۆی لە خەسارناسیی دیرۆکی بدزێتەوە درنگ دەگاتە مەبەستەکانی. بۆیە خاڵی لاوازی کورد، بەدوادانەچونە لە ئاست ئەو شکستانەی کە پشتی سەری یەکتربەربینگی پێ گرتووە.
لەو خاڵە لاوازتر، حیزب وسازمان وسەرکردەوبنکردەی کوردە کە توانای هەڵگرتنی دۆزێکی مێژوویی نییە بۆ چارەسەریی کێشەکان. لە هەرسەرهەڵدانێک کە رۆژهەڵاتی کوردستان هاتۆتەئاراوە، هەزاران مرۆڤی دڵپاک وبە ئەمەگ گیانی خۆیان لە سەر داناوە وشەهید بون. رازوڕەمزی شکستی ئەو سەرهەڵدانانە چن؟جوابەکەی هەرچەند تاڵوتیژیش بێ بەڵام روون وئاشکرایە.
بێگومان سەرەتا لاوازیی لە لایان خۆمانە، پاشان دووژمن خەتاباروبەرگرە. لاوازیی لای خۆمان دەگەڕێتەوە بۆ لاوازیی حیزب وسەرکردەی حیزبیی. هۆیەکەش ناشارەزایی ئەوانە لە ئاست بێ ئەزموونیی مێژوویی وشارەزانەبون لە چۆنیەتی داواکاریەکانی نەتەوەیی.

شاری مهاباد لە رۆژێکدا!

دوازدەی جۆزەردانی ساڵی ١٩٨٣ خەبەرهات کە پەنجاونۆکەس لە دانیشتوانی ئەو شارە یەک جێ حوکمی ئیعدامیان بۆ دەرچووە، حوکمەکەش جێ بە جێ کراوە. شار، کشومات، خەڵكی شارباوەڕیان نەدەکرد کارەساتی بەوشێوەیە لە یەک رۆژداجێ بە جێ بکرێ. هەرکەس لەخۆی دەپرسی تۆ بڵێی راست بێ؟بە هۆی ئەوەی کە / هەژار/ی برای منیش ناوی لەو ٥٩ کەسەدا دەگووترا، زیاترحەولمان دەدا کە راستی وناڕاستی ئەو رووداوە دڵتەزێنی بزانین.
زۆریی نەخایاند کە فەرمانداری ئەو کاتی شار، جەلایی پوور، هاتە سەرشاشەی تیڤی لە مهاباد وئەو خەبەرە دڵتەزێنەی پشتڕاست کردوە. جەلایی پوور کورد نەبوو، بۆیە بە شانازیەوە دەیگووت:من دژی حیزبەکانی کورد هەرچی لە دەستم بێ ئەنجامی دەدەم. دوای ئێعدام کردنی ئەو ٥٩ کەسە تەرمەکانیان رادەستی بنەماڵەکانیان نەکرد. بە نەهێنی بردنیان بۆ شاری تەورێزولە شوێنێک بە / لەعنەت ئاوا/ هەرکامێکیان خستبووناوقوڵكەیەک بە ناوی گۆڕوناوەکانیان لە سەر لەتە کاغەزێک نووسیبووبۆ ئەوەی بنەماڵەکانیان بیدۆزنەوە.

کێ تاوانبارە؟

ئەوەی تا ئێستا لەلایان کۆماری ئیسلامیەوە کراوە بۆهەرکەس روون وئاشکرایە. بەڵام ئەوەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە خۆیان بە نوێنەری کورد لەو بەشە لە وڵات دەزانن، بۆ من جێگای پرسیارە؟ئەوکەسەی کە براکەی منی هاندا چەک هەڵگرێ وبەوشێوەیە گیانی خۆی لەدەستبدالە تەمەنی ١٨ ساڵیدا، منداڵەکانی ونەوەکانی ئێستێ لە ئامریکا دەژین وخۆشترین ژیانیان هەیە!تەنانەت یەکێک لە نەوەکانی کە کچە، چوار جار ژیانی هاوسەرگیریی دەگەڵ ئەو پیاوانە پێك هێناوە کە لە نەتەوەی جیاوازن.  
لەسەر ناوی / دێمۆکڕات / ولەسەرناوی / زەحمەتکێش/ لە ماوەی ٤٢ ساڵی رابوردوودائەوەی کردوویانە، شەڕی ناوخۆیی، لێکترازان، تۆمەتبارکردنی یەکتر، ناوناتۆرە لێنان لە خەڵكی جودابیر، تڕۆری کەسانی دژبەرولە کۆتاییشداساڵهای بە تفەنگی قیادەمووەقەت وزەبری کۆماری ئیسلامی ژیان کەمپنشینیان بەسەردا سەپاوە!هەزاران منداڵی بێتاوانی کوردیان بە کوشداوە کە چی بۆ جارێکیش داوای لێبووردنیان لەکەس نەکردوە.
گومان لەوەدا نییە هیچ پاکانەیەک بۆ سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناکرێ. پرسیاری من ئەوەیە ئایا ئێوە کە خۆتان بە نوێنەری کورد دەزانی لەو بەشە لەوڵات، دەکرێ پاکانە بۆ سیاسەتەکانی هەڵەی ئێوە بکرێ؟جگە لە براکەم شەش ئامۆزای دیکەشەم لە ناورێکخستنەکانی ئێوەدا فیدا بون. کامتان بەرپرسیارن؟ئێوە یان کۆماری ئیسلامی؟
لەماوەی چەند رۆژی رابوردوودا کۆماری ئیسلامی ودەسەڵاتدارانی بەغدا زەختێكی زۆریان لە بەرپرسانی قیادەمووەقەتی جاران کردوە / بنەماڵەی بارزانی/کە دەبێ ئێوە چەک دابنێن وخۆتان رادەستی تاران بکەن. جوابی ئێوەش ئەوەندە لاوازە کە مرۆڤ شەرم لەخۆی دەکا کە کاتێک دەڵێن:ئێمە چەکمان لە دژی کۆماری ئیسلامی هەڵنەگرتووە، بەڵكوم چەکمان پێیە تا خۆمانی پێ بپارێزین!ئەدی پاراستنی دەسکەوتەکانی کۆمار ووەسیەتی قازی محەممەد وخوێن هەزاران شەهید چی لێ بەسەردێ؟زۆر پرسیاری دیکەش هەیە کە گەل لێتان بپرسێ. ئایا توانای جوابدانەوەتان هەیە؟
زۆربەتان پاسپۆڕتی وڵاتانی بیانیتان دە تەنگەی باغەڵدایە. هەرکات باڕێکی نائاساییتان لە باشووری کوردستان بۆ پێتە پیش، قاچێک، دەکەنە چوار قاچ وتێیدەقوولێنن بۆ هەندەران. ئەوەی کە هەمیسان فیدا دەبێ هەژار ولێقەوماوی بێ دەسەڵاتە کە سەرگەردان دەمێنێتەوە.
یادی هەر ٥٩ شەهید وتەواوی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردو کوردستان هەردەم زیندووبێ. ئێمە لە سای خوێنی ئەو شەهیدانە ژیان تێپەڕ دەکەین. یادیان هەرمان بێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە